لەگۆشەیەکی ترەوە پرس وڕای هەفتانە ٩-٨-٢٠١٨

0

لەگۆشەیەکی ترەوە

پرس وڕای هەفتانە

٩-٨-٢٠١٨

موزەفەر عەبدوڵا

قازانجی جەنگ لە چیدایەو بۆ کێیە …؟!

لەمساڵدا بای ١٧ملیارو نیو چەکمان فرۆشتوە … پۆتین وادەڵیت.

لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٠ وە ،کە بە کۆتایهاتنی جەنگی ساردی نێوان بلۆکی ڕۆژئاوای سەرمایەداری بازاری ئازاد  بە ڕابەری ئەمریکاو، بلۆکی ڕۆژهەڵاتی سەرمایەداری دەوڵەتی بەڕابەری یەکێتی سۆڤیەتی بەناو سۆشیالیستی هەرەسهێناوە، تا ئێستا هەموو مێژووی سەدەکانی ڕابردوو بە قەد نزیک بەم سی ساڵە جەنگی کارەساتباری بەخۆیەوە نەدیووە. ئەو کوشت و کوشتار، ئاوارەیی، دەربەدەری، پەنابەری ،بیکاری ،هەژاری ، قاتوقڕی و دوژمنایەتییەی لە نیوان خەڵک کە دروستیان کردوەو ڕویانداوە لەهەموو میژویی رابردوی سەدەکانی تردا نەبووە. لە کاتێکدا هۆشیاری و زانست و زانیاری و لەهەمو بوارێکدا لەهیچ سەردەمیکدا وا پەرەسەندو نەبووە. هەر بۆیەش  لەم سی ساڵە هەواڵ و پرس و ڕاگورینەوەو هەڵوێستگرتن لەبارەی جەنگەوە بەشی نیوەی زیاتری هەمو دامودەزگای ڕاگەیاندنەکان و قسەوباسی سیاسەتمەداران و هەر مرۆڤێکی ئاسایی بووە وەکو پێویستی خواردنی رۆژانەی لێهاتوە.

بەڵام زیاتر بوونی کارەساتەکان لە رووی سیاسییەوە لەوەدایە کە بەشی هەرە زۆری مرۆڤەکان، تەنانەت ڕاڤەکارە سیاسییەکان و چاودێرانیش، پێیان وایە هۆکاری ئەم جەنگانە لەسەرو ئیرادەی مرۆڤەکان و حزب و دەسەڵات و ڕژێم و سیستەمە سیاسییەکەی دونیادایە. زۆر بە دەگمەن دەبینین و دەبیستین دەخوێنیەوە کە ئاماژە بەوە بدەن و جەختی لێبکەنەوە کە جەنگ درێژەی سیاسەتە بە شێوەی هەرە توندوتیژییەکەی. سیاسەتیش جگە لەسەرخانی ئابوری زیاتر هیچی تر نییە. ئەم ڕایە لەسەر جەنگ هەموو ڕاڤەکاران و سیاسەتمەداران و چاودێران لە من باشتر دەزانن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە دەگمەنیان لە ڕوانگەی ململانێی و بەرژوەندەی ئابوری و سیاسی و چینایەتییەوە هەم لە تێزو ڕایەکەو هەم لە جەنگەکان دەڕوانن.

بەڵام کاتێك جارجار قسەی هەندێك لە سەرۆکەکانی جیهانمان بەرگوێ دەکەوێت لەسەدا سەد  ڕاستی ئەو ڕاو تێزەمان بۆ دەسەلمێت کە بەڵێ هەموو جەنگەکان پێویستییەکی حەیاتی ئابوری سیستەمە چینایەتییەکانن لەوەی کۆمەڵگە دابەش بووە بەسەر چینە کۆمەڵایەتییەکان لە دەوری موڵکداری تایبەتی. وە ئەمەش  بۆتە هۆکارو سەرچاوەی سەرەکی هەڵگیرسانی جەنگ. سیستەمی ئابوری وسیاسی ئەم دوو سێ سەدەیەیەش کە سەرمایەو سەرمایەدارییە جەنگی کردۆتە پێویستییەکی هەمیشەیی بۆ بەدەستهینانی قازانجی سەرمایەو ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی.

