دەبوو نەڕۆن و بـمێننەوە ! لە پەراوێزی دەست لەکارکێشانەوەی هاوڕێیان موئەیەد و یەنار

0

دەبوو نەڕۆن و بـمێننەوە !

لە پەراوێزی دەست لەکارکێشانەوەی هاوڕێیان موئەیەد و یەنار

سامان كريم و فارس محمود

ناوی دوو هاوڕیمان ‌‌هێناوە “موئەیەد ویەنار” چونکە دەست لەکارکێشانەوەی هاوڕێیانی دیکە لێرەوە، لەم دوو هاوڕێیەوە دەست پێدەکات. لە نێو ساڵۆنی پلینۆمەوە ” کۆبوونەوەی بەرفراوانی کۆمیتەی ناوەندی حزب” و دواتر بروسکە ئاسا هاوڕیێانێکی دیکەی پێوە پەیوەست دەبێت.

 ڕووداوی دەست لە کارکێشانەوەی هاوڕێیان، بۆئێمە وە ڕابەری حزب ڕووداوێکی ناخۆش و وە جێگای نیگەرانی هەموومان بوو. بەجیا لە لایەنی کەسایەتی و خۆشەویستی هاوڕێیان و بوونی مێژوویەک لەگەڵ هاوڕێ موئەیەد دا  کە ٢٥ساڵە، واتە زۆربەی زۆری تەمەنی لاوێتیمان لە حزبێکدا پێکەوە بردۆتەسەر، و بەجیا لە لایەنی هاوڕێیەتی و نیگەرانیمان. بزانین مەسەلەی سەرەکی چیە؟! بۆ دەبێت بەهۆی وەرگرتنەوەی ئەندامێتی لە هاوڕێیەک، ڕووداوێکی ئاوا ڕووبدات و چەند هاوڕێیەکی دیکە دەست لە کاربکێشنەوە و حزبەکەیان جێبهێڵن؟! ئایا هۆی دەست لە کارکێشانەوەکە، جیاوازی تێڕوانینە لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی حزب و ماددەی ١٥هەمی؟! مەسەلەکە هەڵە تێگەیشتنە لە یاساو ڕێسا یان وەک هەندێ هاوڕێی دیکە باسی دەکەن، تەنها کۆنگرە دەتوانیت ئەندامێتی لە ئەندامی کۆمیتەی مەرکەزی وەربگرێتەوە، وەکو لە پەیڕەوی ناوخۆی هەندێ حزبدا هەیە؟! یان  وەکو هەندێ هاوڕێی دیکە باسی دەکەن “تەسیفە” کراوە لە لایەن ڕابەری “خاوەن دەسەلاتەوە”؟! ئایا مەسەلە پێکهێنانی حزبی “مارکسی عومالیە” یان ” مارکسی ئەسلیە” وەکو هەندێک هاوڕیی دیکە دەڵین؟! ئایا دیسان مەسەلەکە ئەوەیە کە ڕابەری “حالی” مەحفەلێکی موتەجانسە وەکو هەندێکی دیکە دەڵێن؟!  ئایا مەسەلەکە ئەوەیە کە بڕیارەکە نایاسایی یە وەکو هاوڕێ موئەیەد و ئەوان دەڵێن؟! ئایا مەسەلەکە “ئیستبداد” و “زاڵبونی ستالینزمە”  لە نێو ڕابەریدا؟! یان سەرکوتی ئازادی ڕادەربڕینە؟! ئایا وەک هەندێکی دیکە دەڵین “ئەزمەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی یە”. ئەم ئەزمەیە هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی کارێکی وا ڕووبدات. یان دەڵێن کۆمۆنیزمی کرێکاری تەواو بوەو فەشەلی هێناوە ؟! ئایا لە ڕاستیدا و لە پەیوەند بەم مەسەلەیەوە هیچ خیلافێکی سیاسی لە گۆڕی بووە…. مەسەلە چیە؟!

