ڕۆڵی حزب و ڕابەر لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە یادی سەدو یەک ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا

0

ڕۆڵی حزب و ڕابەر لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر

لە یادی سەدو یەک ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا

موزەفەر عەبدوڵا

ڕۆژی ٢٥  مانگی ئۆکتۆبەر سەدو یەک ساڵ تێپەڕی بەسەر گەورەترین و کاریگەرترین شۆڕشی چینایەتی کرێکاران و خەڵكی چەوساوەی جیهان کە لە وڵاتی ڕوسیا لە ساڵی ١٩١٧ ڕویدا بە ڕابەری حزبی کۆمۆنیستی بەلشەفی و لینین .

 بێگومان هیچ کەس و لایەنێك  لە چەپ و ڕاستەوە، بە لایەنگرو نەیارەوە، ناتوانێت نکۆڵی لە کاریگەری قوڵ و ڕیشەیی ئەم شۆڕشە بکات لەسەر کۆمەڵگەی ڕوسیاو جیهان بە گشتی لەم سەد ساڵەدا.

هەروەها بە چەپ و ڕاستەوە، بە لایەنگرو نەیارەوە، کەم کەس و لایەن، دەتوانێت نکۆڵی لە ڕۆڵی گەورەی حزبی کۆمۆنیستی بەلشەفی و ڕابەری لینین بکات لەم شۆڕشەدا.

تەنانەت ئەگەر هاوئامانج و هاوڕای ئەم شۆڕشەش نەبن، و دژی بن و لەبەرەی ڕاستی بۆرژوایدا بن، ئەوە هەر ناتوانن نکۆڵی لە ڕۆڵی حزبی بەلشەفی و لینین بکەن. ڕەخنەو ناکۆکی قوڵی نەیارانی ئەم شۆڕشە ئەوەیە کە  دەڵێن لینین و حزبی بەلشەفی کودەتایان کرد بەسەر حکومەتی کاتی دیموکراسی شۆڕشگێردا.

بۆیە بە درێژایی ئەم سەد ساڵە هەمیشەو هەمو کات، بە تایبەتی لە ساڵیایدا، زۆربەی سەرنج و ڕەخنەو ناکۆکییەکان لەبارەی ڕۆڵی حزب و ڕابەری لینینەوە بووە لەم شۆڕشەدا. ڕاستە لە زۆر گۆشە نیگای ترەوە سەرنج دەدەن و ڕەخنە دەگرن  لە هۆکارەکانی ڕودانی شۆڕش و شکستەکەی و، ئەمانەش گرینگی زۆریان هەیە، بەڵام وەک ئاماژەمان پێدا پرسی ڕۆڵ و کاریگەری حزب و لینین هەمیشە پرس و خاڵێکی تەوەرەیی بووە.

بۆیە لێرەداو بەم بۆنەیەوە وا پێویست دەکات زۆر بە کورتی لە دیدگایەکی  مارکسیستییەوە ئەم ڕۆڵەی حزبی بەلشەفی و لینین ڕوون بکەینەوە.

دیارە کێوێک کتێب و نووسراوی ڕابەران و هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست هەن کە بە وردی ئەم پرس و پێگەو ڕۆڵەی حزب و لینینیان ڕۆشن کردۆتەوە، بەڵام لە نێو هەموو ئەوانە دەکرێت ئاماژە بە نووسینیکی ترۆتسکی، کە یەکێک لە ڕابەرانی بەرجەستەی شۆرش بووە، بدەم بەناوی دەرسەکانی شۆرشی ئۆکتوبەرەوە.

ئەگەر چی هەموو ڕاپەڕین و شۆڕشەکان لەهەموو ڕویەکی خۆیی و بابەتییەوە تایبەتمەندی و گرینگی و کاریگەری خۆیان  هەبووە، بەڵام هیچیان بە ئەندازەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر تایبەتمەندی و گرینگییە خۆیی وبابەتی – ذاتي وموضوعي- یەکەی وەک ئەم شۆڕشە نەبووە.

