مانای ڕاستەقینەی کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک… نووسینی: ئەمیر هەنبانی

0

دەرچوونی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە ئۆپێک لە ١ی ئایار (١١ی گوڵان)، تەنها بڕیارێکی نەوتی نییە. ئەم هەنگاوە، بەپێی شیکارییەک کە ئەمیر هەنبانی لە “فۆرین پۆڵەسی”دا نووسیویەتی، نیشانەیەکی ڕوونی گۆڕانکارییەکی گەورەترە لە جیۆپۆلیتیکی کەنداو؛ گۆڕانکارییەک کە لە شەڕی ئێران، ڕکابەریی پەرەسەندووی نێوان ئیمارات و عەرەبستانی سعوودی، و هاوئاهەنگی ستراتیژیی ئەبوزەبی لەگەڵ واشنتۆنەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئیمارات بەم بڕیارە، زیاتر لەوەی تەنها لە ڕێکخراوێک بچێتە دەرەوە، ڕایگەیاندووە کە ئۆپێک چیتر چوارچێوەیەکی گونجاو نییە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە. ئەبوزەبی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ملیارەها دۆلاری بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی وەبەرهێنان کردووە و ئێستا لە بارودۆخێکدا کە شەڕی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل بازاڕی وزەی جیهانی تووشی شڵەژانێکی مێژوویی کردووە، نایەوێت توانای زیادەی بەرهەمهێنانی خۆی لەژێر سەقفی پشکبەندی و بڕیاردانی بەکۆمەڵی ئۆپێکدا سنووردار بکات.

شەڕی ئێران، ئیماراتی زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا، خستووەتە پێگەی وڵاتێکی هێڵی پێشەوە. هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی ئیمارات، لەوانە فوجەیرە و جەبەل عەلی، گورزێکی جیدییان لە وێنای ئەمنیی ئەبوزەبی وەشاند. ئیمارات خۆی بە هاوپەیمانێکی ستراتیژیی ئەمریکا دەزانێت و لە ساڵی ٢٠٢٤دا لەلایەن واشنتۆنەوە وەک “هاوبەشی سەرەکیی بەرگری” ناسێنرا. بەڵام کاردانەوەی وڵاتانی تری ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو بۆ هێرشەکانی ئێران، لە ڕوانگەی بەرپرسانی ئیماراتییەوە، زۆر لاواز بوو. ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، لە لێواری ڕاگەیاندنی چوونە دەرەوە لە ئۆپێک، وەڵامی سیاسی و سەربازیی هاوبەشەکانی کەنداوی بە “لاوازترین وەڵامی مێژوویی” وەسف کرد.

هاوکات، شەڕی ئێران شۆکێکی گەورەی بە بازاڕی وزە گەیاندووە. بەپێی دراوە خراوەتەڕووەکان، کۆی بەرهەمهێنانی ئۆپێک لە مانگی ئازاردا بە ڕێژەی ٢٧٪ دابەزی و گەیشتە ٢٠.٧٩ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. کەمبوونەوەی خستنەڕوو لە ماوەی یەک مانگدا بە ٧.٨٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا خەمڵێنراوە؛ ژمارەیەک کە لە شۆکی نەوتیی ١٩٧٣ و شەڕی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١یش تێپەڕیوە. گەرووی هورمز کە لە بارودۆخی ئاساییدا ڕێڕەوی تێپەڕبوونی نزیکەی پێنج یەکی نەوتی خاو و گازی سروشتیی شلکراوەی جیهانە، ئێستا بووەتە گەروویەکی چالاک لە قەیرانەکەدا.

لە بارودۆخێکی وەهادا، توانای بەرهەمهێنانی زیادەی ئیمارات بەهایەکی جیۆپۆلیتیکی پەیدا کردووە. مانەوە لە ئۆپێک بە واتای قبوڵکردنی پشکەکان و بڕیاردانی بەکۆمەڵ بوو؛ میکانیزمێک کە بە باوەڕی ئەبوزەبی چیتر توانای ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتەی نییە. لەم گۆشەیەوە، دەرچوونی ئیمارات بڕیارێکی تەنها سیاسی یان سیمبولیک نییە، بەڵکو هەژمارێکی ئابووری و ستراتیژییە: بەرهەمهێنانی زیاتر، فرۆشتنی زیاتر، و گۆڕینی توانای نەوتی بۆ ئامرازێکی دەسەڵاتی سەربەخۆ.