کێشەی کۆمۆنیزم لە جیهانی هاوچەرخدا کێشەیەکی ئاڵۆزە. دەزانین کە کۆسپ و ڕێگری گەورەی لە بەردەمە. دەزانین کە بۆ نزیک لە سەدەیەکە گرفتی جیابونەوەی مێژووی کۆمۆنیزم لە چینی کرێکارمان هەیە. دەزانین کە کۆلێک کاری گەورەی کۆمەڵایەتی پێویستە بکرێت. دەزانین لەم ڕاستایەدا هەنگاوەکان پێویستە چی بن وە چ بکرێت؟.  لاوازی و کۆسپە گەورەو کۆمەلایەتیەکانی بەردەم بزوتنەوەی کرێکاری و تەحزب و ڕێخراوبونی درک دەکەین. لەمبارەوە ئاستەنگیەکانی بەردەممان دەناسین. بەجیا لەوانەش، تێدەگەین کە لاوازی تەحزوبی چینایەتی کرێکارو کۆمۆنیزم، چەندین تیۆری داتاشراو دور لە مارکس و لینین مان بۆ سەوز دەکات، لە ژێر ناوی بەرژەوەندی بزوتنەوەی کرێکاری وتەنانەت ناوی مارکسدا، تەحزوبی چینایەتی کرێکار دەسڕنەوە. دەزانین لە هەلومەرجێکی ئاوەها، گرێوگولی فکری و سەرلێتێکچونی سیاسی برەو پەیدا دەکات. هەموو ئەوانە ڕۆشنە.

 بەڵام وەرگرتنەوەی ئەندامگیری لە هاوڕێیەک پەیوەندی بەم مەسەلانەوە چیە؟! هیچ. دەلێن خیلافی سیاسی هەبووە و دوا ئەنجام ئەم ڕوداوەی پلینۆمی ٣٣، مەسەلەکەی تەقاندەوە!! خیلافی سیاسی لەگەڵ پێکهاتنی حزبەوە بوونی هەبووە بە ئێستاشەوە. باسی خیلافی سیاسی و ئازادی ڕادەربڕین، و نوسینی جیاواز و تەنانەت بڵاوکردنەوەی خیلافاتی سیاسی، هەمووی هەبووە و نوسراوە و چەندین کەسی ڕابەری هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و عیراق بەشداریان کردوە، لەوانە هاوڕی موئەیەد خۆی لە گەڵ سامان دا، لەسەر مەسەلەی دەوڵەت باسێکی ڕەخنەگرانەی فراوانیان بوو. پاشان لەسەر مەسائیلەکانی دیکەی کۆمەلگا چەندین جیاوازی گەورە لە ئارادا بوون. وە هەمووی باسو گفتوگۆیەکی ئاسایی بوون. کەواتە ئەوانە باسی ئۆبجەکتڤ نین لە پەیوەند بەم مەسەلەیەوە. بەڵکو باسی داتاشراون و وەک بەرژەوەندی سیاسی و  لەقازانجی خۆ پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت. بۆیە ئازادی سیاسی نەک هەبووە، بەڵکو فراوان بوەو وە دەبێت. وە بەم پێ یە باسی سەرکوت نیە، باسی “ستالینی” نیە، بەهۆی ئەوەی کە دەیان وتاری جیاواز لە ڕای ڕەسمی حیزب دەبینین، لە لایەن ڕابەری حزبەوە ، ولە ئاستی عەلەنیدا. ئەوانە جێگای ڕەخنەی ڕابەری بوون وە هەیە، بەڵام کەس لەسەر ئەوانە هیچ عقوبەیەک نەدراوە. کەواتە ئەم باسانە جگە لە پڕوپاگەندە هیچی دیکە نین. پڕوپاگەندەیەک کە بێ زەمینە بێت زوو دەتەقێ.