جا ئەم قازانجەی سەرمایە لە زۆر بوارەوەیە. یەکێک لەو بوارانە قازانجە لە بواری فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی. ئەمە لە قسەکەی فلادمیر پۆتین بە ئاشکرا دیارە کە لە کؤبونەوەی لەگەڵ دەزگایەکی کاروباری جەنگ و پیشەسازی چەک کردویەتی و دەڵیت:

تەنها لەمساڵدا زیاتر لە ١٧ ملیار  دۆلار چەکمان فرۆشتوە.

جا خوێنەرانی ئازیز! کاتێک ئەم ڕێژە قازانجەت بەرچاو دەکەوێت کەمێک بیری لێبکەوە ئەمە تەنها ژمارەیەکی ڕووت نییە لە دەمی پۆتین وەک بایەک دەرپەڕی بێت، نەخێر! بەڵکو ئەم ژمارەیە مانای قوڵی ئابوری وسیاسی و..هتد هەیە. مانای کوشتار و کەم ئەندام بوون وێرانکاری هەیە، داروخانی بنەمای ئابوری و ئاوارەیی و کارەساتە جەرگبرەکانی دەرهاویشەی وێرانکاری و جەنگی هەیە…

ئەو روسیایە کە لە سەرەتای نەوەدەکاندا بەدوای شکستی بلۆکی شەرقدا، توانایی سەربازی لاوازو سنوردار کرابوو، ئەمریکا هەژموونی سیاسی و سەربازی خۆی داسەپاند بوو، بە تایبەتی لە  دەورانی یەلسن دا.  ئێستا روسیا هاتۆتەوە ناو گۆرەپانەکەو بۆتەوە ئەو زلهێزەی کە پۆتین و روسیا، دنیاو لەوانە ئەمریکاشی پێ دەترسێنن….

دیارە ئەم  ١٧ ملیار قازانجە دەچێتە سەر ئابوری روسیا کە ئابوری سەرمایەدارییە نەک فیودالی و کۆیلایەتی. ئینجا جا بیهێنینە پیش و چاو ئاخۆ خودی ئەمریکاو فەرەنساو بەریتانیاو ئەلمانیاو چین و زۆری تر چەند قازانجیان تەنها لەمساڵدا کردوە؟!!

پرسیارێکی سەرەکی تر ئەوەیە ئەم هەموو چەکە  بەسەر کێ و کەی ولە کوێدا بەکارهاتووە؟! بێگومان هەمووی  بەسەر ئێمەدا  لەم وڵاتانەی وەک عێراق و سویاو لیبیاو یەمەن و وڵاتانی تری گیرۆدە بە قەیران و ململانی و شەر لە کیشوەرەکانی تریش. وە لە داهاتوشدا جەنگی تر. تەنانەت جەنگێکی تری سەرتاپاگیری جیهانی لەبەردەم دەرگاماندایە ئەگەر دژی ئەم جەنگانەی ئێستا نەوەسینەوە.

با بیهێنینە بەرچاومان تەنها بەم حەڤدە ملیار دۆلارە چەک و تەقەمەنییە چەند کەس لەم وڵاتانە کوژراون و بریندارو پەککەوتە بوون و ئاوارەو برسی و بێکارو هەژار بوون .. هتد

بیهێنە بەرچاومان ئەگەر ئەم ١٧ ملیارە تەنها بۆ بواری تەندروستی بەکارهاتبا لە ڕوسیا خەڵک چەند سودمەند دەبوون. ڕەنگە بڵێن و بپرسن ئاخر روسیای پۆتین لە فرۆشتنی ئەم جەنگەو چەکانە قازانجی کردوە بۆ باش و باشترکردنی ژیانی خەڵکەکەی.؟!

گومانی تیا نییە ئەمە ڕای هەندێک لە نووسەرە نوکەرە بەئاگاکانی دەوری پۆتین و ترامپن کە بۆ قازانجی سیستەمەکەیان دەیکەن. یان نووسەرە گەمژەکانی خوارەی سیستەمەکەیانن کە بەرامبەر کرێی نوسینکەکانیان وەری دەگرن لەپای شێواندنی ڕاستیەکان و فریوکاریدا. خۆ ئەگەر ئەمە رای بەشێک  لە و خەڵکە ستەم لێکراوە بێت ئەوە ئاکامی ناهۆشیاری چینایەتی وگێژبوونیانە بە  بیروباوەری نیشتیمانچێتی و نەتەوەچیتی ئەو دیاردە سیاسییانە.

