خوێندنەوەیەک بۆ مانیفێستی نوێی ئەمریکا؛ لە تۆم باراکەوە تا لینسی گراهام لەنێوان کۆنترای ئیسلامی و ناسیونالزمی کورد… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

پەیامەکەی “تۆم باراک” کە وتی ئیتر ئەوەی کە بکرێ خەیاڵی ئەوەبکرێ کێشەکان و شەرعیەت لە ڕێگەی ئاشتی دەبڕێتەوە و سەرەنجام هێز و سەرکەوتن بە زۆری هێز شەرعیەت دەبڕێنێتەوە تەنیا لێدوانێکی  سیاسیی ڕاگوزەر نییە، بەڵکو پەردەلادانێکی ڕاشکاوانەیە لەسەر ڕوخساری ڕاستەقینەی ئەو سیستمە جیهانییەی کە ئێستا لەژێر سێبەری “دکتۆرینی ترامپ”دا پەرە دەستێنێت. ئەم پەیامە، مانیفێستی جیهانێکە کە تێیدا “شەریعەتی هێز” جێگەی هەموو بەها مرۆیی و یاساییەکانی گرتووەتەوە؛ جیهانێک کە تێیدا هێز تەنیا ئامراز نییە، بەڵکو خودی شەرعییەتە.

تۆم باراک، بەو لۆژیکە سارد و بێبەزەییەی کە تایبەتمەندیی سەرمایەداریی مۆدێرنە، ڕاستییەکی تاڵمان پێ دەڵێت: لە فەرهەنگی سیاسیی ئەمریکای نوێدا، دنیا تەنیا پارچە زەوییەکی بێخاوەن نییە، بەڵکو کۆمپانیایەکی فرەڕەهەندە. لێرەدا، جیهان لە ڕێگەی هاوێنەی (عەدەسەی) “سەفقە” و “قازانج”ەوە دەبینرێت. ئەوەی باراک وتی، تیرێک بوو بۆ دڵی هەموو ئەو خەیاڵ پڵاوە سیاسییانەی کە پێیان وایە کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ و بە “ئاشتی” دەبڕێنەوە. ئەو بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە ئاشتی بۆ “نەفامەکان”ە؛ چونکە لە دنیایەکدا کە تەنیا زمانی هێز دەناسرێت، جەنگ تاکە کارگەیە کە شەرعییەت و نەخشەی نوێ بەرهەم دەهێنێت.

ئەمە “دینی ڕاستەقینەی سەرمایە”یە؛ دینێک کە تەنیا یەک خوداوەند دەپەرستێت، ئەویش “قازانج”ە. لەم ئایینەدا، مەدەنییەت و مرۆییەت تەنیا کۆسپ و لەمپەرن لەبەردەم هەڵپەی چاوچنۆکانەی کۆمپانیا گەورەکاندا کە دەبێ تا ئەوەندەی دەکرێ لە دەستووری ژیان بکرێنە دەرەوە. هەر هێزێک، هەرچەندە دڕندە و خوێناوی بێت، ئەگەر بتوانێت خزمەت بەم شەریعەتی قازانجە بکات، ئەوا بە ئاوی پیرۆزی “بەرژەوەندی” غوسڵ دەدرێت و دەکرێتە کارەکتەرێکی ڕێزلێگیراوی ئەم شانۆگەرییە دڵڕەقانەیە.

ئەمڕۆ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم تاقیگەیەکی مەترسیداردایە. ئەمریکا دەیەوێت جوگرافیای سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەم ناوچەیە لەسەر بنەمای ئەم “گانگستەریزمە سیاسییە” دابڕێژێتەوە. ئەمە ئەو هەڵکەوتە سیاسییە ترسناکەیە کە هێنانەپێشی ترسناکترین هێزەکان، دڵڕەقترین ئایدیۆلۆژیا و دژەمرۆڤترین دوژمنانی مەدەنییەتی مرۆڤ دەخوازێ. “جۆلانی” و “داعش” و “کۆنترای ئیسلامی” زادەی ئەم نیازەن. ئیتر مێژوو، مەدەنییەت و هەر ئەمرێکی پێشڕەوی سیاسی و کۆمەڵایەتی هیچ ئیعتبارێکیان نییە؛ تەنیا ئەو هێزانە دەمێننەوە کە دەبنە پاسەوانی بەرژەوەندییەکانی سەرمایە، و ئەوانەشی کە ئامادە نین سەر بۆ ئەم شەریعەتە ئاسنینە دابنەوێنن، حوکمی “سڕینەوە” و “دەفنکردن”یان بۆ دەردەچێت.