مەسەلەی وازهێنان لە حزب و دەست لەکارکێشانەوە چ پەیوەندیەکی هەیە بە حزبی مارکسی کرێکاریی یەوە!!.  هاوڕێ موئەیەد ٦-٧ ساڵی دوایی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزب بووە. لەم بارەوە چ کارێکی کردووە یان پێشنیاری چی کردووە بۆجێخستنی ئامانج و سیاسەتێکی ئاوەها؟!. لەماوەی ئەم ٦-٧ ساڵەدا چەند ئەندام زیادی کردوە و چەند کادر پێگەیەندراوە وەک کادری مارکسستی ؟!. هیچ. لەهەمانکاتدا هەر خۆی  چەند ساڵێک بەرپرسی مەکتەبی ڕێخستنی ناوەندی حزب بوو، بەبی هیچ دەخاڵەتو دەستیوەردانێکی مەکتەبی سیاسی لە کارەکانیداو بە سەلاحیەتی تەواوە. لەم ماوەیەدا “الاتحاد العام للمجالس و النقابات…” چیکردوەو، بۆتە هەوێنی رێخستنی کرێکارانی کام کارگە و دەزگا “مؤسسە” یە؟! بەدەنەی ئەم ڕێخراوەیە چەندە زیادیکردوەو لە ڕاستیدا چەند ئەندامی هەیەو ڕابەریەکی جگە لە هاوڕی ” فلاح” کێی ترە؟! کەسی دیکە، جگە لە فۆرمال. ئەوەتەی ئەم یەکێتی یە پێکهاتووە، حزب ٦ سکرتێری گۆریوە، بەڵام ئەم “یەکێتی یە” بە حساب کرێکاری و جەماوەری و شوراییە هەر یەک سەرۆکی هەبوە و هەیە تا ئێستا!!.  بەلام باسی ” ستالینیزم” و ” ڕابەری زاڵ” و…. دەکەن. هاوڕێ موئەیەد لە ماوەی سکرتێر بونیدا دەکرێت پێمان بڵێت کە حزبی چەند نزیک خستۆتەوە لە بزووتنەوەی کرێکاری و ڕابەرانی کرێکاری؟!  تۆ بلێی کەس بتوانێت دەستی سکرتیری کۆمیتەی ناوەندی بگرێت؟! وە تەنانەت لەم ماوەیەدا لەسەر ڕێخستنی بزووتنەوەی کرێکاری، رێکخستنی کۆمۆنیستی یەک دانە باسی هێناوەتە نێو مەکتەب سیاسیەوە؟! بیناکردنی حزبی مارکسی و عمالی و ئەصیل کە ئیستا ئیدعای دەکات هیچ پرۆژەیەکی خستوەتەروو کە ریگا لە بردنەپێشی بۆ گیرابێت؟  بێگومان نا. بەلام هاوڕییانی دیکە لەمبارەوە باسیان بوەو بڵاوبۆتەوەو هەوڵیان داوە سەرنجی زۆربەی هاوڕییان بۆ خۆیان ڕابکێشن. بۆیە باسێکی لەم چەشنە گوایا “حزبێکی کۆمەڵایەتی و مارکسی کرێکاری….” پێک دەهێنن باسێکی ڕێونکەرە و بەلاڕیدا بەرە. نەک هاوڕی موئەیەد بەڵکو هاوڕێیانی دیکە کە ٢٠ ساڵە لە دەرەوەی حزبن وە ئێستا باسی لەم چەشنە دەکەن ئایا لەم ٢٠ ساڵەدا تەنیا ٣ کرێکاریان رێخستوە؟! بێگومان نا، چ جا بگات بە حزبێکی مارکسی کرێکاری. ٢٠ساڵ چاوەڕوان بوون، ئەمرۆ بەهۆی دەست لە کارکێشانەوەی موئەیەدەوە، پێکهێنانی حزبی مارکسی کرێکاریان بیرکەوتۆتەوە، خۆ ئەگەر دەستی لەکار نەکێشایەتەوە، ئەوەیان بە خەیاڵدا نەدەهات. لەم بارەوە پڕوپاگەندە و نیشاندانی خۆ وەکو “قوربانیەک” بەقازانجی خاوەنەکەی نیە. قوربانی بەومانایەی غەدریان لێ کراوە و سەرکوت و تەسفیە کراون. ئەمە بوختانێکی هێجگار عەیبدارە. یان بەپێچەوانەوە و ١٨٠ پلە بە پێچەوانەی زوڵم لێکردنەوە، ئیدعای گەورەو بێ بناغە بکەیت لە پێکهێنانی حزبی مارکسی کریکاری “ئێمە باسی مەحفەل ناکەین”، کە ناوێکی وای هەبێت. بەهەرحال قازانجی هەر پرۆژەیەک لە بەیانکردنی ئۆبجەکتیڤ و ڕاست ودروستی هەنگاوەکانیدایە.

