کرێکاران چۆن دەبنە شۆڕشگێڕ؟

0

سۆشیالیزم “لە خوارەوە” واتە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش خۆیان کۆمەڵگە بگرنە دەست و بەڕێوەی ببەن. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر کرێکاران نەیانەوێت ئەو ڕۆڵە بگێڕن چی؟ یان ئەگەر تەنانەت خۆیان وەک “کرێکار” نەبینن چی؟

کارڵ مارکس لە سەدەی نۆزدەهەمدا دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە لەم بابەتە. ئەو جیاوازی کرد لە نێوان دوو جۆر چیندا:

١. چینێک “لە خۆیدا: ئەمە پۆلێنێکی بابەتییە. هەر کەسێک ناچار بێت هێزی بازووی خۆی بە خاوەنکارێک بفرۆشێت بۆ ئەوەی بژی، ئەوە کرێکارە، جا چ خۆی بە کرێکار بزانێت یان نا.

٢. چینێک “بۆ خۆی”: ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە کرێکاران بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ ڕێکدەکەون بۆ ئەوەی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن.

 

بۆچی بیروڕای کرێکاران تێکەڵ و دژبەیەکە؟
ئەگەر سۆشیالیست بیت و لەناو خەڵکدا قسە بکەیت، دەبینیت کەمینەیەک لەگەڵت هاوڕان. هەندێکی تریش هەن بیروڕای ڕەگەزپەرستانە و کۆنەپەرستانەیان هەیە. بەڵام زۆربەی خەڵک بیروڕای تێکەڵیان هەیە. بۆ نموونە:

  • لەوانەیە بڵێت: “بەڕێوەبەرەکەم هیچ لە ئیشەکە نازانێت و بێ کەڵکە.”
  • بەڵام دەستبەجێ بڵێت: “ناکرێت باج بخەینە سەر دەوڵەمەندەکان، چونکە وڵات جێدەهێڵن و ئیشمان بۆ دروست ناکەن.”

ئەمە ئاساییە، چونکە وەک مارکس دەڵێت: “بیرۆکەی چینی دەسەڵاتدار، بیرۆکەی زاڵە لە هەموو سەردەمێکدا.” میدیا، قوتابخانە و سیاسەتمەداران فێرمان دەکەن کە تاکگەر بین و ڕکابەری یەکتر بکەین، لە جیاتی ئەوەی یەکبگرین.

 

عەقڵی باو و عەقڵی باش (گرامشی)
مارکسیستی ئیتاڵی، ئەنتۆنیۆ گرامشی، دەڵێت خەڵک دوو جۆر تێگەیشتنیان هەیە:

  • عەقڵی باو :(Common Sense) تێکەڵەیەکە لەو بیرۆکانەی لە دەوروبەرەوە وەریان دەگرین (کە زۆربەی هی چینی دەسەڵاتدارە).
  • عەقڵی باش :(Good Sense) ناوکێکی تەندروستە لەناو ئەو هەموو تێکەڵەیەدا، کە تێیدا مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لە جیهان تێدەگات.

 

چۆن بیروڕای خەڵک دەگۆڕێت؟
هەندێک کەس دەڵێن دەبێت تەنها بە “پەروەردە و فێرکردن” خەڵک قایل بکەین. سۆشیالیستەکان بەڵێ، زانیاری و نامیلکە بڵاودەکەنەوە، بەڵام بیروڕای خەڵک بە تەنها بە قسە ناگۆڕێت. بیرۆکەکان لە کاتی تێکۆشان و شۆڕشدا بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر دەگۆڕێن.

 

نموونەی مێژوویی: ڕووسیا

  • ساڵی ١٩١٣: خەڵکی ڕووسیا کڕنۆشیان بۆ سێبەری قەیسەر دەبرد و وەک خواوەند سەیریان دەکرد.
  • ساڵی ١٩١٧: دوای چوار ساڵ جەنگ و برسییەتی، هەمان ئەو خەڵکە شۆڕشیان کرد. ژنانی کرێکار دەستیان بە مانگرتن کرد و قەیسەریان ناچار کرد دەست لەکار بکێشێتەوە. بیرۆکە کۆنەکان گۆڕان؛ ژنان مافی دەنگدان، خوێندن و لەباربردنی منداڵیان بەدەستهێنا و دەستیان کرد بە تاقیکردنەوەی ژیانێکی نوێ.

 

نموونەی ئێستا: مینیسۆتا (ئەمریکا)
ئێستا لە مینیسۆتا بزووتنەوەیەکی جەماوەری هەیە. هەرچەندە هێشتا نەبووەتە شۆڕش، بەڵام خەڵکێکی زۆر کە پێشتر گوێیان لە قسەی سەرۆک بوو دەربارەی دژایەتی کۆچبەران، ئێستا لەگەڵ کۆچبەرەکان هاوشانی یەک دەوەستنەوە. کرێکارانێک کە پێشتر دەستیان نەدەچووە مانگرتن، ئێستا لەگەڵ هاوکارەکانیان ئیش جێدەهێڵن.

 

کۆتایی:
تێکۆشان و خەبات وایە؛ ئەو بیرۆکە کۆنانەی چینی دەسەڵاتدار لە مێشکماندا چاندوویانە، تێکدەشکێنێت. لێرەدا ڕۆڵی “ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکان” دێت، کە ئەم دەرفەتانە بقۆزنەوە و کرێکارە هۆشیارەکان ڕێکبخەن بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بنەڕەتی دروست بکەن.

 

سەرچاوە:
https://socialistworker.co.uk/in-depth/how-workers-can-become-revolutionary/

لە ئینگلیزیەوە کراوەتە کوردی.

 

توانا محەمەد نوری
١٧/٢/٢٠٢٦

 

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.