سیستەمى ئیسلامیی ئێران یاساکانى دژە مرۆڤایەتییە

0

سیستەمى ئیسلامیی ئێران یاساکانى دژە مرۆڤایەتییە

عبدالرحمن رسول

لەژێرسایەى سیستەمى ئیسلامیدا لەجیاتى دابینکردنى ماف و ئازادى، لە سێدارەدان  وتیرۆر و ئەشکەنجە و ئازاردان هەیە بۆ ئەو مرۆڤانەى کە جیاواز بیردەکەنەوە و خاوەن فکر و ئایدیایی جیاوازن، بۆ ئەو مرۆڤانەى ڕەخنە دەگرن و عەشقى ئازادى و بەرابەرین. چڵ ساڵە بەم جۆرە دەوڵەتدارى دەکەن. ئیسلامییەکان کە جگە لە ئیسلامیی بوون وهیچى تریان قبوڵ نییە،  بە زەبرى کوشتن و سێدارە و زیندانیکردنى مخالیفەکانیان مەلاکان لە دەسەڵاتدارێتى  ماونەتەوە.

ڕژێمى ئیسلامی ئێران بە بەردەوام بوونى لەسێدارەدان دەوێت درێژە بەتەمەنى خۆى بدات، وێڕاى ئەوەى لەلایەن حیزب و ڕێکخراوە و ئازادیخواز ویەکسانیخواز و ڕێکخراو و ناوەندە ناوچەیی و جیهانییەکانى تایبەتمەند بە داکۆکیکردن لەماف وسەربەستى و ئازادى مرۆڤەکان  بە بەردەوامى ئاگادار دەکرێتەوە و داواى لێدەکرێ کە دەست هەڵبگرێت لەجێبەجێکردنى یاساى دژە بەشەرى لە سێدارەدان. ساڵانە و مانگانەو بگرە ڕۆژانە بەچەندەهاى نامەى دواکارى بۆ ڕاگرتنى لەسێدارەدان ئاراستەى بەرپرسانى سیستەمى کۆنەپەرستى ئیسلامی دەکرێ. لە مانگى پوشپەڕى ٢٧١٨ بەرامبەر تەمموزى ٢٠١٨ زیاتر لە٦٠ پارێزەرى ئێرانى  لە نامەیەکدا داوایان لە خامەنى کردووە کە واز لەسێدارەدانى ڕامین حسێن پەناهى بهێنێت و حکومەکەى هەڵوەشێنێت. هەروەها زیاتر لە دوو هەزار چالاکوانی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ، بە واژۆکردنی نامەیەک داوایانکرد، کە سزای لە سێدارەی ڕامین حسێن پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد بوەستێندرێت.

لەبەرئەوەى سیستەمى ئیسلامی سیستەمێکى کۆنەپەرست و دواکەوتوو و دژە ئینسانییە گوێ لە کەس ناگرێت. لە ڕابردووشدا ژمارەیەک لە زیندانیانی بەشداربوو لەمانگرتنێکى ١٢ کەسیدا لەناویاندا زانیار و لوقمان مورادی، دوای سێ ڕۆژ مانگرتن لەخواردن دە کەس لەبەشداربووانی مانگرتنەکە کۆتاییدێنن بەمانگرتنەکەیان، بەڵام زانیار و لوقمان مورادی لەدژی سیاسەتی لەسێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەسەر پەروەندەکانیان و بارودۆخی دژواری ناو زیندان و دانانی پارازێت بڕیاریاندا هەر بەردەوامبن لەمانگرتن لەخواردن .

شایانی ئاماژە پێکردنە دوای لەسێدارەدانی دوو زیندانی سیاسی کورد حەبیبوڵڵا گوڵپەری پور و ڕەزا ئیسماعیلی و ١٦ گیراوی بەلوچ لە ٢٦ی ئۆکتۆبەر و لەسێدارەدانی زیندانی سیاسی کورد شێرکۆ مەعارفی و چوار گیراوی سیاسی عەرەب لە 4 ی نۆڤێمبەرى ٢٠١٧، ئێستا 24 زیندانی سیاسی کورد لەناویاندا زانیار و لوقمان مورادی هەڕەشەی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

کەمپینی دیفاع لە لوقمان و زانیار بەڕێکرا چەندین چالاکى جۆراوجۆریان ئەنجامدا لە ئیمزا کۆکردنەوە هەتا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى و میتنگ وسیمینارات، بەڵام بەرپرسە باڵاکانى ئەم سیستەمە بۆگەنە گوێیان لەکەس نەگرت و گوێ لەکەس ناگرن کە داواکارى پاراستنى ماف و ئازادییەکانى مرۆڤەکانیان لێ بکات لەبەرئەوەى سیستەمی ئیسلامیی ئێران تەنها سەرکوت وقامچى و زیندان و تیرۆر و سێدارە  و کوشتن دەناسێ هیچى تر ناناسێت.

