لەیادی ١٣٥ ساڵەی مەرگی مارکس دا…کەپیتاڵ و مانیفیست: لە تیۆری زانستییەوە تا تیۆری شۆڕشگیرانە!

0

کەپیتاڵ و مانیفیست: لە تیۆری زانستییەوە تا تیۆری شۆڕشگیرانە!
– دەرباری پیگەی هەردوو پەرتووکی کەپیتاڵ و مانیفیست لە یاداشتەکانی یونیسکۆدا –

نووسینی: مزەفەر عەبدوڵا

    ڕێکخراوی یونیسکۆ – نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەروەردەو فێرکردن و رۆشنبیریی- لە کۆنگرەی ساڵانەی خۆیدا لە کۆریای باشوور بریاریداوە کە هەردوو پەرتووکی کەپیتال و مانیفیستی حیزبی کۆمۆنیست کە کارل مارکس بە هاوکاریی فریدرک ئەنگلزی هاورێی لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزیەدەم نووسیویانە بکاتە ریزی ئەو نووسراوە کاریگەرانەی کە لە ماوەی سەدەی نۆزدە و بیست گەورەترین کاریگەریان بووە لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و بە دەسکەوتی گەورەی مرۆڤایەتی هەژمار دەکرین.

هەڵبەت یونیسکۆ لە بریارەکەیاندا ئاماژەیان بەوەشداوە کە بەهۆی ئەم دوو نووسراوەیەوە جوڵانەوەی گەورە لەو دوو سەدەیە بەڕێخراوە بەناوی جوڵانەوەی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی یەوە.

یونسیکۆ لە ساڵی ١٩٩٢وە دەستی داوەتە پاراستن و ریزبەندی کردن و دیجیتالکردنی ئەو نووسراو و داهینانە گەورانە کە بە درێژایی میژویی مرۆڤایەتی نووسراون و داهێنراون بە ناوی یاداشتەکانی جیهان دەیانپارێزی و دەیانناسینی و تا ئێستا ٢٩٩ پەرتووک و نووسراوی ریزبەند کردوە لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەیدا.

شایانی ئاماژە پێکردنە لەم ٢٩٩ نووسراوەیە تا ئێستا حەڤدەیان لە وڵاتی ئەڵمانیادا بووە. دیارە جگە لە کەپیتال و مانیفێست چەندینی تری وەک پزیشکی کۆنی ئەڵمانی سمعە لوشیری سالی ٧٩٥ زایینی و لەوحەی ئاسمانی نەبرا کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ٣٦٠٠ ساڵ لەمەوبەرو بەڵگەنامەی قوتابیان ساڵی ١٣٥٤ کە بە گرینگترین بەڵگەنامەی یاسایی و دەستوورییەکانی ئیمپراتۆری رۆمانی دادەنرێ و سەمفۆنیای نۆیی بتهۆڤن و …هتد.

دیارە تا ئەو جێگەیەی دەگەرێتەوە بە گرینگی کاپیتال و مانیفیستی مارکسەوە ئەوەیە کە ئەم دەزگایە سەرەرای ناوەرۆکە چینایەتییەکەی کە بەشێکە لە ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ناوەرۆکەکەی بۆ خودی پێکهنەران و ئەندامانی ریکخراوەکە بەدیار کەوتووە لە رووی سیاسییەوە کە چۆن بۆتە ئامرازیک بە دەستی زلهێزەکانی جیهانەوە بە تایبەتی کاربەدەستانی فەرمانرەوای ئەمریکاو هاوکات لەوە گرینگتر کپکردنی میدیایی و بانگەشەی ژەهراوی بۆرژوازی جیهانی و حیزب و رێکخراوەکانیان لە دژی ئەم دوو نووسراوەیەو سەرجەم نووسراوەکانی مارکس و بیروباوەری مارکسیزم و کۆمۆنیزم بە تایبەتی لەدوای روخانی بلۆکی رۆژهەڵاتی بەناوی سۆشیالیستی و کۆمۆنستی بە سەرکردەیی سۆڤیەتی پێشو، بەڵام لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا هەر نەیان توانیوە تایبەتمەندی و گرینگی ئەم دوو پەرتووکەو کاریگەریان لەرووی تیوری زانستی و تیوری شۆرشگێری لەسەر کۆمەلگەی مرۆڤایەتی بسڕنەوە.

نەک هەر ئەمە، بەڵکو زۆرجار تەنانەت لە دوای هەموو ئەو هێرشانەی کە لەم دوو دەیەیەدا کراوەتە سەر مارکس و مارکسیزم و کۆمۆنیزم و چینی کریکار، بەڵام دەبینین لە بۆتەی ئەم هێرشانەدا چەندین دەنگ بەرز بۆتەوە لەسەر گرینگی ئەم پەرتووکانەی مارکس قسەیان کردوە.

