پوختەی کتێبی “دووڕیانەکانی لینین” “The Dilemmas of Lenin” لە نووسینی تاریق عەلی… توانا محەمەد نوری
کتێبەکەی تاریق عەلی، هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە کەسایەتی ڤلادیمیر لینین وەک مرۆڤێک کە لە ناو جەرگەی ململانێ مێژووییەکاندا بووە. نووسەر دەیەوێت لینین لەو دوو وێنە توندڕەوە ڕزگار بکات کە یەکێکیان وەک شەیتانێکی دکتاتۆر و ئەوی تریان وەک فریشتەیەکی بێ هەڵە دەیناسێنێت. عەلی پێمان دەڵێت کە لینین سیاسییەکی پڕ لە بیرۆکە بووە و هەمیشە لەبەردەم بڕیارە سەختەکاندا بووە کە چارەنووسی جیهانیان گۆڕیوە. کتێبی “دیلێماکانی لێنین” لە ساڵی ٢٠١٧ دەرچووە و لە ٣٨٤ لاپەڕە پێکدێت.
یەکەم و گەورەترین وەرچەرخان لە ژیانی لینیندا، کاتێک بوو کە برا گەورەکەی (ئەلێکساندەر) بە تۆمەتی هەوڵی کوشتنی قەیسەر لەسێدارە درا. ئەم ڕووداوە ئازاربەخشە لینینی گەیاندە ئەو بڕوایەی کە تیرۆرکردنی کەسایەتییەکان بە تەنیا ناتوانێت کۆمەڵگە بگۆڕێت. ئەو تێگەیشت کە بۆ گۆڕینی سیستمێکی زۆردار، پێویستە ڕێکخستنێکی جەماوەری و شۆڕشێکی سەرتاسەری هەبێت، نەک تەنها چەند کردەوەیەکی چەکداریی تاکەکەسی کە لە کۆتاییدا بێ ئەنجام دەبن.
پرسی دروستکردنی حیزبێکی بەهێز، یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی کتێبەکە. لینین پێی وابوو کە لە وڵاتێکی وەک ڕووسیادا، کە پۆلیسی نهێنی هەموو لایەکی تەنیوە، پێویستە حیزبێکی زۆر ڕێکخراو هەبێت کە بتوانێت بە نهێنی کار بکات. ئەمە دووڕیانێکی گەورە بوو؛ ئایا حیزب دەبێت تەنها گوێ لە جەماوەر بگرێت، یان دەبێت ڕێپیشاندەر بێت؟ هەرچەندە ئەم توندوتۆڵییە شۆڕشی سەرخست، بەڵام دواتر لە سەردەمی ستالیندا بووە هۆی ئەوەی کە دەسەڵات تەنها لە دەستی ناوەندێکی بچووکدا بمێنێتەوە.
لە ڕووی تیۆرییەوە، لینین لەبەردەم ئاستەنگێکی گەورەی مارکسیدا بوو. مارکس پێی وابوو شۆڕش لە وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا ڕوودەدات، بەڵام ڕووسیا وڵاتێکی کشتوکاڵی و دواکەوتوو بوو. لێرەدا لینین بڕیارێکی مێژوویی دا و پێی وابوو نابێت چاوەڕێ بکرێت تا ڕووسیا دەبێتە وڵاتێکی پیشەسازی گەورە، بەڵکو دەکرێت لە ڕێگەی شۆڕشێکی سیاسییەوە باز بدرێت بەسەر قۆناغەکاندا و ڕاستەوخۆ بەرەو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەنگاو بنرێت.
کاتێک جەنگی جیهانیی یەکەم دەستی پێکرد، زۆربەی حیزبە سۆشیاالیستەکان بوونە لایەنگری دەوڵەتەکانی خۆیان، بەڵام لینین لەم دووڕیانەدا بە توندی دژی جەنگ وەستایەوە. ئەو پێی وابوو ئەم شەڕە تەنها بۆ بەرژەوەندی پاشا و سەرمایەدارەکانە و کرێکاران نابێت خوێنی خۆیان بۆ ئامانجی ئیمپریالیستەکان بڕێژن. ئەم هەڵوێستە بوێرەی وای کرد لینین وەک سەرکردەیەکی جیهانی دەربکەوێت کە ئامادە نییە لەسەر بنەماکانی خۆی سازش بکات.
