خەونی مانەوە:  ئەفسانەی “چینی‌بوون”ی ئێران لە سایەی( ئابووریی هى كەرە)ی  ویلایەتی فەقیهدا!…نووسینی ئیبراهیم حسێن

0

(ئابووری هی کەرە) وتەیەکی بەناوبانگی خومەینییە لە شۆڕشی ئێراندا و لە سەرەتای وەرگرتنی ئەو مەئموورییەتەی بۆ لە خوێن هەڵکێشانی شۆڕشی ئێران و چەپی کۆمەڵگە. تێزێک بوو کە بڕیار وابوو حکومەتی کاتیی بۆرژوازی (کە حکومەتی سەرکوتکردنی شۆڕش بوو) لە ئەرکی خەریکبوون بە پرسی ئابووری و ڕێکخستنی ئابووری و پرۆسەی بەرهەمهێنان، تا کاتی پانکردنەوەی کۆتایی شۆڕش، ببوێرێت. بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئەم  ئەم تێزەی (ئابووری هی کەرە) یە تەنها دیاردەیەکی کاتی نەبوو، بەڵکو کۆڵەکەیەک و فەلسەفەی وجودیی ئەم تیۆکراسییە سیاسییە بوو، کە دواتر بوو بە پایەکی سەرەکی قەیرانێکی لەچارنەهاتو و ململانێ و ناکۆکیەکی  جەوهەری لەگەڵ کۆمەڵگە، چینی کرێکار و لۆژیکی مێژوودا.

ئێستا لە نێو جەرگەی ئەم قەیران و شەڕەی لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە، تێڕوانین و دیدگای جیاواز سەریان هەڵداوە لە پەیوەند بە چارەنوسی ئەم ژاندارمە نەخۆشەی دنیای ئیسلام کە هەر کامەیان دەگەنە دەرەنجامە سیاسی و کردەیی جۆراوجۆر. یەکێک لەم دیدگایانە دەڵێت: بەو گۆڕانکارییانەی لە ئابووری و جیۆپۆلیتیکی جیهانیدا هاتوونەتە ئاراوە و بە دەرکەوتنی چین و تا ڕادەیەک هیندستان لە پێکهاتەی دەسەڵات، ئابووری و جیۆپۆلیتیک و مۆدێلی گەشەپێدانی چینی لە سەرمایەداریی هاوچەرخدا، ڕەنگە کۆماری ئیسلامیش ئەو چانسەی بۆ ڕەخسابێت کە چیتر ناچار نەبێت بۆ قبووڵکردنی وەک “ژەندەرمی جیهانی ئیسلام” ئەوەندە پێویستی بە ڕۆژئاوا و ئەمریکا بێت؛ بەمەش ڕەنگە سەرەنجام لە کابووسی مانەوە ڕزگاری بووبێت. واتە ئەم دیدگایە مژدەی ئایدیالی “چینی‌بوون”ی ئێران و مانەوەیەکی درێژخایەن دەدات.

بەڵام کێشەی ئەم دیدگایە ئەوەیە کە جەوهەری قەیرانی کۆماری ئیسلامی و حکوومەتێکی تیۆکراتیک و ئایینی تێناگات. نەک هەر ئەمە، بەڵکو تەنانەت کێشە بنەڕەتییەکەی جیهانی ئیسلامیش لە دابینکردنی گەشەپێدانێکی سەرمایەداریی سەقامگیردا تێناگات. تێناگات کە چ لەم مۆدێلە و چ لەو مۆدێلەدا، سەرمایەدارییەکی گەشەسەندوو پێویستی بە کارکردی ڕێکوپێک (ڕۆتینی) و ئاسایشێکی یاسایی و سیاسی درێژخایەن بۆ سەرمایە و خاوەندارێتی و جۆرە ڕێسا و مۆدێلێکی کلتووری و ئیداریی پیشەسازی هەیە. ویلایەتی فەقیهـ و “بەیتی ڕێبەری” و بەسیج و فەتوا و هەناردەکردنی شۆڕش و دەستوەردان لە هەموو کایە سروشتییەکانی ژیانی مرۆڤ و ئەم جۆرە پڕوپووچانە، ناتوانن وەڵامدەرەوەی ئەم پێویستییە بەردەوامانە بن، نە لە مۆدێلی چینی و هیندیی سەرمایەداریدا و نە لە مۆدێلە ڕۆژئاوایی و لیبراڵەکەیدا.

