نامەیەکی مارکس بۆ ئەنگڵسی هاوڕێی…
کارل مارکس لە نامەیەکدا کە لە بەرواری ٤ی تشرینی دووەمی ١٨٦٤ نووسیویەتی، فریدریک ئەنگڵسی لە دامەزراندنی کۆمەڵەی کرێکارانی نێودەوڵەتی و هەوڵە ستراتیژییەکانی بۆ ڕێنماییکردنی ڕێکخراوەکە ئاگادار کردووەتەوە. مارکس ڕۆڵی خۆی لە داڕشتنی “وتاری دەستبەکاربوون” و ڕێساکان بە وردی خستەڕوو، سازانی تاکتیکی کرد بۆ ئەوەی بانگەوازی ئەندامێتییەکی هەمەچەشن بکات و لە هەمان کاتدا دیدێکی ڕیشەیی بپارێزێت.
دەقی نامەکە:
فریدریکی ئازیز،
ماوەیەک لەمەوپێش، کرێکارانی لەندەن پەیامێکیان سەبارەت بە پرسی پۆڵەندا بۆ کرێکارانی پاریس نارد و داوایان لێ کردن کە پێکەوە لەم بابەتەدا هەڵوێست وەربگرن.
لای خۆیانەوە، پاریسییەکان شاندێکیان نارد کە “تۆلاین” سەرۆکایەتی دەکردن؛ ئەو لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی پاریسدا کاندیدی ڕاستەقینەی کرێکاران بوو و پیاوێکی زۆر باشە. (هاوڕێکانیشی کوڕی زۆر باش بوون). ڕۆژی ٢٨ی ئەیلوولی ١٨٦٤، کۆبوونەوەیەکی گشتی لە هۆڵی “سانت مارتن” ڕێکخرا لەلایەن “ئۆدجەر” (کە پێڵاودوورە و سەرۆکی ئەنجومەنی هەموو سەندیکا کرێکارییەکانی لەندەنە) و “کریمەر” (کە بەنایە و سکرتێری سەندیکای بەناکانە). کەسێک بە ناوی “لۆ لۆبێز” نێردرابوو بۆ لای من تا بپرسێت ئایا بە ناوی کرێکارانی ئەڵمانیاوە بەشداری دەکەم، و بەتایبەتی داوای کرد کە کرێکارێکی ئەڵمانی ئامادە بکەم بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا قسە بکات. منیش “ئیکاریۆس”م بۆ ناردن کە زۆر بە جوانی کارەکەی ئەنجام دا، و خۆشم وەک کەسێکی بێدەنگ لەسەر سەکۆکە ئامادە بووم. دەمزانی ئەمجارە “هێزە ڕاستەقینەکان” لە هەردوو لای لەندەن و پاریسەوە بەشدارن، بۆیە بڕیارم دا ئەو یاسا هەمیشەییەی خۆم بشکێنم کە هەموو بانگهێشتێکی لەو شێوەیەم ڕەت دەکردەوە. (لۆ لۆبێز گەنجێکی فەڕەنسییە و لە تەمەنی سیەکاندایە، بەڵام لە جێرزی و لەندەن گەورە بووە و زۆر بە باشی بە ئینگلیزی قسە دەکات، نێوەندگیرێکی زۆر باشە لە نێوان کرێکارانی فەڕەنسی و ئینگلیزی. مامۆستای مۆسیقا و زمانی فەڕەنسیشە).
لە کۆبوونەوەکەدا کە شوێن نەبوو لێی دانیشیت (چونکە دیارە ئێستا بزووتنەوەی چینە کرێکارەکان خەریکە زیندوو دەبێتەوە)، “ماجۆر وۆڵف” (کە یاریدەدەری گاریباڵدی بوو) نوێنەرایەتی کۆمەڵەی کرێکارانی ئیتاڵی لە لەندەن دەکرد. بڕیار درا “کۆمەڵەی نێودەوڵەتی کرێکاران” دابمەزرێنرێت، کە ئەنجومەنی گشتییەکەی لە لەندەن بێت و وەک “نێوەندگیرێک” لە نێوان کۆمەڵە کرێکارییەکانی ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا و ئینگلتەرا کار بکات. هەروەها بڕیار درا کە لە ساڵی ١٨٦٥دا کۆنگرەیەکی گشتی کرێکاران لە بەلجیکا ساز بکرێت. لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەیەکی کاتی دیاری کرا: ئۆدجەر، کریمەر و زۆر کەسی تر، کە هەندێکیان لایەنگری کۆنی “چارتیستەکان” و “ئۆوێنییەکان” بوون بۆ ئینگلتەرا؛ ماجۆر وۆڵف، فۆنتانا و ئیتاڵییەکانی تر بۆ ئیتاڵیا؛ لۆ لۆبێز و ئەوانی تر بۆ فەڕەنسا؛ ئیکاریۆس و منیش بۆ ئەڵمانیا. دەسەڵات بە لیژنەکە درا کە چەند ئەندامی تریان ویست زیاد بکەن.