لە ڕاستیدا ئەگەر ئەو جەنگانەی بەناوی  پاراستنی خەڵکی ئەو وڵاتانەوە کراوە کە ڕژیمەکان و سەرۆکەکانیان بەرییان خستوون وا پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن وەک پۆتین و ترامپ و بلیرو ئوردەگان و گەورەو بچوکەکانیان ئەوە دەبوو ئێستا لەو وڵاتانە هەژاری و بێکاری و برسێتی و ئاوارەیی و بێخانەولایەنەیی و دەیان دیاردەی تری خراپ نەبوایە.

بەڵام دیارە ١٧ ملیارەکەی پۆتین لەشەڕەکاندا تەنها لە قازانجی سەرمایەو پاراستنی سیستەمە سەرمایەداری یەکەیدایە.

جمهوری ئیسلامی ئێران بە چی دەناسرێتەوە..؟!

لە چەند ڕۆژی ڕابردودا ڕوداوی تیرۆری قادر قادری، کە یەکێک لە سەرکردە سیاسی و سەربازییە دیارەکانی  حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو، لە ناوچەی بالیسان  بووە هەواڵێکی بەرچاوی میدیاکان و پرس و ڕای گشتی.

 بە پێی هەواڵەکان قادری  لەناو سەیارەکەیدا تەقەی لێکراوەولە ماشینەکەیدا بە کوژروای دۆزراوەتەوە. دژی ئەم تاوانەش وێرای ئیدانەکردنی یەکسەریش پەنجەی تاوان لەلایەن حزبی دیموکرات و رای گشتی ئازادیخوازییەوە بۆ ڕژێمی ئیسلامی ئێران درێژکراوەو گومانیش لەوەدانییە.

دیارە ئەمە نە یەکەم تاوانی ئیرهابە کە ئەم ڕژێمە ئەنجامی دەدات لە کوردستانی عێراق و زۆر شوێنی دونیا نە دوا تاوانیشە.

جا ئەم هەواڵی تاوانی ئیرهابە، هاوکاتە لەگەڵ هەواڵی بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتی لیستی ئیعدامی زیاتر لە ٥٠٠ کەس لەلایەن ئەو ڕژێمەوە لەمساڵدا. ئەمەش بووە مایەی سەرکۆنەکردن و ڕیسواکردنی ڕژێم لەلایەن ڕای ئازادیخوازی و پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە ئاستی دونیادا.

لەمبارەیەوە پێویستە لەوەڵام بە پرسیارەکەمان زیاتر ئەوە ڕوون بکەینەوە کە چۆن ئەم ڕژێمە بە ئیرهاب و ئیعدام دەناسرێتەو لە پاڵ دەیان شێوازی تری توندوتیژی و سەرکوتدا.

تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە بە دیاردەی ئیرهابەکەیەوە ئەوەیە وەک وتمان کە تیرۆری قادر قادری نەیەکەم تیرۆرەو نە دوا تیرۆریشە. بەڵکو لەماوەی ٢-٣ دەیەدا تەنها لەو حزبەی قادری چەندین سەرکردەی گەورەیان لێ تیرۆر کراوە. لەوانەو لەسەرو هەمویانەوە عبدالرحمانی قاسملو و دوو هاوڕێی تری بوون لە نەمسا لە کۆتایی هەشتاکان. پاشان شەرەفکەندی و زۆر ئەندام و کادری تریان. بە تایبەتی لە شارەکانی کوردستان عیراق و لە سایەی دەسەڵاتی میلیشایی هەردوو حزبی هاوپەیمانی حزبی دیموکرات. تاوانی هێرش و کوشتنی بە کۆمەڵیان لە نیوەی نەوەدەکان لە کۆیە بە یەکێکی تر لە تاوانە ئاشکراکانی ڕژێمی ئیسلامی دادەنرێت کە بە هێزێکی سەربازی زۆرەوە هاتبوونە سەر بنکەو بارەگاکانیان و زۆریان لێ کوشتن.

