ژەنەڕاڵی پایزو… قەلە ڕەشەکەی ئەدگار ئالان پۆ…! نووسینی:جەمال نوری
مانگێک بەر لە مەرگی” محمد عومەر عوسمان ” ی شاعیر حەزم کرد لەنزیکەوە بیبینم، دوای تەلەفۆنکردن، زانیم لەماڵی باوکێتی لەگەرەکی ئیسکان و سەرم لێیدا.
یەکەمجار بوو دوای سی ساڵی تێکەڵاوی و ناسین هیچ کاتێک حەمە عومەرم بەو جۆرە نەبینی بوو، ماڵێکی ساردو سڕ، قاپوقاچاخێکی نەشۆراو سەرو ڕیش هاتوو لەو بەر ژووری هۆڵەکەیانەوە باوکی لەجێگادا کەتبوو دووچاری نەخۆشی سەرەتان ببوو، هێندەش بەسەر مەرگی گوزیدە خانمی دایکیداتێنەپەڕی بوو .
وەک وتوویانە مناڵ بە مردنی دایکی هەتوو دەکەوێ، حەمەعومەریش مردنی دایکی کاریگەریەکی هێجگار خراپی کردبووەسەری کەموومکین نەبوو لەدوای ئەو کۆستە گەورەیە حەمە بتوانێبژی، چوون گوزیدە خان هەر بەتەنها دایک نەبوو بۆ ژەنەرالی پایز،بەڵکو هەموو کەسی بوو، هێزو وزەو ئێنرجی ڕۆژانەی ناوپێکەنینەکانی حەمە عومەرو پیاسەیەکی دوورو درێژی نیوەشەوانی تەنیایی حەمە عومەر بوو .
دایکی وەک مناڵێکی دەساڵان بەردەم لەخەمی ئەم مرۆڤە پاک بێگەردەی ئێمەدا بوو ،هەربۆیە بەمردنی دایکی دنیاش لەحەمەعومەر سەندرایەوە و تەنیایی و یادو یادەوەریی ئەو ماڵەی مۆزەخانەیەک بەجێما بوو پڕاو پڕ لە بیرەوەریی تاڵ و شیرین پڕپڕ لە نزا بەجێماوەکانی دایکی کە بەردەوام لەدوای هەر چوونەدەرەوەیەکی حەمە عومەر بۆی دەخوێند، ئەم سەفەرە بەراستی حەمە عومەرێکی ترم بینی، بێ تاقەت لەناو قوڵایی خەمەکانیخۆیدا غه رق ببوو .
دوای سلاوکردن وتم حەمە گیان ئەوە ئەو نوسینەم لە ئەدەب وهونەر بڵاوکردۆتەوە لەسەر (دەست لەلای شاعیران) بەنموونە لای (حەمە عومەر عوسمان) و (شێرکۆ بێکەس) .
لە چاوەڕوانی ئەوەدا بووم پێم بڵێ دەستت خۆش بێ و ئەی کوانوسخەی ڕۆژنامەکە، بەڵام هەر خۆشی تێنەگەیاند و وتی تۆ وازلەوشتانە بهێنە، با بچم برنج و شلەیەکت بۆ بهێمن خۆم لێم ناوە بزانە چۆنە، مەعرەزێک لە هۆڵەکەیاندا بوو لەیەکێک لە خانەکەیدا تابلۆیەکی تیابوو لێیوورد بوومەوە سەیرم کرد تابلۆکە بە توێکلی هێلکەکرابوو وتم حەمە گیان ئەم تابلۆیە سەرنج راکێشە
هی کێیە؟ وتی ئەوە خۆم دروستمکردووە وێنەی قەلە ڕەشێکە وسەرو دەنووکیم دەرخستوە، کەوتی قەڵە رەشە راستەوخۆ ترسی (قەڵەرەشەکەی🦩)* (ئەدگار ئالاپۆم) وەبیرهاتەوە.زیاتر ڕۆچوومەبیرکردنەوەی ئەوەی بۆچی حەمە عومەرەکەی جاران نییە، ئەی ئەم تابلۆیەی قەڵەڕەشی بۆ کێشاوە لەم کاتەدا، بەراستی ئەم سەفەرە منی ترساند کە هەموو کۆدەکان لەم بینینەیدا بخوێنمەوە، ئەویش حەمەیە کە ترسێکی رەشی قەترانی دایگرتوەو سەرتاپای جەستەی داپۆشیوەو ئەو قەلە ڕەشەی لە چیرۆکەکەی ئەدگار ئالانپۆدایەو بۆتە مێردەزمەی مەرگو هەرجارەی لەسەر درەختی ماڵەکەیدا بنیشێتەوە و بقیژێنێ دوای ئەوە یەکێک لەئەندامی خێزانی کاراکتەری ناو چیرۆکەکەی (ئالان پۆ) دەمرێ، بۆیە خەم دایگرتم دەمزانی حەمە عومەر ئابەجۆرە خۆی دەبینێتەوە، چون بەتەنیا خۆی و باوکێکی پیری توش بووی سەرەتان ماوەتەوە لەو ماڵەی ڕۆژانێ بوو پڕ بوو لە نەغمەی جوان، لەئاوازی خۆش نوودی .
هێندەی نەخایاند پێووتم حەزدەکەم بەتەنیا بم، تێگەیشتم دنیاکەی حەمە عومەر نەماوەو سەرقاڵی ڕۆژێکە کە دواجار کۆتایی بەخۆی بهێنێ و بەدایکی شاد بێتەوە .!*.
*🦩 شیعری «قەلەڕەش» چیرۆکئامیزە لە ساڵی (١٨٤٥) دانووسیویەتی، ریتمدار و هارمۆنیادار و مۆسیقائامێزە،
وەرگێڕانی ئاسان نییە. ئەدگار ئالان پۆزمانێکی زێدە شیرین وناوازەی هەبووە، کۆی ئەزموونی ئەدەبی فانتازی و خەیاڵبازییە، بەڵام پەیوەستە بە ژیانی راستەقینەی ملیۆنەهاوە. پوختەی شیعرەکە بەندە بە گێڕانەوەی چیرۆکی پیاوێکی عاشق و دێوانە وشپرزە و سەرگەردان کە قەلەڕەشیک بێ پرس و مۆڵەت دەبێت بەمیوانی، کۆی سەرگوزشتەی دەردی دڵداری و دەروونبیماریی ئەوعاشقە وەک گڕکانێک دەتەقێنێتەوە کە زێدە سەراسیمەیە!