ئەمە ڕوویەکی مانیفێستی ئەمریکایە بۆ سازدانەوەی دنیا؛ دنیایەک کە تێیدا بەشەرییەت وەک کۆمپانیایەکی زەبەلاح و بە دینی قازانج و بە شەریعەتی هێز بەڕێوە دەچێت. تۆم باراک و پەیامەکەی، ڕووی یەکەمی ئەم مانیفێستەیە و پڕۆژەکەی “لینسی گراهام” ڕووی دووەمی هەمان مانیفێستە و تەواوکەری یەکترن. یەکێکیان پێویستی بە کۆنترای ئیسلامی لە جۆری جۆلانی هەیە و دووەمیان پێویستی بە هێزێک هەیە کە کەمێک نزیکتر بێت لەو ئەرکانەی کە وەشانە دووڕووانەکەی لینسی گراهام بۆی دیاری کردووە. یەکێکیان بێدەمامکە و بێ ئەوەی پێویستی بە هیچ پاساوێکی تایبەت هەبێت، دەیەوێت ژیان و چارەنووسی مرۆڤ “موسادەرە” بکات، و دووەمیان دەیەوێت هەمان مەنتیق و هەمان شەریعەت بە زمانێکی نەرمتر، دیپلۆماسیتر و ئەخلاقیتر پاساو بدات.

پڕۆژەی لینسی گراهام، نوسخەی ئەخلاقییتری ئەمریکایە بۆ گۆڕینی کوردەکان و هەسەدە بە “کۆنترا مەدەنییەکان”ی ناو پڕۆژەی ئەمریکا؛ ئەمە هەوڵێکە بۆ داماڵینی شەرعییەت لە خواست، خەبات و مافی خەڵکی دانیشتووی کوردستانی سوریا بۆ بڕیاردان لەسەر شێوەی ژیانی خۆیان و بەرگریکردن لە مەدەنییەتی خۆیان.

ناسیۆنالیستە کۆنتراکانی کوردستانی عێراق (بارزانی و خێڵی تاڵەبانی) هەردووکیان بە هەموو شێوەیەک و لە ڕێگەی شین و شەپۆڕێکی میللیی بێناوەڕۆکەوە دەیانەوێت کوردستانی سوریاش بگۆڕن بۆ کۆپییەکی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان؛ تا خۆیان لەو “حەرەجە” سیاسی و جیدییە بپارێزن کە ڕەنگە یەخەیان بگرێت. ئەو حەرەجەی کە دەپرسێت: چۆنە هێزێکی وەک هەسەدە و خەڵکێکی گەمارۆدراوی ڕۆژاڤا بە ئیمکاناتێکی ئێجگار کەمتری سیاسی و ئابووری، دەتوانێت شەڕی داعش بکات، یاسای شارستانی پەسەند بکات و بەرگری لە جۆرێک سێکولاریزم بکات، بەڵام ئێوە تا کۆتایی ئامادە نەبوون کارکردن بە یاساکانی بەعس ڕابگرن؟ ئێوە حەوت هەشت ساڵ شەڕی گومرگ و “کەپکی حەمەدەغاکان” تان کرد و ئامادە بوون کوردستانی عێراق بکرێتە ئۆردوگایەکی گەورەی ئاوارەیی، بەڵام لەسەر پێشنیارکردنی ڕیفراندۆم و گەڕانەوە بۆ بڕیاری خەڵک و یاسایەک کە یەکسانیی ژن و پیاو بسەلمێنێت، چەپ و کۆمۆنیستەکانتان خەڵتانی خوێن کرد. سەرەنجام نەک هەر بوونە کۆنترا و بەشێک لە دەسەڵاتێکی کۆنەپەرستی دینی و عەرەبی لە عێراق، بەڵکو دەنگتان بە یاسای لاقەکردنی کچانی حەوت هەشت ساڵیش دا.

