ڕۆژانی چارەنوس چارەنوسساز لە ئێران و ئەگەری شکست و سەرکەوتنێکی سیاسی و ڕادیکاڵ!…نووسینی:ئیبراهیم حسێن

0

خەڵک دەسەڵاتیان دەوێت. ئەمە خەونێکی دوور نییە کە خەڵک تەنیا لە ناخیاندا هەڵیانگرتبێت، بەڵکو بابەتێکی ڕاستەقینەی ململانێیەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و مێژووییە کە لە ئێراندا دەستی پێکردووە. هەر ئێستا کرێکاران و ڕابەرانی ڕادیکاڵی کرێکاری و جەماوەریی ئێران، لە ناو جەرگەی ئەم ململانێ خوێناوییەدا خەریکی گیانبازین. ڕوونە کە کۆمەڵگەی ئێران چۆتە ناو ڕۆژانێکی چارەنووسساز و مێژوویی؛ ڕۆژانێک کە چارەنووسی کۆمەڵگە و داهاتووی ژیانی خەڵکی تێدا دیاری دەکرێت.

ئەگەرچی بەهۆی ئەو هۆکارە بنەڕەتییانەی کە ڕەگیان لە قەیرانی چارەسەرنەکراوی ڕژێمی ئیسلامی و سەرمایەداریی ئێراندایە، کۆتاییهاتنی ڕژێم بە هەر شێوەیەک بێت کەوتۆتە بەردەم حەتمیەتێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی قوڵەوە، بەڵام لەم ڕۆژانەدا هیچ شتێک حەتمی نییە و لە هەمان کاتدا هەموو شتێک ئەگەری هەیە. سەرکەوتن بەو ئەندازەیە گونجاوە کە شکستییش ئەگەری هەیە.

بەڵام ئەگەرێکی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئێران بەهۆی ئەو تایبەتمەندییانەی هەیەتی، دەکرێ ئومێدی سەرکەوتنێکی سیاسیی ڕادیکاڵ، ئازادیخوازانە و سۆسیالیستی لێ بکرێت.

هۆکارەکەشی ڕوونە؛ گوێ لە داواکارییەکانی ئەم خەڵکە کرێکار و زەحمەتکێشە بگرن، دەڵێن ئێمە مرۆڤین، کۆنەپەرستیمان قبووڵ نییە، سەرپەرشت و “کوێخا”ی بۆرژوا (چی ئیسلامی و ئاخوند بێت، یان جەنەڕاڵی بەکرێگیراوی بانکی نێودەوڵەتی و بازاڕ) قبووڵ ناکەین. چینى کرێکار و خەڵکی ئەم وڵاتە دەیانەوێت ژیانێکی باشتر بنیات بنێن و لە دەست کۆنەپەرستیی بۆرژوازی و ئاینیی سەردەم ڕزگاریان بێت. نەک تەنیا دەیانەوێت و ئارەزووی دەکەن، بەڵکو کردار و دیدگای خەڵک ئەوەیە کە بۆ ئەم ڕزگارییە دەبێت لە ڕووی سیاسییەوە سەرکەون و دەسەڵات بگرنە دەست.

سەیری جیهانی ئەمڕۆ بکەن، لە کوێی تری ئەم دنیایەدا خەڵکی ئازادیخواز چاوەڕوانییەکی ئاوایان لە خۆیان هەیە؟ نییە.

گومانی تێدا نییە کە سەرکەوتنێکی سیاسی، ئازادیخوازانە و ڕادیکاڵ لە ئێراندا، تا ڕادەیەکی زۆر و بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەستراوەتەوە بە هێز و ئاستی دەستێوەردان و ئامادەیی چینی کرێکار و بوونی ڕیزێکی سیاسیی کۆمۆنیستیی کرێکاری کە بۆ حەنگان و ڕۆڵگێڕان لەو ئاستە دا ئامادە بێت. ئەمەش پەیوەستە بە دروستکردنی دەستە و ئەنجومەنە نوێنەرایەتییەکانی کرێکاری و جەماوەری و کۆمیتەکانی کۆنترۆڵی کرێکاری بۆ ڕێبەرایەتیکردن و ڕێکخستنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک لەم ڕاپەڕینە مەزنەی ئەمڕۆی ئێراندا.

چینی کرێکار و بزووتنەوەی سێکولار و ئازادیخوازی ئێران خاوەنی هەزاران هەزار ڕابەری بوێر، ناسراو و ئازادیخوازن کە دەتوانن ببنە هەوێنی ڕاستەقینەی ڕێکخستنی ئیرادەی سیاسی و کردەوەی ڕاستەوخۆی جەماوەری، و هەر ئێستاش مۆتۆڕی ئەم ململانێ کۆمەڵایەتییەن.

کاتی ئەوە هاتووە کە ئەم بژاردەیە و ئەم تۆڕەی ڕابەرانی کرێکاری و جەماوەری، پێداویستییەکانی سەرکەوتنێکی سیاسی دابین بکەن، ڕێکبخرێن و دامەزراوە و ئۆرگانەکانی ڕابەرایەتیکردنی ئەم ڕاپەڕینە گەورەیە لەم وڵاتەدا ڕێکبخەن.

پرسیارە گرنگەکە لە ئێرانی ئەمڕۆدا ئەوەیە: کێن ئەوانەی ئیرادە و کردەوەی خەڵک لەم ساتە هەستیارەدا ڕێکدەخەن؟

کۆمۆنیزمی ڕاستەقینە هی ئەم ڕۆژانەیە، و ئەمە پێش هەر کەس و هێزێکی تر، بانگەوازێکە بۆ ئەو هێزانەی کە ئیلهام لە “هێڵی حیکمەت” (مەنسوور حیکمەت) وەردەگرن، کە بچنە ناو ئەم ململانێیە و بە هەموو توانایەکەوە بەشداری بکەن. سەرگێژخواردنی سەردەمی پاش حیکمەت وەلابنێن و یارمەتیی سەرکەوتنێکی سیاسیی کرێکاری و ڕادیکاڵ بدەن. هێڵێکی سیاسیی ڕادیکاڵ و کرێکاری و بەرنامەیەکی “دنیایەکی باشتر” بوونی هەیە، کە نەک تەنیا لەگەڵ ئارەزووی ئەم خەڵکە بۆ ڕزگاری دەگونجێت، بەڵکو ئەم کۆمەڵگەیە و چینی کرێکار بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن و ڕزگاری، بە توندی پێویستییان پێیەتی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.