پووچەڵکردنەوە و سەلماندنی بانگەشەیەک بەشی یەکەم: دوو قوتبی کرێکار – هاووڵاتی… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

لە ساڵانی دواییدا، بینەری شەپۆلێکی بێپێشینەی گەڕانەوە بووین لەناو چەپدا بەرەو ئەو گریمانە و تێڕوانینانەی کە پێشتر وا بیردەکرایەوە بۆ هەمیشە لە مێژوودا باویان نەماوە و ئاوابوون. بەڵام واقیع دەریخست کە ئەم جۆرە گریمانە و عەقڵیەتە تایبەتانە، سەرەڕای ئەوەی هێندە بچووک و بێ‌بایەخن کە نەتوانن لە داڕشتنی بیرکردنەوەی هیچ سەردەمێک و لە شێوەپێدانی ڕووداو و گۆڕانکارییە ڕاستەقینەکاندا لە ڕووی تیۆری و پراکتیکەوە بۆ هیچ نەوەیەک ڕۆڵێکی ئەوتۆیان هەبێت، کەچی لە پەناوپەسێرەکاندا خۆیان مەڵاس داوە و ناوبەناو، بەپێی پێویستی و بە هۆکاری تایبەتی مێژوویی و سیاسی، فڕێ دەدرێنە ناوەڕاستی مەیدانەکەوە.

​ هەر لەم چەند ساڵەی دواییدا، لەگەڵ ئەم گەڕانەوەیەی چەپ بەرەو جیهانی  سەیروسەمەرە و ئەم گۆڕانکاری و تەقەڵ لێدانە بەڕواڵەت ئایدیۆلۆژییانەدا، هەر جارەی چەمک و بابەتێک لە دۆکترینی کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕووبەڕووی پێداچوونەوە دەبنەوە. زۆرجار پرسی “کرێکار” و پێگەی کرێکار، ئەو بابەتە بووە کە بۆتە ئامانجی ئەم چەکوچکارییە ئایدیۆلۆژییە. لێرەدا زیاتر تیشک دەخەینە سەر ئەم بابەتە تا ئەگەر بۆیەکجاریش بێت، پڕۆژێکتۆرەکەمان بخەینە سەر ئەم دوایین پەناگە تاریکە ئایدیۆلۆژییەی هاوڕێیانی چەپ، و بزانین چ تێگەیشتنێک لە پشت ئەم لێکدانەوەیەیانەوە بۆ کرێکار، نووستووە.

لە کرێکارەوە بۆ هاووڵاتی

نوێترین ڤێرژنی ئەم گەڕانەوەیە و ئەم پەلەقاژە بەڕواڵەت تیۆرییە، پەیوەستە بە بەرنامەی “جیهانێکی باشتر” و پێگەی کرێکار و هاووڵاتییە لەم بەرنامەیەدا. ئێمە لەو پەناگەیەوە گوێمان لە نزایەک یان ڕاستر بڵێین لە بۆڵە و گازندەیەکە کە بۆ کرێکار و جێگە و پێگەی کرێکار لە سنگی خۆی دەدا؛  گوایە بەرنامەی “جیهانێکی باشتر” توخمێکی کۆمەڵایەتیی نوێی بە ناوی “هاووڵاتی” خستووەتە پێگەی فریادڕەس و ڕزگارکەری جیهانی ئەمڕۆ. ئەمە گریمانەی هاوڕێیەکی چەپی ئێمەیە سەبارەت بە پێگەی کرێکار؛ گریمانەیەک کە پێی وایە بەرنامەی “جیهانێکی باشتر” کرێکاری لە پێگەی ڕزگارکەری جیهان داماڵیوە و بوونەوەرێکی دیکەی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ڕۆڵە کاندید کردووە، کە ئەویش “هاووڵاتی”ـیە. هەر ئەوەندە و بەس.

