لەبەرگری لە دواین قەڵا وەڵامێک بە هاوڕێ موئەییەد احمد و برادەرانی چەپ… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

ئەم ڕۆژانە کەشوهەوای سیاسی عێراق و کوردستان شایەتی کێشمەکێشێکی جیددی و سەرنجڕاکێشە لە نێوان کۆمۆنیزمی چەپ و کۆمۆنیزمی کرێکاری و حیزبەکانی لە عێراق و کوردستان. لەگەڵ ئەوەی حیزبەکانی خەتی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان نیەت و سیاسەتی خۆیان سەبارەت بە پێویستی بەشداریکردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاند، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و تۆمەت لەلایەن کۆڕ و کۆمەڵ و کەسایەتییەکانی چەپی ڕادیکاڵەوە لێشاوی بەست. لە هەر لایەکەوە گوێمان لە نرکە و هاوارێک دەبێ کە کۆمۆنیزمی کرێکاریی کردۆتە ئامانجی خۆی. هەر دەستێک کە توانای نووسینی دوو وشەی هەبێت، دەست دەداتە قەڵەم و ئەم خەتە و حیزبەکانی بە ئەنجامدانی گوناهێکی نەبەخشراو تۆمەتبار دەکا. بەڵگە و بەهانەکانی هەموو ئەم ئەدەبیات و ئەم وێرد و دوعا ئیدیۆلۆژیانەی کۆڕ و کۆمەڵەکانی چەپ کە ئاراستەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و حیزبەکانی دەکرێ، ئەوە نییە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێ گوایە ئەم خەتە کۆمۆنیستییە و حیزبەکانی لە عێراق و کوردستان لە خەوی قوڵی کەروێشکدا بوون و ئێستا لەپڕ بەو سەرەنجامە گەیشتوون کە پەرلەمان و هەڵبژاردن و دیموکراسی ئەوەندەش نا ئازاد و پووچ نین کە نەکرێ ئومێدی هیچ ئاڵوگۆڕێکیان بە قازانجی خەڵک و چینی کرێکار لێ چاوەڕوان بکرێ. بەڵکو هەوڵ و تەقەلای چەپ و ئەم هەموو هاتو هاوارەی (مەکەن و مەڕۆن) ئەوەیە کە بە هەر نرخێک بووە ئەم خەتە و حیزبەکانی لە خزان بۆ ناو گۆڕەپانی دڵڕەقانە و پیسی دنیای سیاسەت و کێشمەکێشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەستتێوەردان پەشیمان بکاتەوە، نەبادا لەگەڵیشیدا ئەم چەپەش ڕابکێشێتە ناو ئەم سەرقاڵییە کۆمەڵایەتییەی سیاسەت و کێشمەکێشی سیاسییەوە. سەرنجڕاکێشە، یەکێک لە ڕابەرانی ئەم خەتە، موئەید ئەحمەد، لە گفتوگۆیەکی دا وتی کە ئەوان نیگەرانن لەوەی کۆمەڵگە تاوانی ئەم سیاسەتە و ئەم شێوەی هەڵوێستگرتنە لەسەر ئەوانیش بنووسێ و بەو پێیە بێ، ئەوکات ئەوانیش ناچار دەبن کە زیانەکانی ئەم سیاسەتە ڕاست بکەنەوە. بۆیە دەبێ بیسەلمێنین کە ترس و خۆفی چەپ لە خزانی پێی کۆمۆنیزم و حیزبەکانی بۆ ناو گۆڕەپانی واقیعی کێشمەکێشی سیاسی واقیعییە، بەڵام نەک بەو مانایەی کە هاوڕێ موئەییەد و چەپ بە گشتی وێنای دەکەن. بەڵکو ترسە واقیعییەکەی چەپ ئەوەیە کە ئەم داکشانەی خەتی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و حیزبەکانی بۆ ناو گۆڕەپانی دەستتێوەردانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەو قەڵایەی کە چەپ ساڵانێکە تیایدا پەنای گرتووە و ئەوانی لە بەڵا و سەرئێشەکانی دنیای سیاسەت پاراستووە، بە تەواوی دەڕووخێ. چەپ دەزانێ و نیگەرانی ئەوەیە ئەو ڕۆژەی کۆمۆنیزمی کۆمەڵگە و حیزب و کەسایەتی و ڕابەرانی ئەم خەتە ڕادیکاڵە پێ دەنێنە مەیدانی کێشمەکێشی واقیعی سیاسی لە ئاستێکی گەورەی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ کۆنەپەرەستی بۆرژواییدا، پۆز و لافی ڕادیکاڵ بوون لێدان چیتر ئەوەندە ئاسان نابێ. چونکە ئامادەبوون لەم مەیدانی کێشمەکێشە واقیعی و ڕاستەقینەکەدا خەرجی