جەنگەکان چۆن کۆتایییان دێت؟ جەنگ بەردەوامیی سیاسەتە و سیاسەت بەردەوامیی جەنگ، گۆڕینی دەستکەوتی مەیدانی بۆ ئاشتییەکی سیاسیی بەردەوام…نووسینی: شاهین کارخانە
مێژوو پێمان دەڵێت کە سەرکەوتنی سەربازی لە مەیدانی جەنگدا، لوزوومەن بە واتای سەرکەوتنی سیاسی نییە. نەزانینی کاتی گونجاو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، دەتوانێت تیژترین شمشێرەکانیش لە کۆتاییدا بەرەو ڕووی خاوەنەکەی بگەڕێنێتەوە.
بە ڕاپۆرتی “ئابووری نیوز”، کارل فۆن کلاوزویتس، بیرمەندی سەربازی، جەنگ بە “بەردەوامیی سیاسەت بە ئامرازی تر” پێناسە دەکات. لەسەر بنەمای ئەم لۆژیکە، ئامانجی کۆتایی هەر جەنگێک تەنیا لەناوبردنی جەستەیی دوژمن نییە، بەڵکو سەپاندنی ئیرادەی سیاسییە بەسەریدا و گەیشتنە بە بارودۆخێکی ئاشتیی بەردەوامتر و باشتر لەوەی پێش دەستپێکردنی جەنگ هەبووە.
بەڵام وا دیارە لە دوو سەدەی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی قووڵ لە پێکهاتە، سروشت و شێوازی کۆتاییهاتنی جەنگەکاندا ڕوویداوە. ئەم گۆڕانکارییە لە مۆدێلی کلاسیکی ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ڕێکخراو و کۆتاییهاتنی جەنگ بە پەیماننامەی فەرمی و تەسلیمبوونی ڕەها، بەرەو جەنگی ناهاوسەنگ، جەنگی فرسایشی (پەکخەر)، ململانێی بەوەکالەت، کۆتاییە ناڕوونەکان، ئاگربەستی کاتی و کشانەوەی پڕ لە زیان گۆڕاوە.
جەنگی جیهانیی یەکەم و سزادانی ئەڵمانییەکان
لەگەڵ چوونە ناو سەدەی بیستەم و دەستپێکردنی سەردەمی جەنگە جیهانییەکان، ئامێری کوشتاری مرۆیی ڕەهەندێکی بێپێشینەی بەخۆوە بینی. جەنگی جیهانیی یەکەم وەک وەرچەرخانێک لە مێژووی سەربازیدا، هێمایەک بوو بۆ لەناوبردنی تەواوی سەرچاوە مرۆیی و ئابوورییەکان. ئەم جەنگە کە بە ستراتیژیی سەنگەرگرتن و شەڕە بێسوودەکانی تۆپخانە گرێ درابوو، لە کۆتاییدا نەک بە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە لە مەیداندا، بەڵکو بە هەرەسهێنانی ناوخۆیی هێزە ناوەندییەکان و داوای ئاگربەست لەلایەن ئەڵمانیاوە لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨دا وەستا.
بەڵام وەستاندنی شەڕی چەکداری، بە واتای کۆتایی ڕاستەقینەی جەنگ نەبوو. پەیماننامەی ڤێرسای لە ساڵی ١٩١٩، نەک ڕێککەوتنێکی ئاشتی لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هێز، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی سزادانی سەپێنراو بوو. بڕگەی ٢٣١ی ئەم پەیماننامەیە کە بە “بڕگەی تاوانباری جەنگ” ناسراوە، لەگەڵ قەرەبووی دارایی زەبەلاح و بێچەککردنی سووکایەتیپێکەرانە، کینەیەکی قووڵی لە دڵی نەتەوە شکستخواردووەکاندا چاند. سیاسەتمەدارانی وەک “ژرژ کلمانسۆ” لە فەرەنسا، بە سووربوون لەسەر لاوازکردنی ڕەهای ئەڵمانیا، لە کردەوەدا تۆوی جەنگێکی زۆر وێرانکەرتریان بۆ دەیەکانی دواتر چاند. لە ڕاستیدا، کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم نموونەیەکی کلاسیکی “ئاشتییەکی وێرانکەر” بوو کە تەنیا توانی وەک ئاگربەستێکی بیست ساڵە کار بکات و نەیتوانی پێکهاتەیەکی ئەمنیی بەردەوام لە ئەوروپادا زامن بکات.
