ئاسۆس ساڵح: هەبوونی هێزی چەکداری حزبی، میلیشیاکان، دەستێوەردانی دەرەکی، و ناسەربەخۆیی دادگاکان، ڕەوایەتیی هەڵبژاردنەکان دەخاتە ژێر پرسیار و تەنانەت بە پێوەرە باوەکانی بۆرژوازیش پرۆسەی ئاوا گوماناویییە… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەل هاوڕێ ئاسۆس ساڵح سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق…

0

 لە وەڵامی چەند پرسیارێکی بڵاوکراوەی “بۆپێشەوە”دا

ئەم شیکارییە، وەڵامی پرسیارەکانی بڵاوکراوەی “بۆپێشەوە”یە، کە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ئاراستەی ئێمەیان کردووە.

لەسەرەتادا دەبێت ئەمە ڕوون بکەینەوە کە، ئەم هەڵبژاردنانەی لە چوارچێوەی سیستەمێکی سەرمایەداریدا دێنە ئاراوە، تێیدا ململانێی چینایەتی و بەرژەوەندییە بۆرژوازییەکان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن. بۆیە، تێگەیشتن لە دینامیکییەتەکانی ئەم هەڵبژاردنانە پێویستی بە شیکارییەکی ڕەخنەگرانە هەیە کە لە چوارچێوەی پڕوپاگەندەی باوی بۆرژوازیدا قەتیس نەبێت و لە ڕەهەند و گۆشەنیگای ترەوە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەییان بۆ بکەین.

سەبارەت بەو دیدەی کە پەرلەمان کەناڵێکی تری تێکۆشانە و دەبێت هێزە چەپەکان خەباتی تێدا بکەن، خاڵێکی گرنگە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ستراتیژییەتەکانی خەباتی چینایەتی. لە ڕوانگەی چەپڕەوانەوە، پەرلەمان وەک ئامرازێکی دەوڵەتی بۆرژوازی، بە پلەی یەکەم خزمەت بە پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری و بەرژەوەندییەکانی چینی دەسەڵاتدار دەکات. بەڵام، ئەمە بەو مانایە نییە کە بە تەواوی پشتگوێ بخرێت. لە دیفاکتۆ و دۆخی ئەمڕۆی عێڕاقدا، بەشداری کارا و ڕەخنەگرانە لە پەرلەماندا دەتوانێت وەک سەکۆیەک بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی زەحمەتکێشان، ئاشکراکردنی گەندەڵی و نادادپەروەری، و خستنەڕووی داواکارییە چینایەتییەکان بەکاربهێنرێت. بەڵام، ئەم بەشدارییە دەبێت هەمیشە بە ئاگاییەکی تەواوەوە بێت لەسەر سنووردارێتییەکانی و نابێت کۆی خەباتی چینایەتی لە خەباتی پەرلەمایدا کورت بکرتەوە. خەباتی سەرەکی هەمیشە لە دەرەوەی پەرلەمان و لە ڕێگەی ڕێکخستنی جەماوەری و خەباتی چینایەتیی ڕاستەقینە گۆڕینی سیستەمی سیاسییە.

لێرەوە دەستدەکەین بە وەڵام دانەوەی پرسیارەکان:

بۆپێشەوە: بریارە ١١/١١ ئەمساڵ، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچیت… لە یەکەمین لێدوانی بەرپرسەکاندا وەکو هەمیشە باسی گرنگی و چارەنووسسازبوونی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن، هیچ گرنگی و چارەنوسسازبوونیک لەم هەڵبژاردنەدا هەیە کە جیای بکاتەوە لە هەڵبژاردنی خولەکانی پێشوو؟