ئەوەی ئەم شۆڕشە لەهەموو شۆڕشەکانی تری پێش خۆی جیادەکاتەوە تایبەتمەندییە خودییە مرۆڤییەکەیەتی- الذات الانساني – کە لە خودی حزبی کۆمۆنیستی بەلشەفی و شەخسی لینین دا بەرجەستە بۆتەوە. ئەم تایبەتمەندییەش پەیوەستە بەوەی کە لینین زۆر بە ڕاستی و دروستی و بابەتیانە و وردی پەی بە ناوەڕۆکی تێۆرو پراکتیکی شۆڕشگێرانەی مارکس بردوە بۆ پێگەو ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی چینی کرێکاربە گشتی و رەوتی کۆمۆنستی و ئیرادەو ئامادەیی و هەوڵی هەمەلایەنەی تاکی ئینسانی ڕابەرو مەسەلەی ڕێکخراوبوونی حزبی و ..هتد.

بەلای لینینەوە مەسەلەی بوونی حزبێکی خاوەن بەرنامەو پەیڕەوی ناوخۆ و ستراتیژ و تاکتیک و پلانداری سات بەساتی دروست کە ئیرادەو ئامادەیییەکی بەهێزو یەکگرتو جەسور دەبەخشێت بە مرۆڤەکان بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی مەرجی سەرەکی سەرکەوتنی شۆڕشە بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی بۆرژوازی و دامەزراندنی دەسەڵاتی چینی کرێکارو جەماوەری ستەمدیدە.

لێرەدا ئیرادەو ئامادەیی هەمەلایەنەی زاتی تاک و کۆ-فرد وجمع –وەک توخمی شۆڕشگێر لە پەیوەندییەکی دیالەکتیکیدا تێکەڵ و کارلێک دەکەن. هاوکات  لەگەڵ هەلومەرجی بابەتی – الظروف الموضوعیة- لە پەیوەندی یەکی دیالیکتیکدا کارلێک دەکەن و ئاڵوگۆڕو وەرچەرخانی شۆڕشگێڕانە بەدی دێنن.

بێگومان هەر ئەمەش کرۆکی تیۆرو تیزەکانی مارکسە کە لەزۆربەی  نووسراوەکان و هەوڵە کردەیییەکانی بەدی دەکرێت. ئەو تێزەی کە لەمەڕ فیورباخ وەک ڕەخنە لەوی دەگرێت و  دەڵێت کە فەیلەسوفەکانی پێشو هەر دونیایان لێکداوەتەوە، لەکاتێکدا گرینگی لە گۆڕینیدایە. بە لای مارکسەوە هۆکاری سەرەکی گۆڕین و وەرچەخان توخمی شۆڕشگێرە کە خودی ئینسانە. ئەم تێزە دەقاو دەق ڕاست دێتەوە لەگەڵ ڕۆڵی حزبی بەلشەفی و لینین.

لە دیدگای مارکسدا مرۆڤ و کۆمەڵگە وەک تاک و کۆ بەردی بناغەین لەهەر ئاڵوگۆڕو وەرچەرخانێکدا. مارکس مرۆڤ و کۆمەڵگەو هەلومەرجی بابەتی وەک فیورباخ و هیگل و فەیلەسوف و بیرمەندەکانی تر نابینیت. جا میتافیزیکیانە یا ئایدیالیستیانە بێت. بەڵکو بە توخمی بنچینەیی هەموو ئاڵوگۆڕو وەرچەخانە شۆڕشگیرانەکانی دەزانێت بۆبارودۆخی بابەتی لەهەر کات و شوێنێکدا.

