وەڵامێک بۆ ناسڕی بابامیری و ئەوانی تر…
ناسڕی بابامیری لەژێر وتارێکی مندا، کە لە ماڵپەڕی “بۆپێشەوە” و پەیجی خۆمدا بڵاوم کردووەتەوە سەبارەت بە هەڵسوکەوتی چەپ لەگەڵ سیاسەتی هەردوو حیزبی کرێکاری عێراق و کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردن، وتارێکی درێژی نووسیوە. بۆ ئەمانەت، هەندێک خاڵی سەرەکی وتارەکەی وەک خۆی دەگوازمەوە و دواتر هەوڵدەدەم لە چەند خاڵێکدا وەڵامیان بدەمەوە.
کاک ناسڕ دەنوسێ:
(ئێوە به هه ر خوێندنه وە ێک له کۆمۆنیزم بووتانه، و به پێی لێکدانه وە ی رابردووتان له سه ر سیستمی پارڵمانتاریزم و فدرالیزمی قه ومی بووتانه، گریمانه ئه و سی ساڵه به شداری “دوما” ی له چه شنی “کادێته کان” له عێراق و کوردستان بووبن، به ڵام له م دۆخه ی ئێستادا که به شی هه رە زۆری کۆمه ڵانی خه ڵکی کرێکار و زه حمه تکێش دژی ئه م دە سه ڵاته ن، دە بوو بریارتان دابا بهاتبانه دە رێ و له قاوتان دابا، نه ک متمانه ی بۆ کۆ که نه وە)
هەروەک دەیبینن کاک ناسڕ بێ سێودوو لێکردن، سیاسەتی هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان بۆ چوونە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردن بە پاکانەکردن بۆ پەرلەمان و متمانەکۆکردنەوە بۆی لەقەڵەم دەدات. ئەویش لەبەرامبەر کێدا؟ لەبەرامبەر خەڵکێک کە ئەو دەسەڵاتەی ناوێت.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی و بە چ پێوەرێک دەستێوەردانی حیزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاری لە پڕۆسەیەکی سیاسی و بە پڕۆژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵ، دەبێت ببێتە کڕینی متمانە بۆ دەسەڵاتێک کە خەڵک نایەوێت؟
بۆچی بوونی بلۆکێکی سۆسیالیست و چەپگەرا لە کۆمەڵگەدا، کە بچێتە ناو گۆڕەپانی ململانێ لەگەڵ هەمان ئەو دواکەوتووییەدا کە بابامیری و هاوبەشەکانی لە بزووتنەوەی چەپ کە ئێمە بە کۆمەکردنی تۆمەتبار دەکەن، بە واتای کڕینی متمانە بێت بۆ دواکەوتوویی حاکم؟
بۆچی بوونی ڕیزێک لە ڕابەری چەپ و سۆسیالیست و شەریف لەو کۆمەڵگەیەدا، کە بە خەڵک بڵێن وەرن لەجیاتی عەلی حەمە ساڵح و تاڵەبانییەکان و بارزانییەکان و شیاع سوودانی و کۆنەپەرەستانی ئیسلامی، پەیوەست بن بە پڕۆژەی ئێمەوە، بە واتای خزانە ژێر چەتری دواکەوتوویی بێت؟
