ئیمپریالیزمی جیهان، میرنشینەکانی کەنداو، میلیشیا پرۆکسییەکان و تاڵانکردنی سوودان “سەرمایە، لە سەرانسەری لەشییەوە، لە هەموو کون و کەلێنێکییەوە خوێن و چڵکی لێدێت”.
نووسینی: ناسر زەمانی
لە فارسییەوە کراوەتە کوردی
لە سێ ساڵی ڕابردوودا سوودان بووەتە گۆڕەپانی یەکێک لە کارەساتبارترین شەڕە ناوخۆییەکانی جیهان. شەڕی نێوان هێزەکانی سوپای سوودان و میلیشیای ناسراو بە “هێزەکانی پشتیوانی خێرا” (RSF) تەنها لە ئەنجامی ناکۆکییەکی ناوخۆییەوە سەریهەڵنەداوە، بەڵکو بەهۆی ڕکابەریی زلهێزە ئیمپریالیستی و نیمچە ئیمپریالیستییەکانەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان و پێگەی جیۆپۆلەتیکی ئەم وڵاتە بووە. داگیرکردنی شاری الفاشر، ناوەندی ویلایەتی دارفوری باکوور، لەلایەن هێزەکانی RSF لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لووتکەی ئەم پڕۆسەیە بوو. ئەم شارە کە دوا پێگەی هێزەکانی حکومەت بوو لە ڕۆژئاوای وڵات، بە پاشەکشەی سوپا کەوت و ئێستا بووەتە گۆڕەپانی کۆمەڵکوژی و گەمارۆدانی دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی. ڕاپۆرتە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەموو کاتژمێرێک چەندین منداڵ بەهۆی برسێتی، نەخۆشی و توندوتیژییەوە گیان لەدەست دەدەن و پەیوەندییەکانی ئینتەرنێت و ڕاگەیاندن لە ناوچەکەدا کردەیی ڕاگیراون.
بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم کارەساتە دەبێت مێژووی هاوچەرخی سوودان بەستراوە بە پڕۆسە ئیمپریالیستییەکانی جیهانەوە بخوێنینەوە. سوودان، لە کاتی سەربەخۆییەوە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، هەمیشە لە بازنەی ڕکابەریی زلهێزە کۆڵۆنیالیستی و سەرمایەدارییەکانی جیهاندا بووە. دوای ماوەیەک لە چاکسازییە نیشتمانپەروەرە نیمچە تەواوەکان، سەربازییە وابەستەکانی ڕۆژئاوا لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستەمدا بە پشتیوانی ئەمریکا و سعودیە دەسەڵاتیان گرتە دەست و سوودانیان کردە سەربازگەیەک لە خزمەتی سیاسەتەکانی ناوچەیی بلۆکی ڕۆژئاوا. لە هەمان ماوەدا، دارفور بووە ناوچەیەکی پەراوێزخراو و بێبەش و زەمینەی ناڕەزایەتییەکی قووڵی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی فەراهەم هات. لە ئەنجامی ئەم نایەکسانییە پێکهاتەییەوە بوو کە لە دەیەی ٢٠٠٠دا هێزانێک وەک “جەنجەويد” سەریان هەڵدا؛ میلیشیایانێک کە دواتر بە ناوی RSF ڕێکخرانەوە و ڕۆڵی سەرەکییان بینی لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و پاکتاوکردنی نەتەوەیی لە دارفور.
میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان، بە سامانە نەوتییە زۆرەکەی و پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا، لەو کاتەوە بووە یەکێک لە پشتیوانانی ئەم میلیشیایانە. ئەبوزەبی لە ڕاستیدا وەک “نیمچە ئیمپریالیزمێک” کار دەکات؛ هێزێکی بچووک بەڵام دەوڵەمەند کە ئەرکی جێگیرکردنی سیستمی ئیمپریالیستییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا. لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی بەحرەین لە ساڵی ٢٠١١وە تا بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە شەڕی یەمەن، لە پشتیوانیکردنی کودەتا سەربازییەکان لە میسر و تونس تا چەکدارکردنی بەکرێگیراوان لە لیبیا، ئیمارات هەمیشە لە سەرووی هێڵی دژە شۆڕشی ناوچەییدا بووە. لە سوودانیش هەمان ڕۆڵ دەبینێت.