بۆ نمونە لە کۆتایی نەوەدەکان نووسەرێکی وەک فرانسیس وین کە خۆی مارکسیستیش نی یە لە بیوگرافییەکی لەبارەی ژیانی مارکسەوە دەڵێ: وا پیشبینی دەکرا کە دوای هەرەسی سۆڤیەت و ئەو ئاڵوگۆرە گەورە جیهانی یەوە ئیتر کەس قسە لەسەر مارکس نەکات، بەڵام بە پێچەوانەوە ئێستا دەبینین خاوەن پیشەسازە گەورەکان و سەرمایەدارەکان خۆیان دەڵێن مارکس لەسەر سەرمایەو قەیرانی سەرمایەداری راستی وتووە کە سەرمایەداری هەرگیز رزگاری نابێت لە قەیران و نارەزایەتی. هەروەها لە گەرمەی قەیرانی ئابوری جیهانی کە لە ئەیلولی ساڵی ٢٠٠٨ سەری هەڵدا لە ئەمریکاوە ئەوە سەرۆکی بانگی جیهانی بوو کە لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە بی بی سی بڵاو بۆوەو وتی کارل مارکس راستی وت کە سەرمایەداری هەرگیز لە قەیران ڕزگاری نابێت و هەر چەند دەیەیەک توشی دەبێت. بێگومان ئەم کەسایەتییانە لە روانگەی لایەنە زانستییەکەی نووسراوەکانی مارکسەوە بە تەنها تەماشا دەکەن و لایەنە شۆرشگیرانەکەی مارکس فەرامۆش دەکەن، لە کاتیکدا تایبەتمەندی و گرینگییەکی هەموو نووسراوەکانی مارکس و ئەنگلز لە رووە شۆرشگێرییەکەی دایە لە دژی سیستەمی مەوجودی سەرمایەداری و چەوسانەوەکانی.

هەڵبەت تا ئەو جێگەیەی دەگەرێتەوە بە گرینگی کەپیتال- سەرمایە -وە گەر چی مارکس ٣ بەشی دەرکرد و بەشی چوارەمی تەواو نەکرد، بەڵام خۆی لە ێیشەکی پەرتووکی سەرمایەدا دەڵی: مەبەستی کۆتایی لە پەرتووکی سەرمایە ئەوەیە کە یاسای ئابووری جووڵانەوەی کۆمەڵگەی نویێ سەرمایەداری کە چینی بۆرژوا بەرێوەی دەبات بە روونی دەردەخات.

لەم بارەیەوە دەکرێ بڵێین کە پەرتووکی سەرمایە دوو لایەنی هەیە ئەویش لایەنی تیوری زانستی و لایەنی تیوری شۆرشگیرانەیەتی بۆ ژێرەوژورکردنی سیستەمی سەرمایەداری بە شێوەی شۆرشگیرانە لەلایەن چینی کریکاری کرێگرتەوە کە سەرمایە پێک دینن و کەڵەکە دەکات لە ڕێگای بەدەست هینانی زیدەبایی هێزی کاری کریکارانەوە.

دیارە بە هەمان شێوەش تا ئەو جێگەیەی دەگەرێتەوە بە مانیفیستی – بەیان – حیزبی کۆمۆنیستەوە لەم بارەیەوە لینین دەڵی: ئەم پەرتووکە بە شێوەیەکی گەش و روون مانایەکی تازە لە جیهان بەدەستەوە دەدات. ماتریالیزمی لێکهەڵپێکراو، کە بواری ژیانی کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە، دیالەکتیک وەکو قوڵترین تیۆری گەشە و گۆران، تیۆری خەباتی چینایەتی و رۆڵی شۆرشگێرانەی میژوویی جیهانی پرۆلیتاریا وەک بەدیهینەری جیهانی نوێی کۆمۆنیستی نیشاندەدات.

بە هەق ئەم دوو پەرتووکەی مارکس سەرەرای هەموو پەرتووکەکانی تری وەک ئایدیۆلۆژی ئەڵمانی و خەباتی چینایەتی لە فەرەنسا و هەژدەی برۆمیر لویس بونابورد و کوێرەوەری فەلسەفە و دەیان نووسراوی تری هەموویان گەورەترین دەسکەوتن بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.

بەڵام دەبێت کۆمۆنسیتەکان و کرێکاران و هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز ئەوە هەرگیز لەبیر نەکەن، وەک بیرمەندو تیورزانە سیاسی و ئابوری و فکرییەکانی بۆرژوازی، کە گرینگی نوسراوەکانی مارکس و ئەنگلز لەهەردو رووە تیوری یە زانستی و تیوری یە شۆرشگیرانەکەیاندایە. وە هەر ئەم دوو لایەنییەیە کە وای کردوە ئەم پەرتووکانە وەک باشترین و زانستی ترین سەرچاوە لە زانکۆ و پەیمانگا جیهانییەکان نەخوێندرێ و نەوتریتەوە نەبادا بیرو کردەوەی شۆرشگێرانە لەو جێگایانەدا پەرە پێ بدات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.