بۆچی بوونی کەسانێک و ڕابەرانێکی لەم جۆرە، کە بڵێن ئەگەر ئێمە بین هەر ئەمڕۆ یاسای قێزەونی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان هەڵدەوەشێنینەوە و هێزی بۆ کۆ دەکەینەوە، هەر ئەو ڕۆژە مافە مەدەنی و تاکەکەسییەکانی خەڵک دەکەینە یاسا، بە مانای بەهێزکردنی دواکەوتووییە؟ بۆچی بوونی هێزێک کە بە خەڵک بڵێت بە دەستی ئێمە بێت ئازادی دەربڕین دەکەینە یاسای وڵات، مافی هاوڵاتی بوونی یەکسان لە جیاتی دابڕدابڕکردنی خەڵک دەکەینە یاسای کاپێکراوی وڵات بە مانای کۆمەک کردنی کۆنەپەرەستیە؟
بۆچی و بەپێی چ لۆژیکێکی دروست، ئەگەر کەسانێک لە گۆڕەپانی کۆمەڵگەدا و لە هەمان پەرلەمانی دواکەوتوو و لەبەرامبەر هەمان دەسەڵاتی دواکەوتوو، بەرگری لە مافی بێکاران و مافە مەدەنییەکانی خەڵک و شارستانییەتی کۆمەڵگە بکەن، بە واتای بەهێزکردنی دواکەوتوویی و بەستنی ئومێد بە دواکەوتوویی بێت؟
بۆچی ئامادەبوون لەم گۆڕەپانە تایبەتەدا بە واتای ئەوە بێت کە هێڵی ئێمە و حیزبە کۆمۆنیستە کرێکارییەکانی تر لە پێویستی ڕێکخستنی خەباتی کرێکاری و جەماوەری، لە ئەنجومەنەوە تا سەندیکا، لە ناڕەزایەتی شەقامەوە تا هەر گۆڕەپانێکی تر، پاشگەز بوونەتەوە؟
ئەم تێڕوانینە لە کوێوە و لە چ لۆژیکێکەوە هاتووە؟ مەگەر نابینن هەر دوێنێ ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان بە فەرمی لە کوردستان نووسینگەی کردەوە؟ مەگەر نابینن بڵاوکراوەی “دەنگی کرێکار” خەریکە دەگاتە تۆڕی بازنە و ڕابەرانی کرێکاریی ؟
مەگەر نابینن قسەکەر و رابەرانی ئەم هێڵە بە شێوەی جیاواز هەوڵەکانیان دەدەن بۆ پێکهێنانی
بلۆکێکی سۆسیالیستی و کرێکاری بەهێز؟
پێچەوانەی ئەم تێڕوانینەی چەپەکانمان، کە گوایە حیزبەکۆمۆنیستیە کرێکاریەکان بەم سیاسەتە پشت لە مێژووی خۆیان و خەڵک و کرێکار دەکەن، ئەو هێز و کەسانەی کە دەچنە ناو ئەم ململانێیە و مەترسیی چوونە ناو ململانێ لەگەڵ ئەم دواکەوتووییە قبوڵ دەکەن، دەتوانن لغاو بۆ ئەم دواکەوتووییە دابنێن. ئەو کەسانەی کە بەڕاستی ئامادەن ئەم ڕۆڵە دەخالەتگەرە قبوڵ بکەن، ئەوانەن کە بەڕاستی خەریکن بە ئەرکی کۆمۆنیستی خۆیان هەڵدەستن و خەڵک لەم قۆناغە سیاسییانەدا لەبەرامبەر
دواکەوتوویی بۆرژواییدا بە تەنیا ناهێڵنەوە.
بانگەوازی چەپ، خۆدزینەوەیە لەم ڕۆڵە. بانگەوازییە بۆ بەتەنیاهێشتنی خەڵک و کرێکار و ژن و شارستانییەتی کۆمەڵگە لەم ململانێیەدا، و ئەمەش لە کرداردا بە واتای پشتکردن لە خەڵک دێت. هەر دایک و باوکێکی شەرەفمەند، هەر گەنج و ژنێک کە لە ناخی دڵیدا ئاواتی ڕزگاری لەم دواکەوتووییەی هەیە، حەزی لێیە کە کەسانێکی لەم جۆرە و ڕیزێکی لەم شێوەیە هەبێت، و ئەو شەپۆلی ئومێدەی کە هەر لەم ڕۆژانەدا لەم خەڵکەدا بەدی دەکرێت، بەڵگەیە لەسەر پێویستی ئەم مرۆڤایەتییە بۆ ئەم ڕیزە.