لە ساڵانی دوای ڕووخانی عومەر بەشیر لە ٢٠١٩ و دەستپێکردنی “ڕاپەڕینی کەرامەت”ی خەڵکی سوودان، ئەبوزەبی و ڕیاز بە پشتیوانی دارایی و چەکداریی ژەنەڕاڵە سەربازییەکان، پڕۆسەی شۆڕشی جەماوەرییان لە ڕێڕەوی خۆی لادا. هێزەکانی RSF کە ڕیشەیان لە جەنجەويدەوە بوو، بە پارە و چەکی ئیمارات بوونە یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی گۆڕەپانەکە. بە واتایەکی تر، دەزگای ئیمارات لەژێر ناوی یارمەتییە مرۆیی و گەشەپێدانەکاندا، کردەیی تۆڕێکی نفوذی ئابووری لە سوودان دروست کرد. زێڕ و سەرچاوە کانزاییەکانی تری دارفور، کە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی ئەفریقا، لە ڕێگەی ڕێگا نافەرمییەکان و کۆمپانیا وابەستەکانی ئیماراتەوە دەرهێنران و دەگوازرێنەوە بۆ دوبەی. ئەو زێڕانەی کە بە خوێنی کرێکاران و جووتیارانی سوودانی سوور بوون، لە بازاڕەکانی جیهاندا دەگۆڕدرێنەوە بۆ دراو بۆ ئەوەی خولی سەرمایەی دارایی ئیمارات بەردەوام بێت.
لە بەرامبەردا، ئیمارات و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا چەک، کەرەستە و زانیاری سەربازی دەخەنە بەردەستی میلیشیاکان. ئەم جۆرە بازرگانیی مەرگە، هەمان لۆژیکی کلاسیکی ئیمپریالیستییە کە ئەمڕۆ بە شێوازێکی نوێ دووبارە بەرهەم هێنراوەتەوە؛ تێکەڵەی سەرمایەی دارایی، کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان و حکومەتە نیمچە ئیمپریالیستییەکان بۆ گەرەنتی بەردەوامبوونی گۆڕەپانی کەرەستەی خاو و قازانج. بەم واتایە شەڕی سوودان نەک تەنها بە ئامانجی دەستگرتن بەسەر سەرچاوە سروشتییەکاندا، بەڵکو بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوە ستراتیژییە دەریایی و وشکانییەکانیش بەڕێوە دەچێت.
پێگەی سوودان لە کەنارەکانی دەریای سووردا کردوویەتی بە یەکێک لە گرێنگترین خاڵەکانی بازرگانی جیهانی. ئیمارات بە پشت بەستن بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی بەندەری سوادکن و کەناراوەکانی سوودان لە چوارچێوەی پلانە ئەمنییەکانی دەریای سووردا بگرێتە دەست. بوونی سەربازی و هەواڵگری ئیمارات لە ئەریتێریا، سۆماڵ و یەمەنیش بەشێکە لەم پلانە؛ و بنەڕەتی دروستکردنی پشتێنەیەکی سەربازی بۆ دەستگرتن بەسەر ڕێڕەوی وزە و بازرگانی جیهانی و کۆنترۆڵکردنی نفوذی چین لە کیشوەری ئەفریقادا. بەم شێوەیە، سەربڕینی خەڵکی سوودان تەنها ڕووداوێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە بنیاتنانەوەی سیستمی سەرمایەداری جیهانی لە بارودۆخی قەیرانی پێکهاتەییدا.
