کۆماری ئیسلامی؛  لە نێوان حەتمییەتی ڕوخان و ئومێد بە فەزای جەنگی! … نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

داکۆکیکارانی دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە پاساوهێنانەوە بۆ هەڵوێستەکەیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم دەستێوەردانە دەبێتە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی یان ئاسانکاری بۆ ئەم پرۆسەیە و لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێراندا دەبێت. ئەمە سیناریۆی دڵخوازی «چەلەبییەکانی ئێران»ـە؛ ئەو کەسانەی ئێستا لە کۆڕیدۆرەکانی دەسەڵات و میدیا ڕۆژئاواییەکاندا، خەونی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی عێراق لە ئێراندا دەبینن.

بەڵام ئەمە نەک هەر ئومێدێکی پووچ، بەڵکو «نەخۆشیی» ئۆپۆزسیۆنی ڕاستی بۆرژوازییە. بە پێچەوانەی ئەم تێڕوانینە، کۆماری ئیسلامی ڕێک پێویستی بە فەزایەکی جەنگیی لەو شێوەیە هەیە. لە بارودۆخێکدا کە ڕژێم لەگەڵ قەیرانێکی وجوودی و بنبەستە بێچارەسەرەکان لە پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی ئازادیخوازدا دەستەویەخەیە، گورزە سەربازییەکان و بۆردومانە ئاسمانییەکان — بێ گوێدانە ئەوەی چەندە زیان بە ژێرخانەکان یان سەرکردە سەربازییەکان دەگەیەنێت — بۆ ڕژێم ڕاخستنی سفرەیەکی ئاسمانییە.

فەزای ئاڵۆزی و جەنگ  و نائارامی، ساڵانێکە بووەتە مەرجی ژیانیی مانەوەی کۆماری ئیسلامی. ڕژێمێک کە لە قەیرانێکی وجوودیدا گیربووە و هیچ وەڵامێکی ئابووری، کولتووری و سیاسی بۆ سازان لەگەڵ کۆمەڵگە نییە، فەزای جەنگی وەک پاساوێک بۆ ڕاکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆتایی لەگەڵ غۆلی ترسناکی شۆڕش و ئاڵۆگۆڕی شۆڕشگێڕانە بەکاردەهێنێت؛ ئەو غۆلەی لە پێچی دواتری وەرچەرخانە مێژووییەکانی ئێراندا وەستاوە. کەچی ئەمریکا، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا جارێکی دیکە هەمان ئەو شتە دەدەنە کۆماری ئیسلامی کە پێویستی پێیەتی.

قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی فرە ڕەهەندن. لە لایەکەوە، لە ستراتیژیی ڕۆژئاوادا، بڕیارە ئەم ڕژێمە ڕۆڵی هەمان «دێوەزمەی کۆنترۆڵنەکراو» و دوژمنی دەرەکی بگێڕێت کە ڕۆژئاوا بۆ پێشخستنی سیاسەتە ناوچەییەکانی پێویستی پێیەتی. لە لایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی ڕژێمێکی ئایدیۆلۆژییە کە فەلسەفەی بوونی لەسەر دژایەتیی ڕۆژئاوا پێناسە کراوە؛ بۆیە هەر چەشنە تێکەڵبوونێک لە سیستەمی ئابووری و کولتووریی جیهانیدا، ماهییەتەکەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەر بۆیە، ئەم ڕژێمە تەنانەت لە مەودای ناوەندیشدا توانای وەگەڕخستنی ئابوورییەکی ڕۆتینی نابێت.

کێشەیەکی دیکەی ڕژێم، قووڵایی هۆشیاری و پابەندیی خەڵکی ئێرانە بە بەها و نەریتە مۆدێرن و سێکۆلارەکان. دەیان ساڵ سەرکوتی ئایینی نەک هەر لە مەیل و گرانیی خەڵک بۆ شێوازی ژیانی ڕۆژئاوایی کەم نەکردۆتەوە، بەڵکو ئێرانی کردووەتە یەکێک لە «لائیک‌ترین» کۆمەڵگەکانی جیهان. ئەم دژایەتییە کولتوورییە، یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی قەیرانی وجوودیی ڕژێم کە کاریگەریی لەسەر ڕەوتی شۆڕشی داهاتووی ئێران دەبێت.