هۆکارەکەشى ئەوەیە کە گوێ لەکەس ناگرن خۆیان بەنوێنەرو نمایندەى خوا دەزانن، خۆیان پێ لەهەموو کەس پێ عەقڵتر و ژیرترە لەبەرئەوەى نوێنەرى خوان، بەڵام پێچەوانەکەى ڕاستە کە لە گەمژەیی و وەحشییەت ودواکەوتوویی و کۆنەپەرستى و  دڕندەیی و ڕەجعیدا بوونە نوێنەرى خواکەیان. ئەگەر سەیرى یاسا و دەستوورى کۆنەپەرستانەیان بکەین باشتر و ڕوونتر ئەوە دەردەکەوێت. دەستوورى ئێستاى کۆمارى ئیسلامی ئێران دەستوورێکى ئیسلامییە پشتى بە حوکم و دەقەکانى دینى ئیسلام بەستووە، هیچ بەند و یاسا و ماددەیەکى پێچەوانەى ئایینى ئیسلام نییە، بەڵکو ئایینى ئیسلامى کردۆتە کۆڵەکەیەکى بەهێز بۆ ڕاگرتن و هێشتنەوە و درێژەپێدانى تەمەنى  سیستەمى دەوڵەتدارییەکەی.

لەناو قانوونى ئەساسی کۆمارى ئیسلامیی ئێراندا، ڕابەر سەرچاوەى دەسەڵاتى ئێرانە، ڕابەڕ دەسەڵاتێکى ڕەهاى پێدراوە. لە ماددەى پێنچ (٥)ى قانوونى ئەساسى ئێراندا دەڵێ (نیزامى کۆمارى ئیسلامیی نیزامێکە کە نوێنەرایەتى خوا دەکات لەسەر زەوى.) بەپێى ئەو چیرۆکە ئەفسانەیانەى کە خۆیان دەى نووسن و بڵاودەکەنەوە، واتە هەرخۆیان دەى پێوون و دەى بڕن. لە زەمانى خەیبەتى ئیمامى زەماندا کە ئیمامى زەمان نوێنەرى خوایە لەسەر زەوى، وڵات لە ڕێگاى کەسێکى عادل و دادپەروەرەوە بەڕێوەدەچێت، کە بەناوى وەلى ئەمر ناساندوویەتى. ئێستا ئەو وەلى ئەمرە خامەنییە. کە نوێنەرى خوایە لەسەر زەوى. هەرکەسێک دژایەتى ئەو ماددە دەستوورییە بکات بەپێى یاسا و قانوونى ئیسلامیی دەبێ لەسێدارە بدرێت.

هەروەها بەپێى ماددەى ١١٠ى ئەساسى دەستوورى ئیسلامی ئێرانى، کە دەسەڵاتەکانى ڕابەرى لە ناو دەوڵەت و کۆمەڵگاى ئیسلامیی وکۆمارى ئیسلامیی دیارى کردووە کە دەڵێ (ئەو ڕێبەرە بڕیار دەدات لەسەر سیاسەتە کولییەکانى نیزام، ئەوە ڕێبەرە حکومییە سەرۆک کۆمار ئیمزا دەکات، هەتا دەڵێ نیشانەکانى نیزامى و کێشوەرى و دەوڵەتى هەموو ئەوانە ڕێبەر دەیدات. ئەوە ڕێبەرە سەرۆکى قەوەى قەزاى دیارى دەکات) هەروەها لە  ماددەى ١١٣ى ئەساسى  دەستووردا دەڵێ (دوایی ڕێبەر سەرۆک کۆمار دووەمە) واتە ئەندامانى پەرلەمان  کە خەڵکى ساویلکە و ناوشیار فریویان بە دەست دەخوات لە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى دا، کە مرۆڤ خۆیی نەخەڵەتێنێت و خۆیی لە بارودۆخەکە گێل نەکات دەنا زۆر باش دەزانێ کە ئەندامانى پەرلەمان بەقەد نووکە دەرزێک و  کەمترێن شت هیچ جۆرە پەیوەندێکیان بە نوێنەرایەتى ڕاستەقینەى خەڵکەوە نییە، لەبەرئەوەى هیچیان بەدەست نییە بۆ باشکردنى ژیان و گوزەرانى خەڵکى و بەدیهێنانى ماف و ئازادى خەڵک یاخود لە دیاریکردنى  نەخشە و دانانى پلان و بەرنامەى داهاتوویی کۆمەڵگە هیچ ڕۆڵ و کاریگەریان نییە و نابێت تەنها ئەوەندە نەبێت کەلەلایەن ڕێبەرەوە بەپاککراوى بەرنامە و نەخشەى داهاتوویان بۆ دەچێت. ئەندام پەرلەمانەکان تەنها ئەرکیان ئەوە دەست بەرز بکەنەوە هیچى تر هەروەک مەلاى مزگەوتەکان کە چۆن وتاریان لەلایەن دامودەزگاکانى دەوڵەتەوە بۆ دەنووسرێت و ئەوان تەنها دەیخوێنەوە ناتوانن هیچ وتارێک و ڕستەیەک پێچەوانەى دەستوور و یاساکانى دەوڵەت بدەن، ئەندام پەرلەمانەکانیش بە هەمان جۆر و چەشنن.

