هەواڵی نارەزایەتییە کریکاریی و جەماوەرییەکان ئامادەکردنی شوان عەزیز و ئاراس رەشید

0

هەواڵی نارەزایەتییە کریکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی شوان عەزیز و ئاراس رەشید

ڕێژەی بێکاری گەنجان بەرەو هەڵکشان دەڕوات لە وڵاتی خوارووی ئەفەریقادا!

بە پێی هەواڵێک کە تایمز لایڤ بڵاوی کردۆتەوە دەربارەی ڕێژەی بێکاری گەنجان لە خوارووی ئەفریقادا دەڵێت؛ کە بێکاری خەڵک لەو وڵاتەدا ڕووی لە زیادبووندایە.

دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە ڕێژەی بێکاری زۆرێک لەوڵاتانی گرتۆتەوە و ئەوەش بە ڕای ئابووریناسان ئەزمەیەکە کە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی خوڵقاندوویەتی و دەربازبوونیش تێیدا ئاسان نییە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئابووری ناسان پێیان وایە کە وڵاتی خوارووی ئەفریقا یەکێکە لە چەند وڵاتێکی کەم کە ژمارەی گەنجانی تێدا زۆر بێکارە.

ئابووری ناسێک بە ناوی مایک شوسلەر دەڵێت: ڕێژەی بێکاری گەنجان لە خوارووی ئەفریقادا شەش جار زیاترە بە بەراورد بە ستانداردی جیهانی بێکاری لەوڵاتاندا. ئەو دەڵێت دوور مەڕۆن بۆ شوێنانی تر بەڵکو ئەوەتە لێرەیە گەورەترین ئەزمەی بێکاری لە ناو گەنجان و خەڵکیدا.

بە پێی داتایەک کە مایک پیشانی دەدات دەڵێت لە نێوانی ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠١٨ دا ڕێژەی بێکاری لە نێو گەنجاندا لە ٦ ملیۆنەوە بەرز بۆتەوە بۆ ٩ ملیۆن.

ئەمەش بە قەیرانێکی گەورەی ئەو وڵاتە دادەنرێت. بە پێی ئەم داتایە ڕێژەی بێکاری خۆی داوە لە ٢٠٪. ئەمەش بەپێی لێکۆڵەرەوەکان بوتە هۆی نا یەکسانییەکی زۆر لە خوارووی ئەفریقادا و هەروەها برسیەتی و نەداریشی بەرزکردۆتەوە.

هەر بەپێی ئەو داتایە کە ئابووری ناس مایک نیشانی داوە دەڵێت کە وڵاتی خوارووی ئەفریقا بۆ ساڵی ٢٠١٧ بە یەکەمین وڵاتی بێکاری دانراوە لە جیهاندا. داتاکە نیشانی داوە کە بۆ ساڵی ٢٠١٧ زیاتر لە ٦.١ ملیۆن کەس بە دوای کاردا گەڕاوە و دەستی نەکەوتووە.

تەنانەت ئێستا هەندێک لە شارەزایانی قەیرانە ئابووریەکان پێیان وایە کە ڕێژەی بێکاری لە وڵاتی خوارووی ئەفریقا بەرزترە لەو ڕێژەیەی کە ئەمەریکا هەیبوو لە کاتی قەیرانە گەورەکەیاندا کە خۆیدابوو لە ٢٥٪ .

کرێکارانی کامپی کۆچبەرانی لێسبۆس لە یۆنان بڕیاری مانگرتن دەدەن!

بە پێی هەواڵێک کە لە وێبساییتی دیجیتەڵ جێڕنەڵدا لە ڕۆژی ٧-٩-٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە، کرێکارانی کامپێکی کۆچبەران بە ناوی مۆریا لە جەزیرەی لێسبۆس لە یۆنان بڕیاریان داوە دەست بدەنە مانگرتن.

هۆکاری ئەوەی کە ئەو کرێکارانە بڕیاری مانگرتن دەدەن ئەوەیە کە کۆچبەرێکی لە ڕادەبەدەر خزێنراونەتە ناو ئەو کامپەوە، و ئەوەش هەم بارگرانییەکی یەکجار زۆری بۆ ئەو کرێکارانە دروست کردووە، و هەمیش کامپەکە ئەو ژمارە زۆرەیە هەڵناگرێت و جێگەی نابێتەوە. تەنانەت لەو ڕۆژانەدا حکومەتیش هاتۆتە سەرخەت و دانیان بەوەدا ناوە کە ئەم ژمارە زۆرە لە کۆچبەران لەو کامپەدا بەڕێوەبردنی بۆتە کارێکی نزیک لە مەحاڵ.