پاشان، ڕاستەوخۆ پەنا دەبەنە بەر لێکدانەوەکانی مارکس و ئەنگڵس بۆ پێگەی کرێکار لە گۆڕینی جیهان و لە ململانێی چینایەتیدا بۆ پاساودانی ئەم گریمانەیەیان. کۆمەڵێک وەرگێڕان و تێگەیشتنی پەرتەوازەیان لە مارکس و ئەنگڵس، بە تێگەیشتنێکی تەواو مێکانیکییەوە خستووەتە ڕوو، کە بە زەحمەت مرۆڤ دەتوانێت سەر و بنیان پێکەوە گرێ بدات. ئەم دووجەمسەرییەی “کرێکار-هاووڵاتی”، دروستکراوێکی سەیروسەمەرەی دنیای زەینی هاوڕێیانی چەپە و هیچ پەیوەندییەکی بەو دیدگە و تێڕوانینەوە نییە کە زاڵە بەسەر بەرنامەی “جیهانێکی باشتر” و ڕۆح و ناوەڕۆکەکەیدا.

 

​سۆشیالیزمی کرێکاری و بەرنامەی جیهانێکی باشتر

 

​بەرنامەی “جیهانێکی باشتر”، لە گۆشەنیگای ڕەخنە و تێڕوانینێکی تایبەتی مارکسیستی و کرێکارییەوە، لە گۆشەنیگای بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی تایبەت، واتە لە گۆشەنیگای سۆشیالیزمی کرێکاریی ئەم سەردەمەوە نووسراوە. پوختەی تێڕوانینێکە کە کۆمۆنیزمی بۆ ناوەندی کۆمەڵایەتی و ڕاستەقینەی خۆی، واتە چینی کرێکاری کرێگرتەی جیهانی ئەمڕۆ، گەڕاندەوە. کۆمۆنیزم و تێڕوانینێک کە سۆشیالیزمی خەڵقی و جۆرە جیاوازەکانی کۆمۆنیزمی بۆرژوایی سەردەمەکەی لە ئاستە جیاوازەکاندا ڕەخنە کرد. کۆمۆنیزمێک کە تەنانەت مارکس و تێڕوانینەکانی بۆ جیهان، بۆ مێژوو، بۆ گۆڕانکاری، و بۆ ڕۆڵی مرۆڤ، بۆ شۆڕش لە ژێر داروپەردووی تێڕوانینی بزووتنەوەکانی دیکە و کۆمۆنیزمی چینەکانی دیکە دەرهێنا. کرێکار و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی کرێکار، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی دژە سەرمایەداری و کۆیلایەتیی کاری کرێگرتەی ئەو چینەی گەڕاندەوە بۆ ناوەندی ململانێ لەپێناو ڕزگاری، و بۆ ناوەندی ململانێ فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ دروستکردنی جەمسەرێکی کۆمۆنیستیی کرێکاری کە بتوانێت هێز و چارەنووسی ئەم چینە کرێکارە کرێگرتەیە، بۆ ڕێکخستنی سەرکەوتنێکی سۆشیالیستی ئامادە بکات.

بۆ مارکس و حیکمەت، کرێکار سێکت و تاقمێک نییە کە مارکس و ئەنگڵس و حیکمەت گەڕابن و بەپێی تایبەتمەندییەکی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی مەدینەی فازیلەی خۆیانیان هەڵبژاردبێت، تا کەسێک بڕوات ئەو ئەرکە مێژوویی و فازیلەیە لەم بوونەوەرە بسەنێتەوە و بیدات بە بوونەوەرێکی دیکە کە ناوی هاووڵاتییە. ئەمە گۆڕینی کرێکارە بە سەکتێکی ئیدیئلۆژی. کرێکاری کرێگرتەی ئەمڕۆ سێکتێکی تر نییە لە پاڵ سەکت و فیرقەکانی تردا، بەڵکو هاووڵاتیی جیهانی ئەمڕۆیە بە پێگەیەکی تایبەتەوە لە پرۆسەی کار و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا، کە لەسەر جۆرێکی تایبەت دامەزراوە کە تێیدا دەچەوسێنرێتەوە، و هەر ئەم شێوازەش بنەمای ڕاستەقینەی ئازادنەی ژیانی مرۆڤی ئەمڕۆیە. ناڕەزایەتی و ڕەخنەی کرێکاری کرێگرتەش بەرامبەر بەم شێوازی چەوساندنەوەیەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، ڕزگاربوون لەم شێوازی چەوساندنەوەی کاری کرێگرتە دەبێتە ڕزگاریی ڕاستەقینەی سەردەمی ئێمە. ڕزگاری بەم مانایە مێژوویی و کۆمەڵایەتییە و ئەمەش پێگە ڕاستەقینەکەی کرێکاری کرێگرتەیە لە پرسی ڕزگاریدا. بەڵام هاووڵاتی لە ڕووی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە پێشکەوتن و دەستکەوتێکی مرۆڤە، و ناکرێت بە وەرچەرخانێکی سێکتی ئایدیۆلۆژیک، خەت بەسەر ئەم دەسکەوتانە لە ژیانی مرۆڤی ئەم گۆی زەویەدا لەم سەردەمەدا بکێشین.