تا ئێرە هەموو شتێک باش بوو. من بەشداری یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکەم کرد. لیژنەیەکی لاوەکی (کە منیش تێیدا بووم) دیاری کرا بۆ ئەوەی ڕاگەیەندراوێکی بنەماکان و یاسا کاتییەکان بنووسن. بەهۆی ئەوەی باری تەندروستیم باش نەبوو، نەمتوانی بەشداری کۆبوونەوەی لیژنە لاوەکییەکە و ئەو کۆبوونەوەیەش بکەم کە دوای ئەو بۆ هەموو لیژنەکە کرا.
لەو دوو کۆبوونەوەیەی کە من ئامادە نەبووم، ئەم شتانە ڕوویان دابوو:
ماجۆر وۆڵف یاساکانی کۆمەڵە کرێکارییە ئیتاڵییەکانی پێشکەش کردبوو (کە ڕێکخراوێکی ناوەندییان هەیە، بەڵام دواتر دەرکەوت تەنها کۆمەڵەی هاوکاریی کۆمەڵایەتین) بۆ ئەوەی لە کۆمەڵە نوێیەکەدا بەکاربێن. دواتر شتەکانم بینی؛ دیار بوو کە “مازینی” نووسیویەتی، بۆیە خۆت دەزانی بە چ جۆرە زمان و دەربڕینێک باسی کێشەی ڕاستەقینەی کرێکارانی کردبوو. هەروەها چۆن باسی نەتەوەکانی تێدا تێکەڵ کردبوو.
جگە لەوەش، “وێستن” کە لایەنگرێکی کۆنی ئۆوێن بوو و ئێستا خۆی کارخانەی هەیە و پیاوێکی زۆر میهرەبان و بەڕێزە، بەرنامەیەکی نووسیبوو کە زۆر بڵاو و پڕ لە تێکەڵوونی و سەرلێشێواوی بوو.
دواتر کۆبوونەوەی لیژنەی گشتی داوای لە لیژنە لاوەکییەکە کرد کە بەرنامەکەی وێستن و یاساکانی وۆڵف سەرلەنوێ دابڕێژنەوە. وۆڵف خۆی ڕۆیشت بۆ ئەوەی بەشداری کۆنگرەی کۆمەڵە کرێکارییە ئیتاڵییەکان بکات لە ناپۆلی و قەناعەتیان پێ بهێنێت کە بچنە ناو ئەنجومەنی ناوەندی لەندەن.
کۆبوونەوەیەکی تری لیژنە لاوەکییەکە کرا، کە دیسان من نەمتوانی بەشداری بکەم، چونکە زۆر درەنگ ئاگاداریان کردمەوە. لەوێ “ڕاگەیەندراوی بنەماکان” و وەشانێکی نوێی یاساکانی وۆڵف لەلایەن لۆ لۆبێزەوە پێشکەش کران و لیژنەکە قبوڵی کردن بۆ ئەوەی بیخەنە بەردەم لیژنەی گشتی.
لیژنەی گشتی لە ١٨ی تشرینی یەکەم کۆبووەوە.
چونکە ئیکاریۆس بۆی نووسیبووم کە دواکەوتن مەترسیدارە، من ئامادە بووم و بەڕاستی ترسام کاتێک بیستم لۆ لۆبێزی بەڕێز پێشەکییەکی زۆر درێژ و پڕ لە وشەی بێمانا و خراپ نووسراو دەخوێنێتەوە کە گوایە ڕاگەیەندراوی بنەماکانە؛ لە هەموو شوێنێکی نووسینەکەدا شوێن پەنجەی مازینی دیار بوو و بە سۆشیالیزمێکی فەڕەنسیی ناڕوون داپۆشرابوو. جگە لەوەش، یاسا ئیتاڵییەکانیان وەک خۆی وەرگرتبوو، کە جیا لە هەموو کێشەکانی تریان، ئامانجیان شتێک بوو کە لە ڕاستیدا مەحاڵە، ئەویش دروستکردنی جۆرە حکومەتێکی ناوەندی بۆ چینە کرێکارەکانی ئەوروپا (کە بێگومان مازینی لە پشتەوە بێت). من بە نەرمی دژایەتیم کرد و دوای مشتومڕێکی زۆر، ئیکاریۆس پێشنیاری کرد کە لیژنە لاوەکییەکە شتەکە وەربگرێتەوە بۆ “دەستکاری کردن و وردکردنەوە”. لە لایەکی ترەوە، دەنگ بۆ ئەو “هەستانە” درا کە لە ڕاگەیەندراوەکەی لۆبێزدا هەبوون.
