ترسەکانی ئیسلامی سیاسی واقیعین!…نووسینی: ئیبراهیم حسێن
شەپۆلێک لە ڕق و کینە و فەتوای ڕەش هەرێمی کوردستانی عێراقی گرتووەتەوە. بۆ هەر کوێیەک دەچیت، گوێ لە هەر مینبەرێک دەگریت، بۆنی ئەم ڕقوکینە ڕەشە بە لووتدا دێت. بیانووی ئەم ڕقوکینە ڕەشەش، مەرگی (فاروق ڕەفیق)ـە.
هەر مەلا و بانگخوازێکی ئیسلامیی ڕیشدار و ڕەنگ زەرد دەمی دەکاتەوە، لەسەر زەروورەتی ئیمانیی ئەم ڕقوکینە ڕەشە وتار دەدات. لۆمەی موسڵمانە دڵنەرم و سادەکان دەکەن کە بۆچی بۆ مەرگی ئەم کافرە موتڵەقە ناڕژێنە مەیدانی شارەکانەوە و تەکبیر ناکەن (ئەڵڵاهوئەكبەر ناڵێن)؛ بۆچی دەروودیوارەکانی وڵات بە دروشم و لافیتەی دڵخۆشی بۆ مەرگی ئەم کافرە موتڵەقە پڕ ناکەنەوە؟ مەلاکان گلەیی ئەوە دەکەن کە بۆچی لەناو کۆمەڵگادا پێیان دەوترێت: “چیتان لێ هاتووە کە بۆ مەرگی مرۆڤێک کاردانەوەیەکی هێندە نەخۆشانە نیشان دەدەن؟” وەڵامە ڕاشکاوەکەیان ئەوەیە: بۆچی وا نەکەین؟ مەگەر کافرێک نەمردوە؟ مەگەر مولحیدێک و عەلمانییەک شەڕی کەم نەبووەتەوە؟
لە ڕیزەکانی چەپدا دەڵێن ئەمە گوناهێکی گەورەیە، دڵخۆشبوون بە مەرگی مرۆڤ و جاڕدانی ئەم دڵخۆشییە، لەخۆیدا تاوانێکی گەورەیە. لیبڕاڵەکانیش باس لەوە دەکەن کە گوایە فاروق مولحید نەبووە و باوەڕی بە فرەیی کولتووری و عەقیدەیی هەبووە. ناسیۆنالیستە کوردەکانیش لەوە سەرگەردانتر، سەرکزتر، کۆنەپەرستتر و گوێڕایەڵترن کە چاوەڕوانی هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی (تەنانەت نیوەناچڵیشیان) لێ بکرێت بۆ بەرگریکردن لە بەها مەدەنی و مرۆییەکان لە بەرامبەر ئەم شەپۆلە ڕەشەی سووکایەتی و ڕقوکینەی مەلاکان و ئەم بزووتنەوە و ئایدۆلۆژیا پیسەی ئایینی سیاسی و ئیسلامی سیاسیدا.
بەڵام ئەم کاردانەوەیە، پێش ئەوەی نیشاندەری هێزی ڕەخنەکانی فاروق ڕەفیق بێت، بەڵگەی ترس و تۆقینی ئەم بزووتنەوە ئیدیئۆلۆژیە سیاسیە دینیە و ئیسلامی سیاسییە لە واقیعە سێکولارەکانی ژیانی مرۆڤی ئەمڕۆ؛ ئەو واقیعانەی کە هەموو ڕۆژێک ئەم بزووتنەوە و ئایدۆلۆژیا فاشیستییە بە شێوەیەکی ڕاشکاوتر و یەکلاکەرەوەتر لەگەڵ خواست و عەشقی مرۆڤی ئەمڕۆ بۆ ژیانێکی ئازاد و شارستانیانەدا تووشی پێکدادان دەکات. ئیتر ئەمە ئیمان و باوەڕی خەڵکێکی سادە دڵ نیە. بزوتنەوە و ئیدئلۆژیەکی ترسناک و تاوانکارە. ئەمەی ئەمڕۆ لە سلێمانی بە مردنی فارۆقدا هەڵدەشاخێ، هەمان تۆڕی هێزی لۆمپێن و سەرسەری حەشدی شعبیە، هەمان حماس و حیزبوڵڵا و سوپای پاسداران و چەقۆکێشانی بەسیجە، هەمان بەیتی ڕابەری و داعش و قاعیدە و نوسرەن. جیاوازیەکە تەنیا هەلومەرجی سیاسی و جوغرافیایە.