ئەمە جگە لە تیرۆری سەدان کەسی هەڵسوراوی سیاسی تری لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارو بێ چەکەکانی تری کوردستانی ئێران و لایەنەکانی تر. بە تایبەت لە ڕیزەکانی کۆمەڵەو حزبی کۆمۆنیست.

جا کاتێك لەم ڕووەوە لەم ڕژێمە بڕوانی بۆمان دەردەکەوێت کە چۆن ئیرهاب بۆتە تایبەتمەندی و ئامرازێکی کاراو کاریگەر بۆ کوشتن و ترساندنی نەیارەکانی و مانەوەی دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکەی. وە ئەم تایبەتمەندی و ئامرازە تەواوکەری هەموو تایبەتمەندی و ئامرازەکانی تری سەرکوتە بۆ مانەوەی نزیک بە ٤٠ ساڵ لە دەسەڵاتە خوێناوییەکەی.

تایبەتمەندییەکی تری ئەو ڕژێمە بریتییە لە ئیعدام- سیدارە- کە ئامرازو کۆڵەکەیەکی کاراو کاریگەری تری دەستی ئەم ڕژێمەیە بۆ لەناوبردنی فەرمی و ئاشکرای هەموو نەیارە گەورەو بچوکە سیاسییەکانی. هەڵبەت بەشی زۆری ئەوانەی کە ئیعدامیان دەکات تۆمەتی جۆراجۆریشیان بۆ هەڵدەبەستێت. تەنانەت ئەگەر ئەو کەسانە لە خوار تەمەنی ١٦ ساڵیشەوە بن ئەوە هەر ئیعدامی کردون جا بە ئاشکرا بێت یان تەمەنیانی بردبێتە سەرەوە بۆ ئەوەی زیاتر ڕیسوا نەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و وڵاتی ترو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە ڕێکخراوی لێبوردنی نێو دەوڵەتی و چاودێری مافی مرۆڤی ئەمریکی و لێژنەی پاراستنی مافی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان، تەنها لەمساڵدا وەک وتمان نزیک بە ٥٢٠ کەسی ئیعدام کردوە بە ئاشکرا. ئەمە جگە لەوەی سەدانی تری لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشتووە. بە پێی ڕاپۆرتەکان لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم چەند مانگەی پێشودا، کە تا ئێستاش بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە، زیاتر لە ٥ هەزار کەسی لە ژنان و پیاوان، کە زۆریان لاوانن دەسگیرو زیندانی کردووە. زۆربەیانی ئەشکەنجەی سەخت داون. تەنانەت لاقەیان کردون، بە تایبەتی لاقەی ژنان. وە لە نێویاندا خۆکوژیان کردوە چ لە زیندان چ دوای هاتنە دەرەوەیان. بێگومان ئەمەش خۆی لە خۆیدا بە گەورەترین تاوانی دژی مرۆڤایەتی دادەنرێت.

وە لەم ٥ هەزار کەسە سەدانیان لە ژێر ئەشکەنجە مردون و دەیانیش لە ڕیزی ئەو لیستی لەسێدارانەدان.

 ئەمە تەنها لیستی ئیعدامی ئەمساڵەو بەس. خۆ ئەگەر چاوێک بخشینێن بە لیستی نزیک بە چل ساڵی دەسەڵاتیدا ئەوە بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ  زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەسی ئیعدام کردوە. وە لەنێو ئەو ئیعدامانە ئیعدامی بە کۆمەڵی ژنان و پیاوانی کۆمۆنیست و چەپ لە تاران و شارەکانی تری ئێران و ناوچەکانی کوردستان، بە تایبەتی شاری سنە، لە نیوەی یەکەمی هەشتاکان کاتێک دەیویست دەسەڵاتی سەرکوتگەری جێگیر بکات لە دونیادا ئەو تاوانانە دەنگی دایەوە.

ئەم تایبەتمەندییەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوەو پێمان دەڵێت کە ئەم ڕژێمە هەر وەک هەموو ڕژێمە ئیسلامی و قەومییە فاشیەکانی تر کە بە زۆری لەم وڵاتانە فەرمانڕەوان ناتوانن یەک ڕۆژیش لە دەسەڵاتدا بن ئەگەر دەسهەڵگرن لە ئیرهاب و ئیعدام.