هەرچەندە بارودۆخەکە نوێ و تایبەتە و مرۆڤ ناتوانێت هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە (دۆگم) دەربارەی داهاتووی ئەم گۆڕانکارییانە بدات، بەڵام یەکەم: ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی و ئەوەی پێی دەوترێت جیهانی ئیسلام، کێشەی بنەڕەتییان هەیە؛ ئەوان لە قەیراندان و ئەم قەیرانە قووڵ و وجودیی و بێچارەیە. ئەوان بێ‌داهاتووترین کاراکتەرەکانی ناو ئەم گێژاوە مێژووییەن.

دووەم: ئەم شەڕە هەر ئەنجامێکی هەبێت، کۆمەڵگەی ئێران ئاوسە بە گۆڕانکاری و وەرچەرخانی قووڵی کلتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی سێکۆلار. ئەم پتانسیلە ڕاستەقینەیە و ئەم وەرچەرخانە ئەگەر ئێستا بە تەواوی کردەییش نەبووبێت، بەڵام بە شێوەی “بالقوە” لە ئێرانی سبەینێدا ڕۆڵی دەبێت. کۆمەڵگەیەک بەو جۆرە خواست و چاوەڕوانییانەوە، بە ئاسانی هەر شتێک کە بەدەر لە ئیرادەی خۆی و دژ بەو شتانەی لە ژیانی خۆی چاوەڕێی دەکات پێی بدرێت، قبووڵی ناکات.

لەو چوارچێوەیەدا، یەکێک لە گریمانەکان ئەوەیە کە پەیوەندیی ئەم کۆمەڵگەیە لەگەڵ حکوومەتی ویلایەتی فەقیهـ ناگەڕێتەوە بۆ پێش ئەم قەیرانە. چ ئەو پاشماوەیەی کۆماری ئیسلامی کە دوای شەڕ دەمێنێتەوە، چ ئەو کۆنەپەرستییە نوێیەی دوای شەڕ دێتە سەر دەسەڵات، لەگەڵ چینی کرێکار و ئەم مرۆڤایەتییە زەحمەتکێشە ڕووبەڕوو دەبنەوە کە بۆ ژیانێکی ئازاد و یەکسان بە دەیان هەزار قوربانییان داوە. لە ئێرانی سبەینێدا، چینی کرێکارێک دەبینین کە لە مەیداندا داوای ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی خۆی دەکات و دروستیان دەکات؛ تۆڕی ڕێبەرانی کرێکاری و سۆسیالیستەکان دەربارەی پرسەکانی کۆمەڵگە، یاساکان، جۆری ژیان و دەوڵەت قسەی خۆیان دەبێت و داوا دەکەن ئازادییە مەدەنی و سیاسییە بەرفراوانەکان بۆ هاووڵاتییان ببێتە یاسای کۆمەڵگە. بزووتنەوەی ژنان و گەنجانێکمان دەبێت کە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسا دژە ئازادی، دژە مەدەنیەت و دژە یەکسانییەکانی مرۆڤ دەبن.

بە هەر حاڵ، سەرەڕای ئەم شەڕ و میلیتاریزمەی ئێستا لە نێوان ژەندەرمی ئەمڕۆی جیهان (ئەمریکا) و ئەو ڕژێمەی دەوێت پۆزی ژەندەرمی جیهانی نەخۆشی ئیسلام لێبدات، وێنەی داهاتووی ئێران بەهۆی بوونی ئەم دڵە لێدەرەی ئازادی و یەکسانیخوازییە ئەوەندە تاریک نییە. ئەم بزووتنەوەیە و ئامانجەکانی کە ڕەگی لە دڵی ئابووری و شاڕەگی ژیانی کۆمەڵگە و لە ناو چینی کرێکار و مرۆڤایەتی ئازادیخوازدایە، بە مانگرتنەکانی، بە ڕێکخراوە کرێکارییەکانی و بە شووراکان و سۆسیالیزمەکەیەوە، لە هەر دەرفەتێکدا دێتە ناو مەیدانی ململانێ کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و دەکۆشێت مۆری خۆی لە مێژوو و وەرچەرخانەکانی ئەم سەردەمە بدات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.