فتواکەى خومەینى ئێستاش خوێنى لێدەچۆڕێت لە دژى خەڵکى کوردستان
فتواکەى خومەینى ئێستاش خوێنى لێدەچۆڕێت لە دژى خەڵکى کوردستان
عبدالرحمن رسول
لەسەردەمى دەسەڵات وسیستەمى شادا چەندین کێشە و قەیرانى جۆراوجۆرى هەبوو، سیستەم و دەسەڵاتیش زیاتر بۆ پاراستنى بەرژەوەندى و سوودى کەمینەیەک لە کۆمەڵگەى ئێران کارى دەکرد، هەرچى خۆشى و شادى و بەختەوەرى و خۆشگوزەرانى هەبوو تەنها بۆئەو کەمینەیە لە خەڵکى کۆمەڵگەى ئێران بوو ئەوانیش کاربەدەستان و بەرپرسانى باڵاى دەوڵەت و کەسوکارو خانەوادە و بنەماڵەکانیان بوو. زۆرینەى خەڵکى ئێرانیش بەسەرجەم نەتەوەکانەوە لەناخۆشى و نەهامەتى و هەژارى و بێکارى و کێشە و قەیرانى جۆراوجۆردا گوزەرى دەکرد. بەکورتى و بە کوردى زۆرینەى کۆمەڵگەی ئێران چەوساوە بوو .
چەوسانەوە و نابەرابەرى و سەرکوت وئیستبدادى سیستەمى دەسەڵات واى کرد ئەو سەردەمە خەڵک تێکۆشانى بکات بۆ ڕوخانى سیستەمى بنەماڵەى شا. دواتر خەڵکى توانى ئەو سیستەمە چەوسێنەرو نابەرابەرە بڕوخێنێت، بەڵام لەو کاتەدا ئیسلامییەکان سوارى شەپۆلى ناڕەزایەتییەکانى خەڵک بوون و بە زۆر خۆیان بە سەر خەڵکى کۆمەڵگەی ئێراندا سەپاند, جۆر وسیستەمێکى تازەیان ڕاگەیاند، بەڵام لە ناوەڕۆک و کردارىدا زۆر لە سیستەمى کۆن کۆنەپەرستر و چەوسێنەرتر بوو، نابەرابەرتر و سەرکوتتر دژە مرۆڤایەتى بوو .
خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان زۆر وشیار بوو لە ناوەرۆک و فێڵ و تەڵەکەبازى و زۆردارى و چەوسێنەرى ئەو سیستەمە ئیسلامییە تێگەیشتبوو، لەبەرئەوەى ساڵان وسەدەکانى ڕابردوو ئازار و ئەشکەنجەى زۆریان چەشت بوو و کۆمەڵکوژى زۆریان لەدژ ئەنجام دراوە لە سەردەستى ئیمپراتۆرى ئیسلامی سەفەوى وئیمپراتۆرى ئیسلامی عوسمانییەکاندا کە هەردوو ئیمپراتۆر سیستەمیان ئیسلامی بوو، بەڵام بەهەر دوولایان شەڕیان لەدژى خەڵکى کوردستان دەکرد. هەر بۆیە لە کۆتایی شەڕەکەیاندا لە دوایی شەڕى چاڵدێراندا دواى ئەنجامدانى چەندین کۆمەڵکوژى لە دژى خەڵکى کوردستان پاشان کوردستانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد بە دووپارچە و دواتریش لە دوو پارچەوە کرایە چوار پارچە کە دەوڵەتانى زلهێز لەو سەردەم و قۆناغەدا بەشداربوون لە تاوانە لە دژى خەڵکى کوردستان کە هەتا ئێستا زام و برینەکانى خەڵکى کورستان خوێنى لێ دەچۆڕێت .
لەگەڵ دامەزراندنى سیستەمى ئیسلامی لە ئێران خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان نەخشە ڕێگاى تایبەتى خۆی لەڕێگاى نوێنەرەکانییەو پێشکەش بە بەرپرسانى باڵاى دەوڵەت بەتایبەتى امام خومەینى کرد، داواى ماف و ئازادییەکانى خەڵکى ڕۆژهەڵاتیان دەکرد لەچوارچێوەى دەوڵەتى ئیسلامی ئێراندا.
