لەشفرۆشى بەرهەمى سیستەمى چەوسێنەرە عبدالرحمن رسول

0

لەشفرۆشى لەسەدەکانى کۆیلایەتى و دواتر قۆناغەکانى دەرەبەگایەتى لەناو کۆمەڵگەکانى مرۆڤایەتییدا هەبووە لەئەنجامى هەبوونى سیستەمێکى بێ ڕەحمى چەوسێنەردا لەکاتێکدا نابەرابەرى وهەژارى وچەوسانەوە وئازارو ئەشکەنجەى مرۆڤەکان بەپێى یاساکانى سیستەمى حکومڕانى ڕێگاى پێدراوە لەژێر ئەوسیستەمە چەوسێنەرەدا ژنان گیرۆدەى چەند جۆرێک لە چەوساندنەوە بوون لەلایەک  بەدەست سیستەمى حکومڕانی کە وەکو مرۆڤ سەیریان نەدەکرا و بەپلە دوو دادەندران، لەهەمان کاتدا لەلایەن پیاوانیشەوە وێڕاى کارکردنى زۆرەملێ پێیان لەهەمان کاتدا ئازارو ئەشکەنجەو بەزۆریش بەشو دەدران، کچانى منداڵ بەزۆر هاوسەرگیریان پێدەکرا. بەچەند ژنە دەبوونە موڵکى پیاوێک یان لەبازاڕەکاندا هەر وەکو کاڵاکان دەکڕدران ودەفرۆشران بەم جۆرە چەوسانەوەو ئازاردانى ژنان بەپێى یاسا جێبەجێ دەکراو سەرجەم ئایینەکانیش لەڕێگەى بیروباوەڕو نوسراوەکانیانەوە نەک بێ دەنگ بوون لەئاست چەوسانەوەى ژنان، بەڵکو ڕێنمایى وئامۆژگارى زیاتریان بڵاودەکردەوە بۆملکەچ کردن وچەوسانەوەو کۆیلەکردنى ژنان. چەندین ژنیان بۆ پیاوێک حەڵاڵ دەکرد. هەربۆیەش زۆرترین لەپیاوانى بەرپرسى ئایینى لەقۆناغە جیاجیاکانى مێژوودا چەندین ژنیان هەبووە هەروەها چەندەها خزمەتکارى ژن وجاری یەیان هەبووە کە هەروەک ژنى خۆیان جنسییان لەگەڵ کردوون، بەڵام بێ بەشیان کردوون لەمافى هاوسەرێتى.

لەشفرۆشى بەچەند جۆر هەبووە لەوانە ژنان وکچانى جوان بەزۆر بەبێ ویستى خۆیان هەندێ جار بەبێ ویستى باوک وبراش هاوسەرگیریان لەگەڵ سەرۆک خێڵ وعەشیرەت و بەگ وئاغاکان پێ دەکرا. ئەمەش بەشێکە لەبازرگانیکردن بەئافرەتەوە ئەژماردەکرێت لەبەرئەوەى بەپارە دەفرۆشران بەبەگ وئاغاکان. یان فرۆشتنى کچ بۆهاوسەرگیرى کەزۆرجار بەبێ خواست وئارەزوویی کچەکە بووە بەزۆر بەشوویانداوە.

لەسەردەمى سەرمایەداریشدا بەهۆی بەردەوام بوونى سیستەمى چەوسانەوەو نابەرابەرى وگەشەدان بە بازاڕى ئازاد ژنان گیرۆدەى چەوسانەوەو ئازاردانن، لەژێر یاساکانى زاڵمانەى سەرمایەدارىدا مرۆڤەکان هەروەک کاڵاکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. هەربۆیە کۆکردنەوەى زۆرترین پارەو سامان لەدەست کەمینەدا یە کەپارێزەرى یاساکانى سیستەمى سەرمایەدارین و وەکو یاسایەکى زاڵمانە جێبەجێ دەکرێت، بەهۆى هەبوونى ناداد پەروەرى ونەبوونى عەدالەتەوە لەدابەشکردنى سامان وداهاتى گشتى زۆرى کۆمەڵگە، بەمەش زۆرینەى مرۆڤەکانى کۆمەڵگە هەنگاو بەهەنگاو بەرەو زیاتر هەژارى ونەدارى وبێکارى و ئاوارەیی مل دەنێن کاتێکیش هیچ ڕێگرێک نەبێت لەچەوسانەوەو نابەرابەرى وهەژارى، یاساکانى دەسەڵات وبیروباوەڕى کۆنەپەرستانەى ئایینەکان ڕێگەخۆشکەربێت بۆزیاتر گەشەدان بەهەژارى وبێکارى ونەدارى، لەئەنجامدا مرۆڤەکان بێبەهاو بێ نرخ دەبن، مرۆڤەکان وەکو کاڵاکان لەژێرناوى جیاوازدا بەپێى شەرعى ئایینەکان ویاساکانى زاڵمانەى سەرمایەدارى دەچەوسێنەوەو کرێن و فرۆشتنیان پێدەکرێت. لەزۆر شوێن وکۆمەڵگەدا مرۆڤەکان لەبەر هەژارى بەشێک لەجەستەیان دەفرۆشن وەکو گورچیلەو بەشەکانى تری لەش، لەشفرۆشیش بەهەمان شێوەیە.