ئەوەی کە تایبەتمەندی بە هەر پڕۆسەیەکی سیاسییەوە دەدات، بوونی جۆری ئێمەیە، بوونی ڕیزێکی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستە کە ئامادەیە بچێتە شەڕ و ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتی دواکەوتوو و ئامادەیە نوێنەرایەتی ئەم مرۆڤایەتییە بکات.
بابەتەکەی بابامیری سەبارەت بە شێوەی هەڵسوکەوتی لینین و بەلشەڤیکەکان لەگەڵ دومای سەردەمی لینین سەرنج ڕاکێشە ، چونکە پێچەوانەی بانگەشەکەی بابامیری، نیشان دەدات کە ئەوانەی کە لینین و شێوە و میتۆلۆژی داهێنەرانە و دەخلەتگەرانەی لێننین سەبارەت بە ڕۆڵی پرۆلیتاریا و توخمە کۆمۆنیستەکەی لە گۆڕانکاریدا کردووەتە کاریکاتێر، یان لە باشترین حاڵەتدا هەر تێیان نەگەیشتووە، هەر خۆیانن. میتۆدۆلۆژی و شێوەی لینین باوەڕ بوو بە ئەگەر و ئیمکانی گۆڕانکاری و ڕۆڵی پراکتیک و دەستێوەردان لە گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. لینین کلیشەیەکی نەبوو تا پێی بچێتە سۆراغی کۆمەڵگە و ململانێی سیاسی و چینایەتی. ئەمە خەسڵەتێکی تایبەتی لینین و میتۆدۆلۆژیەکەی بوو ئەم شێوە لێنینیە نە بۆ چەپ لەو کاتەدا و نە لە سەردەمی ئێمەشدا هەرس نەکرا. لە کۆتاییدا و سەبارەت بە بانگەشەکەی بابامیری کە گوایە ئێمە بە بێهۆدە چەپ بە پاسیڤ و نادەخالەتگەر وەسف دەکەین، چەند خاڵێک دەڵێم:
یەکەم؛
ئەم چەپە یەکەم کەسانێک بوون کە دەنگیان بەرزکردەوە و ڕەخنەیان لە ئێمە گرت و ئێمەش هاتووین و بەرگریمان لە ڕەوایەتی هێڵ و سیاسەتی خۆمان کردووە. سروشتییە کە نابێت چاوەڕێ بکەین لەم ململانێیەدا مێدالیایان پێ بدەین.
دووەم؛
کۆمەڵایەتی نەبوون و پەراوێزنیشینی چەپ داهێنانی ئێمە نییە و تۆمەتێک نییە کە بیدەینە پاڵیان، بەڵکو ڕاستییەکی بەئازارە، و ئەو ململانێیەی کە هەیە لەسەر ئەم بابەتە، لەپڕ دروست نەبووە و مێژوویەکی هەیە لانیکەم بە قەد هێڵی کۆمۆنیزمی کرێکاری. شایەد هەر هەوڵێک بۆ دەرکێشانی ئەم چەپە لەم واقیعە تاڵە بە بەڵگەی هەموو مێژووی ئەم ململانێیە ڕەنگە بێهودە بێت بەڵام لانیکەم بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕێگایەکە بۆ ئەوەی بە چینی کرێکار و کۆمەڵگە بڵێین کۆمۆنیزم ئەو مەتەڵە ئاڵۆزە نیە کە چەپ وێنای دەکا، بەڵکو بزوتنەوەی کرێکار و ئینسانی واقیعیە بۆ گۆڕینی ژیانی و وەک هە ر هێزێکی تر دەیەوێ سیاسەت بکات و دەست بۆ دەسەڵات و شەڕی دەسەڵات بەرێ و هەوڵبدا سەربکەوێ.
هەر ئەوەندە!
ئیبراهیم حسێن