ڕێگەی خۆپاراستن لەو حەرەجە گەورەیە، خنکاندنی ڕووە گەشەکانی ئەزموونی کوردستانی سوریا و خەسڵەتە پێشڕەو و مەدەنییەکانی ڕۆژاڤایە؛ ئەوەش لە ڕێگەی نەڕەنەڕی بێناوەڕۆکی میللی و ئایدیۆلۆژی و لە ڕێگەی نان و کاری بەناو “خێرخوازی” کە لە ڕاستیدا “سەدەقە”یەکی سیاسییە بە ئامانجی “بە کوردستانی عێراق کردن”ی ئەزموونی ئەو ناوچەیە. هەڵپە و هەلهەلەی خێڵە ناسیۆنالیستەکانی کوردستانی عێراق بۆ ئەم نوسخە بەڕواڵەت ئەخلاقییەی پڕۆژەکەی لینسی گراهام، دەتوانێت ئەم بارە قورسە لە کۆڵ بارزانی و تاڵەبانی و ناسیۆنالیزمی کورد لە عێراق بکاتەوە. گۆڕینی پرسی ئەو خەڵکەی بەرگری لە مافی بڕیاردان و ژیانی سێکولاری خۆیان دەکەن بۆ کەیسی “کۆنترای مەدەنی” لە ناو پڕۆژەی ئەمریکادا، ئیتر خەیاڵی کۆنترا ناسیۆنالیستەکانی کوردستانی عێراق ئاسوودە دەکات.

چ لە سیناریۆکەی تۆم باراک و چ لە وەشانەکەی لیندسی گراهامدا، ئەوەی مسۆگەرە ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر خەڵک و شارستانییەت و سێکولاریزمی ئەم ناوچەیە ڕێگەی سازش هەڵبژێرن، “جۆلانی” و “کۆنترا”ی ئیسلامی هیچ جۆرە سازشێکیان لەگەڵ شارستانییەت و سێکولاریزم و ئازادییە مەدەنییەکاندا نابێت. خەیاڵپڵاوییە ئەگەر وێنا بکرێت سەرزەمینێک کە تێیدا ژن وەک بەشێکی سروشتی لە خەڵک ئەژمار دەکرێت و بەها مەدەنییەکان و کولتووری سێکولار و لاییکی تێدا پەیڕەو دەکرێت، بتوانێت لە هاوشانی لەگەڵ “کۆنترا”ی ئیسلامی و دژەشارستانییەتدا لە ئاشتیدا بێت.

شەرعییەتی مەدەنییانەی هەسەدە و هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە لەسەر پێداگری لەسەر دوو مەسەلەی گرنگ ڕاوەستاوە: یەکەمیان، ڕەتکردنەوەی دەستبەرداربوون لە پاراستنی مەدەنییەت و سێکولاریزم و ڕەتکردنەوەی دەسەڵات و یاسای داعشی، لەگەڵ پێداگری لەسەر مافی بڕیاردانی خەڵک لەسەر چارەنووسی خۆیان. دووەمیان، ڕەتکردنەوەی ئەوەی وەک “کۆنترا”یەکی تر لە ئەجێندای ئەمریکا و ڕۆژئاوادا ڕۆڵ بگێڕن. ئەم ڕاوەستانە تا ئێرە، لەلایەن کۆمۆنیزم، چینی کرێکار و مرۆڤایەتیی مەدەنییەوە جێگەی ئەوپەڕی پشتیوانییە و توانیویەتی سۆزی مرۆڤایەتی بەدەست بهێنێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.