بەهادین نوری مێژوونووسێکی خەڵەفاو !
بەهادین نوری مێژوونووسێکی خەڵەفاو !
سەردار عەبدوڵا حەمە
لەم ڕۆژانەی پێشودا بەهادین نوری یەکێ لە کۆنترین سەرکردەکانی حیزبی شوعی عێراق بابەتێکی بڵاوکردەوە بە ناوی (لە کوێوە کارەساتە کە هات لە١٦ ئۆکتۆبەرەوە یا لە ٢٥ سیبتەمبەرەوە؟) پێم باش بوو سەرنجێکی خۆم لە سەر ئەم بابەتە بدەم .
سەرەتا دەبێ بپرسین دوای ١٥ مانگ بە سەر گەورەترین ڕووداودا تێدەپەرێ کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا دێت ئەنجا بەهادین نوری لە خەو ڕادەپەڕێ و شتێکی لە بارەوە دەنووسێت بەڕاستی ئەمە جێگای پرسیار نییە؟ ئەم هەموو ماوەیە لە کوێ بووه کاکی نووسەر؟ ئەفسانەکەی خەوی اسحاب الكهفي کردە ڕاستی!. پێم وابێت ئێستا بەو ئەنجامە گەیشتووە کەخۆی باسی کردووە بەڕاستی بۆ کەسێکی سەرکردە ئەوەندە کات پێویستە تا ئەنجامی گەورەترین ڕووداوی مێژوویی پێ بناسێت؟
جارێ با باس لەوەش نەکەین ئایا ئەم ئەنجامگیریە چەندە پۆزەتیڤە یا نێگەتیڤە با باس لەوە بکەین کاری سەرکردەو پێشرەوی سیاسی کۆمەڵگە مەگەر ئەوەیە لە ئەنجامی ڕووداوەکانەوە بێت هەڵسەنگاندن بکات و قسەیەک بکات کە زۆر کەسی تر کردوویەتی یا ئەوەیە پێشرەو وسەرکردە لە پێشەوەی ڕووداوەکان بێت و لە پێشەوەی ئەو ڕاپەرین وجوڵانەوەو شۆڕشانە بێت وتەرحی دروست وپێشناری پێشرەوانە بخاتەڕوو؟. نمونەیەک باس دەکەم، لینین کەسێکی ڕابەر بوو، چونکە هەمیشە تەرح و پێشنیاری لەم جۆرەی هەبووە بێ هەڵەش نەبووە، بەڵام بلیخانۆف هەرچەند پێش لینین لە روسیا مارکسی بوو وە لەڕووی فەلسەفەی مارکسیزمەوە لینین زۆر سوودی لە بلیخانف وەرگرت، بەڵام ئەوەی لینینی کردە سەرکردەو بلیخانۆفی خستە لاوە هەلوێستە سیاسیەکانی بلیخانۆف بوو کە نەیتوانی وەک رابەڕیک مامەڵە بکات کاتێك شۆڕشی ١٩٠٥ لە ڕوسیا شکستی خوارد حیزبەکەی لینین و بلیخانۆف یش شکستیان خوارد شاری پیترسبۆرگ لەدەستی کرێکاران وشۆڕشگێڕان دەرهات وکەوتەوە بندەستی حکومەتە فاشیستەکەی قەیسەرەوە ماوەیەکی بەسەردا چوو بلیخانۆف نوسینێکی نووسی کە تێدا باسی لەوەکرد بەهۆی ئەو ئەنجامەوە نەدەبوو شۆرشمان بکردایە وکاتەکەی گونجاو نەبوو، لینین وەڵامیکی دایەوە وتی: ئەنجامی رووداوەکە نابێت بکاتە ئەوەی کە هەڵەمان کرد شۆڕشمان کرد بۆیە نەک هەڵە نەبوو شۆڕشمان کرد، بەڵکو دەبوو خۆمان باشتر بۆ ئامادە بکردایە وباشتر چەکدار بوایەن، بلیخانۆف دەبوو ئەم پێشنیارەی بکردایە،. لێرەدا مەبەستەم نییە شۆڕشەکەی ١٩٠٥ وەک ڕیفراندۆمەکەی کوردستان بشوبهێنم مەبەستەمە بڵیم کەسی سەرکردەو ڕابەر هەر لەدوای ڕووداوەکانەوەو لە ئەنجامەکانەوە هەسەنگاندن ناکات، بەڵکو تەرح و پێشنیاری شۆڕشگێرانە دەبێت بکات.