بۆیە بە هەموو حوکمێکی ژیانی مرۆڤی ئەم سەردەمە، ڕزگاربوون لەم بزووتنەوە و ئایدۆلۆژیا پیسە، کەیسێکی ڕاستەقینەی مرۆڤی ئەمڕۆیە. ئەوەی کە فاروق ڕەفیق چی نووسی و چ باوەڕێکی هەبوو، یان تەنانەت قسەوپڕوپووچە ئیسلامییەکان و مەلا مشەخۆرەکان دەربارەی ئەو و دەربارەی ئیلحادەکەی تا چەند ڕاستن، با لە جێی خۆی بێت، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە لەسەر شتی زۆر کەمتر لە ئیلحاد ڕۆژانە تاوان دەکات. لەسەر دەرکەوتنی تاڵەموویەکی ژنێک، تاوانی ئەخلاقی و جەستەیی ئەنجام دەدات، لەسەر شیعر و ئاواز و گۆرانییەک کە تامی خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکانی تێدابێت دەمی کەف دەکات و پەلامار دەدات. کۆڵان و شەقامەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەستی بەسیج، پاسدار، موسڵمان و مەلای دەمارگیری دژە-ژن و دژە-شارستانیەت تەنراون. ئەم بزووتنەوەیە کوشتنی (عەبدولخالق مەعرووف)، (فەرەج فۆدە)، (نەجیب مەحفووز) و (شاپوور عبدالقادر و قابیل عادل)، هەروەها جیهادی نیكاح و کەنیزەککردنی هەزاران ژن و منداڵی لە مێژووی خۆیدا هەیە.
ئەم بزووتنەوە و ئایدۆلۆژیایە، بزووتنەوە و ئایدۆلۆژیای نەفرەتکردنە لە ژیان، نەفرەتکردنە لە خۆشەویستیی مرۆڤەکان بۆ یەکتر. بزووتنەوە و ئایدۆلۆژیای نەفرەتکردنە لە خودی بەهای گیان و کەرامەتی مرۆڤ، و بزووتنەوەی لەعنەتکردنە لە خەبات و ئارەزووی مرۆڤ بۆ ئازادی. بۆیە دەبێت بە هێزی ڕەخنە، بە هێزی زانست و ئەو شارستانیەتەی کە مرۆڤایەتی پێی گەیشتووە، و لە هەمووی گرنگتر؛ بە هێزی خەباتی ئازادیخوازانەی سۆشیالیستیی چینی کرێکار و مرۆڤایەتیی شارستانیی جیهانی ئەمڕۆ، هەڵبووەشێنرێتەوە و ئیتر ڕێگەی پێنەدرێت ژیان و شعووری مرۆڤی ئەمڕۆ پیس بکات.
هەر هەنگاوێک بەرەو ڕزگارییەکی مرۆیی و شارستانیانەی مرۆڤ لەم گۆشەیەی جیهاندا، کە تێیدا ئەرکی پاسەوانیکردن لە ئابووریی کۆیلایەتیی کرێگرتە پشتبەستوو بە کاری هەرزان بەم بزووتنەوە و ئایدۆلۆژیا تاوانکارە سپێردراوە، بەندە بە سەرکەوتنێکی سیاسیی سێکولار و سۆشیالیستیی کرێکارییەوە.
تا ئەو کاتەی ئەم بزووتنەوەیە بەم جۆرە بێجڵەو بێت و بتوانێت کەرامەت و مرۆڤبوونی ئەم خەڵکە سەرکوت بکات و قەدەغەی بکات (وەک شتێکی قاچاخ مامەڵەی لەگەڵ بکات)، هیچ هیوایەک بە هیچ ئاسایش و ئارامییەک و بە هیچ ڕزگارییەک سەرهەڵنادات.
ئەمە ئەرکێکی هەنووکەیی و لە گرنگترین ئەرکەکانی هەر سۆشیالیست و ئازادیخوازێکە کە بیەوێت خزمەتێک بە ڕزگاریی مرۆڤی ئەمڕۆ بکات.