بۆیە بە پێچەوانەی دیدگاو بۆچونەکانی نەیارانی لینین و بەلشەفییەکانەوە بە چەپ و ڕاستەوە، کە لە ڕەوتی جۆراجۆردا بەرجەستە بونەتەوە، وپێیان وایە ئەوەی ڕویدا نە شۆرش بوەو نە کریکاریش. وە دەڵێن ئەوەی کە ڕویدا کودەتای لینین و بەلشەفییەکان بوو بەسەر حکومەتی کاتی دیموکراسی  شۆڕشی شوباتدا. ئەمانە پێیان وایە ڕوداوی ئۆکتۆبەر کارو سیاسەتی  تاکڕەوانەو سەرەڕۆیانەی لینین بوو. پێیان وایە لینین  سیاسەتی خۆی سەپاند بەسەر حزبداو ناچاری کردن کە  شەوی ٢٤لەسەر ٢٥ ئۆکتۆبەری ١٩١٧ دا هەستن بە کودەتایەکی چەکداری.

بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە شۆڕشی کرێکاری و سۆسیالیستی خۆبەخۆ وەک شۆڕشی بۆرژوازی و شۆڕشەکانی پیش تر ڕونادات. بەڵکو  شۆڕشە کرێکارییەکان ئاکامی ئیرادەو ئامادەیی زاتی مرۆیی کرێکارو کۆمۆنستییە لە ڕویی فکری و سیاسی و ڕێکخراوییەوە.

هەر لەم بارەیەوە دەکرێت ئاماژە بە فاکتێکی تریش بکریت وەک نمونەیەک بۆ سەلماندنی ئەم بۆچۆن و لێکدانەوەیە. ئەویش ئەوەیە چۆن بوو هەر لە دەورانی مارکس و لە چارەکە سەدەیەکی خەباتیاندا کرێکاران و جەماوەری ستەمدیدە هەستان بە شۆڕشی کۆمۆن و دەسەڵاتی بۆرژوازیان ڕوخاندو بۆ ماوەیەک دەسەڵاتیان گرتە دەست…!

چۆن بوو لینین و بەلشەفییەکان لە ماوەی کەمتر لە چارەکە سەدەیەک لە خەباتیان دەسەڵاتی بۆرژوازیان ڕوخاندو دەسەڵاتیان گرتە دەست..!

ئەی چۆنە لە دوای سەد ساڵ لەو روداوە شۆرشگێری یانە ڕوداوی وای شۆرشگێڕی ڕوینەداوەتەوە…!

دیارە ئەوانەی لە دیدگاکەی مارکسەوە بۆ ئینسان وەک توخمی شۆرشگیرانە لە چوارچیوەی پەیوەندییە  ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان ناڕوانن، ڕەنگە بلێن ئاخر زەمینەو هەلومەرجی بابەتی نەڕەخساوە. یاخود بڵێن ئاخر بۆرژوازی بە تایبەتی لەم ڕۆژگارە زۆر زیرەک و بەئەزمونترو بەهێزترن. کرێکارو کۆمۆنیزم زۆر لاوازتر بوونە بەهۆی شکستی شۆڕشەکانەوە. ئەمانە دەکرێت هەموی فاکتەر بن، بەڵام فاکتەری بنەڕەتی هەر لە چوارچێوەیەی ئەم لێکدانەوەو بۆچونەش هەر توخمە ئینسانییەکەیە. یانی توخمی ئینسانی لە چوارچیوەی بەرژەوەندییە جیاوازییە ئابوری و کۆمەلایەتییەکاندا.

بۆیە ئەگەر لەم ڕوانگە مارکسیستی یەوە لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بڕوانین ئەوە درکێکی قوڵ و ڕۆشن بۆ ڕۆڵی حزبی بەلشەفی و ڕابەری  لینین دەکرێت. وە دەکرێتە ئەزمونی زیندو بۆ پڕکردنەوەی ئەم لاوازییە زاتییەی چینی کرێکارو تویژە ستەمدیدەکان و بزوتنەوەکانیان و شۆڕش ناسپێردرێت بە بیروباوەری قەدەرگەرایانەی ئایدیالیستیانە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.