کاتێ دێڕ بەدێری بابەتەکەی بەهادین نوریم خوێندەوە هیچی تازەم تێدا نەبینی وەک ئەوەی هەندێ ڕۆشنبیری بیر تەسکی ناسیۆنالیستی گەورەیان کردەوە بە شان باڵی بابەتەکەیدا هەڵدەدەن، چونکە لەگەڵ تەسک بینیەکەی خۆیاندا دێتەوە بۆیە ئەوە وەک چەکێک بەکاری دەهێنن دژ بە نەیارەکانی خۆیان، ئەوەی لەو نووسراوەدا هاتووە هەر هەمان ئەو ڕۆشنبیرانە خۆیان بە کەم و زیادە پێشتر وتویانە، شاسوار عەبدولواحید ونەوەی نوێ وبەشێکی گۆڕان و باڵەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەری یەکێتییش هەمان ئەو قسانەیان کردووە. دوای ١٥ مانگ بەسەر ڕووداوەکەدا بەهادین نوری دێتەوە قسەی ئەم کۆنەپەرستانە بکاتەوە و دەیکاتەوە بابەتێک دەبێت چی رووی دابێت وا بە گرنگ باسی لێوە دەکەن؟ بەم بابەتەی بەهادین نوریدا بۆم دەرکەوت ئەم کەسە بە درێژایی ئەم مێژووە ٧٠ سال کاری سیاسی لە ناو حیزبێکی چەپدا نە سوودی لە مارکسیزم وەرگرتوە وەک زانستی رزگاری ئينسان وە نە لە ڕووداوەکانی مێژووش تێگەیشتوە.
لە ماوەی سەد ساڵی مێژووی خەڵكی کوردستاندا بەهۆی بوونی ستەمی میللی لەسەر ئەم خەڵکە هەمیشە لەشکرکێشی بۆکراوە وپەلامار دراوە بۆمباران کراوە وکیمیاباران کراوە وئەنفال کراوە، هەموو جارێکیش بۆ لەشکرکێشیەکانی داگیرکەران بیانوویەک هەبووە یا تۆمەتێکی خراپ دراوەتە بەربزووتنەوەی هەقخوازنەی خەڵکی کوردستان و ئەوانەی جڵەوی ئەم بزووتنەوەیان بە دەستەوە گرتوە تا هەق بە داگیرکردنەکەیان بدەن، بەڵام ئەسڵی کێشەکە ئەو تۆمەت وبیانوانە نین ئەسڵی مەسەلەکە هۆکاری مانەوەی کێشەی میللی خەلكی کوردستانە هەتا ڕۆژیک زووتر ئەم کێشەی لە کۆڵ بێتەوە ئەم داگیرکاری و لەشکرکێشانەش زووتر کۆتایی دێت.