ئاسۆس ساڵح: ئەرگەر لە گۆشە نیگایەکی جیاوازترەوە سەیری هەردوو دەستەواژەی، “گرنگی” و “چارەنووسسازبوونی” هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بکەین، کە وەک هەر هەڵبژاردنێکی تر لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدایە، پێناسەیەکی ڕێژەیی و چینایەتی هەیە. ئەو گرنگییەی بەرپرسە بۆرژوازییەکان باسی دەکەن، بە پلەی یەکەم گرنگییەکی سیاسییە بۆ پاراستن و نوێکردنەوەی شەرعییەتی سیستەمەکەیان و دابەشکردنەوەی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکان لە نێوان باڵە جیاوازەکانی چینی بۆرژوازیی دەسەڵاتداردا. ئەم هەڵبژاردنە، وەک خولەکانی پێشوو، لە بنەڕەتدا میکانیزمێکە بۆ ڕێکخستنەوەی هاوسەنگیی هێز لە نێوان گروپە بۆرژوازییەکان و دابینکردنی سەقامگیرییەکی ڕووکەش بۆ سیستەمەکە، نەک گۆڕانکاری بنەڕەتی لە دۆخی ژیان و گوزەرانی زەحمەتکێشاندا.

ئەوەی کە دەکرێت ئەم خولە تا ڕادەیەک جیاواز بکاتەوە، لەوانەیە پەیوەندی بە توندبوونەوەی ململانێ ناوخۆییەکانی بۆرژوازیی عێراقەوە هەبێت لەسەر دابەشکردنی سامانی وڵات و دەسەڵات، هاوکات لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە. بەڵام، ئەم جیاوازییانە لە چوارچێوەی هەمان سیستەمی سیاسی و ئابووریدا دەمێننەوە و ناتوانن بنەمای کێشە چینایەتییەکان چارەسەر بکەن. “چارەنووسسازبوون” لەم چوارچێوەیەدا بە واتای گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی نایەت کە بەرژەوەندییەکانی جەماوەر بە گشتی و چینی کرێکار و خەڵکی کەم دەرامەت بەتایبەتی بگرێتەوە، بەڵکو زیاتر ئاماژەیە بۆ “چارەنووسی” دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات لە نێوان هێزە باڵادەستەکاندا.

بۆپێشەوە: ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، چ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت؟

ئاسۆس ساڵح: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک ناوەندێکی ململانێی ئیمپریالیستی جیهانی و ناوچەیی، هەمیشە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی عێراق و بەتایبەتی هەڵبژاردنەکانی هەبووە. ڕووداوەکانی ئەم دواییە، وەک گرژییەکانی نێوان هێزە ئیقلیمییەکان (ئێران، تورکیا، سعودیە) و دەستێوەردانەکانی زلهێزە جیهانییەکان (ئەمریکا، ڕوسیا)، هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقی ئاڵۆزتر کردووە.

کاریگەرییەکان بە چەند شێوەیەک دەردەکەون:

یەکەم/ زیادبوونی دەستێوەردانی دەرەکی: هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی لایەنە سیاسییە هاوپەیمانەکانیانەوە کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دابنێن، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە عێراق. ئەم دەستێوەردانە دەتوانێت لە شێوەی پاڵپشتی دارایی، ڕاگەیاندن، یان تەنانەت فشارە سیاسی و ئەمنییەکان بێت.

دووەم/ قوڵبوونەوەی ململانێی ناوخۆیی: گرژییە دەرەکییەکان ڕەنگدانەوەیان لەسەر ململانێ ناوخۆییەکانی عێراق دەبێت، بەتایبەتی لە نێوان پێکهاتە سەرەکییەکان (شیعە، سوننە، کورد). هەریەک لەم پێکهاتانە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن هێزێکی دەرەکییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن، کە ئەمەش ناتەبایی و لێکترازانە چینایەتییەکان و نەتەوەییەکان لەناوخۆدا توندتر و ئاڵۆزتر دەکاتەوە.

سێیەم/ کاریگەری لەسەر دروشم و بەرنامەکان: لایەنە سیاسییەکان لەوانەیە دروشم و بەرنامەکانیان بە جۆرێک بگونجێنن کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هێزە دەرەکییە پاڵپشتیکارەکانیاندا یەک بگرێتەوە، نەک بە پلەی یەکەم خزمەت بە داواکارییەکانی خەڵکی عێراق بکات. ئەمەش وادەکات هەڵبژاردنەکان زیاتر ببنە گۆڕەپانێک بۆ ململانێی ئیقلیمی، نەک دەربڕی ویستی ڕاستەقینەی جەماوەر.