هاوڕێ فەلاح لە مێژە، لەدەرەوەی حزبە!

بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەی ئەوانەی دڵخۆش و سەرگەرمن بەم هەلومەرجەو جەخت دەکەنە سەر بوونی خیلافاتی سیاسی و فکری و بونی کوتلەو خەتی سیاسی، هاوڕێیان لە نامەی دەست لە کارکێشانەوەیاندا بە ئاشکرا دەڵین کە مەسەلەی سەرەکی دەست لەکارکێشانەوەیان لەو کاتەدا، وەرگرتنەوەی ئەندامێتی یە لە هاوڕێ ” فەلاح”. لەو نامەیەدا  ڕۆشنە کە مەسەلەی سەرەکی وەرگرتنەوەی ئەندامێتی یە لەو هاوڕێیەمان. لەوە عەجایبتر ئەوەیە کە وەرگرتنەوەی ئەندامێتی لەم هاوڕێیەمان دەبەستریتەوە بە وەی کە ئیتر “بەهێزکردنی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بیناکردنی کۆمۆنیزمی کرێکاریی شۆرشگیر، بەکارکردن لەگەڵ ڕابەری ئێستادا مومکن نیە” … ئیتر ئەمە سەفسەتەیە و تەنها پەیوەندی بە “مەحفەلەوە” هەیە ئەگەر نا، بزووتنەوە و حزبێک ئەگەر ڕێچکەی گرتبێت بۆ بەهێزبوون و دەرکەوتنی وەک هێزی چینایەتی کرێکار، وەرگرتنەوەی ئەندامێتی دەیان ئەندام وکادر لەوانەیە لاوازی بکات بەڵام ڕێگای لێناگیرێت و بەردەوام دەبێت. ئەم لێکدانەوەیە و  باسی کۆمۆنیزمی کرێکاریی شۆرشگێرو بیناکردنی حزبی لەوچەشنە هەمووی یەکسانە بە “هاوڕێ فەلاح عەلوان”. ئەوە ئیتر کۆسپی کۆمەڵایەتی و کۆسپی کرێکار نیە، بەڵکو کۆسپی زەینی مەحفەلێکە کە لەخەیالاتی خۆیدا خەبات دەکات و لە گلادیاتۆرێکی مانونەماندایە لەسەر پۆست و پێگەی مەحفەلەکەی. ئەم جەنگە، ئەم هەرایە، هەراو جەنگی مەحفەل و پێگەی مەحفەلە لە نێو حزبدا. مەرجی یەکەمی حزبی بوون زاڵبونە بەسەر مەحفەلدا، بەناونیشانی نەریتێکی دواکەوتووی رێکخراوەیی و سیاسی.