 کۆمەڵگەى ئێران ڕۆژ لەدوایی ڕۆژ بەرەودواوە دەگەڕێندرێتەوە لەسایەى هەبوونى ئەم سیستەمە چەوسێنەرە بۆگەن ودژە ئینسانییە. ڕۆژانە تەنها دەبێ هەواڵى لەسێداران و کوشتنى گەنجان و لاوان بین لە میدیا ڕاگەیاندنەکاندا، بەدڵنییایەوە هەتاوەکو سەرى ئەم ئەدژیهایەش کەناوى کۆمارى ئیسلامیی ئێرانە لەلایەن خەڵکى تێکۆشەرى ناڕازى و ئازادیخواز و یەکسانیخواز وسیکۆلارى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان پان نەکرێتەوە، بە دەست و مەچەکى گەنجان و لاوانى ئازا و تێکۆشەر ئاڵا و وێنەکانیان لەسەرجەم شار و شارۆچکە و دێهاتەکان نەهێندرێتە خوارەوەو نەخرێتە ژێر پێیەکانیان و تفبارانیان نەکرێ، ئەوان هەر بەردەوام دەبن  لەسەر لەسێدارەدان و کوشتنى کۆڵبەرانى زەحمەتکێش .

بەپێی ئەو هەواڵانەى کە لەناوخۆی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و ڕاگەیاندنەکاندا پشت ڕاستکراوەتەوە لەوانە لە ماڵپەڕى کوردستان وکورد دا بڵاوکراوەتەوە کە ڕێژیمی کۆنەپەرست و ڕەجعى ئیسلامیی ئێران ١١ بەندکراوی کوردی لەسێدارەدا. یه‌کشه‌ممه۱۷ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۷ | 07/07/2018حوکمی لەسێدارەدانى  ٨ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان کە بە تۆمەتی هێرش بۆسەر بینای مەجلیسی ئێران زیندانی کرابوون جێبەجێکرا، هەروەها بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێش، حوکمی ئێعدامی ٣ هاووڵاتیی کوردیان لە زیندانی ئەو شارە ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ حوکمی ئێعدامی ٨ هاووڵاتیی کورد لە تاران لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە جێبەجێ کراوە. لە سێدارەدانی ئەو ٨ کەسە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ڕابردوو مووسا غەزەنفەر ئابادی، سەرۆکی دادگای شۆڕشی تاران بە ماڵپەڕی حکوومەتیی “تەسنیم”ی ڕاگەیاندبوو: “حوکمی ئێعدامی ٨ تیرۆریستی داعشی کە لە هێرش بۆسەر بینای مەجلیس و گۆڕی خومەینی ڕۆڵیان هەبووە، بە مەبەستی جێبەجێکردن ڕەوانەی دادستانی کراوە”.ئەو ٨ کەسە کە سەرجەمیان خەڵکی پارێزگای کرماشانن،  هیچ جۆرە پەیوەندێکیان ڕێکخراوى تیرۆریستى ئیسلامیی داعشەوە نەبوو، تەنها خەڵکى هاوڵاتین خەڵکى ناوچەکانیان زۆر باش دەیان ناسێ ئەوانیش بە ناوەکانی (سڵێمان موزەفەری، تەمەن ٥٥ ساڵ، کوڕی ڕەحمان و خەڵکی ڕوانسەر، ئیسماعیل سۆفی، تەمەن ٣٣ ساڵ، کوڕی مەجید و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، ڕەحمان بێهرووزی، کوڕی کەریم و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، سەید ماجێد مورتەزایی کوڕی حوسێن و خەڵکی پاوە، سیرووس عەزیزی تەمەن ٣٢ ساڵ، کوڕی عەبدولخالق و خەڵکی پاوە، ئەیووب ئیسماعیلی، تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی حوسێن و خەڵکی سەلاسی باوەجانی، خوسرەو ڕەمەزانی میرئەحمەدی کوڕێ کاک ئەحمەد تەمەن، ٤٢ ساڵ و عوسمان بێهرووزی، تەمەن ٢٩ ساڵ و برای ڕەحمان بێهرووزی خەڵکی سەرپێڵ‌زەهاو) لە زیندانی کرماشان لەسێدارە دران.