ئیرهاب و ئیعدام بۆیان لوتکەی سەرکوتگەری و هەر توندوتیژی یەکەو درێژکراوەی شێوازەو ئامرازەکانی تری بەرێوەبردن و سەپاندنی دەسەڵاتەکەیانە.

ئەوەش بڵێین کە ئەم دوو تایبەتمەندییە بۆتە ئەزمونێکی گەورە بۆ زۆرێک لە دەسەڵات و ڕژێمەکانی ناوچەکەو تاقمە ئیسلامییەکانی تر کە لەدەسەڵاتیشدا نەبن.

هەر بۆنمونە تیرۆریزمی ئیسلامی باڵی سوننەگەرا لە زۆر وڵات بەهۆی ئەم ڕژێمەوە زیاتر گەشەی کردو ئەزمون و کەڵکی زۆری لە شێوازی ئیرهاب و ئیعدامی ئەو وەرگرت.

ئەم تایبەتمەندی و ئامرازە درێژکراوەی سیستماتیکی چەوسانەوەی هەمەلایەنەی ئابوری و ئایدیۆلۆژی، سیاسی ،ئابوری ،کۆمەڵایەتی وفەرهەنگی لەسەر هەمو کۆمەڵگە، بە تایبەتی ژنان، کرێکاران ،لاوان ، وهەڵسوڕاوان و ڕابەرانی ناو جوڵانەوەکەیان و ناڕەزایەتییەکانیان.

زۆرن ئەو ڕابەرە کرێکاریانەی، بە تایبەتی چەپ و کومونیستەکان، کە بەردەوام پێیەکیان لە زینداندان، وتەنانەت زۆریان لە ژێر ئەشکەنجە مردون یان ئیعدام و ئیرهاب کراون لە شوێنی کارو ژیانیان.

هەروەها لەناو بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان تا ئێستا دەیان و سەدان لە هەڵسوراو و ڕابەرانیان دەسگیرو زیندانی و ئیغتیساب کراون. هەر ئەو تایبەتمەندیەی ئیرهاب و ئیعدامەش وایکردوە کە زۆریان ئێران بەجێ بێلن و لە وڵاتانی تر ببنە پەنابەر، بەڵام لەو وڵاتانەش ژیانیان لە مەترسی ئیرهابدان وەک قادر قادری.

هەڵبەت ئەم دوو تایبەتمەندییە لە پاڵ دەیان و سەدان دیاردەی تری وەک کاتی کارکردنی زۆرو موچەو کرێی کەم. یاخود چەند مانگ موچەو کرێ نەدان و دواخستنی موچەکان. ڕێژەی بەرزی بێکاری و هەژاری و نەداری و بێخانە ولانەیی و بێ خزمەتگوزاری و جیاوازی ڕەگەزی و دینی و تایەفی، بە تایبەتی جیاوازی کاری نێوان ژن و پیاو، کە بۆتە سیمایەکی تری ناسینەوەی ڕژێمی ئیسلامی دژە ژن …هتد.

بەڵام لەنێو هەموو ئەو دیاردانەدا، وەک ئاماژەمان پێدا، دیاردەو تایبەتمەندییەکەی لە ئیرهاب و ئیعدام، ئیتر ئەو دوانە بە لوتکەی سەرکوت و توندوتیژی دەسەڵاتە پڕ لە تاوانەکەی دادەنرێت. خۆ ئەگەر ئەم دوو دیاردەیە لە پاڵ دەیان دیاردەی تری نەبوایە ئەوا ئەو ڕژێمە ئیسلامییە یەک ڕۆژیش نەیدەتوانی لەسەر دەسەڵاتی سیاسی بمێنێتەوە. چونکە ئەم ڕژێمە کە نوێنەرایەتی باڵێکی گەورەی بۆرژوازی لە ئێران دەکات ئەوەندە کۆنەپەرست و دژی ئینسانی و دژی سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانی ئینسانە هەموو بوونی ناکۆکییە لەگەڵ کۆمەڵگەی پێشکەوتوو مۆدێرنی ئیران.

Leave A Reply

Your email address will not be published.