بەجیا لەوانە، لەباری ئۆبجەکتیڤەوە، هاوڕێ فەلاح دەمێکە ڕۆیشتوە و دەستی لە کارکێشاوەتەوە. هەم لەباری ڕێخراوەیی یەوە کە هیچ پەیوەندی لەگەڵ مەکتەب سیاسی نەبووە، وە بەجیا لەوە لە ٢٠١٥وە کە دەبوایە بەرەسمی داوای لێبوردنی بکردایە لە حزب و ڕابەری حزب و ئەو هاوڕێیانەی ناوی ‌هێناون، کە هەرگیز کاری وای نەکرد. ئەم بڕیارە لە پلینۆمی ٣١ بە ئامادەبوونی خۆی دراوە، بەڵام لە جیاتی ئەوە پراتیکی بوو بەوەی کە بە موناسەبە و بێ موناسەبە هێرش بکاتە سەر هاوڕێکانی و بەم شێوەیە چەندین کۆبوونەوەی مەکتەب سیاسی بڕگەیەکی باسی ” خروقات و تۆمە و تانەتی” ئەم هاوڕێیەمان بوە. زۆربەی ئەندامانی مەکتەب سیاسی کەوتونەتە بەردەم ئەم هێرشەوە. باسی ئینزارو تەوبیخ پاش پلینۆمی ٣١ ئیتر نابێت وە نادروستە. بەتایبەت کە ئەم هاوڕێیەمان بە ئاشکرا پڕوپاگەندە بۆ حزبێک دەکات لە کوردستان کە هیشتا پێک نەهاتووە، وە هاوڕێیەکی دیکەی کۆمیتە مەرکەزی تاوانبار دەکات ” کە بەشی هەیە لەگەڵ پارتی”. هەرکەس پێی وایە ئەمە ئازادی ڕادەبرینە! بڕوخێ ئەو ئازادییە. ئەمە ئازادی تۆمەت بەخشینەوە و توانج لێدانە، ئازای هەتکردنی حورمەت و عزەتی حزب و تەواوی ئەندامانیەتی، ئەوە قەدەغەیە. حزبێک کە ئەم نەریتەی تێدا بێت وبێدەنگ بێ بەرانبەری، بەجیا لەوەی کە ناتوانێت کۆمۆنیست بێت، هەر دەروخێت. بزوتنەوەی کرێکاری و ڕابەرانی ئەم بزوتنەوەیە، پێش هەرشتێک پێویستیان بە یەکگرتوویی و هاوپشتی یەکتری و قامەتی بەرزی کۆمەلایەتی و نیشاندانی شوناسێکی مۆدێرینی چینایەتیە. تۆمەت لێدان و توانج تێگرتن و بێزارکردنی هاوڕێیانت بە بێ هیچ بەڵگەو بناغەیەک، کارێکی هیجگار دواکەوتووی نیو کۆمەلگا و تەنانەت لە کۆمەلگای بوورژایی هاوچەرخدا جێگای نابێتەوە چ جا بگاتە نێو حزبێکی کۆمۆنیستی وکرێکاری.

 لەوانەش لەخوارتر لە ڕاستیدا عەیب نیە، بە زۆربەی هاوڕێیانت لە مەکتەبی سیاسی بڵێیت “کۆمۆنیست نین” و لەو حزبەدا بمێنیتەوە…. بۆیە ئەم هاوڕێیەمان دەمێکە دەستی لەکار کێشاوەتەوە و ڕۆیشتوە لەباری سیاسی و تەنانەت فیزیکیشەوە. ئەوەندە هەیە ئێمە لە پلێنۆمی ٣٣ دا ڕەسمیەتمان پێدا. تۆمەت لیدان و تەنانەت توانج گرتن قەدەغەیە. ئەم بڕیارە بڕیارێکی بەهێزی حزبی بوو. لە پێناو کەسدا نا بەڵکو لەپێناو حزب خۆیدا. لە پێناو فەرهەنگ و نەریتی کۆمۆنیستی و حزبیەتی کرێکاردا. دەزانین کە کۆسپی گەورە لەبەردەم ئەم نەریتە کۆمۆنیستیە هەیە وە دەبێت، بەڵام ڕێگایەکە دەبێت ڕیچکەکەی بشکێنرێت.