بەڵام ڕەگی ناکۆکییەکە تەنها بە قەیرانی ئەمڕۆوە سنووردار نابێت. درز و شکافی نێوان ڕیاز و ئەبوزەبی ساڵانێکە لەسەر کۆنترۆڵکردنی بازاڕی نەوت خەریکە قووڵتر دەبێتەوە. لە کاتی دروستبوونی ئۆپێک پڵەس لە ساڵی ٢٠١٦، ئیمارات هەستی دەکرد پشکەکانی بەرهەمهێنانی لەگەڵ توانای ڕاستەقینە و پەرەسەندووی ئەم وڵاتەدا ناگونجێت. لە سەردەمی پەتای کۆرۆنا و شەڕی نرخی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٠، کە عەرەبستان کەمکردنەوەی قووڵی بەرهەمهێنانی پێشخست، ئەم ناکۆکییە توندتر بوو. ئەبوزەبی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی بە بارێکی نادادپەروەرانە دەزانی، چونکە خۆی هاوکات تێچوویەکی زۆری بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان کردبوو.

لە ساڵی ٢٠٢١یشدا، ئیمارات بە ئاشکرا دژی درێژکردنەوەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان وەستایەوە کە عەرەبستان پشتگیریی دەکرد، و لە کۆتاییدا تەنها بە زیادکردنی هێڵی بنەڕەتیی پشکی بەرهەمهێنان بۆ ٣.٦٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ناکۆکییەکە بە شێوەیەکی کاتی کۆنترۆڵ کرا. بەڵام ئەو ڕێککەوتنە ناکۆکییەکەی چارەسەر نەکرد، تەنها سەری داپۆشی.

ئێستا جیاوازیی دوو وڵاتەکە گۆڕاوە بۆ جیاوازیی نێوان دوو مۆدێلی ئابووری. عەرەبستانی سعوودی بۆ دابینکردنی بودجە و پێشخستنی پڕۆژەی “دیدگای ٢٠٣٠” پێویستی بەوەیە نرخی نەوتی برێنت نزیکەی ٨٠ دۆلار بێت بۆ هەر بەرمیلێک، بۆیە لە بەڕێوەبردنی خستنەڕوو و پاراستنی نرخە بەرزەکان سوودمەند دەبێت. ئیمارات، بەتایبەتی بە ڕۆڵی دوبەی وەک ناوەندێکی جیهانیی دارایی، لۆجستی و فڕۆکەوانی، ئابوورییەکی هەمەجۆرتری بنیات ناوە و کەمتر پشت بە نزمترین ئاستی بەرزی نرخ دەبەستێت. ئەوەی ئەبوزەبی لە نەوتی دەوێت، نەک مەرجە نرخێکی بەرزتر بێت، بەڵکو قەبارەی بەرهەمهێنانی زیاتر و گەڕانەوەی وەبەرهێنانە گەورەکانە لە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی (ئادنۆک).

خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە وەزیری وزەی ئیمارات پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەبوزەبی پێش ڕاگەیاندنی چوونە دەرەوە، تەنانەت ڕاوێژی بە ڕیازیش نەکردووە. ئەمە واتە عەرەبستان، وەک ڕێبەری نەریتیی ئۆپێک، بڕیاری یەکێک لە گرنگترین بەرهەمهێنەرانی ڕێکخراوەکەی لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانییەوە پێ گەیشتووە؛ ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە لە قووڵیی درزی پەیوەندییەکانی نێوان دوو هێزە سەرەکییەکەی کەنداو.

فاکتەری ئەمریکاش لەم بڕیارەدا یەکلاکەرەوەیە. ئیمارات لە ساڵانی ڕابردوودا بە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم، پەرەپێدانی هاوکارییە ئەمنییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و نزیکبوونەوە لە واشنتۆن، هەوڵی داوە پێگەی خۆی وەک هاوپەیمانێکی پێویستی ئەمریکا لە کەنداو جێگیر بکات. ئێستا ئەم ستراتیژە لە تاقیکردنەوەدایە. لە ڕۆژانی پێش ڕاگەیاندنی دەرچوونی ئیمارات لە ئۆپێک، سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، بە ئاشکرا پشتگیریی لە دروستکردنی هێڵێکی ئاڵوگۆڕی نائاسایی دۆلار بۆ ئەبوزەبی کرد. دۆناڵد ترەمپیش کە لە ساڵانی ڕابردووەوە ئۆپێکی بە کارتێلێکی سوودمەند لە پاراستنی سەربازیی ئەمریکا دەزانی، عەمەلیەن پۆشەری سیاسیی پێویستی بۆ دەرچوونی ئیمارات فەراهەم کرد.

هاوئاهەنگیی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن و ئەبوزەبی لێرەدا ئاشکرایە: ئیمارات دەیەوێت ئازادانەتر نەوت بەرهەم بهێنێت، دەوڵەتی ترەمپیش خوازیاری زیادکردنی خستنەڕووی نەوتە لە بازاڕە جیهانییەکان و دابەزینی نرخەکانە. ئەم هاوئاهەنگییە، ڕێکەوت نییە، بەڵکو ئەنجامی پرۆسەیەکی چەند ساڵەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیە.