هەیە، ڕاکێش ڕاکێشی تێدایە، کوتەککاری و لێدان و جوێن خواردن و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ میلیشیا و مەلا و ئاخوند و پۆلیس و تیرۆر و زیندان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ڕۆژێک لەگەڵ نووسەرانی نان بە نرخخۆری تێدایە. مێژووی واقیعی نیشانی داوە ئەم شێوە دەستتێوەردانە سیاسی و جیددییە و لە ئاستێکی وەها گەورەی کۆمەڵایەتیدا و بە دەستەوەگرتنی میکانیزمە واقیعی و کۆمەڵایەتییەکانی هەڵسووڕانی سیاسی، کاری مەحفەل و بازنە و سێکتی ئایدیۆلۆژی نییە و بە شێوەکاری مەحفەلی و سەرسووژنی ناکرێ، بەڵکو بە حیزبی سیاسی و ڕابەرانێکی سیاسی و ڕادیکاڵ و کەسان و شێوەکارێک دەکرێ کە ئامادەبن بە شێوەی کۆمەڵایەتی و لە ئاستی کۆمەڵگەدا بۆ شکاندنی کۆنەپەرەستی بۆرژوایی و بۆ سەرکەوتنی خۆی لە هەمان مەیداندا بجهەنگێ. هەر لەبەر ئەوە و هەر بەم هۆکارە چەپ خەریکە بە هەموو توانای خۆیەوە بەرگری لەم قەڵا دوور لە جیهانەی خۆی دەکا و ئامادە نییە کە بە جێی بهێڵێ و بۆ ئەو کارە جگە لە پەنابردن بۆ بەهانەی ئایدیۆلۆژی هیچی تری پێ نییە. بێگومان ئەگەر هاوڕێ موئەید ئەحمەد و حەوارییەکانی چەپ ئامادە نین لەم قەڵا خۆکردەیان بێنە خوارەوە و تا هەر کاتێک بیانەوێت گەمارۆدراو لەو قەڵایەدا بمێننەوە، ئەوە کێشەی خۆیانە، بەڵام مافیان نییە و ئێمەش ڕێگەیان پێنادەین ڕواڵەتی کێشەکە بگۆڕن. کەواتە وەک ئەوەی باسمان کرد، کێشەی ئەوان ئەوە نییە گوایە کە شێواز و دید و ڕەخنەی چینایەتی ئێمە بەرامبەر بە پرسی پەرلەمان و دیموکراسی گۆڕابێت، بەڵکو ئەوەیە کە خەتی کۆمۆنیزمی کرێکاری و حزبەکانی هەنگاویان ناوەتە ناو گێژاوی ململانێی سیاسی و دەڵێن دەبێت کۆنەپەرەستی بۆرژوایی لە گۆڕەپانی خۆیدا بشکێندرێت. بەهانەیەکی تری چەپ بۆ خۆدزینەوە لە گێڕانی ڕۆڵێکی لەو جۆرە و پیادەکردنی ئیرادەیەکی سیاسی جیددی لەو جۆرە، بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز بە قازانجی خەباتی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش لە پێناو ژیان و چارەنووسێکی باشتر، ئەوەیە پێکهاتەی سیاسی ئێستا و پڕۆسەی سیاسی دواکەوتوو و بۆرژواییین. بەڵام ئەم بەهانەیە لە باشترین حاڵەتدا زۆر ساویلکانەیە. چونکە گومانی تێدانییە ئەگەر ئەمانە دواکەوتوو و بۆرژوا نەبوونایە و پێشکەوتنخواز و مۆدێرن بوونایە، کارەکە زۆر ئاسان دەبوو و پێویستی بە زەحمەتێکی ئەوتۆ و ئیرادە و کارێکی سیاسی ئەوتۆ نەدەبوو. لە جیاتی برادەرانی چەپ ئەوان دەچوون بەرگرییان لە حورمەتی ژن دەکرد، ئەوان دەچوون مافی هاوڵاتی بوونی یەکسانیان دەکردە یاسای کارپیكراوی وڵات و ئەوان دەچوونەوە بە گژ فیدراڵیزەکردنی یاساکانی وڵات و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک. ئەوان دەچوون مافە فەردی و مەدەنییەکانی خەڵکیان لە ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی و ڕێکخراوبوونەوە تا ئازادی مانگرتن هتد بە یاسا ڕادەگەیاند. ئیتر ئەو کات و لە سیناریۆیەکی بەو شێوەیەدا هاوڕێ چەپەکانمان بە ئاسانی لە هەموو ڕۆڵێک مەرەخەس دەبوون و پێویستی بە ماندووبوون و ڕاکێش ڕاکێشێکی سیاسی و ریسک و سەرئێشەی سیاسی زۆر نەدەبوو. بەڵام دروست لەبەر ئەوەی ئەمانە دواکەوتوون، لەبەر ئەوەی ئەمانە بۆرژواین، گۆڕینی هەلومەرجەکە و هاوسەنگی هێز بە هەر ئەندازەیەک بە قازانجی چینی کرێکار و کۆمۆنیزم و ئازادی و دەستتێوەردانی