لە ئاستی سیاسییەوە، ڕۆڵی ئیمارات لە كۆنترۆڵكردنی بزووتنەوە شۆڕشگێڕەكان و بەردەوامیدان بە سیستمی ستەمكاری لە سوودان ئاشكرایە. دوای شۆڕشی ٢٠١٩، ئەنجوومەنە جەماوەرییەكان و سەندیكا كرێكارییەكان وەك هێزێكی جەماوەری و چەپگەر بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دامەزراوە مەدەنییەكان تێدەكۆشان، بەڵام ئەم پڕۆسەیە بە كودەتا سەربازییەكەی ٢٠٢١ ڕاگیرا، كە بە ئاشكرا لەلایەن ئیمارات و سعودیە پشتگیری لێكرا. لەو كاتەوە، هێزە سەربازییەكان لە ژێر ناوی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” و “پاراستنی ئاسایش” هەموو ناڕەزایەتییە كۆمەڵایەتییەكانیان سەرکوت كردووە و ڕێگەیان خۆش كردووە بۆ گەڕانەوەی سەرمایەی بیانی و بەرفراوانكردنی خاوەندارێتی تایبەت. ئەمە هەمان ئەو مۆدێلە دژە شۆڕشگێڕییەیە كە لە سەرانسەری جیهانی عەرەبیدا بەكارهێنراوە؛ كۆنترۆڵكردنی شۆڕشەكان لە ناوەوە، لە ڕێگەی هاوپەیمانێتی سوپا، سەرمایەی دارایی و پشتیوانی دیپلۆماسی ڕۆژئاوا. واتایەكی دیكەی ئەمەش ئەوەیە كە ئەوەی لە سوودان ڕوودەدات تەنها شەڕێكی ناوخۆیی یان ڕكابەری نێوان ژەنەڕاڵەكان نییە، بەڵكو نوێنەرایەتی یەكێكە لە شێوە هاوچەرخەكانی ئیمپریالیزم. لەم شێوە نوێیەدا، زلهێزە پلە دووەكان و هاوپەیمانە هەرێمییەكانی ڕۆژئاوا وەك ئیمارات، قەتەر و سعودیە، ڕۆڵی بەڵێندەرانی سیاسی و سەربازی دەگێڕن بۆ دڵنیابوون لە بەرژەوەندییە گەورەكانی سەرمایەداری جیهانی. بەم هۆیەوە، میدیاكانی ڕۆژئاوا، بە پێچەوانەی كاردانەوەكانیان بەرامبەر بە بوونی ڕووسیا یان چین لە ئەفریقا، بەرامبەر تاوانەكانی هێزەكانی پشتیوانی خێرا (RSF) و ڕۆڵی ئیمارات بێدەنگ بوون؛ ئەم بێدەنگییە نەك لە نەزانی، بەڵكو لە یەكتربڕینی بەرژەوەندییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەمڕۆ ملیۆنان كەس لە سوودان لە ماڵ و زەوییەكانیان دەربەدەر كراون و هەزاران منداڵ بوونەتە قوربانی سیاسەتێك كە ئامانج لێی دڵنیابوونە لە بەردەوامبوونی كۆكردنەوەی سەرمایە. لەم نێوەندەدا، ژنان وەك قوربانییە لەبیركراوەكانی ئەم جەنگە، جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی ڕاستەوخۆ، باری قورسی هەژاری، ئاوارەیی، لەدەستدانی سەرپەرشتیاری خێزان و جیاكاری پێكهاتەیی هەڵدەگرن و كردەییانە گەورەترین فشاری مرۆیی و كۆمەڵایەتی جەنگ لەسەر شانی ئەوانە. ژنان قوربانی تەنها جەنگ و سیاسەتە ئیمپریالیستییەكان نین، بەڵكو قوربانی كولتووری پووكاوەی پیاوسالاریشن؛ جیاكاری كولتووری و كۆمەڵایەتی فرەجۆر بەسەریاندا سەپێنراوە و سنوورداركردن و فشارە ڕۆژانەییەكانی ژیانیان دوو ئەوەندە دەكات. وەك چۆن ماركس سەبارەت بە سەرهەڵدانی سەرمایە دەڵێت، “سەرمایە لە سەر تا پێ، لە هەموو كونیكییەوە خوێن و چڵكی لێدەچۆڕێت”، زێڕەكانی دارفور كە لە بازاڕەكانی دوبەی و لەندەن بەهای ملیاران دۆلار دەدۆزنەوە، بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەم لۆژیكە خوێناوییەن كە ژیانی جەماوەرێكی فراوانی كرێكارانی سوودانی دەكاتە قوربانی.