کاتی خوي جمهوری ئیسلامی ئیران پەلاماری خەلکی کوردستانی ئێرانی دا وتی نۆکەرانی ئیسرائیل وئەمەریکا دەردەکەین. کاتێ تورکیا پەلاماری کوردستانی تورکیا وسوریا دەدات ولە عەفرین خوێن ڕێژی دەکات دەلێت من شەڕم لە گەل تیرۆریستانە. کاتێ سەدام لە ١٩٩١لەشکرکێشی کردەوە بۆ سەر خەڵكی کوردستان وتی شەڕ لەگەڵ بە کرێگیراوانی ئەمەریکا وجیب العمیلدا دەکەم لە شمال، بۆ ئەنفالەکان وبۆ کیمابارانەکانیش ئەو ڕژێمە هەر جارەی بیانویەکی هێناوەتەوە، ڕیفراندۆمیش نەبوووە لەو سەردەمانەدا، ئەمجارە حکومەتەکەی عەبادی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا وتی من شەڕم لەگەڵ ڕیفراندۆم چیەکانە، جا ئەگەر ئەم بیانووەی عەبادی ڕاستی بێت وەک بەهادین نوری و ئەوانەی وەک ئەو بیر دەکەنەوە بە ڕاستی دەزانن کەوایە دەبێت هەموو بیانوەکانی تریش ڕاست بن بۆ داگیرکاری لەشکرکیشیەکانی حکومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، بۆیە بەهادین نوری نە لە مەسەلەی مافی ئینسان تێگەیشتووە وەک ئەوەی کە لەمارکسیزمدا باسی لێوە کراوە نە لە میژووش هیچ فێر بووە هەر بۆیە وەک هەندێ کەس پێی دەڵین کەسێکی خەڵەفاوە .
دەڵێت کاتی ڕیفراندۆم نەبوو؟ دەڵێت دەبوو بارزانی بە گوێی جیهانی بکردایە ئەم ڕیفراندۆمەی نەکردایە ؟؟؟ سەیر ئەوەیە بەهادین نوری وەک دەوڵەتانی کۆنەپەرست وئیمپریالزمی جیهانی بیردەکاتەوە داوا دەکات سەرکردەکانی کوردیش دەبێت وابن و بە گوێیان بکەن. سەد سالە ئەوانەی ستەمیان لەسەر خەڵکی کوردستان داناوە دەڵین کاتی ریفراندۆم نییە وە هیچ کاتێکیان بە گونجاو نەزانیوە، ئەگەرچی پروپاگەندەی مافی مرۆڤ ودیموکراسیش دەکەن وە هەرگیز ناڵێن کەی کاتیەتی وکەی گونجاوە، بەهادین نوریش هەمان کاری کردووە، ئەو پێمان دەڵێت کاتەکەی خراپ بوو، بەڵام پیێمان ناڵێت چ کاتێک باشە بۆ ڕیفراندۆم دەیخاتە حاڵەتی نادیارەوە واتە کێشەی خەڵکی کوردستانیش بۆ حاڵەتی نادیار دەبێ بمینیتەوە.
سەرکردەی ناسیونالیزمی کورد هەمیشە گوێ رايەڵی وڵاتانی نۆکەر وکۆنەپەرستی ناوچەکە و ئیمپریالیزم سەرمایەداری جیهانی بوون بۆ هەموو پرسێک تەنها لە مەسەلەی ڕیفراندۆمدا نەبێ، کەچی بەهادین نوری دەڵی دەبوایە لەو پرسەشدا گوێ ڕایەڵی ئەوان بوایەن بەگوێی ئەوانیان بکردایە ریفراندۆمیان نەکردایە .
لەوەشدا بەهادین نوری زۆر کورتی هێناوە کە ریفراندۆم بۆ چارەنوسی ئینسانەکان و خەلكاني ستەم لێکراو هەموو کات پێویستە، چونکە گەڕانەوەیە بۆ ڕای خەلک ومافێکە لە ساڵی ١٩٤٥ ەوە پاش کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم نەتەوە یەکگرتوەکان پەسەندی کردووە وەک جاردانی گەردوونی مافی مرۆڤ کەوایە لەو ساڵەوە تا ئێستا هەموو کات گونجاوە خەڵک داوای ریفراندۆم بکات نەک بڵێی لە ٢٠١٧دا کاتەکە ی گونجاو نییە.
