هێزی ڕاستەقینەی گۆڕانکاری لە دەستی کێدایە؟… نووسینی: توانا حەمە نوری

0

باری دارایی و گوزەرانی خەڵکی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار. هەژاری وەک لافاو خەریکە هەموو کۆمەڵگە دەماڵێت. بۆ ئەوەی بزانین دۆخەکە چەند خراپە، تەنیا سەیری ئەم ژمارانە بکەن: نرخی دۆلار لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ٣ هەزار تمەنەوە ئێستا گەیشتووەتە دەوروبەری ٧٠ هەزار تمەن. ئەمە واتە بەهای پارەی گیرفانی خەڵک زیاتر لە ٢٠ ئەوەندە کەمی کردووە.
ئێستا زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی ئێران لەژێر هێڵی هەژارییەکی سەختدا دەژین. نرخی نان، شیر، گۆشت و پێداویستییەکانی تری ژیان بە شێوەیەک بەرز بووەتەوە کە زۆر خێزان گۆشتی سووریان لە ژەەمەکانیان سڕیوەتەوە. تێکڕای هەڵاوسان (گرانی) لە ئێراندا ساڵانە لە سەرووی ٤٠٪ بۆ ٥٠٪ تێپەڕ دەكات، ئەمەش وای کردووە خەڵک نەک هەر پاشەکەوتیان نەمێنێت، بەڵکو بۆ نانی شەویش کێشەیان هەبێت.
حکوومەتیش وەک ئەوەی خەڵک خزمەتکاری ئەو بن سەیریان دەکات؛ نە وەڵامێکی پێیە بۆ کێشەکان و نە دەشتوانی چارەسەریان بکات. تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا، بە سەدان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی جەماوەری لە شارە جیاوازەکان ڕوویان داوە. خەڵک لەبەر ناچاری و لەبەر بێ‌نانی، جارێکی تر ڕژاونەتەوە سەر شەقامەکان تا دژی ئەم هەموو گرانی و زوڵمە هاوار بکەن.
بەڵام کێشەکە لێرەدایە: ئەم خۆپێشاندانانە تەنیا لەبەر تووڕەیین و هیچ سەرکردە و پلانێکی ڕوونیان نییە. خەڵک دەڵێن “ئەم دەسەڵاتەمان ناوێت”، بەڵام نازانن بە چ بەرنامەیەک و بە کێ بیگۆڕنەوە. ئەمەش وای کردووە کە دەسەڵات بتوانێت بە ئاسانی درێژە بە تەمەنی خۆی بدات.
لەم نێوەندەدا، تەنیا هێزێک کە بتوانێت ئەم کۆمەڵگەیە ڕزگار بکات، “چینی کرێکار”ە. ئێمە باسی ملیۆنان مرۆڤ دەکەین کە لە کارگەکانی نەوت، گاز، پۆڵا و کەرتەکانی گواستنەوە و پەروەردەدا کار دەکەن. ئەگەر تەنیا کەرتی نەوت و گاز بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەست لە کار بکێشنەوە، دەسەڵات هەموو هێزی خۆی لەدەست دەدات، چونکە شادەمارە داراییەکەی دەبڕێت.
بەڵام کێشەکە ئەوەیە کرێکارەکان ئێستا یەکگرتوو نین و هەریەکە و بە جیا بۆ داواکاریی خۆی دێتە مەیدان؛ یەکێکیان بۆ مووچەی دواکەوتوو، یەکێکیان بۆ بیمە. تا کرێکارەکان نەبنە یەک دەست و ڕێکخراوێکی سەربەخۆ و بەهێزیان نەبێت، ئەم جووڵانەوانە هەر دووبارە دەبنەوە و لە کۆتاییدا بە سەرکوت و شکستهێنان تەواو دەبن.
ئەم دەسەڵاتەی ئێستا چیدی ناتوانێت وڵات بەڕێوە ببات. تەنیا لەبەر ئەوە ماوەتەوە کە خەڵک یەکگرتوو نین و سەرکردەیەکیان نییە. مانەوەی حکوومەت تەنیا بەهۆی ترس، زیندان و ئەشکەنجەوەیە. بودجەیەکی زەبەلاح کە دەبوو بۆ ئاوەدانکردنەوە تەرخان بکرێت، ئێستا بۆ هێزە ئەمنییەکان خەرج دەکرێت بۆ ئەوەی دەنگی خەڵک کپ بکەن.
مەترسییەکی گەورەش هەیە: ئەگەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش خۆیان نەبنە سەرکردەی ئەم خەباتە، وڵاتانی دەرەکی و دەوڵەمەندە مافیاکان کە چاویان لە سامانی ئێرانە، ئەم ڕاپەڕینە بۆ سوودی خۆیان بەکار دەهێنن. ئەوان لە میدیاکانیانەوە وا نیشان دەدەن کە خەمخۆری خەڵکن، بەڵام لە ڕاستیدا دێن و حکوومەتێک لادەبەن، تەنیا بۆ ئەوەی دکتاتۆرییەکی تر بە بەرگێکی نوێوە و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەسەر خەڵکدا دەسەپێننەوە.
کەواتە تەنیا دوو ڕێگا لەبەردەم خەڵکی ئێراندایە:
١. یان دەبێت کرێکاران و خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش بە هێزێکی یەکگرتوو، بە بەرنامەیەکی ڕوون و بە سەربەخۆیی بێنە مەیدان و چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە بگرن.
٢. یان ئەوەتا جارێکی تریش دەسەڵاتدارانی تر بە ناوی جیاواز و دروشمی بریقەدارەوە دێن و دەست دەگرن بەسەر ژیان و سامانی خەڵکدا و هەمان چەرخەی زوڵم بەردەوام دەبێت.
سەرکەوتنی ڕاستەقینە تەنیا کاتێک دێت کە “ئەوانەی بەرهەم دەهێنن، خۆشیان بڕیار بدەن”.

Leave A Reply

Your email address will not be published.