ڕەنگە ئیمارات ئەمڕۆ بە پارە و چەك و نفوزی سیاسی خۆی بیەوێت چارەنووسی سوودان یەكلایی بكاتەوە، بەڵام مێژوو نیشانی داوە كە هیچ هێزێكی ئیمپریالیستی، بە بچووكترین شێوەی خۆی، ناتوانێت دەنگی ئەو جەماوەرانە خامۆش بكات كە بۆ نان، ئازادی و كەرامەتی مرۆیی هەستاونەتەوە. سوودانی ئەمڕۆ، هەرچەندە لەناو ئاگردایە، بەڵام تۆوی بەرگری كۆمەڵایەتی لەناو هەمان ئەم خۆڵەمێشەدا لە گەشەكردندایە.
داهاتووی ئەو نەك لە كۆشكە شووشەییەكانی ئەبووزەبی و نەك لە نووسینگەكانی بانكەكانی لەندەنە، بەڵكو لە دەستی ئەو گەلە ستەملێكراوەدایە كە لەناو ئەم وێرانكارییەدا وانەی ڕزگاری فێردەبن. جەنگی ئێستای سوودان ڕووداوێكی ناوخۆیی یان تەنها دەرئەنجامی ململانێ نەتەوەیی و سیاسییە ناوخۆییەكان نییە، بەڵكو دەرخەری قۆناغێكی نوێی ئیمپریالیزمە لە كیشوەری ئەفریقا؛ قۆناغێك كە تێیدا سەرمایەی دارایی جیهانی لە ڕێگەی زلهێزە بچووكە هەرێمییەكان وەك ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی، سعودیە و قەتەر، ئەرکی ڕاستەوخۆی باڵادەستی كۆلۆنیالیستی لە شێوەی شەڕی وەكالەت، تایبەتمەندكردنی سەرچاوەكان و سەرکوتکردنی شۆڕشە جەماوەرییەكان گرتووەتە ئەستۆ. ئامانجی ئەم ئیمپریالیزمە نوێیە، دڵنیابوونە لە گەڕانی ئازادیی ماددە خاوەكان، كۆنترۆڵكردنی ڕێگا دەریاییە ستراتیژییەكان، و كۆنترۆڵكردنی هەر جۆرە پێكهاتنێكی دەسەڵاتی سەربەخۆی جەماوەری لە ئەفریقا و ڕۆژئاوای ئاسیا. ئەوەی لە سوودان، نیجەر، لیبیا و ئیتیۆپیا ڕوودەدات، زنجیرەیەكی یەكگرتوون كە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سیستمی سەرمایەداری جیهانی لەناو قەیرانە مێژووییەكەیدا مومكین كردووە و گەلانی ئەم ناوچانەیان كردووەتە دیلی لۆژیكی بازاڕ و میلیشیاكان.