لەم کاتە هەستیارەدا و لە نێو دڵی ئەم قەیران و حەتمیەتە چەندین سەرەیە کە ڕژێمی ئیسلامی لەگەڵی بەرەو ڕووە،  لێدانی دڵی خواست و جوڵانەوەیەکی گەورە کە پەیوەندی ئەم ڕژێمە بەو کۆمەڵگەیە گەیشتۆتە خاڵێک کە گەڕانەوەی  نییە، دەستێوەردانی سەربازی و تیرۆریزمی ئاسمانی، سفرەیەکە دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان دەیخەنە بەردەم ئەم «مۆتەکەی ڕەش»ە تاوەکو پرۆسەی گۆڕانکارییە ڕەسەنە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکان جارێکی تر بخەسێنن و لە ناوەڕۆکی واقیعی و پێشڕەوانەی خۆی بە تاڵی بکەنەوە و ڕەنگێکی ناتۆیی بە بارودۆخەکە  بدەن. ئەمە ڕێک هەمان ئەو شتەیە کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێت و وەک پەنجەرەیەک بۆ ڕزگاربوون لە دەستەویەخەبوون لەگەڵ دێوی خواستی کۆمەڵگەی ئێران بۆ ڕزگاریەکی سیاسی و متمدنانە دەبینێت. خواست و ئارەزوویەک کە لە کولتوور و هۆشیاریی ئەم خەڵکەدا ئیتر ڕەگێکی  قوڵی داکوتاوە.

بە هەر حاڵ، لە ڕوانگەی گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە، هەر ڕۆژێک کە لە ناو کەشوهەوای شەڕ و وێرانکاریدا تێدەپەڕێت، تێچووەکەی بریتییە لە چەندین ساڵ پاشەکشە و دەست هەڵگرتن؛ نەک هەر لە پرسی ڕزگارییەکی سۆسیالیستی، بەڵکوو لە هەر سەرکەوتنێکی ڕاستەقینەی سێکۆلار و شارستانییانە لە ئێران و بەم پێیەش لە تەواوی ناوچەکەدا.

چونکە ئێران دڵی لێدەری جوگرافیایەکی سیاسییە کە تێیدا پرۆسەی ڕاستەقینەی وەرچەرخانێکی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ڕادیکاڵ بەڕێوەیە و بەرەو دوا مەنزڵ هەنگاو دەنێ.

 گومان لەوەدا نییە کە هەر گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ و ئازادیخوازانە لە کۆمەڵگەی ئێراندا، لە گرەوی دەسەڵات و ئامادەیی چینی کرێکار و سۆسیالیزمی ئەم چینەدایە لە ململانێ لەسەر چارەنووسی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی سیاسیدا.

تەنیا هێزێکی کۆمەڵایەتی کە ئازادیی مرۆڤ لە قازانجیدایە، کە مەسەلەکەی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتیی کاری کرێ‌گرتە و ئەو شێوازەیە کە پێویستی بە ئازادنەبوونی مرۆڤە، دەتوانێت بۆ ئازادیی مرۆڤ و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد کار بکات. ئەمە کاری شۆڕشی کرێکاری و سۆسیالیزمی چینی کرێکارە. بەدەر لەوە هەر کەسێک بیەوێت ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ لەسەر بنەمای مووچە و سەرمایە و کاری کرێ‌گرتە و — لەوەش خراپتر — کاری هەرزان ڕێکبخات، هەر بەڵێنێکیش لەبارەی ئازادی و شارستانییەتەوە بدات، جگە لە دیکتاتۆری و کۆنەپەرستییەکی تری بۆرژوازی، هیچی تری لێ شین نابێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.