بۆپێشەوە: ڕیزەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی عێراق، بە “سوننە و شیعە و کورد”ەوە، ناتەباو لێکترازاوە… ئەم ناتەبایی و لێکترازانە هیچ ڕۆڵێکی لەسەر ئاکامی هەڵبژاردنەکان و هاوسەنگی نێوانیان دەبێت؟

ئاسۆس سالح: بێگومان، ناتەبایی و لێکترازانی ناو خانەوادەی بۆرژوازیی عێراق، کە لەسەر بنەمای دابەشکاریی تائیفی و نەتەوەیی (سوننە، شیعە، کورد) خۆی نمایش دەکات، کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی لەسەر ئاکامی هەڵبژاردنەکان و هاوسەنگیی هێز لە نێوانیاندا دەبێت. ئەم لێکترازانە نیشانەی لاوازیی دەوڵەتی بۆرژوازیی عێراقە و ڕەنگدانەوەی ململانێی قووڵی چینایەتی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانە کە لەژێر پەردەی جیاوازییە تائیفی و نەتەوەییەکاندا خۆی حەشارداوە.

دەتوانین کاریگەرییەکانی بە چەند خاڵێک پۆڵین بکەین:

یەکەم/ دابەشبوونی دەنگەکان: ناتەبایی نێوان لایەنە بۆرژوازییەکان دەبێتە هۆی دابەشبوونی دەنگەکان لەسەر بنەمای تائیفی و نەتەوەیی، کە ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ سەرهەڵدانی حکومەتێکی لاواز و پڕ لە ململانێ. ئەم دابەشبوونە ڕێگرە لە دروستبوونی حکومەتێکی خزمەتگوزار و جێگیر و بەردەوام، چونکە لایەنەکان لە دەرەوە و ناوەوەی حکوومەتیشدا زیاتر خەریکی ململانێی یەکتری دەبن، نەک چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک.

دووەم/ پێکدادانی بەرژەوەندییەکان: هەر باڵێکی بۆرژوازیی «سوننە، شیعە، کورد» نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی بەشێک لە سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی ئەو پێکهاتەیە دەکات. ململانێی نێوانیان لەسەر دابەشکردنی سامانی وڵات، پۆستە سیادییەکان و ناوچەکانی دەسەڵاتە. ئەمەش وادەکات هاوسەنگیی هێز بەردەوام لە گۆڕاندا بێت و هیچ لایەنێک نەتوانێت بە تەنیا زاڵ بێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی پەکخستنی پڕۆسەی سیاسی و دروستکردنی قەیرانی بەردەوام.

 سێیەم/ لاوازبوونی دەوڵەت: ئەم ناتەباییانە دەوڵەتی عێراقی لاواز کردووە و کردوویەتی بە گۆڕەپانێک بۆ دەستێوەردانی دەرەکی. لەبری ئەوەی دەوڵەت خزمەت بە گشت هاووڵاتییان بکات، بووەتە ئامرازێک لە دەستی گروپە بۆرژوازییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.

بۆپێشەوە: هەڵبژاردن لە عێراق و کوردستاندا، لە کەشێکدا دەچێتە پێشەوە، کە هێزی چەکداری حزبی، لەشکری بن دیوار، ناسەربەخۆیی دادگاکان و دەسەڵاتی دادوەری، دەستێوەردانی دەرەکی… ئامادەییان هەیە، ئەوە هیچ ڕەوایەتییەک بۆ هەڵبژاردن بەپێی پێوەری باوی بۆرژوازی بۆ هەڵبژاردنەکان و ئاکامەکانی دەهێڵێتەوە؟

ئاسۆس سالح: ئەم پرسیارە زۆر جەوهەرییە و ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر کڕۆکی کێشەی “ڕەوایەتی” هەڵبژاردنەکان لە ژێرکاریگەریی ئیمپریالیزمی نوێ و سیستەمێکی سەرمایەداریی پاشکۆدا. کە ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی لۆژیکی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بکەین لە کاتی هەبوونی ئەم دیاردانە وەڵامەکەی بە ئاسانی ڕوون دەبێتەوە. واتا: هەبوونی هێزی چەکداری حزبی، میلیشیاکان، دەستێوەردانی دەرەکی، و ناسەربەخۆیی دادگاکان، ڕەوایەتیی هەڵبژاردنەکان دەخاتە ژێر پرسیار و تەنانەت بە پێوەرە باوەکانی بۆرژوازیش پرۆسیەی ئاوا گوماناویییە.