هەر بۆ نموونە کاتێک کە دیمیتریس ڤیتساس، وەزیری کاروباری کۆچبەرانی یۆنان، سەردانی ئەوکامپەی کرد لەو ڕۆژانەدا، دانی بەوەدانا کە ئەو کامپە ئەو ژمارە زۆرە لەکۆچبەر هەڵناگرێت و وەک کارێکی نیمچە مەحاڵ وایە کە ئەو کرێکارانە بەڕێوەی دەبەن.

کامپی کۆچبەرانی مۆریا لە جزیرەی لێسبۆس لە یۆنان نزیکەی ٨٣٠٠ پەنابەری تێکراوەو ئەوەی کە دەسەڵاتدارانیش دانیان پێداناوە ئەوەیە کە ئەو کامپە تەنها جێگەی ٣١٠٠ پەنابەر دەبێتەوە. بۆیە ئەوەش قەرەباڵغیەکی لە ڕادەبەدەری دروستکردووە و کرێکارەکانی بەڕێوەبردنی ئەوکامپەی هێناوەتە زاڵە و هەر بۆیەش کرێکارەکان بڕیاری مانگرتنیان داوە.

لە وتەیەکدا تیمی قسەکەری ئەوکرێکارانە داوای ئەوەیان لە دەسەڵاتداران کرد کە ژمارەی پۆلیس زیاتر بکەن بۆ کامپەکە. ئەوەش بۆئەوەیە کە هەم ستافی کامپەکە باشتر بپارێزن و هەمیش باشتر دەتوانن کە ئاسایشی ناوکامپەکە ڕابگرن.

تەواوی ئەوانەی کە شارەزای ژیانی ئەو کۆچبەرانەن لەو کامپانەدا هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کەئەو کۆچبەرانە لە ژیانێکی یەکجار ناخۆشدان .

جێگەی باسە کە یۆنان لە ساڵی ٢٠١٥ وە بۆتە دەروازەی گەیاندنی کۆچبەران بە وڵاتانی تری ئەوروپایی. زۆرێک لە شایەتحاڵ و تەنانەت ئەو کاربەدەست و ڕۆژنامەنووسانەش کە سەردانی ئەو کامپەیان کردووە باس لە ناخۆشی ژیانی ئەوکۆچبەرانە دەکەن. نەخۆشی و برسیەتی و نا ئەمنی بڵاوبۆتەوە، تەنانەت هەندێک لەو کۆچبەرانە هەندێک جاران پەنا بۆ خۆکوشتنیش دەبەن.

وەک باس دەکرێت ڕۆژانە نزیکەی پێنج هەزار کۆچبەرێک ڕوودەکەنە ئەو کامپانە. زوربەی ئەو کۆچبەرانەش هی ئەو وڵاتانەن کە شەڕو جەنگی کۆنەپەرستانە وڵاتیانی لێ وێرانکردوون و ناچار بە ژیانی کۆچبەری کردوون. بۆ نموونە وڵاتانی وەک سوریا، عێڕاق، یەمەن، ئەفغانستان …هتد..

کرێکارەکان دەڵێن هەرچەندە ڕۆژانەش خەڵکی ناو ئەو کامپانە دەڕۆن بەرەو وڵاتانی تری ئەوروپایی، بەڵام لە لایەکی ترەوە ژمارەیەکی زۆرتر لە کۆچبەر دێنە ناویەوە. هەرچەندە ئەوروپا و تورکیا کاریان لەسەر ئەوە کردووە کە ئیتر تورکیا ڕێگە نەدات هیچیتر کۆچبەر لە تورکیاوە بە نایاسایی ڕووبکەنە یۆنان و وڵاتانی تری ئەوروپایی،  بەڵام هێشتا وەک پێویست ئەو پەیمانەی نێوانیان باش بە کرداری جێبەجێ ناکرێت.

بۆنموونە لە ١ی ئایاری ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی هەشتی ئەمساڵ کە دەکاتە ماوەی ٤ مانگێک نزیکەی ٣٩٥٠ کۆچبەر دابەشکراون، بەڵام لەبەرامبەردا نزیکەی ٥٤٥٠ کۆچبەریتر هێنراونەتە ناو کامپەکەوە. ئەوەش ئەوە دەگەێنێت کە ئەو کامپانە هەمیشە هەروا قەرەباڵەغ دەبن.

ناڕەزایەتی کرێکارانی ئێرانی لەبەرامبەر زەوتکردنی زەوی کارگەکەیان لە لایەن پاسدارانەوە.