دوا وتە: لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەكانی چینی كرێكار و جەماوەری فراوانی گەلەوە، وەڵامدانەوە بۆ دۆخی سوودان و ناوچەكانی دیكەی ژێر شەڕی وەكالەت نەك لە پەنابردن بۆ دامەزراوە نێودەوڵەتییە ئیمپریالیستییەكان و نەك لە پشت بەستن بە دەوڵەتە نەتەوەییە بۆرژوازییەكان دەدۆزرێتەوە، بەڵكو لە یەكگرتنی نێودەوڵەتی نێوان بزووتنەوە كرێكارییە جیهانی و هەرێمییەكاندا شێوە دەگرێت. لاوازی ئێستای هێزی نێودەوڵەتی و سۆشیالیستی لەسەر ئاستی جیهان جارێكی تر نیشان دەدات كە یەكێك لە ئەركە بەپەلەكانی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە جیهانییەكان، بەهێزكردنی ئەڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی و دروستكردنی بلۆكێكی سۆشیالیستی جیهانییە؛ چونكە نەبوونی ئەم هێزە و ئەم یەكگرتنە جیهانییە، زەمینە خۆش دەكات بۆ بەردەوامبوونی تاوانە جەنگییەكان و كارەساتە مرۆییەكان لە ناوەڕاستی ئەفریقا و ناوچەكانی دیكەدا. ئەركی بەپەلەی هێزە شۆڕشگێڕەكان لە سوودان و سەرانسەری ئەفریقا ئەوەیە كە ئەنجوومەنە كرێكاری و جەماوەرییەكان ڕێكبخەن، خەبات بۆ نان و مانەوە بە خەبات بۆ حوكمڕانی جەماوەری و سۆشیالیستی ببەستنەوە و سروشتی چینایەتی شەڕی وەكالەت ئاشكرا بكەن.
ڕزگاربوون لە سوڕی خوێن و هەژاری تەنها كاتێك مومكین دەبێت كە جەماوەری كرێكار و زەحمەتكێش، ئاگادار لە دوژمنی ڕاستەقینەی خۆیان، واتە سەرمایەی جیهانی و كارگوزارە خۆجێییەكانی، دەسەڵاتی سیاسی بگرنە دەست و ڕێچكەیەكی نوێ لە گەشەپێدانی مرۆیی و یەكسانی كۆمەڵایەتی بكەنەوە. لەم گۆشەنیگایەدا، خەباتی گەلی سوودان بەشێكە لە شەڕی جیهانی چینی كرێكار كە ئامانجی ڕوخاندنی پێكهاتەی ئیمپریالیزم و دامەزراندنی سیستمێكی نوێیە لەسەر بنەمای یەكگرتن، یەكسانی و خاوەندارێتی كۆمەڵایەتی سامانەكان.
ئەم خەباتە نیشان دەدات كە ڕزگاری ڕاستەقینە هەرگیز لە ڕێگەی پشت بەستن بە دەوڵەتە سەربازییەكان، دامەزراوە نێودەوڵەتییە بۆرژوازییەكان یان ناوبژیوانی زلهێزە ڕۆژئاواییەكانەوە بەدەست نایەت؛ بەڵكو تەنها لە ڕێگەی ڕێكخستنی خودی گەل و دروستكردنی ئەنجوومەنە جەماوەرییەكان، سەندیكا كرێكارییەكان و تۆڕە سۆشیالیستییەكانەوە مومكینە. كرێكاران و ژنان نەك تەنها لەناو سوودان، بەڵكو بە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوە كرێكاری و سۆشیالیستییەكان لە سەرانسەری جیهاندا، دەتوانن هێزی كۆمەڵایەتی خۆیان ڕێكبخەن و ڕێگە لە بەردەوامبوونی باڵادەستی ئیمپریالیزم و میلیشیا وەكالەتییەكان بگرن. ئەم یەكگرتنە جیهانییە، ستوونی پشتی ئەڵتەرناتیڤێكی سۆشیالیستی ڕاستەقینەیە كە دەتوانێت یارمەتی جەماوەری فراوانی گەل بدات تا ڕێگەی بەرگری و ئازادی بكەنەوە و سوڕی چەوساندنەوە و نایەكسانی لەسەر ئاستی جیهان ڕابگرن. خەباتی سوودان، بەم واتایە، نەك تەنها شەڕێكی ناوخۆییە بەڵكو خاڵی بەیەكگەیشتنێكی زیندووە لە بزووتنەوە گشتییەكەی پرۆلیتاریای جیهانیدا كە بۆ لەناوبردنی پێكهاتەی ئیمپریالیزم و بەدیهێنانی یەكسانی كۆمەڵایەتی و خاوەندارێتی كۆمەڵایەتی سامانەكانی جیهان دەجەنگێت.
توانا محەمەد نوری
٤/١١/٢٠٢٥