داواکارییەکانى خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئەمانە بوون لەو سەردەمەدا: (لەوانە داوای دابینکردنى خودموختارى بۆ خەڵکى کوردستان، خوێندن بە زمانى کوردى بێت، کورد لە ڕووی ئیدارە و کارگێڕییەوە خۆی دەسەڵاتى شار و ناوچەکانى بەڕێوەبەرێت و داواکردنى چەندین مافى تر کە زۆر سادە و سەرەتایی بوون بەنسبەت چەسپاندنى مافەکانى مرۆڤەوە لە ڕۆژ هەڵاتى کوردستان). نوێنەرانى کورد چوونە بۆلاى بەرپرسانى باڵای دەوڵەت و بۆلاى خومەینى، بەڵام خومەینى و بەرپرسانى ترى باڵای کۆمارى ئیسلامی ئێران وەڵامى داواکارییەکانى خەڵکى کوردستانییان نەدایەوە. کە خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئەو کات و سەردەمەش باوەڕى بە کار و تێکۆشانى دیموکراسى و مەدەنى هەبوو، بەجۆر و شێوەیەکى مۆدێرن و دیموکراسى و داواى ماف و ئازادییەکانى خۆی دەکرد .
بەڵام امام خومەینى و کاربەدەستانى باڵاى دەوڵەتى کۆمارى ئیسلامی نەک بە پێچەوانەى ڕەوتى دیموکراسى و شارستانیەت و بنەما مەدەنى و ئازادییەکان هەنگاوى دەنا، بەڵکو زۆر کۆنەپەرستانە و دژە مرۆڤایەتییانە هەنگاوى دەنا، کە بە زوویی بڕیاریان دابوو کە ماف و ئازادییەکانى خەڵکى کورد ڕەدبکەنەوە بە هەموو جۆرێک لەمپەر بخەنە سەر ڕێگاکانى تێکۆشانى هەقخوازانەى خەڵکى کوردستان، تەنانەت لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتى ئیسلامییەکان نەخشەڕێگایەکى کۆنەپەرستانە و دژە بەشەری وەحشیگەریان دانا بوو ئەویش هەوڵى لە ناوبردنى سەرجەم خەڵکى کوردستان بوو.
هەر لەبەر هەبوونى دەسەڵات و سیستەمێکى ڕەجعى و دواکەوتووانە و دژە ئینسانى لە ئێران کە ناوى کۆمارى ئیسلامی ئێران بوو کە لە دوایی هاتنە سەر دەسەڵاتیان ئیسلامییەکان بۆ چەواشەکردن و فرێودانى خەڵک ڕاپرسێکیان وەک ڕیفراندۆم ئەنجامدا بەوەى خەڵک ئایا سیستەمیی ئیسلامی قبوڵە یان قبوڵ نییە، بەڵام ئیسلامییەکان هەر ئەو سەردەمە زۆرترین فێڵ و تەزویریان ئەنجامدا وێڕاى بڵاوکردنەوەى پروپاگەندەى زۆری درۆینەى وەک هەبوونى ئازادى و مافەکانى مرۆڤ. لە یەکەمین ڕیفراندۆم کە لە ئێران لە ژێر سایەى سیستەمى ئیسلامی کرا خەڵکى کورد بەشدارى نەکرد، حیزبەکانى وەک حیزبی کۆمۆنیست وکۆمەڵە و حیزبى دیموکرات بەشدارییان نەکرد، لەبەرئەوەى خەڵکى کوردستان خومەینى وەک رابەر نەدەزانى .
خەڵکى کوردستان وشیار بوو، دەیزانى خومەینى بەخوێنى سەرى خەڵکى کوردستان و تەواوى ئازادیخواز و یەکسانیخواز و پێشکەوتنخوازان تینوە، لەبەرئەوە بەشدارییان نەکرد لەو ڕاپرسییە کارتۆنى و چەواشکارى یەدا. لەو سەردەم وکاتەوە کۆمارى ئیسلامی بریارى دوژمنایەتیکردنى خەڵکى کوردستانیدا، خەڵکى کوردستانیش بەرگرى لە ماف و ئازادییەکانى خۆی کردووە.