دوای دوو ڕۆژ، لە ٢٠ی تشرینی یەکەم، کریمەر (بۆ ئینگلیزەکان)، فۆنتانا (ئیتاڵیا) و لۆ لۆبێز لە ماڵی من کۆبووینەوە. (وێستن نەیتوانی بێت). تا ئەو کاتە بەڵگەنامەکانم (ئەوانەی وۆڵف و لۆ لۆبێز) لەبەردەست نەبوو، بۆیە نەمدەتوانی هیچ ئامادە بکەم، بەڵام بڕیاری تەواوم دابوو کە ئەگەر کرا نەیەڵم یەک دێڕی ئەو شتانە بمێنێتەوە. بۆ ئەوەی کات بکوژم، پێشنیارم کرد کە پێش ئەوەی دەستکاری پێشەکییەکە بکەین، با “باس لە یاساکان” بکەین. ئەمە کرا. کاتژمێر یەکی شەو بوو کاتێک تەنها لەسەر یەکەم یاسا لە کۆی ٤٠ یاسا ڕێککەوتین. کریمەر گوتی (کە ئەمە ئەوە بوو من دەمویست): “ئێمە هیچمان نییە بیخەینە بەردەم لیژنەکە کە ٢٥ی تشرینی یەکەم کۆدەبێتەوە، دەبێت کۆبوونەوەکە بۆ ١ی تشرین دوابخەین. بەڵام لیژنە لاوەکییەکە دەتوانێت لە ٢٧ی تشرینی یەکەم کۆببێتەوە و هەوڵ بدات بگاتە ئەنجامێکی کۆتایی.” لەسەر ئەمە ڕێککەوتین و “کاغەزەکان” لای من جێهێڵدران بۆ ئەوەی ڕای خۆمیان لەسەر بدەم.
بینیم کە مەحاڵە هیچ لەو نووسینانە دروست بکرێت. بۆ ئەوەی پاساو بۆ ئەو شێوازە سەیرە بهێنمەوە کە دەمویست ئەو “هەست و سۆزانە” پێشکەش بکەم کە پێشتر “دەنگیان بۆ درابوو”، وتارێکم بۆ چینە کرێکارەکان نووسی (کە لە پلانی سەرەتاییدا نەبوو؛ جۆرە پێداچوونەوەیەک بوو بەسەر بەسەرهاتەکانی چینە کرێکارەکان لە ساڵی ١٨٤٥وە)؛ بەو ناوەی کە هەموو بابەتە گرنگەکان لەو وتارەدا هەن و نابێت سێ جار هەمان شت دووبارە بکەینەوە، هەموو پێشەکییەکەم گۆڕی، ڕاگەیەندراوی بنەماکانم فڕێ دا، و لە کۆتاییدا لە جیاتی ٤٠ یاساکە، تەنها ١٠ یاسام دانا. تا ئەو شوێنەی کە سیاسەتی نێودەوڵەتی لە وتارەکەدا باس کراوە، من باسی وڵاتانم کردووە نەک نەتەوەکان، و ڕەخنەم لە ڕووسیا گرتووە نەک نەتەوە بچووکەکان. هەموو پێشنیارەکانم لەلایەن لیژنە لاوەکییەکەوە قبوڵ کران. تەنها ناچار بووم دوو دەستەواژە سەبارەت بە “ئەرک” و “ماف” بخەمە ناو پێشەکی یاساکان، هەروەها “ڕاستی، ڕەوشت و دادپەروەری”، بەڵام ئەمانەم بە شێوەیەک داناوە کە هیچ زیانێکیان نەبێت.
لە کۆبوونەوەی لیژنەی گشتیدا، وتارەکەم و شتەکانی تر بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە (بە کۆدەنگی) پەسەند کران. باسی شێوازی چاپکردن و شتەکانی تر سێشەممەی داهاتوو دەکرێت. لۆ لۆبێز کۆپییەکی وتارەکەی لایە تا وەریگێڕێتە سەر زمانی فەڕەنسی و فۆنتاناش کۆپییەکی لایە بۆ وەرگێڕانە ئیتاڵییەکە. (بۆ دەستپێکردن، ڕۆژنامەیەکی هەفتانە هەیە بە ناوی Bee-Hive کە پۆتەری سەندیکایی سەرنووسەریەتی). خۆشم شتەکان وەردەگێڕمە سەر زمانی ئەڵمانی.
زۆر قورس بوو کە بابەتەکە بە شێوەیەک دابڕێژم کە تێڕوانینی ئێمە (من و تۆ) بە جۆرێک دەربکەوێت کە لەگەڵ ئاستی ئێستای بزووتنەوەی کرێکاران بگونجێت. دوای چەند هەفتەیەکی تر، هەمان ئەم خەڵکە لەگەڵ کەسانی وەک برایت و کۆبدین کۆبوونەوە بۆ مافی دەنگدان. کاتێکی زۆری دەوێت تا بزووتنەوە ژیاوەکە ڕێگە بدات بەو زمانە بوێرەی پێشوو قسە بکرێت. پێویستە “لە ناوەڕۆکدا توند و بەبڕشت بین، و لە دەربڕیندا نەرم و لەسەرخۆ” (fortiter in re, suaviter in modo). هەر کاتێک چاپ کرا، بۆت دەنێرم.
دڵسۆزت
ک. م. (کارڵ مارکس)
وەرگێرانی بۆ کوردی: توانا محەمەد نوری