کرێکارانی کارگەی بەرهەمە شیرەمەنیەکانی(بکاە) لە تاران، ناڕەزایەتیان رێکخست لەبەرامبەر زەوتکردنی زەوی کارگەکەیان لەلایەن دەزگای پاسدارانەوە بەشێوەیەکی نایاسایی. بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی کرێکاری ئێرانی بەناوی(ئەلینا)، دەزگای هێزەکانی پاسداران داوای دەستبەسەراگرتنی زەوی کارگەی بەکاهی شیرەمەنییەکان کردووە. ڕووبەری زەویەکە نزیکەی ١٥٠هەزار مەتر دووجایە. ئاژانسە هەواڵیەکە ئاماژەی بەوەدا کە کرێکاران توانای گەڕاندەنەوەی ئەو پارچە زەویەیان نییە، هەرچەندە لایەنی دادوەری بڕیاری چۆڵکردنی ئەو زەویەیان دەرکردوە لەوانەی کە دەستیان بەسەردا گرتووە.

سەرەرای ئەوەی ئەو ئاژانسە بەناوی سوپای پاسدارانەوە گوتەی نەداوە، بەڵام ئەو لافیتانەی کە کرێکارەکان بەرزیان کردوونەتەوە ئاماژە بەوە دەدەن، کە دەزگای سوپای پاسداران بەرپرسی یەکەمە لە دەستبەسەراگرتنی ئەو کارگەیە. ناوەڕۆکی یەکێک لە لافیتەکان هاتووە و ئاراستەی سەرۆکی پاسداران کراوە و دەڵێ “لەکاتی جێبەجێنەکردنی ئەو حوکمەی دەرکراوە لەلایەن دادوەرە بەڕیزەکانەوە، ئێوە بەم کارەتان سەربەخۆیی دادگا دەخەنە ژێر پرسیار”.

بەپێی دەزگاکانی دیکەی ڕاگەیاندنی ئێرانی بێت، ئەوە یەکەم ناڕەزایەتی نییە کە کرێکارانی کارگەی بکاە پێی هەڵدەستن، و سەرەڕای ئەوە دەسەڵاتداران هیچ دەستپێشخەریەکیان نەکردوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە تا ئێستا. پرسی دەستبەسەراگرتن بەسەر زەوی و زارو کارگەکانی دەوڵەت لەلایەن دەزگا حکومیەکان و بەتایبەت سوپای پاسداران، یەکێکە لە لەو پرسە زۆر بڵاوانەی کە لە دادگاکانی ئێراندا هەن.

 

مانگرتنی کرێکارانی هێڵی شەمەندەفەر، دەبێتە هۆی ئیفلیجکردنی هاتوچۆی شەمەندەفەر لە تونس.

 ڕۆژی ٥ شەممە ٦/٩/٢٠١٨بەرپرسێکی تونسی ئاشکرای کرد؛ کە هاتوچۆی شەمەندەفەر لەسەرتاسەری وڵات بەتەواوی لەکار کەوتووە. ئەوەش بەهۆی مانگرتنی گشتی کرێکارانی هێڵی ئاسنی. العربی الیەعقوبی، نووسەری گشتی کۆمکاری گشتی هێڵی ئاسنی سەر بە یەکێتی گشتی کاری تونسی(گەورەترین ڕێکخراوی کرێکاریە) گوتی” ئەمڕۆ مانگرتنێکی گشتی ٢٤ سەعاتەمان ڕاگەیاند لە کۆمپانیای هێڵی شەمەندەفەری تونسی(حکومی)، بۆ داکۆکیکردن لە دەزگاکە و بەردەوامی دان و ڕاگرتنی تەرازووی داراییەکەی”.

ئەوەشی زیاد کرد کە” مانگرتن ئامانجیەتی کە حکومەت ناچارکات بۆ داکۆکیکردن لە دەزگای نیشتمانی هێڵی ئاسنی شەمەندەفەر. هەروەها بەگەرخستنی هێڵی ١٣ کە ناوچەی بەرهەمهێنانی فۆسفات لە پارێزگای قەفسە و شاری سەفاقس بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەو شارە بەندەرە و لەوێوە فۆسفات هەناردەکرێت و کارگەی لێیە”.