پێوەرە باوەکانی دیموکراسیی بۆرژوازی بۆ هەڵبژاردنەکان:

یەکەم/ هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد: کە تێیدا دەنگدەران بەبێ هیچ فشارێک و بە ئازادی بتوانن بڕیار بدەن. بوونی هێزی چەکداری حزبی و میلیشیاکان بە واتای بوونی فشار و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ دێت لەسەر دەنگدەران و کاندیدەکان.

دووەم/ یەکسانی لە دەرفەتەکاندا: کە تێیدا هەموو کاندید و لایەنەکان دەرفەتی یەکسانیان هەبێت بۆ بانگەشە و گەیاندنی پەیامی خۆیان. دەستێوەردانی دەرەکی و پاڵپشتی دارایی نایەکسان، بەکارهێنانی دەستەڵات و هێزی چەکدار و میلیشیا ئەم یەکسانییە نەهێشتووە و ناهاوسەنگی زۆری دروست کردووە.

سێیەم/ سەروەری یاسا و دادپەروەری: کە تێیدا دادگاکان سەربەخۆ بن و بتوانن بە بێ لایەنی سەرپەرشتی پڕۆسەکە بکەن و سکاڵا و پێشێلکارییەکان یەکلایی بکەنەوە. ناسەربەخۆیی دادگاکان وادەکات بڕیارەکانیان لەژێر کاریگەریی سیاسی و حزبی دابن.

کاتێک ئەم پێوەرانە پێشێل دەکرێن، هەڵبژاردنەکان لە ئامانجە ڕاستەقینەکەیان دادەماڵرێن و دەبنە شانۆگەرییەک بۆ شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی باڵادەست و دابەشکردنی پۆستەکان. لە ڕاستیدا، ئەم دۆخە نیشانەیەکی ڕوونی سیستەمێکی سیاسییە کە لە بنەڕەتدا نادیموکراتیکە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی چینی دەسەڵاتدار دەکات، نەک خواست و ویستی گشتی. بۆیە، ئەوەی ڕەوایەتیی بەم جۆڕە هەڵبژاردنانە دەدات خودی دەستەڵات و چینی باڵادەستە. ڕەوایەتییەکەش تەنها ڕەوایەتییەکی ڕووکەشە، لە ناوەڕۆکدا پووچەڵە و بێ مانایە.

بۆپێشەوە: هۆکار چییە، زۆربەی حزب و لیستە بەشدارەکانی بۆ هەڵبژاردن، بەرنامەی هەڵبژاردنیان نییە، لەجیگای ئەوە هەر یەکەیان بە دروشمێک یان چەند دروشمێک دەچێنە ناو کایەی هەڵبژاردنەکان؟

ئاسۆس ساڵح: نەبوونی بەرنامەی هەڵبژاردنی ڕوون و جێگیر، و پشت بەستن بە دروشمی گشتی و بریقەدار و گوتاری پۆپۆلیستیی لیبڕاڵی و نەتەوەیی، دیاردەیەکی باوە لە زۆربەی هەڵبژاردنەکانی سیستەمی سەرمایەداریدا، بەتایبەتی لە وڵاتانی وەک عێراق کە پەرەسەندنی سەرمایەداری تێیدا ناتەواوە و ململانێی چینایەتی و نەتەوەیی و مەزهەبیی تێکەڵکراون و ئاڵۆزیی بۆ دەنگدەر درووست دەکەن و هەوڵی ڕاکێشانی هەست و سۆزی دەدەن.