لەناو ئایینى ئیسلامدا ڕێگەى بەهەبوونى میسیارى داوە، ھاوسەرگیری میسیار، وەک ھاوسەرگیرییەکی ئاسایی، بە شایەتی کەسی بووک و کەسی زاوا و مارەکردنێک لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلام بنیاد دەنرێت. ئەوەی جیای دەکاتەوە، پیاو و ژنەکە لە زۆرێک لەمافەکانی خۆیان خۆش دەبن، لەوانە پێکەوە ژیان و خەرجیکردن و زۆر بابەتی دی، واتە ھەریەکەیان لەماڵی باوکی خۆی دەبێ، کەی ویستیان یەک ببینن بۆ پێوەندی سۆزداری یان بۆ ھەر ھۆیەکی دی، ھەرجارە لە ماڵی یەکێکیان کۆ دەبنەوە بۆ ئەنجامدانی سێكس کردن. هەروەها پیاو دەتوانێت لەکاتى سەفەردا بۆ وڵاتێک هاوسەرگیرى کاتى بکات بۆماوەى سێ ڕۆژ یان هەفتەیە و یاخود زیاتر تەنها مەرج ئەوەیە مەلایەک مارەیی ببڕێت وخەرجى مەسرەفى ڕۆژانە لەئەستۆى پیاودایە. ئەمە چ جیاوازى هەیە لەگەڵ لەشفرۆشى؟! هیچ جیاوازێکى نىیە تەنها ئەوەندە نەبێت مەلا مارەى دەکات وبڕێک پارە وەردەگرێت. هەردووبەش بازرگانى کردنە بەجەستەى ئافرەتەوە. ئەمەش پێچەوانەیە بەبەهاو مافە مرۆڤایەتىیەکان لەبەرئەوەى هەروەک کارڵ مارکس گوتویەتى (مرۆڤ گرینگترین سەرمایەیە) ناکرێت کڕین وفرۆشتن بەئەندامانى جەستەیەوە بکرێت یاخود ناچار بکرێت بەزۆرەملێ بۆفرۆشتنى جەستەى. مرۆڤەکان بەوەوە جوانن کەناچارى بە چەوسانەوە وئەشکەنجە و ئازار و کۆیلایەتى ولەشفرۆشى و سوکایەتى نەکرێن لەبەرامبەردا گەشە بەئازادى وڕیفاهیەت وخۆشگوزەرانیان بدرێت بەبێ جیاوازى ڕەنگ ونەتەوە وئایین وبیروباوەڕ وفکرو فەلسەفە وکەلتورو فەرهەنگى جیاواز ئەمە مانیڤێستى مرۆڤایەتییە.

لەپاش ٢٧ ساڵ لە سیستەمى دەسەڵاتى  کوردى و حیزبایەتى لە باشورى کوردستاندا لەناو فەرمانگەی بیناى قایمقامیەتى قەزاى ناوەندى هەولێر گرتە ڤیدۆییەک تۆمار دەکرێت لە کۆتایى مانگى ٢ى ٢٠١٨پاشان ڤیدۆیەکە بڵاودەکرێتەوە کەڕاستەوخۆ پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤە وسوکایەتیکردنە بەمرۆڤەکان و ئازاردان وئەشکەنجەدانێکى بەهێزى دەروونییە بۆ ژنان ومناڵان وگەنجان کە لەو گرتە ڤیدۆیەدا نیشان دەدرێن. بێ لێکۆڵینەوەو لە ڤیدۆییەکەدا تاوانبار دەکرێن بەلەشفرۆشى. یەکێک بەتوڕەیى پرسیاریان لێ دەکات دەڵێت خۆتان بناسێنن ناوت چییەو خەڵکی کوێی؟ پاشان لەپیاوەکان دەپرسێت بۆچی هاتوویت و چەندت پارە داوە؟! لەژێرفشارو هەرەشەدا، بەترسى زۆرەوە وەڵام دەدەنەوە.