تاریق عەلی باس لە ساتەوەختێکی زۆر هەستیار دەکات کاتێک لینین لە مانگی نیسانی ١٩١٧دا بە شەمەندەفەرێکی نهێنی گەڕایەوە بۆ ڕووسیا. لەو کاتەدا تەنانەت سەرکردەکانی حیزبەکەی خۆیشی (بەلشەفیکەکان) پێیان وابوو کە دەبێت پشتگیری لە حکومەتی کاتی بکەن، بەڵام لینین بە “تێزەکانی نیسان” هەمووانی تووشی شۆک کرد. ئەو گوتی: “هیچ پشتگیرییەک بۆ حکومەتی کاتی ناکەین و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان بدەینە دەست سۆڤیەتەکان (ئەنجومەنی کرێکاران و سەربازان).” تاریق عەلی نیشانی دەدات کە لەو شەش مانگەی دواتردا، لینین چۆن بە وردی چاودێری “مەزاجی خەڵکی” دەکرد. ئەو دەیزانی خەڵک لە شەڕ و برسییەتی بێزارن، بۆیە دروشمە بەناوبانگەکەی بەرزکردەوە: (نان، زەوی، ئاشتی). نووسەر دەڵێت ئەم شەش مانگە وەک کێبڕکێیەک بوو لە نێوان کات و واقیعدا؛ لینین توانی حیزبەکەی قەناعەت پێ بکات کە حکومەتی کاتی ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، بۆیە پێش ئەوەی هێزە کۆنەپەرستەکان کودەتا بکەن، دەبێت شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئەنجام بدرێت. ئەم بەشەی کتێبەکە دەیسەلمێنێت کە شۆڕش لای لینین تەنها “ڕێکەوت” نەبووە، بەڵکو خوێندنەوەیەکی زۆر وردی واقیعی ئەو شەش مانگە بووە.
تاریق عەلی لە بەشێکی گرنگی کتێبەکەدا باس لە جیاوازیی نێوان “تیرۆری تاکەکەسی” و “شۆڕشی جەماوەری” دەکات لە دیدی لینینەوە. لینین بە توندی دژی ئەو گروپانە بوو کە پێیان وابوو بە کوشتنی وەزیرێک یان پاشایەک دەتوانن سیستم بگۆڕن؛ ئەو دەیگوت “تیرۆری تاکەکەسی” تەنها دەسەڵاتداران توڕەتر دەکات و هیچ لە ژیانی هەژاران ناگۆڕێت، بەڵکو دەبێت تێپەڕین بەرەو توندوتیژی، تەنها وەک زەرورەتێکی کاتی و بۆ پاراستنی شۆڕش بێت لە بەرامبەر هێرشی دوژمناندا. سەبارەت بە شەڕیش، لینین پێی وابوو جەنگە گەورەکان (وەک جەنگی جیهانی) گەورەترین جۆری تیرۆرن کە دەوڵەتەکان لە دژی گەلانی خۆیان ئەنجامی دەدەن. ئەو دەیگوت لە جیاتی ئەوەی کرێکارانی وڵاتان لە پێناو بەرژەوەندیی پاشاکان یەکتر بکوژن، دەبێت چەکەکانیان ڕوو بکەنە دەسەڵاتدارانی خۆیان و کۆتایی بەو شەڕە ماڵوێرانکەرە بهێنن. ئەم دیدگایەی لینین نیشانی دەدات کە ئەو توندوتیژیی بە حەز و ئارەزوو نەدەویست، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ کۆتاییهێنان بەو توندوتیژییە گەورەترەی کە سیستمە کۆنەکان بەسەر خەڵکدا دەسەپاند، سەیری دەکرد.
کێشەی جووتیاران و زەوی یەکێکی تر بوو لە تەحەدا گەورەکان. لە ڕووسیادا زۆربەی خەڵک جووتیار بوون، لینین دەبوو هەڵبژێرێت کە ئایا تەنها گرنگی بە کرێکارانی کارگە بدات یان جووتیارانیش بەشداری پێ بکات. ئەو بڕیارێکی زیرەکانەی دا؛ زەوییەکان لە دەرەبەگەکان وەربگیرێتەوە و بەسەر جووتیارە هەژارەکاندا دابەش بکرێت. ئەمە وای کرد شۆڕشەکە پشتگیرییەکی جەماوەریی بێوێنە بەدەستبهێنێت کە پێشتر هیچ هێزێکی سیاسی نەیتوانیبوو بەدەستی بهێنێت.
تاریق عەلی لە کتێبەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لینین بڕوایەکی تەواوی بە مافی نەتەوەکان هەبوو. ئەو دژی “ناسیۆنالیزمی ڕووسیی گەورە” بوو و پێی وابوو هەموو نەتەوەکانی ژێر دەستی ئیمپراتۆریەتەکە، دەبێت مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان هەبێت. ئەمە بۆ ئەو کاتە بیرۆکەیەکی زۆر پێشکەوتوو بوو، چونکە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی نەتەوە جیاوازەکان بە ئارەزووی خۆیان و لەسەر بنەمای یەکسانی پێکەوە بژین، نەک بە زۆرەملێ.
لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، شۆڕشەکەی لینین گۆڕانکاریی ڕیشەیی هێنایە کایەوە. بەلشەفیکەکان یاسای پێشکەوتوویان بۆ یەکسانیی مافی ژن و پیاو دەرکرد و هەوڵێکی زۆریان دا بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری لە ناو خەڵکدا. هەروەها دەرگایان بۆ هونەر و کلتوری نوێ کردەوە، بە شێوەیەک کە سینەما، وێنەکێشان و ئەدەبیات گەیشتنە هەموو گوند و شارۆچکەیەکی دوورەدەست، نەک تەنها بۆ چینی دەوڵەمەند قۆرخ بکرێن.
یەکێک لە خەونە گەورەکانی لینین، شۆڕشی جیهانی بوو. ئەو پێی وابوو شۆڕشی ڕووسیا ناتوانێت بە تەنیا سەرکەوتوو بێت ئەگەر وڵاتانی تری ئەوروپا شوێنی نەکەون. بەڵام کاتێک شۆڕشەکانی ئەڵمانیا و وڵاتانی تر تێکشکان، لینین لەبەردەم دووڕیانێکی تردا بوو؛ ئایا چۆن دەوڵەتێکی گەمارۆدراو بپارێزێت؟ لێرەدا ئەو ناچار بوو هەندێک سازشی سیاسی و ئابووری بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە داڕمانی تەواوی دەوڵەتە نوێیەکەی بکات.
تاریق عەلی لە کتێبەکەیدا پەردە لەسەر لایەنە سۆزدارییەکانی ژیانی لینین لادەبات و نیشانی دەدات کە ئەو پیاوە تەنها “مەکینەیەکی سیاسی” نەبووە، بەڵکو مرۆڤێکی پڕ لە هەست بووە. نووسەر باس لە پەیوەندییەکی سۆزداریی ئاڵۆز دەکات لە نێوان لینین و ژنە شۆڕشگێڕێک بە ناوی (ئینێسا ئارمان). ئینێسا ژنێکی زۆر ژیر، مۆسیقاژەن و زمانزان بوو کە لینین بە قووڵی سەرسامی بوو. لێرەدا لینین لەبەردەم دووڕیانێکی سۆزداریدا بوو؛ چونکە لە لایەکەوە (نادێژدا کروپسکایا)ی هاوسەری هەبوو کە هاوڕێی هەموو تەمەنی و هاوخەباتی بوو، لە لایەکی تریشەوە دڵی لای ئینێسا بوو. تاریق عەلی دەڵێت ئەم سێگۆشە سۆزدارییە بە شێوەیەکی زۆر شارستانی و پڕ لە ڕێز بەڕێوە دەچوو، چونکە هەرسێکیان شۆڕشگێڕ بوون و دەیانویست لە سەروو کێشە کلتورییە کۆنەکانەوە بن. کۆچی دوایی ئینێسا بەهۆی نەخۆشییەوە، یەکێک بوو لە گەورەترین زەبرە دەروونییەکان کە بەر لینین کەوت و لە کاتی ناشتنەکەیدا لینین هێندە گریا کە هەمووانی تووشی شۆک کرد. ئەم بەشەی کتێبەکە پێمان دەڵێت کە لینین لە ناو هەموو جەنگ و شۆڕشەکاندا، دڵێکی پڕ لە خەم و خۆشەویستیشی هەبووە.
لە کۆتایی تەمەنیدا، لینین تووشی خەمێکی گەورە بوو کاتێک بینی شۆڕشەکەی بەرەو بیرۆکراسی و دکتاتۆری دەچێت. ئەو لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا هەستی کرد کە ستالین بەرەو توندوتیژی و قۆرخکاری دەچێت، بۆیە لە وەسیەتنامەکەیدا هۆشداری دا، بەڵام نەخۆشی و مەرگ دەرفەتیان نەدا ئەو کێشانە چارەسەر بکات. تاریق عەلی لە کۆتاییدا دەڵێت: لینین شۆڕشگێڕێکی جیددی بوو کە ویستی جیهان بگۆڕێت، بەڵام مێژوو و بارودۆخە سەختەکان ڕێڕەوی خەونەکانیان گۆڕی.
٢١/٢/٢٠٢٦