زۆربەی حزبە بۆرژوازییەکان لە عێراق و کوردستان، لە بنەڕەتدا نوێنەرایەتی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو ناکەن بەڵکوو بە شێوەیەکی ڕووکەشی بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆزی دەنگدەر بانگەشەی ئایدۆلۆژیایەکی ناڕوون و تێکەڵک دەکەن، ئەمە پابەند نەبوونە بە ئایدۆلۆژیا و هزرێکی دیاریکراو بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری دیاریکراوی لێ دروست نابێت. ئەو هێز و پارتانەی بەم شێوەیەن زیاتر گروپگەلی بەرژەوەندین کە لەسەر بنەمای تائیفی، نەتەوەیی، یان خێڵەکی ڕێکخراون و ئامانجی سەرەکییان دەستکەوتنی دەسەڵات و سامانی گشتییە.

هەروەها پەراوێزخستنی جیاوازیی چینایەتی و بەرژەوەندییە چینایەتییەکان لە بانگەشەدا، بەهۆی ئەوەیە کە ئاراستەی چینایەتییان دیاری نەکەن و بەرنامەیەکی ڕوونیان بۆ چینی زەحمەتکێش و کرێکار نییە، چونکە ناچاریان دەکات کە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی خۆیان ئاشکرا بکەن. لەبری ئەوە، دروشمە گشتییەکان وەک “خزمەتگوزاری”، “گەشەپێدان”، “دژایەتی گەندەڵی”، یان “پاراستنی مافی نەتەوەیی” بەکاردەهێنن بۆ فریودانی جەماوەر و شاردنەوەی ئامانجە ڕاستەقینەکانیان کە پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری و بەرژەوەندییەکانی خۆیانە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، زۆربەی حزبەکان بەتایبەت ئەوانەی دەستەڵاتیان بەدەستە جیاوازییەکی بنەڕەتییان لە نێو بەرنامەکانیان نییە، چونکە لە بنەڕەتدا خزمەت بە هەمان سیستەمی سەرمایەداری دەکەن. بۆیە، پەنا دەبەنە بەر دروشمی بریقەدار و موزایەدەی سیاسی بۆ ڕاکێشانی سۆزی دەنگدەران، نەک پێشکەشکردنی چارەسەری ڕاستەقینە بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان و سیاسی و قەیرانە قوڵەکانی دەوڵەت.

لە پرۆسەی سیاسییدا هۆشیاریی چینایەتی گرینگترین خاڵەی کۆمەڵگەیە بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی جا بە هەر ڕێگەیەوە بێت؛ بۆ نموونە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکدا کە هۆشیاریی چینایەتی لاوازبوو، دەنگدەران زیاتر بە دروشمە سۆزدارانە و نەتەوەیی و تائیفییەکان کاریگەر دەبن، نەک بە بەرنامەی سیاسی و ئابووریی تۆکمە. ئەمەش هاندەرێکە بۆ لایەنە سیاسییەکان کە زیاتر گرنگی بە دروشم و گوتاری پۆپۆلیستی بدەن.

بۆپێشەوە: لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە هیچ ئاڵوگۆڕێک لە دۆخی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و خەڵکی کەم دەرامەتدا دەکرێت ڕووبدات؟