بینای مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە کۆتایی هاوینی ساڵی ڕابردوو هێرشێکی کرایە سەر و لەو هێرشەدا ١٧ کەس لە خەڵکی ئاسایی کوژران و ٥٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بە پێی ئاماری تۆمارکراوی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان پاش ئەو ڕووداوە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە هاووڵاتییانی کورد لەو پێوەندییەدا دەسبەسەر کران. هەر لەو پێوەندییەدا و لە هەواڵێکی دیکەدا سەرلەبەیانی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕ، ٣هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی “گوڵی حاجیپوور”، لە بەندی ژنان، “محەممەد ڕەوشەنی و شەهباز ئیبراهیمی” لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە سێدارە دران. ئەو ٣ هاووڵاتییە کوردە خەڵکی شارەکانی سەردەشت و ورمێ بوون، کە لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ئێعدام کراون. میدیا و ڕاگەیاندنەکانی ڕەسمی و هێزی قەزاییی حکوومەتی ئیسلامیی، تا ئێستاشی لەگەڵ بێ بە نیسبەت لەسێدارە دانى ئەو کەسانە بێدەنگیان هەڵبژاردووەو هیچ هەواڵێک لەو پێوەندییەدا بڵاو نەکراوەتەوە. لە سێدارەدانى بە کۆمەڵى گەنجان و لاوان لە ئێستادا بۆ بڵاوکردنەوەى ترس و دڵەراوکێ لە ناو خەڵکیدایە، لەکاتێکدا لە زۆرێک لە شارەکانى ئێران و کوردستان ناڕەزایەتى  خەڵکى ڕۆژ لەدوایی ڕۆژ بەرز تردەبێتەوە، ڕژێم دەیەوێ بە لەسێدارەدانى ئەم پۆلە لە گەنجان و لاوان بەخەڵک بڵێ هەتا تەمەنى ئەم جۆرە سیستەمە مابێت واز لە سەرکوت و زیندان و سێدارە ناهێنێت و وەڵامى خواست و داواکارى خەڵکیش ناداتەوە.

ڕاستییەکەش ئەوەیە، ئەوە ئاستى وشیارى خەڵکى ناڕازى ئێران و کوردستانە کەماوەى تەمەنى سیستەمی ئیسلامی دیارى دەکات، نەک بەرپرسانى باڵایی کۆماریی ئیسلامی ئێران ماوەى تەمەنى خۆیان بۆ خەڵک دیارى بکەن. هەروەک دەڵێن (کەجام پڕبوو لێی دەڕژێ) زوڵم و زۆرى و نابەرابەرى و چەوسانەوە و ئازار و ئەشکەنجەدانى خەڵکى ئێران و کوردستان زۆر لە ئاستى خۆی تێپەڕیووە لەجامەکە دەڕژێ و زۆریش ڕژاوە. کەواتە پێویستە خەڵکى ناڕازى سەرجەم شار و شارۆچکەکانى ئێران و کوردستان وشیاربن هەنگا و بەهەنگاو باشتر خۆیان ڕێکخراوبکەن، لە نێوان خەڵکى شارەکاندا تۆڕى پەیوەندى هەماهەنگى  و هاوکارى و پشتیوانى بنیادبێن، کەسانى ئازادیخواز و سیکۆلار و یەکسانیخواز ڕابەرایەتى خۆپیشاندانەکان بکەن بۆئەوەی لە داهاتووی دوایی ڕوخانى ئەم ڕژێمە بۆگەن و فاشییە ئیسلامییە خەڵکى ئێران و کوردستان خۆیان دەسەڵات و سیستەمێکى سیکۆلار و ئازاد دابمەزرێنن کە ماف و ئازادییە بەبێ مەرج و شەرت بۆ هەمووان دابین بکات

Leave A Reply

Your email address will not be published.