وانەوەرگرتن لە جەنگی جیهانیی یەکەم
بە وانەوەرگرتن لە شکستە دیپلۆماسییەکانی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، شێوازی هاوپەیمانان لە جەنگی جیهانیی دووەمدا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی بەسەردا هات. لە کۆنفرانسی کازابلانکا لە ساڵی ١٩٤٣، فڕانکلین ڕۆزڤێڵت و وینستۆن چەرچڵ دکتۆرینی “تەسلیمبوونی بێ مەرج” یان وەک تاکە ڕێگەی کۆتاییهاتنی جەنگ لەگەڵ هێزەکانی تەوەر ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە ستراتیژییە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەفسانەی “خەنجەر لە پشت” لە ئەڵمانیا و دڵنیابوون لە لەناوبردنی تەواوی پێکهاتە ئایدۆلۆژی و میلیتاریستییەکانی فاشیزم و نازیزم درا.
کۆتایی ئەم جەنگە، چ لە بەرەی ئەوروپا بە گرتنی بست بە بستی خاکی ئەڵمانیا و داگیرکردنی بەرلین لەلایەن سوپای سوورەوە، چ لە بەرەی زەریای هێمن بە بۆردومانی ئەتۆمی هیرۆشیما و ناکازاکی، نیشاندەری توندترین شێوازی کۆتاییهاتنی جەنگە لە مێژووی هاوچەرخدا. لەم مۆدێلەدا، ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان بە تەواوی ڕەگکێش کران، ماشێنی سەربازییان تێکشکێنرا و هاوپەیمانان لە ڕێگەی داگیرکاریی سەربازیی درێژخایەن، دادگای نورنبێرگ، پرۆژەی مارشاڵ لە ئەوروپا و بازسازیی ژاپۆن، پێکهاتەی سیاسی، ئابووری و تەنانەت کولتووریی وڵاتە شکستخواردووەکانیان لە نوێوە دروست کردەوە.
ئەم مۆدێلە، کۆتایی ڕەهای جەنگێکی کلاسیک بوو، بەڵام هاوکات دەسپێکی سەردەمێکی نوێ بوو کە تێیدا چەکی ئەتۆمی، ئەگەری ڕوودانی جەنگێکی تری هەمەلایەنەی لەگەڵ مەترسیی لەناوچوونی هەردوولا ڕووبەڕوو کردەوە. هەر ئەم سێبەرە قورسەی چەکی ئەتۆمی بوو کە لە سەردەمی جەنگی سارددا، مۆدێلەکانی کۆتاییهاتنی جەنگی بە تەواوی گۆڕی.
جەنگە ساردەکان و جەنگی وەکالەت
لە دەیەکانی دواتردا، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی زلهێزەکان جێگەی خۆی دا بە جەنگی وەکالەت لە جیهانی سێیەمدا. جەنگی کۆریا (١٩٥٠-١٩٥٣) یەکەم و دیارترین نموونەی ئەم گۆڕانکارییە بوو. دوای هاتنی سوپای چین بۆ ناو شەڕەکە لە بەرژەوەندی کۆریای باکوور، ململانێکان بوونە بنبەستێکی خوێناوی. لە کۆتاییدا، ئەم جەنگە نەک بە پەیماننامەی ئاشتی، بەڵکو تەنیا بە ڕێککەوتننامەیەک بۆ وەستاندنی شەڕ (ئاگربەست) کۆتایی هات. دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک و بەردەوامیی دۆخی جەنگی لە ڕووی یاساییەوە تا ئەمڕۆ، جەنگی کۆریای کردووە بە هێمای “قەیرانە بەستووەکان”؛ دۆخێک کە تێیدا هەردوولا بەبێ گەیشتن بە سەرکەوتنی ڕەهای سەربازی، تەنیا بەهۆی تێچووی تاقەتپڕوکێنی بەردەوامیی جەنگ، بە وەستاندنی ڕازی دەبن.
لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا، جەنگی ڤێتنام (١٩٥٥-١٩٧٥) ئاڵۆزیی نوێی لە پرۆسەی کۆتاییهاتنی جەنگەکاندا نیشان دا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرەڕای باڵادەستیی تەکنەلۆژی و سەربازی، خۆی لە زۆنگاوی جەنگێکی چەکداری و ناهاوسەنگدا بینییەوە. هێزەکانی ڤێتکۆنگ و سوپای ڤێتنامی باکوور بە پشتبەستن بە ستراتیژیی فرسایشی، ئیرادەی سیاسیی کۆمەڵگەی ئەمریکایان کردە ئامانج. بە زیادبوونی کوژراوان، گوشارە ناوخۆییەکان لە ئەمریکا گەیشتە لووتکە. هێنری کیسینجەر هەوڵی دا لە ڕێگەی ڕێککەوتنامەی ئاشتیی پاریس لە ساڵی ١٩٧٣، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەبێ داننان بە شکستدا ڕێک بخات. بەڵام دوای دوو ساڵ، سایگۆن کەوت و جەنگەکە بە سەرکەوتنی هێزە ناوخۆییەکان و یەکگرتنەوەی ڤێتنام کۆتایی هات. ڤێتنام سەلماندی کە لە سەردەمی نوێدا، تەنیا هێزی چەک زامنی سەرکەوتن نییە و جەنگەکان ئەو کاتە کۆتایی دێن کە ئیرادەی سیاسیی لایەنێک بۆ بەرگەیگرتنی تێچووەکان هەڵوەشێتەوە.
جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، درێژترین شەڕی کلاسیکی سەدەی بیستەم واتە جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨)، مۆدێلێکی تری لە فرسایشی و بنبەستی نیشان دا. ئەم ململانێیە کە بە هێرشی سەدام حوسێن دەستی پێکرد، دوای بەرگریی جەماوەری و گرتنەوەی خورەمشار لەلایەن ئێرانەوە، بوو بە جەنگێکی سەنگەریی وێرانکەر هاوشێوەی جەنگی جیهانیی یەکەم، لەگەڵ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن عێراق و جەنگی نەوتهەڵگرەکان لە کەنداو.
هیچ کام لە دوو لایەنەکە توانای وەشاندنی گورزی کۆتایی و یەکلاکەرەوەیان نەبوو. لە کۆتاییدا، دوای هەشت ساڵ وێرانکاری و زیانی گەورەی مرۆیی، قبوڵکردنی بڕیارنامەی ٥٩٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن هەردوو وڵاتەوە، وەک ڕێگەیەکی یاسایی-نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی جەنگ کاری کرد. جەنگەکە بەبێ گۆڕانی سنوورە جوگرافییەکان و بە گەڕانەوە بۆ گرێبەستی ١٩٧٥ی جەزائیر وەستا، تا نیشانی بدات لە نەبوونی باڵادەستیی ستراتیژیدا، دەستێوەردانی نێودەوڵەتی و گەیشتنی هەردوولا بە خاڵی قبوڵکردنی وەستاندنی شەڕ، تەنیا ڕێگەی دەرچوونە.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، مۆدێلی جیاواز بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ هاتنە ئاراوە. جەنگی یەکەمی کەنداو (١٩٩٠-١٩٩١) هێمای جەنگە هاوپەیمانییەکان بوو. ئۆپەراسیۆنی “گەردەلولی بیابان” سوپای عێراقی لە کووەیت وەدەرنا. بەڵام بڕیاری جۆرج بوشی باوک بۆ نەرۆیشتن بەرەو بەغدا و نەڕووخاندنی سەدام حوسێن لەو کاتەدا، بڕیارێکی ستراتیژی بوو بۆ پاراستنی هاوسەنگیی ناوچەکە، هەرچەندە دواتر بووە هۆی قەیرانی تر.