پێویستە ئەوە بزانین ئەوچەند کەسە بەژن و پیاوەکانەوە ژیانیان لەمەترسى دایە پاراستنى گیانى هەموویان لەئەستۆی پۆلیس وئاسایشى باشوورى کوردستاندایە، ئەم کۆمەڵە قوربانیە ژیانیان لە مەترسیدایە، هەموو سەرنج و ئاماژەکان بۆئەوە دەچن ئەوکەسەی ڤیدیۆکەی گرتووە سەر بە فەرمانگەى ئاسایش یاخود پۆلیس  بێت. بەهیچ شێوەیەک ناکرێت ئەم ڕووداوە بەئاسایی سەیربکرێت، پێویستە سەرجەم ئەوانەى داکۆکى لەمافەکانى ژنان ومناڵان دەکەن بەهاناى ئەو ژن ومناڵانەوە بچن، ڕێکخراوەو ناوەندەکان وسەنتەرەکانى تایبەتمەند بەبەرگریکردن لەمافەکانى ژنان وسەرجەم مرۆڤە ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکان بەهاناى ئەوکۆمەڵە ژن ومناڵانەوە بچن کە بەدڵنییایەوە ژیانى هەریەکەیان لەمەترسیدایە.

لەقۆناغى ئێستاى سەرمایەدارییدا بەهۆى زیادبوونى هەژارى وبێکارى و ناوشیاری لەشفرۆشی پەرەی سەندووە،  وە ئەم نیزامە دەستی دەیان باندی کردۆتەوە بۆ بازرگانی کردن بە جەستەی ژنانەوەو سکسی فرۆشی کراوەتە پیشە… یان خودی دام و دەزگان لەچەندین دەوڵەتى سەرمایەدارى دا لەشفرۆشى کراوەتە پیشەیەکى فەرمى و بەتاوان داناندرێت، بەڵام پێویستە وەک ئەرکێکى مرۆڤایەتى لەپێناوى نەهێشتنى چەوسانەوە دەبێت تێکۆشان بکەین بۆکۆتایی هێنانى لەشفرۆشى، بۆئەمەش پێویست دەکات سەرچاوەکان وهۆکارەکانى هەبوونى لەشفرۆشى بدۆزینەوە لەڕوانگەیەکى مرۆڤایەتییەوە چارەسەرى کێشەو هۆکارەکانى لەشفرۆشى بکرێت و کۆتایی بەلەشفرۆشى بهێندرێت، نەک لەژێر ناوى جیاوازەوە شەرعیەتى دینى ویاسایی پێبدرێتەوە، ئەبێت ئەوە بزانین هیچ لەشفرۆشێک تاوانبار نییە هەتا وەک تاوانبار مامەڵەى لەگەڵ بکرێت، بەڵکو سەرجەمیان قوربانى یاساکان وسیستەمى چەوسێنەرى سەرمایەدارى سەردەمە کە ژنان ناچار بەم کارە دەکات.

لەژێر سایەى سیستەمى کۆنەپەرستانەو چەوسێنەرانەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و دەوڵەتى ئیسلامی عێراقدا کۆمەڵگەى عێراق و کوردستان کراوەتە جەهەنەمێك  بۆ سەرجەم مرۆڤەکان، بەردەوام هاتنەکایەوەی شەڕو ئاوارەیى و گەشەى بێکارى وهەژارى و لەدەستدانى هاوسەرو باوک وبرا لەشەڕەکاندا یان خنکانیان لەدەریاکانى ڕێگاى کۆچى هەندەران و گرفتار بوون بەچەندین کێشەو قەیرانى ترى وەک بێ خانەو لانەیى و نەبوونى هەلى کارو نەبوونى بیمەى بێکارى وکۆمەڵایەتى ونەبونى بیمەى تەندروستى. بەکوردى و بەکورتى ئەم جۆرە سیستەمە دینى  وقەومىیە لە کوردستان و لەعێراق بۆتە بەڵایەک بەسەرشانى تەواوى خەڵکى عێراق و کوردستاندا کەبۆتە هۆکارێکى ئەساسی و بنەڕەتى بۆ ژنان وکچان کە بەئاسانى ببنە نێچیرى باندەکانى لەشفرۆشی. بڵاوکردنەوەى ئەوڤیدۆییە نموونەیەکى زۆر ئاشکراى ئەم دەسەڵات ملهوڕو حکومەتە چەوسێنەرە دەردەخات. هەبوونى لەشفرۆشى وسواڵکردن وهەژارى چەندەها دیاریدەو کێشەوقەیرانى تر کە بۆخەڵک سازکراوە دەرئەنجامى سیستەم ودەسەڵاتێکن کە ماوەى ٢٧ ساڵە تاڵانجێتى ودزى وگەندەڵى وفەسادى لەسەروەت وسامان و داهاتى زۆرى ژێر زەوى وسەرزەوى خەڵکى باشوورى کوردستان دەکەن، بەڵام ژیان وگوزەرانى خەڵک لەجەهەنەم ئاسا بەسەر دەبرێت. چەندین چیرۆکى دڵتەزێنى جۆراوجۆر ڕۆژانە دەبیستین لەتەلەفزیۆن وڕاگەیاندنەکان کە فڵان کەس لەفڵان شار وشارۆچکە لەبەر هەژارى وقەرزدارى خۆی هەڵواسى وخۆی کوشت، یاخود پێشمەرگە لەبەرنەبوونى وهەژارى خۆى کوشت. ئەم چیرۆکانە پێویستە لەشوێنێک کۆتایی پێ بێت، ئیتر با بەس بێت. کاتى ئەوە هاتووە کەخەڵک یەکگرتوانە دەنگى نا بۆ چەوسانەوە وکۆیلایەتى ونابەرابەرى بەرزبکاتەوە. ئەو کەسەى ئەوڤیدۆییەى گرتووەو بڵاوکردۆتەوە دەبێت داوابکرێت دادگایی بکرێت وبەسزایی یاسایی بگات. چارەنوسی پاراستنی سەلامەتی ژیانی ئەو ژنانە لەئەستۆی دەسەڵات وحکومەتى هەرێمى کوردستاندایە.

بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە ڤیدۆیانە کارێکی زۆر ناشیرینە، بەشێکە لەپێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەگەر بمانەوێت کار بۆنەهێشتنى یاخود کەمکردنەوەى دیاردەى لەشفرۆشى بکەین لەباشوورى کوردستان پێویستە کەڕاستگۆیانەو بێلایەنانە لێکۆڵینەوە لەهۆکاری هەبوونی لەشفرۆشی بکەین بۆمان دەردەکەوێت تاوانبار ئەوانە نین، بەڵکو هەموو ئەوانە تاوانبارن کە بەرگری لەوجۆرە سیستەمەی ئێستای عێراق وکوردستان دەکەن لەبەرئەوەی ئەوە سیستەمی ئێستای سیاسی دەسەڵاتداری کۆمەڵگەی عێراق وکوردستانە خەڵکی گیرۆدەی قەیران وکێشە وهەژاری وبێکاری وئاوارەیی کردووە، ئەو سیستەمە نابەرابەرو چەوسێنەرە کە سەرەڕای هەبوونی داهاتی زۆری نەوت وغازو پارە وبەرهەمی سەرزەوی وژێر زەوی عێراق وکوردستان، بەڵام بەردەوام گەندەڵی ودزی زیاد دەبێت، بە چەند مانگ جارێک موچە دەدرێت ونێوە موچە دەدرێت وخەڵک هەژار وبێکار دەکرێت. ئەگەر هەموومان دژی لەشفرۆشین پێویستە نەفرەت لەوجۆرە سیستەمە چەوسێنەرە بکەین نەک وێنەی  ئافرەتان بڵاوبکەینەوە وسوکایەتی بەوان و بە تەواوی مرۆڤایەتی بکەین. ئەوانە پێش ئەوەی هەر شتێک بن مرۆڤن، مرۆڤیش ئەبێت مرۆڤایەتی بوونی بپارێزرێت. ئەگەر پرسیاریان لێ بکەیت هەموویان بەبێ خواست وئارەزویی خۆیان، لەژێر ناچاری وهەژاری و زۆرە ملیدا تووشی ئەو کارەبوون کەواتە بۆڕزگاربوونى ژنان لە لەشفرۆشى  وڕزگاربوونى کۆمەڵگە لەکۆیلایەتى وهەژارى ونابەرابەرى ودزى وگەندەڵى پێویست دەکات جۆرى سیستەم و دەسەڵات بگۆڕین، بۆ ئەمەشیان خەبات و تێکۆشانى هاوبەش ویەکگرتوانەى خەڵکى باشوورى کوردستانى پێویستە بۆئەوەى گۆڕانکارى لەجۆرى سیستەم وجۆرى دەسەڵات بکرێت، لەداهاتوودا سیستەم ودەسەڵاتى شورایی خەڵک بێت، نەک دەسەڵاتى حیزب وخێڵ وعەشیرەت بێت. لەسیستەم ودەوڵەتى شورایی خەڵکدا ئازادی ومافەکان بەبێ جیاوازى بۆ هەمووان دابین دەکرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.