لەوانەیە بۆ چەپێکی ناکۆمەڵایەتی و نامارکسیست کارێکی ئەوەندە سەخت نەبێت، بەڵام بۆ کۆمۆنیزمێکی کۆمەڵایەتی و ڕاستەقینەی کرێکاری، کۆمۆنیزمێکی مارکسی کە دەیەوێت لەسەر شانی دەستکەوتە فکری و فەرهەنگیەکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی گۆڕانکارییەکی قووڵی مرۆیی، ڕادیکاڵ و سۆشیالیستی بخوڵقێنێت، ئەمانە پێگە و گرنگیی تایبەتی خۆیان هەیە. بەرنامەی “جیهانێکی باشتر” بەڵگەنامەیەکی ناوخۆیی سێکتاریستیی چەپەکان نییە، بەڵکو بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کۆمۆنیزمی کرێکاریی سەردەمەکەی ئێمەیە بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.

ئەگەر هاوڕێیانی چەپ لەو هێڵە تێنەگەیشتوون کە مارکسیزم و چەمکی “کرێکار”ی لە بنەڕەتیترین ئاستی تێگەیشتن و شیکاریی فەلسەفیدا لەبارەی ژیان، مرۆڤ، کۆمەڵگا و گۆڕانی مێژووییەوە هێناوەتە ناو گفتوگۆی کۆمەڵایەتییەوە، ئەوا ئەمە پێش هەر شتێک، ئاستی توانای زەینیی ئەم هاوڕێیانە لە تێگەیشتن لەم لێکدانەوەیە و ئەو پەیوەندییە تایبەتەی کە لە نێوان ئەم چەمکانەدا دروستی دەکات، دەسەلمێنێت. ئەگەر بەڕاستی کەسێک ڕێزی بۆ ویژدانی زانستی، یان بگرە مارکسیستیی خۆی هەبووایە، لەبری کورتکردنەوە و داڕشتنی ئینشایی چەمکەکان، بابەتێکی تیۆری و تێگەیشتنیی پێشکەشی بەردەنگەکانی (بیسەرانی) دەکرد. دەچوو سەیرێکی دەکرد بزانێت پێگەی کرێکار لە ئەدەبیات و لێکدانەوەی ئەم هێڵەدا چییە؟ دەچوو سەیرێکی دەکرد بزانێت قسەی ئەم هێڵە سەبارەت بە پێگەی کۆمەڵایەتیی کۆمۆنیزم و پێگەی کرێکار لەم جۆرە کۆمۆنیزمەدا چییە؟ دەچوو سەیرێکی دەکرد بزانێت تێڕوانینی ئەم هێڵە بۆ مارکس و بۆ تێڕوانینەکانی مارکس چییە؟ سەبارەت بە دەوڵەت و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا چ لێکدانەوەیەکی پێشکەش کردووە؟ سەیرێکی دەکرد سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمۆنیزمە ناپرۆلیتارییەکان و ئەو گێڕانەوانەی بۆ جیهان هەیانە چی گوتووە؟ پاشان دەچوو ئەمانەی لەگەڵ ئەدەبیاتی کۆمۆنیزمەکانی دیکە و تێڕوانینەکانی دیکەدا بەراورد دەکرد و دەگەیشتە ئەنجامێک.