دواتر بە هیچ شێوەیەک خەڵک نەی دەتوانى خۆیی بپارێزێت، چەندین جار کورد هەوڵى دەدات شەڕ نەبێت بەشێوەیەکى مۆدێرن و دیموکراسى دا بەماف و ئازادییەکان بگات، بەڵام کاربەدەستانى کۆمارى ئیسلامی بەپێچەوانەى مرۆڤایەتییەوە هەنگاویان دەنا.
خومەینى ڕابەرى کۆمارى ئیسلامی ئێران نەفیر عامێکى ژەهراوى و تیرۆریستى لە دژى تەواوى خەڵکى کوردستان ڕاگەیاند کە هەتا ئێستا بە بەردەوامى خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان خوێنى لێدەچۆڕێت. لەگەڵ دەرکردنى ئەو فەرمانەى خومەینى دا کە پاش چەندین ساڵە بۆ یەک ڕۆژ و یەک چرکەش ڕژانى خوێنى خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان نەوەستاوە، کە ڕۆژانە گەنج و لاواکانى خەڵکى کوردستان لە زیندانەکانى کۆمارى ئیسلامی لە سێدارە دەدرێن و ئەشکەنجە و ئازار دەدرێن، یان لە کارى سەختى کۆڵبەریدا لەسەر سنورەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و باشوورى کوردستان واتە لەنێوان (ئێران و عێراق) لەلایەن پاسدارانەوە تەقەیان لێدەکرێ و دەکرێنە قوربانى و بریندار دەبن و کەم ئەندام دەبن یاخود بە پلان و نەخشەى کاربەدەستانى باڵاى کۆمارى ئیسلامی ئێران لە دەرەوەى وڵاتى ئێران تیرۆر دەکرێن.
خومەینى کە ڕابەرى دەوڵەتى ئیسلامیی ئێران بوو واتە کەسى یەکەم بوو، بەپێی دەستوورى دەوڵەتى ئیسلامیی ئێران نوێنەرى خوایە لەسەر زەوى، قسە و فتواکانى هەرچییەک بن بەهیچ جۆر و شێوەیەک ڕەد کردنەوەى نییە، هیچ کەسێک بۆى نییە بەپێچەوانەى فتوا و قسە و وتارەکانى ئەو ڕەفتار بکات و یان ڕەخنەى لێ بگرێت، هەبوونى هەر ڕەخنەیەک و ڕەتکردنەوەى بۆ قسە و وتار و فتواکانى بەپێى یاسا و دەستوورى دەوڵەتى ئیسلامی ئێران دەبێت لەسێدارە بدرێت .
نوێنەرانى بزوتنەوەى سیاسى خەڵکى کوردستان داواکارى و خواستەکانى خەڵکى کوردستانیان بە ڕووى کۆمارى ئیسلامی ئێران بەرزکردەوە هەر لەدوایی ئەوە لە بەهارى ١٣٥٨ بەرپرسانى باڵاى دەوڵەت بە فەرمانى خومەینى هێرشى بەسوپا و تەیارە و فرۆکە کردە سەر شارى سنە کە خەڵکێکى زۆر کرایە قوربانى و بریندار کرا .
دواتر خومەینى لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕاگەیاندنەکانەوە نەفیر عام و فەرمانێکى ژەهراوى لە دژى خەڵکى کوردستان ڕاگەیاند کە گووتى (خەڵکى کوردستان کافر و شەڕەنگێزە، دەبێت زۆر بەتوندى هێرش بکرێتە سەریان، دەبێت دەوڵەت بە توندى ڕەفتار بکات، دەبێت جەندرمە و سوپا بەتوندى ڕەفتاربکات، ئەگەر بە توندى ڕەفتار نەکەن !!خۆم بە توندى ڕەفتار لەگەڵ ئێوەدا دەکەم !!). رۆژی 29ی گەلاوێژی ساڵی 1358، خومەينی بە دەركردنی فەتوای جيهاد دژ بە كورد لە ئێران، يەكەم هەنگاوی دژە مرۆڤایەتى بە دژى خەڵکى کوردستان دەست پێکرد. جيهاد دژ بە خەڵكی كوردستان كە شان بە شانی بەشەكانی تری خەڵكی ئێران دەورێکى کاریگەرییان هەبوو لە ڕوخاندنی رژێمی ديكتاتۆرييەتی شا و دوای سەركەوتنی شۆڕشی دژەپاشايەتی لە 22ی رێبەندانی 1357 خەڵکى کوردستان تەنها داوای مافە ڕەواكانی خۆيان دەكرد. هەر لەدوایی ئەم فتوایە هێرشى فراوان کرایە سەر شارەکانى کوردستان بە ڕابەرایەتى خاڵخاڵى بەناو شەریعەتمەدارى. هێزەكانی ئەرتەشی سەركوتكەری رژێم و بە تايبەت هێزەكانی سوپای پاسداران به رێگەی ئاسمان و زەوی پەلاماری شار و گوندەكانی كوردستانيان دا و سڵيان لە هيچ تاوان و كارساتێك دەرهەق بە خەڵكی ستەملێكراوی ڕۆژهەڵاتى كوردستان ( ئێران) نەكردەوە.