ئاسۆس سالح: لە دیدگای مارکسیستییەوە، سیستەمی سەرمایەداری لە بنەڕەتدا لەسەر چەوساندنەوەی چینی کرێکار و بەرهەمهێنانی نایەکسانی بنیات نراوە. هەڵبژاردنە بۆرژوازییەکان، وەک میکانیزمێک لەناو ئەم سیستەمەدا، توانایەکی سنوورداریان هەیە بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە دۆخی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و خەڵکی کەم دەرامەتدا. ئەو “ئاڵوگۆڕانەی” کە لەوانەیە ڕووبدەن، زیاتر گۆڕانکارین لەسەر ئاستی ڕووکەش و کاتیی، نەک ڕیشەیی. بۆ نموونە: هەندێکجار، لەژێر فشاری جەماوەر یان بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیستەمەکە، حکومەتەکان لەوانەیە هەندێک چاکسازیی سنووردار لە بوارەکانی خزمەتگوزاری، مووچە، یان بیمەی کۆمەڵایەتیدا بکەن. بەڵام ئەم چاکسازییانە بە شێوەیەک نین کە بنەمای چەوساندنەوەی چینایەتی بگۆڕن، بەڵکو زیاتر بۆ هێورکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان و درێژەدان بە تەمەنی سیستەمەکەن. هەروەها، هەڵبژاردنەکان لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕینی کەسایەتی یان حزبە دەسەڵاتدارەکان، بەڵام ئەم گۆڕانە لە زۆربەی کاتدا بە واتای گۆڕینی سیاسەتە بنەڕەتییەکان نایەت. حزبە جیاوازەکانی بۆرژوازی، سەرەڕای جیاوازییەکانیان، لەسەر پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری هاوڕان و درێژە پێدەری هەمان ڕێگان و بەردەوام دەبن لە چەوساندنەوەی چینێک لە پێناو بەرژەوەندی چینێکی تر، هەر ئەوەشە وا دەکات کە لایەنە بۆرژوازییەکان ئیرادەیەکی ڕاستەقینەیان نەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی چینی کرێکار، چونکە ئەم چارەسەرانە پێویستیان بە پێشێلکردنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداران هەیە، کە ئەوان نوێنەرایەتییان دەکەن. بۆیە، لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە، گۆڕانکاریی بنەڕەتی و ڕیشەیی لە دۆخی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و خەڵکی کەم دەرامەتدا چاوەڕوان ناکرێت. گۆڕانکاری ڕاستەقینە تەنها لە ڕێگەی خەباتی چینایەتی ڕێکخراو و بەهێزەوە دێتە ئاراوە کە ئامانجی گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری بێت.

بۆپێشەوە: هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق، چ ئاڵوگۆڕێک لە پەیوەندی بەغدا و هەرێمدا پێک دەهێنێت؟

ئاسۆس سالح: پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و پڕ لە ململانێیە کە ڕەگ و ڕیشەی لە مێژووی دەوڵەتی عێراق و ململانێی چینایەتی و نەتەوەییدا هەیە. هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕانکاری کاتی و ڕووکەش لەم پەیوەندییانەدا، بەڵام گۆڕانکاری بنەڕەتی و چارەسەری کێشەکان هەرگیز بەم شێوەیە چاوەڕوان ناکرێت. ئەگەر دۆخەکە وەک خۆی نەمێنێتەوە ئەگەری قوڵبوونەوەی کێشەکان لە ئارادایە کە زیانی یەکەم بەر خەڵکی زەحمەتکێش و مووچەخۆران دەکەوێت لە هەرێمی کوردستاندا.

ئەو ئاڵۆگۆڕ و ئاریشانەی چاوەڕوان دەکرێن:

یەکەم/ نوێبوونەوەی ململانێ لەسەر نەوت و بودجە: کێشەی سەرەکی نێوان بەغدا و هەرێم، کێشەی دابەشکردنی سامانی نەوت و بودجەی گشتییە. هەڵبژاردن لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕینی لایەنە دەسەڵاتدارەکان لە بەغدا، یان گۆڕانکاری هێزی پارتە کوردییەکان، بەڵام ئەمە بە واتای چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و بودجە نایەت، بەڵکو زیاتر دەبێتە هۆی نوێبوونەوەی ململانێکان لەسەر دابەشکردنی ئەم سەرچاوانە.

دووەم/ کاریگەریی هێزە ئیقلیمییەکان: هێزە ئیقلیمییەکان (بەتایبەتی تورکیا و ئێران) کاریگەرییان لەسەر لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و بەغدا هەیە. ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەوانەیە کاریگەری لەسەر هاوسەنگیی ئەم کاریگەرییانە هەبێت، کە ئەمەش کەم تا زۆر کاریکەریی خۆی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم دادەنێت دەداتەوە.

سێیەم/ کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان: یانیش ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەتایبەتی کەرکوک، یەکێکە لە گرێکوێرەکانی نێوان بەغدا و هەرێم. هەڵبژاردنەکان لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕینی نوێنەرانی ئەم ناوچانە، بەڵام چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە لە چوارچێوەی سیستەمی ئێستادا بوونی نییە و ئەم کێشەیە هەروا بە هەڵواسراویی دەمێنێتەوە.