هاوڕێ موئەیەد کەسی یەکەم و دواین کەسە کە بەرپرسە لە چونە دەرەوەی خۆیان و دەست لە کارکێشانەوەی ژمارەیەکی دیکەی هاوڕێیان. هاوڕێ موئەیەد دەیتوانی زۆر پێش پلینۆم ئەم کێشەیە بەلایەکدا بخات. ئەو دەیزانی کە پێشنیاری مەکتەبی سیاسی چیە؟! ئەو گوێ بیستی باسەکان بوو، تەنانەت لە دوا کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی، رۆژیک پێش پلینۆمدا، ئەو دەیتوانی لەمبارەوە کارێک بکات. کارێكی هێجگار ئاسان، ئەویش “ئەو هاورێ یە داوای لێبوردن بکات بە ئاشکرا” ومەکتەب سیاسی ئەم داوایەی قبوڵ بکات. بەجیا لەوانە هاوڕێ موئەیەد تەنانەت لە پەیوەند بە نامەکەی خۆیەوە کە ناردی بۆ هاوڕێ فەلاح لە دوای پلینۆمی ٣١ سالێ ٢٠١٥ ، وە هیچ وەڵامێکی وەرنەگرتەوە، بەدواداچونێکی بۆ نەکرد. جگە لە هەموو ئەوانە. ئەم هاوڕێیەمان لە نێوا پلینۆمدا، سەرەرای ئەوەی کە چەندین جار باسکرا، پرسیاری لێکرا ئەگەر ئەم بڕیارە نەدرێت، واتە ئەگەر ئەندامێتی لێ وەرنەگیرێتەوە، هاوڕێ “فەلاح” داوای لێبوردن دەکات؟! هیچ وەڵامێکی نەبوو. وە ئەگەر داوای لێبوردنی نەکرد چی؟ دیسان بێ وەڵام بوو. وە ئەمە ئیتر مانای ئەوەیە کە تۆمەت و هەتککردنی حزب درێژەی هەیە و دەبێت ئێمەش ڕازی بین. بەتایبەت کە تەجروبەی پلینۆمی ٣١ هەبوو لە ساڵی ٢٠١٥دا. هەر حزب و ڕابەری یەک ئەو هەموو تۆمەت و توانجە لەسەر ڕابەری یەکەی  وەحزبەکەی و هاوڕێیانی قبوڵ بکات بروخێ باشترە. بۆیە پلینۆم مافی نەبوو کە لەوە کەمتر قبوڵ بکات.

خیلافی سیاسی ،  باسێکی کۆنکرێت تر!

باسی ئێمە باس نیە لەوەی خیلافی سیاسی نەبووە، هەروەک ئاماژەمان پێدا، لەسەر زۆر مەسائیل خیلافی سیاسی بووە و دەبێت. باسی ئێمە ئەوەیە کە ئەم دەست لەکارکێشانەوەیەی هاوڕێیان لەسەر خیلافی سیاسی نەبووە. بەڵکو بە دیاریکراوی لەسەر وەرگرتنەوەی ئەندامێتی هاوڕێ یەک بووە. لە نێو ساڵۆنی پلینۆمدا، بەجیا لەوەی کە بڕیارنامەی سیاسی سەبارەت بە ڕیگا چارەی حزب بۆ هەلومەرجی عێراق بەکۆی دەنگ بڕیاری لەسەر درا، تەنانەت ئەو نامەی هاوڕێ “ڕیبوار ئەحمەد” کە هاوڕیێان موئەیەد و ئەوانی دیکە لە نامەی دەست لەکارکێشانەوەیان باسی دەکەن و دەڵێن کاریگەری هەبوە بەسەر پلینۆمەوە، لەسەر ئەم نامەیەش، کە وەک بڕگەیەک باسکرا و قسەو باسی لەسەر کراو دواتر لەلایەن پلینۆمەوە بە بڕیارێکی ٣ بڕگەیی ئەنجامگیری لێکرا کە ناوەرۆکەکەی بریتی بوو لە پاراستنی حزبیەت و دیسپلینی کۆمۆنیستی و بەهیزکردنی کەشێکی ئارام و ئامن بۆ حورمەت وپێگەی هاوڕییان. لەسەر ناوەرۆکی ئەم بڕیارەش هیچ کۆسپێکیان نەبوو. لەسەر ئەو ٣خاڵەی کە چەند جارێک خوێندرایەوە، کۆسپێکیان نەبوو، یان لایەنی کەم ڕایان نەگەیاند. تائێرە هیچ بەڵگە و بیانوویەک ناهێلیتەوە بۆ هیچ هاوڕێ یەک کە مەسەلەی دەست لەکارکێشانەوەی هاوڕێیان ببەستێتەوە بە خیلافی سیاسی لەسەر مەسەلە جیاوازەکان. ئەمە تەنها خاڵیکە.