هەر لە دەرچوونی ئەم فەتوا دژە ئينسانييەوە، لەم هێرشكردنە درندانانەدا، ئاخوندەكان و حاكمانی شەرع (!) بە تايبەت ئاخوندی وەك سادق خەڵخاڵی و مەلاحەسنی و … لاوانی كورديان پۆل پۆل دادگايی سەحرايی دەكرد و دەياندانه بەر دەستڕێژی گوللە يا بە هێرشی دڕندانه بۆسەر شار و گوندەكانی كوردستان خەڵكيان قەتڵوعام كرد. تاكە تاوانی ئەو خەڵکە ئەوە بوو كە كورد بوون و داوای مافەكانی خۆيان دەكرد.
لەگەڵ دەرکردنى فتوا ژەهراویەکەى خومەینى گۆڕبەگۆڕدا لە ٢٨ى گەلاوێژى ( ١٣٥٨) فەرمان و هێرشى کۆمارى ئیسلامیی ئێران بۆ سەر دێهات و شارەکانى کوردستان، دەستی پێکرد، کە بووە هۆى ئەنجامدانى شەپۆلی قەتڵوعامكردنی خەڵكی بێ تاوان و بۆمبابارانكردن شار و گوندەكانی كوردستان، لەوانە، سەقز، بانە، پاوە، سنە و مەهاباد دەستی پێكرد. بەكرێگيراوانی خومەينی، تەنانەت رەحمیان بە ژنان و كچانی گوندەكانی كوردستانيش نەكرد و ئەوانيان دايە بەر پەلامار و دەستدرێژيكردن و كوشتاری خۆيان.
خومێنى لە ٢٨ى گەڵاوێژى ١٣٥٨ بڕیارى نەفیرعامى لە دژى خەڵکى کوردستاندا لە سەرەتا هێرشى کردە سەر شارى پاوە و دواتر بۆ هەموو شارو شارۆچکە و دێهاتەکانى کوردستان بۆ ماوەى ٣ مانگ شەڕ دروست بوو. خەڵکێکى زۆر لە هاوڵاتیانى ژن و منداڵ و پیروپەککەوتە بوونە قورباى و بریندار و کەم ئەندام کران .بیانوەکەى کۆمارى ئیسلامی ئێران ئەوە بوو کە لەشارى سنە هەندێک ژنە موسڵمان لە ناو مزگەوتدا دەست بەسەرن بۆ ڕزگارى ئەو ژنانە ئەو هێرشانە کراوە، بەڵام ڕاستییەکەى ئەوەیە پاسدار لەناو شارى پاوە شەریان لەگەڵ خەڵک دەکرد و خەڵکیش بەرگرى دەکرد، چەندین پاسداریش کوژران. هەر کاتێک نوێنەرانى خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان داواى مافەکانی خەڵکى کوردستان کردبایە ئەوا خومەینى دەیگوت دەبێت موسڵمانەکان دەسەڵاتداربن لە کوردستان هەر مەبەستى سیستەمی ئیسلامیی بوو، دەیویست شەڕى مەزهەبى هەبێت، دەیگوت خودموختارى ئیسلامی دەدەین بە کورد. لە ڕاستیشدا ئەم جۆرە پلانانە کاریگەرى زۆر سلبی و خراپى هەبوو لەسەر بزووتنەوەى ئازادیخوازى خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، جوڵانەوەى ئازادیخوازى کوردى پارچە پارچە کرد، بەشێک لەحیزبەکان بەشبەش بوون هەر ئەوکاتە چەند کادیرێکی لەحیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران جیابوونەوە خودموختارى ئیسلامییان بە چارەسەردەزانى، دواتر