کۆمۆنیستە کرێکارییەکانی کوردستان لەساڵەکانی نەودەکانەوە تا ٢٠١٧ بزووتنەوەیەکیان بەڕی خستبوو بۆ ریفراندۆم لەکوردستان ئەو کاتە یەکێتی و پارتی بە گوێی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و ئەمەریکایان دەکرد دژی ڕاوەستانەوە، تەنانەت چالاکی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییان قەدەغەکرد و پەلاماریان دان وچەندین کادیری لێ تیرۆرکردن لەسەر ئەم خواستەیان، چونکە دەسەڵاتدارانی ناسیونالیست دەیان وت کاتی ئەم بەزمە نییە وکاتی ڕیفراندۆم نییە ودۆستەکانمان لێمان تووڕە دەبن، کەچی ئەو کاتانەش بەهادین نوری دیار نەبوو پێمان بڵیت کاتەکەی گونجاوە یا نا، هەرگیز و لە هیچ دەورانێکدا نەهاتووە بڵێت کاتی ڕیفراندۆمە وئێستا باشە و کەچی یەکجار ناسیونالیزمی کورد لەهەموو مێژووی سیاسیاندا گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی و کردیان ئەوەشی بە باش نەزانی دەڵێ دەبوو وەک ساڵانی پێشوو پارتی و ویەکیتی بە گوێی کۆنەپەرستانی ناوچەکە وسەرمایەداری جیهانیان بکردایە، چونکە ئەو ریفراندۆمە بوو بە مایەی لە دەستچوونی کەرکوک و ناوچە دابراوەکان. چەندە بۆچوونێکی تەسک و ڕواڵەت بینینە، چەنده لێکدانەوەیەکی نادیالکتیکی یە بۆ مێژووی کۆمەڵگەی کوردستان.!!!!
پێش ڕفراندۆم نەک تەنها ئێمە کۆمۆنیستە کرێکارییەکانی کوردستان، بەڵکو زۆر لە چاودێرانی سیاسی دەیانوت پاش تەواوبوونی داعشیش حکومەتی مەرکەزی پەلاماری کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان دەدات و دەیەوێ بیانخاتەوە ژێر دەستی خۆی بەهادین نوری ئەمەی نەوت، چونکە دەرسێک لە رابوردوو فێر نەبووە کە لە کاتی مەلیکەوە تا کاتی سەدام ومالیکی و عەبادیش ئەم جۆرە لەشکرکیشیانە هەبوون بۆسەر خەلكی کوردستان خۆ ئەگەر پێیان بکرێت، جگە لە کەرکوک هەولێرو سلێمانی ودهۆک وهەڵەبجەش دەخەنەوە ژێر رکیفی خۆیان، بەڵام ئەمجارە لەبەر ئەمەریکاو و ڕۆژئاوا ئەم کارەیان نەکرد .
بەهادین نوری لە نوسینەکەیدا دەڵێ هەموو حیزبەکان ریفراندۆمیان وقبوڵکرد جگە لە نەوەی نوێ دیارە بۆ بەهادین نوری نەوەی نوێ هێزێکی پۆزەتیف دەرچووەو ئەوانی تر نێگەتیفن واتە نەوەی نوێ تیژ بینتر بووە زانیویەتی کارەساتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر بەهۆی ٢٥ سیپتەمبەرەوە ڕوودەدات! ٧٠ سال تەجروبەی سیاسيت بێت بچیتە پشت راو بۆچوونێکی نەوەی نوێ وشاسوار عەبدولواحیدی گەنج و سەرمایەدار کە زۆر کەس بە ترامپی کوردستان ناوی دەبەن، کەچی هەندێک رۆشنبیڕیش خۆیان بە بەهادین نوریدا هەڵدەواسن ونووسینەکەی بە مێژوویی ناودەبەن، شتێکی سەیر نییە لە توێژی ڕۆشنبیران و ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی و وردە بورژوازی پشتیوانی لەم هەڵوێستەی بەهادین نوری بکەن، چونکە هەمیشە ئەمانە ڕێگر بوون لە بەرەوپیش بردنی مێژوو وە خەبات تێکۆشانەکەیان تەنها بۆ ڕاگرتنی چەرخی مێژو بووە .