هێڵی ١٣ لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە لەکارکەوتووە بەهۆی ناڕەزایەتی لابەلای هەندێک گەنج لە ناوچەکانی مکناسی و مەنزل بۆ زیان لە پارێزگای سیدی بوزید(ناوەڕاستی وڵات” بەبێ دەخالەتکردنی حکومەت”، بەپێی قسەکەری بەرپرسە تونسیەکە” لەکارخستنی هێڵی ١٣، بووەتە هۆی زەرەرکردنی ٢٤١ ملیۆن دینار( ١٢٢.٦ ملیۆن دۆلار) لە لایەن کۆمپانیای هێلی ئاسن. وەزارەتی گواستنەوە لەلایەن خۆیەوە جەختی لەوەکردەوە (بەیەک نەگەیشتنی دانووسانەکان لەگەڵ نەقابەکان، بووە هۆی مانگرتن و داوای لێبووردن کردن لە گەشتیاران کە هێڵی شەمەندەفەر بەکاردەهێنن).

ئیسیوپیا چەندین کرێکاری بەشی کۆنتڕۆڵی هات و چۆی هەوایی لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی بۆڵ دەخاتە زیندانەوە لەسەر ئەوەی داوای زیادکردنی کرێی کار دەکەن!

 

ئیسیوپیا/ فڕۆکەخانەی نێونەتەویی بۆڵ لە ئیسیوپیا

سێپتەمبەری ٤ی٢٠١٨

٩ کەس لەو کرێکارانەی کە گوایە ئەوانن کە دەستیان هەیە لە هاندانی کرێکارانی ناو فڕۆکەخانەکە بۆ دەستپێکردنی بایکۆت لە کارەکانیان دەستبەسەرکران و خرانە زیندانەوە.

پۆلیسیش بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەو ٩ کرێکارەی بەوە تاوانبارکردن کە ڕێگریان دروستکردووە بۆ نیشتنەوەی فڕۆکەکانی نێونەتەوەیی لەو فڕۆکەخانەیەدا. هەروەها پۆلیس ئەوەشی ئاشکرا کرد کە فڕۆکەخانەی بۆڵی نێونەتەوەیی بە یەکێک لەهەرێ فڕۆکەخانە قەرەباڵغەکان دادەنرێت و لە هیچ کەس قەبوڵ ناکرێت کێشە بۆ نیشتنەوەو فڕینی فڕۆکەکان دروست بکات. ئەو ٩ کرێکارەی بەشی کۆنتڕۆل بە قسەی پۆلیس کێشەیان دروست کردووە بۆ نیشتنەوەو فڕینی فڕۆکەکان هەر بۆیەش گیراون.

بەڵام ڕاستی گرتنی ئەو کرێکارانە بە پێی شایەتحاڵ و وتەی کرێکارەکان ئەوەیە کە ئەو کرێکارانە لە ٢٥ی مانگی هەشتەوە بڕیاری مانگرتنیان داوەو هەموو کەرەسەکانیان فڕێداوەو کاریان ڕاگرتووە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە ئەوان داوای زیادکردنی کرێی کارەکەیان دەکەن و هەروەها دەیانەوێت بارودۆخی شوێنی کاریان بۆ باشتر بکرێ. دەسەڵاتدارانیش گوێ بە داواکاریەکانیان نادەنەوە. ئەو کرێکارانەش وەک هەنگاوی تەئسیر دانان مانگرتنیان دەست داوەتێ.

جێگەی باسە دەسەڵاتداران ئەو مانگرتنەی کرێکارەکانیان بە نایاسایی لەقەڵەم داوەو دەشڵێن پێداچوونەوە بە مووچەی کرێکارەکانی بەشی کۆنتڕۆڵی ناو فڕۆکەخانەکەدا دەکرێت.

دەسەڵاتدارانی ناو فڕۆکەخانەی بۆڵ دەڵێن هەر لە ئێستاوە بەشێک لە کرێکارەکان مانگرتنیان کۆتایی پێهێناوەو گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان. بەڵام بەشێکی تریان ماوەو دەبێت ئەوانیش بەڵێنننامە پڕبکەنەوەو داوای لێبوردن بکەن ئینجا بێنەوە سەرکار.

هەر بەو بۆنەوە تەنانەت فڕۆکەخانەی ئەدیس ئەباباش وەخۆکەوتن و ترسی ئەوشیان لێنیشت کە کرێکارانی بەشی کۆنتڕۆڵی ئەوێش دەست بدەنە مانگرتن.

کرێکارانی بەشی کۆنتڕۆڵی فڕۆکەخانەی بۆڵ ئەوە بۆ دووەم جار دەچێت هەر لەم ساڵدا کە مانگرتن بکەن. لە نیسانی ڕابردوودا مانگرتنیان ئەنجامداو بە دەیان گەشتی ئاسمانیان شکست پێهێنا.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.