لە ژیانی تایبەتی کارل مارکسدا پۆڵ لافارگ – ١٨٩٠ پیاوێک بوو، بە گشتی کەسێکی وەک ئەو دووبارە نابینمەوە… (هاملێت، بەشی یەکەم، دیمەنی ٢)…  بەشی چوارەم و کۆتایی

0

٣

مارکس وه‌ك سه‌ركرده‌ی بۆرژوازییه‌ ڕادیكاڵه‌كان ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام هه‌ر زوو هاوڕێكانی پشێویان لێكرد و پشتیان تێكرد كاتێك كه‌ به‌رهه‌ڵستییه‌كانی په‌ره‌یسه‌ند و وه‌ك دوژمنێك سه‌یریان كرد كاتێك كه‌ بوو به‌ سۆشیالیست. ئه‌و له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ركرا و ناوی زڕێنرا، پاشان پیلانگێڕییه‌كی بێده‌نگی له‌ دژی ئه‌و و كاره‌كانی دروستكرا. كتێبی “هه‌ژده‌یه‌مین برومێر”، كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت ماركس ته‌نها مێژوونووس و سیاسه‌تمه‌داری ساڵی ١٨٤٨ بووه‌ كه‌ سروشتی ڕاسته‌قینه‌ی هۆكاره‌كان و ئه‌نجامه‌كانی كوده‌تاكه‌ی 2ی كانوونی یه‌كه‌می ١٨٥١ی تێگه‌یشتووه‌ و ئاشكرا كردووه‌، به‌ ته‌واوی پشتگوێ خرا. سه‌ره‌ڕای نوێبوونه‌وه‌ی كاره‌كه‌، ته‌نانه‌ت یه‌ك ڕۆژنامه‌ی بۆرژوازیش ناوی نه‌برد.

كتێبەكانی “هه‌ژاری فه‌لسه‌فه‌”، كه‌ وه‌ڵامێك بوو بۆ “فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ژاری”، و “به‌شدارییه‌ك له‌ ڕه‌خنه‌گرتنی ئابووری سیاسی” هه‌روه‌ها پشتگوێ خران. ئینته‌رناسیۆنالی یه‌كه‌م و یه‌كه‌م كتێبی “سه‌رمایه‌” ئه‌م پیلانگێڕییه‌ بێده‌نگییه‌یان شكاند دوای ئه‌وه‌ی پازده‌ ساڵ به‌رده‌وام بوو. ماركس نه‌ده‌كرا ئیتر پشتگوێ بخرێت: ئینته‌رناسیۆنال گه‌شه‌ی كرد و جیهانی به‌ ده‌ستكه‌وته‌ ناوازه‌كانی پڕكرد. هه‌رچه‌نده‌ ماركس له‌ پشته‌وه‌ مایه‌وه‌ و ڕێگه‌ی دا كه‌سانی تر كار بكه‌ن، به‌ڵام زۆر زوو ئاشكرا بوو كه‌ پیاوه‌كه‌ی پشته‌وه‌ی په‌رده‌ كێیه‌.

پارته‌ سۆشیال دیموكراته‌كه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا دامه‌زرا و بوو به‌ هێزێك كه‌ بیسمارك پێش ئه‌وه‌ی هێرشی بكاته‌ سه‌ر، لێی نزیك بووه‌وه‌. شوایتزه‌ر، یه‌كێك له‌ شوێنكه‌وتوانی لاسال، زنجیره‌یه‌ك وتاری بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ماركس زۆر به‌رز نرخاندنی، بۆ ئه‌وه‌ی “سه‌رمایه‌” بگه‌یه‌نێته‌ ده‌ستی خه‌ڵكی كرێكار. به‌ پێشنیارێك له‌لایه‌ن یۆهان فیلیپ بێكه‌ر، كۆنگره‌ی ئینته‌رناسیۆنال بڕیارێكی په‌سه‌ند كرد كه‌ سه‌رنجی سۆشیالیسته‌كانی هه‌موو وڵاتان بۆ “سه‌رمایه‌” ڕابكێشێت وه‌ك “ئیمامی چینی كرێكار”.

دوای ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی ١٨ی ئازاری ١٨٧١، كه‌ خه‌ڵك هه‌وڵیان ده‌دا وه‌ك كاری ئینته‌رناسیۆنال سه‌یری بكه‌ن، و دوای شكستی كۆمۆنه‌، كه‌ ئه‌نجومه‌نی گشتیی ئینته‌رناسیۆنالی یه‌كه‌م به‌رگری لێكرد له‌به‌رامبه‌ر توڕه‌یی ڕۆژنامه‌ بۆرژوازییه‌كانی هه‌موو وڵاتان، ناوی ماركس به‌ هه‌موو جیهاندا بڵاو بووه‌وه‌. ئه‌و وه‌ك گه‌وره‌ترین تیۆریزان و ڕێكخه‌ری یه‌كه‌مین بزووتنه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی چینی كرێكار ناسێندرا.

سه‌رمایه‌” بوو به‌ په‌رتووكی ده‌ستی سۆشیالیسته‌كانی هه‌موو وڵاتان. هه‌موو ڕۆژنامه‌ سۆشیالیستی و كرێكارییه‌كان تیۆرییه‌ زانستییه‌كانیان بڵاو كرده‌وه‌. له‌كاتی مانگرتنێكی گه‌وره‌دا كه‌ له‌ نیویۆرك ڕوویدا، بڕگه‌گه‌لێك له‌ “سه‌رمایه‌” به‌ شێوه‌ی بڵاوكراوه‌ بڵاو كرانه‌وه‌ بۆ هاندان و وریاكردنه‌وه‌ی كرێكاران و نیشاندانی ڕه‌وایه‌تی داواكانیان.