کۆمەڵکوژیی موسڵمانان و دەستێوەردانی ناتۆ
دوای چەند ساڵێک، جەنگی بۆسنە (١٩٩٢-١٩٩٥) لە دڵی ئەوروپادا، پێویستیی دەستێوەردانی سەربازی بۆ سەپاندنی ئاشتی نیشان دا. دوای بێدەنگییەکی درێژخایەنی جیهان لە ئاست پاکتاوی ڕەگەزی و کارەساتی سێبرێنیتسا، هێرشە ئاسمانییەکانی ناتۆ دژی سڕبەکان وای کرد لایەنەکان بچنە سەر مێزی گفتوگۆ لە ئەمریکا. ڕێککەوتنامەی دەیتۆن نەک هەر جەنگی کۆتایی پێ هێنا، بەڵکو پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی دابەشکردنی دەسەڵاتی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند؛ پێکهاتەیەک کە هەرچەندە خوێنڕشتنی وەستاند، بەڵام بۆسنەی تووشی ئیفلیجییەکی سیاسی کرد.
جەنگ بۆ گۆڕینی ڕژێم
ئاڵۆزترین مۆدێلەکانی کۆتاییهاتنی جەنگ لە سەردەمی نوێدا دەگەڕێتەوە بۆ جەنگەکانی ئەفغانستان و عێراق. جەنگگەلێک کە بە ئامانجی “گۆڕینی ڕژێم” و “دروستکردنی دەوڵەت” دەستیان پێکرد، بەڵام لە زۆنگاوی جەنگی ناهاوسەنگ و تیرۆردا نوقم بوون. لە عێراق (٢٠٠٣-٢٠١١)، ڕووخانی دەوڵەتی سەدام تەنیا چەند هەفتەیەکی خایاند، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی سوپا و پارتی بەعس بووە هۆی سەرهەڵدانی یاخیبوونێکی خوێناوی و درێژخایەن.
لە ئەفغانستان (٢٠٠١-٢٠٢١) دۆخەکە کارەساتبارتر بوو. ئەمریکا دوای بیست ساڵ داگیرکاری و خەرجکردنی تریلیۆنان دۆلار، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ناتوانێت شکست بە ئایدۆلۆژیا و ستراتیژیی “سەبر”ی تالیبان بهێنێت. ڕێککەوتنی دەوحە لە ساڵی ٢٠٢٠، تەنیا ڕێککەوتنێک بوو بۆ کشانەوەی سەلامەتی هێزەکانی ئەمریکا. ئەمەش بووە هۆی هەرەسهێنانی سوپای ئەفغانستان لە چەند ڕۆژێکدا و جەنگەکە بە گەڕانەوەی تالیبان بۆ سەر دەسەڵات و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر کۆتایی هات.
پێوەندیی جەنگ و سیاسەت؛ کەی دەبێت جەنگ تەواو بکرێت؟
مێژووی جەنگەکان پرسیارێکمان لا دروست دەکات: بۆچی ڕێبەرە سیاسی و سەربازییەکان، تەنانەت کاتێک لە مەیدانی جەنگدا بەهێزن، ناتوانن کۆتایی بە جەنگ بهێنن؟ ئەم دیاردەیە لە زانستی ئابووریدا بە “هەڵەی تێچووە بەفیڕۆچووەکان” ناسراوە؛ واتە ئەو تێڕوانینە هەڵەیەی کە دەڵێت تێچووە خوێناوییەکانی ڕابردوو تەنیا بە سەرکەوتنی ڕەها و سەد لە سەد قەرەبوو دەبنەوە. مێژوو پڕە لەو نموونانەی کە تێیدا ڕەتکردنەوەی ئاشتییەکی کاتی، بووەتە هۆی هەرەسهێنانی تەواوەتیی ئیمپراتۆرییەتێک یان نەتەوەیەک.
