ڕاستییەکانی جیهانی ئەمڕۆ: لە ریسوایی جیفری ئەپستایـنـەوە تا کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە… نووسینی: ئیبراهیم حسێن
بە ئابڕووچوونەکەی «ئەپستایـن»، پەردە لەسەر کارەساتێکی تری دڵتەزێن لادرا؛ ڕاستییەکی تاڵ کە نیشانی دەدات مرۆڤی ئەمڕۆ مەحکوومە بە ژیان لەناو چ جۆرە سیستم و پەیوەندییەکدا. ئەو ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە و دۆسیانەی کە ژمارەیان دەگاتە چەندین ملیۆن، باس لەوە دەکەن کە هەزاران کچی کەم تەمەن وەک کۆیلەی سێکسی گواستراونەتەوە بۆ دوورگەیەکی دوورە دەست، تەنیا بۆ ئەوەی پێداویستی و غەریزە نەخۆشەکانی «گەورەپیاوانی پارە و سەرمایە» تێر بکەن.
ئەمانە ئەو کچانەن کە ڕەنگە کاتی لەدایکبوونیان، بێئاگا بووبێتن لەو دڕندەییەی کە تێیدا چاویان بە دنیا هەڵێناوە؛ ئەو منداڵانەی کاتێک لە باوەشی دایک و باوکیاندا بوون، جگە لە گەرمی خۆشەویستی و میهرەبانیی ئەوان، هیچ خەمێکی تریان نەبوو دەربارەی ئەو چارەنووسە شوومەی کە ئەم دنیایە بۆی چنیون. ئەوان نەیان دەزانی پێیان ناوەتە جیهانێکەوە کە زۆر دڵڕەقتر و بێبەزەییترە لەوەی تەنانەت لە خەیاڵیشدا بگونجێت. بێئاگا بوون لەوەی لەم سیستمەدا، تەنانەت لە باشترین دۆخیشدا، چارەنووسێکی تریان نییە جگە لەوەی ببن بە کۆیلەی کاری کرێگرتە؛ چ جای ئەوەی پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی پێگەیشتن، شکۆ و منداڵییان ئاوا زەوت بکرێت و پێشێل بکرێت.
ئەم ڕووداوانە، نە ڕێکەوت نە ڕووداوی دەرەوەی هەلومەرجی باوبوون، بەڵکوو ئەنجامێکی لۆژیکیی ئەو «لۆژیکە بنەڕەتییەیە» کە مرۆڤی پێ کۆت و زنجیر کراوە. بەرهەمی ڕاستەوخۆی جۆرە کۆیلایەتییەکی ڕەگداکوتاوتر و بنەڕەتیترە کە بە ڕواڵەت ڕەنگە لای زۆربەی هاوڵاتیانی دنیای ئەمڕۆ وەک شتێکی ئاسایی و قبوڵکراو بێتە بەرچاو: واتە کۆیلایەتی کاری کرێگرتە. ئەمە بنەڕەتی هەموو ئەم بێشەرمی و داڕزانە ئەخلاقییانەیە. لەبەر ئەوە، تەنیا ئەو دۆکتەرین و بزووتنەوەیەی کە مرۆڤایەتی بۆ ڕزگاربوون لەم قێزەونیی و داڕزانە اخلاقی و مەعنەویە پێویستییەتی، بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی چینی کرێکارە بۆ کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتی کاری کرێگرتە.
مارکس و ئەنگڵس زیاتر لە ١٧٠ ساڵ پێش ئێستا لە «مانیفێستی کۆمۆنیست»دا، وەڵامی ئەو تۆمەتانەی بۆرژوازییان دایەوە کە دەیانگوت «کۆمۆنیستەکان دەیانەوێت ژن بکەن بە هاوبەش». ئەوان زۆر بە دروستی ئاماژەیان بەوە کرد کە بۆرژوازی تەنیا وەک «ئامرازی بەرهەمهێنان» سەیری ژن دەکات، و چونکە بیستوویەتی کۆمۆنیستەکان دەیانەوێت ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بە اشتراکی بکەن، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامە پووچەی کە ژنانیش ئیشتیراکی دەکەن. مارکس لە وەڵامدا دەڵێ نیگەرانی ئەوە مەبن، چونکە ئێوە خۆتان ئەو هەر ئێستا ئەو کارەتان کردوە.
ئەمڕۆ، ئەو ئیدیعایەی مانیفێست کە دەڵێت ڕزگاریی ماددی و مەعنەوی و ئەخلاقیی مرۆڤ (چی وەک تاک و چی وەک کۆمەڵ ) لە گرەوی هەڵپێچانی کاری کرێگرتەدایە، لە هەموو کاتێک واقیعیتر و پێویستتر بووە.