سه‌رمایه‌” وه‌رگێڕدرایه‌ سه‌ر زمانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌وروپا – ڕووسی، فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی، و بڕگه‌گه‌لێكی لێ بڵاوكرایه‌وه‌ له‌ ئه‌ڵمانی، ئیتاڵی، فه‌ره‌نسی، ئیسپانی و هۆڵه‌ندی. هه‌ركاتێك كه‌ نه‌یاره‌كان له‌ ئه‌وروپا یان ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵیان ده‌دا تیۆرییه‌كانی پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌، ئابووریناسه‌كان ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامێكی سۆشیالیستییان ده‌درایه‌وه‌ كه‌ ده‌میانی داده‌خست. “سه‌رمایه‌” به‌ڕاستی ئه‌مڕۆ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆنگره‌ی ئینته‌رناسیۆنال ناوی لێنا – ئینجیل یان ئیمامی چینی كرێكاران.

ئه‌و به‌شه‌ی ماركس ده‌بوایه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی نێوده‌وڵه‌تیدا بیگێڕێت، كاته‌كه‌ی له‌ چالاكییه‌ زانستییه‌كانی ده‌گرت. مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی و مردنی كچه‌ گه‌وره‌كه‌ی، خاتوو لۆنگێ، هه‌روه‌ها كاریگه‌ری نه‌رێنییان له‌سه‌ر هه‌بوو.

خۆشه‌ویستی ماركس بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی قووڵ و نهێنی بوو. جوانییه‌كه‌ی شانازی و دڵخۆشی ئه‌و بوو، نه‌رمونیانی و دڵسۆزییه‌كه‌ی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌كانی ژیانی پڕ له‌ ڕووداوی وه‌ك سۆشیالیستێكی شۆڕشگێڕی بۆ سووك كردبوو. ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی كه‌ بووه‌ هۆی مردنی جێنی ماركس، ژیانی هاوسه‌ره‌كه‌یشی كورته‌وه‌ كرد. له‌ درێژایی نه‌خۆشییه‌ درێژ و ئازاراوییه‌كه‌یدا، ماركس، كه‌ له‌ بێخه‌وی و كه‌می جووڵه‌ و هه‌وای پاكدا ماندوو ببوو و له‌ ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ بێزار بوو، تووشی نه‌خۆشیی هه‌وكردنی سییه‌كان بوو كه‌ ده‌یبرده‌وه‌.

له‌ ٢ی کانوونی یه‌که‌می ١٨٨١، خاتوو مارکس گیانی لەدەستدا، وه‌ک کۆمۆنیستێک و ماتریالیستێک که‌ هه‌موو ژیانی به‌و شێوه‌یه‌ ژیابوو. مردن هیچ ترسێکی بۆ دروست نه‌کردبوو. کاتێک هه‌ستی به‌ نزیکبوونه‌وه‌ی کۆتایی ژیانی کرد، هاواری کرد: “کارل، هێزه‌کانم له‌ده‌ست ده‌ده‌م.” ئه‌مانه‌ کۆتا وشه‌کانی بوون.

له‌ گۆڕستانی هایگه‌یت، له‌ ٥ی کانوونی یه‌که‌م به‌ خاک سپێردرا. به‌پێی شێوازی ژیانی خۆی و مارکس، هه‌موو هه‌وڵێک درا بۆ ئه‌وه‌ی ناشتنه‌که‌ی گشتی نه‌بێت و ته‌نها چه‌ند هاوڕێیەکی نزیکی تاوه‌کو شوێنی پشوودانی کۆتایی یاوه‌رییان کرد. ئه‌نگڵسی هاوڕێی دێرینی مارکس وتارێکی له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ی پێشکه‌ش کرد.

دوای مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی، ژیانی ماركس بریتی بوو له‌ زنجیره‌یه‌ك ئازاری جه‌سته‌یی و ده‌روونی كه‌ به‌ خۆڕاگرییه‌كی زۆره‌وه‌ به‌رگه‌ی گرتن. ئه‌و ئازارانە‌ به‌هۆی مردنی له‌ناكاوی كچه‌ گه‌وره‌كه‌ی، خاتوو لۆنگێت، دوای ساڵێك، زیاتر توندتر بوون. ئه‌و شكا و هه‌رگیز چاك نه‌بووه‌وه‌. مارکس له‌ ١٤ی ئازاری ١٨٨٣، له‌سه‌ر مێزی كاره‌كه‌ی، له‌ ته‌مه‌نی شه‌ست و چوار ساڵیدا گیانی له‌ده‌ستدا.

 

* پۆڵ لافارگ (کانوونی دووەمی ١٨٤٢ – ٢٥ی تشرینى دووەمی ١٩١١) نووسەرێکی سۆشیالسیتی فەڕەنسی، ئابووریناس، ڕۆژنامەنووس، ڕەخنەگری ئەدەبی و چالاکوانێکی سیاسی بوو کە لە کووبا لەدایکبوو بوو. ناسراوترین کاری بریتییە لە “مافی تەمبەڵی”. لافارگ دایکی کووبی و باوکی فەڕەنسی بوو، زۆربەی ژیانی لە فەڕەنسا بەسەر بردووە، لەگەڵ ماوەیەک لە ئینگلتەرا و ئیسپانیا.  لافارگ زاوای کارڵ مارکس بوو، لەگەڵ دووەم کچی، لاورا، هاوسەرگیری کردبوو. لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا، ئەو و لاورای ٦٦ ساڵان پێکەوە لە ڕێککەوتنێکی خۆکوژیدا مردن.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.