خالێکی دیکە: خێرایی دەست لەکارکێشانەوەی ژمارەیەک هاوڕێ یە: لەوانە رەشید ئیسماعیل. هاوڕێی ئێمە دوای دەست لەکارکێشانەوەی هاوڕێیان موئەیەدو یەنار، خۆی کاندید کرد بۆ مەکتەبی سیاسی، بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و تەنانەت هاوبەشی کۆبونەوەی یەکەمی مەکتەب سیاسی و مەکتەبی ناوەندی ڕێخستنی لەگەڵ کۆمیتەی بەغدا کرد. بەڵام پاش کەمتر لە ٢٤ سەعات نامەی دەست لەکارکیشانەوەی لەگەل هاوڕێیان موئەیەد و یەناردا دەنوسێت. بۆ ئەندامێکی مەکتەب سیاسی ئەمە جێگای پرسیارێکی گەورەیە. ئەگەر مەحفەل و نەریتی مەحفەلی نەبێت، وەڵامێکی دیکە دەست ناکەوێت. نەریت و فەرهەنگی مەحفەلی ڕیگا بە بیرکردنەوە نادات لە دەرەوەی چوارچیوەی بیرو هوشیاری مەحفەلدا نەبیت. هەر بۆیە ئەم هاوڕێیەمان، بڕیاری شەخسی خۆی کە خۆکاندیدکردن بوو بۆ مەکتەب سیاسی و دەستگرتن بوو بە حزبەوە، لە ٢٤سەعاتدا پێچەوانەوە کردوە.

هاوڕێیانی دیکە بەهەمان شێوە. سەرنج بدەن هاوڕێیانی هێجگار دێرینی بزووتنەوە و حزبەکەمان، تەنانەت یەک پرسیاریان لە ڕابەری  مەوجودی حزب نەکرد، ڕاستەوخۆ نامەی دەست لە کارکێشانەوەیان نوسی. بۆ کادرانێکی  ئاوەها دەتوانین ئەم کردارە ناوبنێن چی؟! جگە لە “مەحفەل”. مەحفەل نەریت و تێرمێکی موقەدەسی نێو بزوتنەوەکەیە و حزبی ئێمەش لێی بێ بەش نەبووە. ناکرێت پاش ٢٠-٢٥ساڵ ئەندام بوون نەک لە حزبدا بەڵکو لە نادی یەکدا هەرئاوا مالئاوایی بکەیت و لە دەرەوە و وەک هەموو کەس حزب و هاوڕێیانت ئاگادار بن کە دەستت لەکار کێشاوەتەوە. ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە، بۆ بوونی فەرهەنگ و نەریتێکی مەحفەلی بەهێز، کە بە ئاماژەی ڤایبەرو سناپچات و مەسنجەرێک، حزبەکەی لە ئامرازی شۆرشی کرێکاری یەوە دەکاتە حزبێکی تەسفەوی و سەرکوتگەر.  ئەمە جگە لە مەحفەلێکی خەوتووی خۆ مەلاسدەر ناوێکی دیکەی نیە. . با ئاماژە بەنمونەیەک بکەین لەم شێوازە لە کاری مەحفەلی کە لە ووتاری نادر عەبدولحەمید دا هاتوە، دەنوسێت:” بەمشێوەیە حزب لە دەرونی خۆیدا،  تەسفیەی دواین فراکسێونی ناڕاگەیەندراوی کرد. دوای ئەوەی کە پێشوتر لە ماوەی جیاجیادا، تەسفیەی کادرو کۆمەڵە ڕەخنەگرەکانی کرد. کە ڕەخنەیان بوو لە ڕەوت و خەتی سیاسی زاڵ بەسەر حزب و یان ڕەخنەگر لە شێوازی ڕابەری و ئیدارەی حزب. ( لە پەراوێزی کۆبونەوەی فراوانی ٣٣دا/٢١.٥.٢٠١٨). ئەمە دانپیانێکی ڕۆشن و حاشاهەڵنەگرە، لە مێسودی مەحفەلی هاوڕی موئەیەد.