ئەوبەشە کە ئەو سەردەمە جیابووە، بووە بە دڕکى ناو دڕوان و نەمان و چوونەوە ناو ڕژێم. لە ناو حیزبى کۆمۆنیست و چریک و ڕاى کارگەر و سەرجەم حیزبەکان باڵا باڵێن و بەش بەشێن و لەت لەت بوون ڕوویدا، تاوەکو ئێستاش کاریگەرى ئەو بەش بەشێن و لەت لەت بوون بەسەر بزووتنەوەى شۆڕشگێڕانەى خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە دیارە کە لایەنى سلبی و خراپى هەر پێوە دیارە. مەبەستم ئەوەیە کە کاربەدەستانى باڵای کۆمارى ئیسلامی ئێران لە جیاتى وڵامدانەوە بە خواست و داواکارى خەڵکى کوردستان بەهەموو جۆر و شێوازێک هەوڵى لەناوبردن و پارچەپارچەکردنى تێکۆشانەکانى بزووتنەوەى هەقخوازانەى خەڵکى کوردستانیان داوە. بە بەردەوامى بەسوپای پاسدارانى تیرۆرست و تانک و فرۆکە جەنگێیەکانى هێرشى کردۆتە سەر شار و دێهاتەکانى کوردستان هەربۆیە ڕۆژى وەک ٢٨ى گەلاوێژ ى ١٣٥٨ زۆرن هێرشى سەرقاڕن و قەڵاتان وهێرشى سەر سنە و هێرشى سەر سەقز و هێرشى سەر مهاباد و مەریوان و سەرجەم شار و دێهاتەکان چەند جار و چەندبارەبۆتەوە. بە هەزارەها کەس بۆتە قوربانى و بریندار و کەم ئەندام کراوە . ٢٨ى گەلاوێژى ١٣٥٨ ڕۆژێکى ڕەش و خوێناوییە لە مێژوویی سەرکوت وئەنجامدانى کارە تیرۆریستى و کۆمەڵکوژییەکانى کۆمارى ئیسلامیی ئێران، بەڵام ئەم سێ مانگەش بۆ تەواوى خەڵکى کوردستان و بزووتنەوەى شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەى خەڵکى کوردستان مێژووێکى پڕشنگدارە لەبەرگرى و قوربانیدان. مێژووی ٤٠ ساڵهی كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ یهك تاكه رۆژیش، وازی له تیرۆركردنی نهیارانی له هیچ گۆشهیهكی جیهان نههێناوه. تهنانهت ئهم خولهش به حیساب ریفۆرمیستهكان كه لهسهر كاربوون، لهبهرئهوهی ئهمه بهشێكه له خهسڵهتی ئهو رژێمه، له نێوخۆی ئێران دهستی كراوه نییه بۆ كوشتن و تیرۆر. لهبهرئهوهی نیگهرانی كاردانهوهی جهماوهره، بهڵام جیاوازییهكه ئهوهیه ئێستا كۆمهڵانی خهڵك لهو تیرۆر و كوشتنه سڵ ناكهنهوه، تا ئێستاش تیرۆر و تۆقاندن نهیتوانیوه ڕێگه له ویست و داخوازییهكانی خهڵكی كوردستان بگرێت. بەدڵنییایەوە تێکۆشانى خەڵکى کوردستان بۆبە دەستهێنانى ماف وئازادییەکان سەرکەوتوو دەبێت ئەم سیستەم و دەوڵەتەى ئێستاش کە ناوى کۆمارى ئیسلامییە بەرەو ملشکاندن و ڕووخان دەچێت ڕۆژ دوایى ڕۆژ هەنگاوەکانى ڕوخانى ئەم سیستەمە بۆگەن و چەوسێنەر خێراتر دەبێت ..