لە هەمان کاتدا، ئەبوزەبی کارتی چینیش بە وریایییەوە بەکاردەهێنێت. سەردانی ئەم دواییەی خالید بن محەمەد ئال نەیان، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی بۆ پەکین، لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێککەوتنی ئابووریدا بوو و بەرپرسانی ئیماراتی تەنانەت ئەگەری نرخاندنی بەشێک لە مامەڵە نەوتییەکانیان بە “یوانی چینی” خستووەتە ڕوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕێبازە وەرچەرخان بەرەو چین نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی زیاتر لە واشنتۆن. سندوقەکانی سامانی نیشتمانیی ئیمارات هێشتا بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە دارایییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا دەبەستن و پەیامەکانی پەکین زیاتر بیرهێنانەوەیەکە بۆ واشنتۆن کە نابێت هاوبەشیی ئەبوزەبی بە مسۆگەر و هەمیشەیی بزانێت.

لێکەوتەی ئەم چوونە دەرەوەیە بۆ ئۆپێک قورسە. ئیمارات پێش شەڕ، سێیەم گەورە بەرهەمهێنەری ئۆپێک بوو و نزیکەی ١٢٪ی خستنەڕووی ئەم ڕێکخراوەی لەبەردەستدا بوو. پێش ئەوەش، ئەنگۆلا لە ساڵی ٢٠٢٤ و قەتەر لە ساڵی ٢٠١٩ لە ئۆپێک چووبوونە دەرەوە. هەر دەرچوونێک بە ڕواڵەت هۆکاری تایبەتی خۆی هەبوو، بەڵام پێکەوە، وێنەیەک لە لاوازبوونی تدریجیی ئۆپێک لە ناوەوە نیشان دەدەن. عەرەبستان هێشتا پێکهاتەی دامەزراوەیی و ئیرادەی سیاسیی پێویستی بۆ ڕێبەرایەتیکردنی ئۆپێک هەیە، بەڵام ئەم ڕێکخراوە ئێستا بچووکتر، لاوازتر و لە بەرامبەر شۆکەکانی خستنەڕوودا ناسکتر بووە.

 

شەڕی ئێرانیش لە جیاتی یەکخستنی وڵاتانی کەنداو، درزە کۆنەکانی قووڵتر کردووەتەوە. عومان هێشتا جەخت لەسەر دیپلۆماسی دەکاتەوە. قەتەر کە خاوەنی کێڵگەیەکی گەورەی گازی هاوبەشە لەگەڵ ئێران، جەخت لەسەر پێکەوەژیان و پاراستنی ڕێڕەوەکانی پەیوەندی لەگەڵ تاران دەکاتەوە. عەرەبستان، سەرەڕای بەرگەی هێرشەکانی ئێران، ئارەزووی خۆی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان نیشان داوە، چونکە شەڕ دەتوانێت هەڕەشە لە بەرنامەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی بکات. بەڵام ئیمارات هەڵوێستێکی توندتری گرتووەتە بەر و داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، کردنەوەی بێ مەرجی گەرووی هورمز و پاشەکشەی بەرفراوانی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکەدا دەکات.

لەو ڕوانگەیەوە، دەرچوونی ئیمارات لە ئۆپێک تەنها بڕیارێک نییە دەربارەی نەوت؛ بەڵکو ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی سەردەمێکە. ئەبوزەبی دەڵێت چیتر نایەوێت لە چوارچێوەی کارتێلێکدا کار بکات کە بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ڕیاز، یان لەگەڵ ئەندامانی تری ئۆپێکدا بە یەکسان بزانێت. ئەم وڵاتە خۆی وەک یاریزانێکی سەربەخۆ دەبینێت کە دەوێت لە وزە، ئاسایش و پەیوەندییە جیهانییەکاندا لەسەر بنەمای هەژمارکردنی ڕاستەوخۆی بەرژەوەندییەکانی خۆی بڕیار بدات.

بڕیاری ئیمارات نیشانی دەدات کە نەزم و ڕێکخستنی کۆنی کەنداو، ئەو نەزمەی کە لەسەر دامەزراوە هاوبەشەکان، ڕێبەرایەتیی عەرەبستان و وێناکردنی بەرژەوەندیی یەکگرتوو لە نێوان پاشایەتییە عەرەبییەکاندا بونیاد نرابوو، چیتر وەک ڕابردوو کار ناکات. بازاڕی نەوت هێشتا مەیدانی سەرەکیی ئەم درز و جیاوازییەیە، بەڵام چیرۆکەکە لە نەوت تێپەڕیوە: ڕکابەریی ئابووری، شەڕی ئێران، پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و چین، و داهاتووی ئاسایشی کەنداو هەموویان لەم بڕیارەدا کۆبوونەتەوە.

 

سەرچاوە: فۆرین پۆڵەسی، ئەمیر هەنبانی

https://foreignpolicy.com/2026/05/01/uae-opec-exit-meaning-oil-middle-east/

 

لە ئینگلیزییەوە کراوەتە کوردی لەلایەن توانا محەمەد نوری
٣/٥/٢٠٢٦

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.