بە جیا لە هەموو ئەوانە: هاوڕی موئەیەد دەبوایە گوێ ڕایەڵی داوای هاوڕێیانی بوایە لە کۆمیتە مەرکەزی و مەکتەب سیاسی و کەمێک مۆلەتی بدایە پێیان. لەمبارەوە سەیرێکی داوای خۆی و هاوڕێیانی بکردایە لە هاوڕێ ڕیبوار کاتیک کە کە ئیستقالەکەی پێشکەش کرد. خواستی موئەیەدو هاوڕییانی مەکتەب سیاسی و کۆمیتە مەرکەزی ئەوەبوو، کە هاوڕێ ڕێبوار عەلەنی کردنەوەی ئیستقالەکەی دوابخات. تەقریبەن یەک ساڵ دوایخست. بەڵام هاوڕی موئەیەد تەنانەت بۆ یەک ڕۆژ خۆی پێ نەگیرا. بەجیا لەوە، ئەوەتەی ئەم بزوتنەوەیە شکلی گرتوە ئەحزابی ئەم بزووتنەوەیە لە ئیران و عیراق و کوردستان هەمیشە لە سەرهەلدانی کێشە لە حزبیکدا دەخالەتیان کردوە. ئەمجارە چی بوو کە مەجالیان بەمەش نەدا؟!. ئەگەر بێ ئیعتمادی بە باسو پێوانەو ئیدعاکانی خۆیان نەبێت چی دیکە هەیە؟!

بەکورتی و بەکۆنکریتی: حزب ماڵی هەموو کۆمۆنیستەکانە، ماڵی هەمووان بووە، وە هەیە. ڕیگاکانی پەیڕەوی ناوخۆ و ڕیگای دیکەی سیاسی هەبوون کە هاوڕێیان کارێکی مەحفەلی لەم چەشنەیان نەکردایە. ئەوان دەیان توانی نەڕۆن و بمێننەوە و شکاتی خۆیان بگەیاندایەتە کۆنگرەی داهاتوو، یان تەنانەت کۆنگرەیەکی فەوری، یان لیژنەیەکی بێ لایەن….. . لەوەش زیاتر لەسەر داوای چەند لایەنی کۆمۆنیستی کرێکاری و چەندین کەسایەتی و هاوڕیی کۆمۆنیستی نێو حزب و دەرەوەی حزب، مەکتەب سیاسی داوای لە هاوڕییان کردوە کە ئەگەر بگەڕێنەوە نێو حزب، ئەوە کۆنگرەیەکی فەوری دەبەستێت بۆ چارەسەرکردنی هەرکێشەو کۆسپێک کە هەیە. وە لەمبارەوە بەنامەی تایبەت ئەم پێشنیارەیان بەدەست گەیشتوە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق، پێویستە رێچکەی خۆی بشکێنێت، هەنگاو بەهەنگاو خەریکی بەهێزکردنی  بزووتنەوەی چینایەتی کرێکار بێت. ڕێگایەکی دیکە نیە، جگە لە بەهێزکردنی ئەم بزووتنەوەیە و حزبە چینایەتیەکەی. ٢٧.٥.٢٠١٨

Leave A Reply

Your email address will not be published.