خەڵک، پێویستی بە دەستتێوەردانێکی تایبەت و پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی تایبەتی کۆمۆنیزمی کۆمەڵگە و حزبەکانی هەیە. برادەرانی چەپمان لە لایەکی ترەوە لە پشتبەستن و گەڕانەوەی ئێمە بۆ شێوەی لینین نیگەرانن و دەڵێن کات و زەمان گۆڕاوە و گوایە ئێمە لینینمان لە سیاقی مێژوویی و کۆمەڵایەتی خۆی دەرهێناوە بۆ ئەوەی چەپی پێ بکوتین. برادەرانی چەپ لەم بارەشدا دیسان لەسەر حەق نین و ئێمە لەو جەدەلەدا ئەو دەرک و تێگەیشتنەی لینینمان وەرگرتووە کە دەوری پراکتیک و هەڵسوڕان و ئیرادە لە بەدیهێنانی گۆڕانکاریدا بە هەند وەردەگرێ لە مێژوودا. هەڵبەتە چوارچێوە و سیاقی مێژووی کۆمەڵایەتی کێشمەکێشی چینایەتی گۆڕاوە، بەڵام ئەم بابەتەی کە لینین و لینینیزمی کێشایە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی چارەنووسساز لەگەڵ چەپی ڕادیکاڵی ئەو سەردەم، ئێستاش بە هێزی خۆیەوە ماوەتەوە و سەنتیمەترێک ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەهاتووە. حیکمەت جارێک وای نووسی و شایەد باشتر بێ ئەم وەڵامە بە چەپیش هەر بەو دەربڕین و هاوارەی ئەو کۆتایی پێ بهێنم: (ئێمە دەبێت حیزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاریی دروست بکەین کە لە کۆمەڵگادا، لە گۆڕەپانی شەڕی چینەکان لەسەر چارەنووسی کۆمەڵگە، ئامادەیی هەبێت و ببینرێت، نەک تەنها ناوێک بێت لە خوار بڵاوکراوەکانی ڕێکخراو لەو بازنە دیاریکراوانەدا. ئەمە ئەو ئەرکەیە کە ئەمڕۆ لەبەردەمماندایە. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری وەک حیزبێکی کرێکاری، حیزبێک کە لەسەر ململانێکان و ململانێ دیاریکەرەکان لەسەر مارکسیزم و جیاوازی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە کۆمۆنیزمی بۆرژوازی دامەزراوە. ئەمڕۆ گەیشتووەتە شوێنێک کە تاکە ڕێگەی چوونەپێشەوەی تێگەیشتنە لە پەیوەندی حیزب و کۆمەڵگە و تێگەیشتنە لە چەمکی میکانیزمی کۆمەڵایەتی بەدەستهێنانی دەسەڵات. مەبەستم لە بەدەستهێنانی دەسەڵات هێرشی ڕۆژی کۆتایی بۆ سەر کۆشکی زستان و پێکهێنانی حکومەت نییە، بەڵکو مەبەستم بەهێزبوون و کاریگەر بوونی حیزبە لە کۆمەڵگادا بە شێوەیەک کە یەکێک بێت لە پایە گرنگەکانی ململانێی چینەکان لەسەر دەسەڵات، و نەتوانرێت لە سەرووی ئەوەوە هیچ شتێک بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنرێت. ئەمە ئێستا دەستی پێکردووە و ئێمە چرۆکانی دەستپێکی ئەم پرۆسەیە دەبینین و شاهێدین کە چەندە بە خێرایی لە پێشڕەویدایە. هاوڕێیان، سەرکەوتن بەسەر بۆرژوازیدا دەبێت لەسەر زەویی ئەوان بەدی بهێنرێت. ئێمە لە کۆنگرەی خۆماندا بەسەر کەسدا سەرناکەوین. دەسەڵاتی سیاسی لەنێو کەمپی خۆماندا بەدەست ناهێنین. بۆیە دەبێت بچینە سەر زەویی ئەوان، و ئێمەش دەچینە سەر زەویی ئەوان. دەبێت خۆمان بۆ گێڕانی ئەم ڕۆڵە ئامادە بکەین. لە هەر شوێنێکەوە هاتبێین، چ بانگەشەکارێکی سیاسی بووبین و چ سەرکردەیەکی کرێکاری و چ پارتیزان، چ شاعیر و نووسەر، ئێستا گەیشتووینەتە شوێنێک دەبێت ڕۆڵەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی بگرینە ئەستۆ و بیانگێڕین. و وەک کەسایەتییە زیندووەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی کرێکاری وڵاتێک هەستین و قسە بکەین، لەگەڵ هەموو کۆمەڵگادا قسە بکەین.) `

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.