هەڵەی ئەتینا
نموونەیەکی تاڵ، جەنگی “پێلۆپۆنز”ە لە نێوان ئەتینا و ئیسپارتە. لە ساڵی ٤٢٥ پێش زایین، ئەتینا لە لووتکەی هێزدا بوو و ئیسپارتە داوای ئاشتییەکی زۆر باشی لێ کرد. ئەگەر ئەتینا قبوڵی بکردایە، دەسەڵاتی خۆی بەسەر یۆناندا جێگیر دەکرد. بەڵام توندڕەوەکانی ئەتینا بە داواکاریی نامۆ و سووکایەتیپێکەرانە ئەو دەرفەتەیان لەدەست دا. ئەنجامەکەش ئەوە بوو کە جەنگ بەردەوام بوو و دوای چەند ساڵێک، ئەتینا بە تەواوی شکا و ناچار بوو تەسلیمی ڕەها بێت و دیوارەکانی شارەکەی بڕوخێنێت.
لووتبەرزیی ناپلیۆن
ناپلیۆن پۆناپارتیش لە سەدەی نۆزدەهەمدا کەوتە هەمان تەڵەوە. دوای شکستی لە ڕووسیا، هێشتا هێزە ئەوروپییەکان پێشنیاری “فرانکفورت”یان پێشکەش کرد کە تێیدا ناپلیۆن وەک ئیمپراتۆر دەمایەوە و سنوورەکانی فەرەنساش گەورە دەمانەوە. بەڵام ناپلیۆن ویستی کاتی زیاتر بکوژێت بۆ چانە لێدان، ئەمەش وای کرد هاوپەیمانان لە لاوازیی ئەو دڵنیا بن و جەنگەکەیان بەردەوام کرد تا گرتنی پاریس و دوورخستنەوەی ناپلیۆن بۆ دوورگەی ئەلبا.
خەونی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریی یۆنان
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، یۆنان ویستی ئیمپراتۆریی بیزانس زیندوو بکاتەوە و هێرشی کردە سەر تورکیا. کاتێک زۆربەی خاکەکەی گرتبوو، هێزە جیهانییەکان پێشنیاریان کرد جەنگەکە بوەستێنێت و دەستکەوتەکانی بپارێزێت. بەڵام ڕێبەرانی ئەتینا مەستی سەرکەوتن بوون و ویستیان گورزی کۆتایی بوەشێنن. کەوتنە تەڵەی ئەتاتورکەوە و سوپای یۆنان هەرەسی هێنا و زیاتر لە ملیۆنێک یۆنانی ئاوارە بوون و هەموو دەستکەوتەکانیان لەدەست دا.
بۆمبی ئەتۆم و تەسلیمبوونی ژاپۆن
تەنانەت کاتێک شکست مسۆگەرە، هەندێک جار ڕێبەرەکان ناتوانن ئاشتی قبوڵ بکەن. لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەم لە ساڵی ١٩٤٥، ڕێبەرە سەربازییەکانی ژاپۆن دەیانزانی کە دۆڕاون، بەڵام دەیانویست بەردەوام بن تا کوژراوی زۆر لە ئەمریکییەکان بدەن و ناچاریان بکەن بە ئاشتییەکی بەمەرج. ئەمریکا هۆشداریی کۆتایی پێدان (بەیاننامەی پۆتسدام)، بەڵام ژاپۆن بێدەنگی هەڵبژارد. ئەم قومارە بووە هۆی کارەساتی ئەتۆمیی هیرۆشیما و ناکازاکی. لە کۆتاییدا تەنیا دەستێوەردانی ئیمپراتۆر هیرۆهیتۆ توانی ئەو بنبەستە بشکێنێت و ژاپۆن بۆ یەکەمجار لە مێژوودا تامی داگیرکاری و تەسلیمبوونی ڕەهای چێشت.
١٢/٤/٢٠٢٦
لە فارسییەوە بە دەستکارییەوە لەلایەن توانا محمەد نوریی ەوە کراوەتە کوردی
سەرچاوە: ئابووری نیوز (اقتصادنیوز) https://www.eghtesadnews.com/