ئەگەرنا، هێنانی چەند حوکمێکی پەرتەوازە و هەڵبەستراو و پەلاماردانی هەمان ئەو شتەی کە ناسنامەی کۆمەڵایەتی و خاڵی بەهێزی ئەم هێڵەیە؛ واتە کرێکار، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی، و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی کرێکار بۆ گەیشتن بە ڕزگارییەکی ڕاستەقینەی سۆشیالیستی. ئەم کارە، ئەگەر تفکردن نەبێت لە مێژوو و لە ویژدانی کۆمۆنیستیی ئەم هاوڕێیانە، لانی کەم تفکردنە لە ڕاستییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی. بێگومان هەر کەسێک ئازادە بگاتە قەناعەتی دیکە و بەرگری لە قەناعەتە نوێیەکانی بکات، بەڵام بەرگریکردن لە قەناعەتە نوێیەکان بیانوو نییە بۆ شێواندن و ساختەکردنی مێژوو و ڕاستییە مێژووییەکان لە ململانێی سیاسی و فکریدایە. تەنانەت ئەگەر شتی واش بکەن، کەسانێک پەیدا دەبن کە گێڕانەوەکەیان بخەنەوە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی.

ئەم جۆرە مامەڵەیە، لەم هاوڕێیانەی چەپ دوورە. بۆ ئەو کەسانەی کە لەگەڵ شاخێک لەو ئەدەبیاتەی کە ئەم هێڵە پێشکەشی کرێکار، مرۆڤ و سۆشیالیزمی هاوچەرخی کردووە بەم شێوەیە بێباکانە و سەرپێییانە مامەڵە دەکەن، جارێ تەنیا دەبێت بگوترێت: حەیف! هەروەک گوتم، خوڵقاندنی ئەم دووجەمسەرییە (کرێکار لە بەرامبەر هاووڵاتی) بڕیارە ڕواڵەتێکی تیۆری بدات بە گۆڕانکارییەکی سیاسی و هەڵبژاردنێکی سیاسی وهەندێک قەناعەت کە ئەم چەپە هەمیشە هەیبووە و ئێستا لەم پاکەتەدا و لەم کۆنتێکستە سیاسییە دیاریکراوەدا، بەپێی هەندێک  نیازی شەخسی و تایبەت، دەبێت بهێنرێتە مەیدانەوە. بێگومان دووجەمسەریی دیکەش هەن کە ئەگەر دەرفەت هەبێت لە داهاتوودا دەپەرژێمە سەریان.

​بە کورتی بڵێم؛ من هەمیشە لەو بڕوایەدا بووم کە بەشێکی زۆری چەپ، نەک لەبەر تێگەیشتنیان لە کۆمۆنیزمی کرێکاری و تێگەیشتنیان لەو گۆشەنیگایەی کە ئەم هێڵە بۆ جیهان، مێژوو، مێژووی کۆمۆنیزمی باو، چین، ململانێی چینایەتی، و تەنانەت بۆ خودی ژیان و مرۆڤ هەیبوو؛ بەڵکو تەنها بەهۆی ڕیالیتە و واقیعی سیاسیی ئەو سەردەمەوە هاتنە ژێر ئاڵای کۆمۆنیزمی کرێکاری. سەردەمێک کە تێیدا هێرشی ڕاستڕەوی بۆ سەر چەپ و هەر جۆرە چەپگەراییەک، هیچ پەناگەیەکی ئایدیۆلۆژیی شیاوی بەرگریکردنی نەهێشتبووەوە. لە ژێر ئەم چەترەدا پەنایان گرت، تا ئەو کاتەی شەپۆلی هێرشی ڕاستڕەویی ئەو سەردەمە دابمرکێتەوە.

 

​کۆتایی بەشی یەکەم

Leave A Reply

Your email address will not be published.