پوختەی قسەکان ئەوەیە، ململانێ و پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێم، لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی چینایەتییە کە تێیدا بۆرژوازی هەردوو لا لەسەر دابەشکردنی سامانی وڵات و دەسەڵات ململانێ دەکەن. هەڵبژاردنەکان تەنها گۆڕەپانێکن بۆ ئەم ململانێیە و ناتوانن بنەڕەتی کێشەکان چارەسەر بکەن.

بۆپێشەوە: ئایا سیاسەتی بایکۆت و بەشداری نەکردنی چەپ و کۆمۆنیستەکان، لە هەڵبژاردنەکاندا تا چەندە سیاسەتێکی دروست و گونجاوە؟ ئایا ناکرێت چەپ و کۆمۆنیستەکان کەڵک لە کایەی هەڵبژاردنەکان وەرگرن و هەڵبژاردن بکەنە مەیدانێکی جەنگ لەگەڵ بۆرژوازی و هێزە سیاسییەکانیان؟

ئاسۆس سالح: ئەم پرسیارە یەکێکە لە پرسیارە ستراتیژییە گرنگەکان بۆ بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی. وەڵامەکەی ئاڵۆزە و پەیوەستە بە دۆخی کۆنکرێتی سیاسی و ئاستی پەرەسەندنی هۆشیاریی چینایەتی و توانای ڕێکخستنی چینی کرێکارەوە.

سەبارەت بە سیاسەتی بایکۆت: بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان دەتوانێت سیاسەتێکی دروست بێت لە هەندێک دۆخدا، بەتایبەتی کاتێک پڕۆسەی هەڵبژاردن بە تەواوی ڕەوایەتیی خۆی لەدەست دەدات بەهۆی گەندەڵی، ساختەکاری، دەستێوەردانی چەکداری، یان ناسەربەخۆیی دادگاکان. لەم دۆخەدا، بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان بە واتای شەرعییەتدان بە سیستەمێکی نادیموکراتیک و گەندەڵ دێت. هەروەها، بایکۆت دەتوانێت پەیامێکی ڕوون بێت بۆ جەماوەر کە ئەم سیستەمە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی نییە و پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆکردنەوەی هێز لە دەرەوەی سیستەم بژاردەیەکی دروست بۆ چەپ و کۆمۆنیستەکان، بایکۆت دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ کۆکردنەوەی هێز و ڕێکخستنی جەماوەر لە دەرەوەی چوارچێوەی سیستەمی بۆرژوازی، بۆ خەباتێکی شۆڕشگێڕانەتر. بەڵام، بایکۆت دەبێت بە ئاگاییەکی تەواوەوە بێت و تەنها وەک کاردانەوەیەک نەبێت. ئەگەر بایکۆت نەتوانێت ببێتە هۆی ڕێکخستنی هێزێکی جەماوەریی بەهێز، ئەوا لەوانەیە تەنها ببێتە هۆی کەنارگیرکردنی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە گۆڕەپانی سیاسی.

ئەگەر دیفاکتۆ و ئەمری واقیع (وەک ئەوەی ئێستا لە عێڕاق لە ئارادایە) بایکۆت کردنی بەشداریی کردنی پەرلەمان بێ کاریگەر بوو؛ ئەوکات بەشداری چەپ و کۆمۆنیستەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێتە پێویستی، هەرچەندە ئەگەر مەیدانی جەنگێکی نا دادپەروەرانە و نا یەکسانیش بێت. بەڵام پێویستە جەنگەکە ببرێتە ناو دڵی سیستەمەکە و لەوێوە هەوڵی بە دەستخستنی مافی خەڵکی زەحمەتکێش و کرێکاران بدرێت و یاسا و ڕێساکان لە بەرژەوەندی کەمکردنەوەی جیاوازیی چینایەتی و یەکسانی و دادپەروەریی هەموار بکرێنەوە.

چەپ و کۆمۆنیستەکان دەتوانن کەڵک لە کایەی هەڵبژاردنەکان وەرگرن و بیکەنە مەیدانێکی جەنگی چینایەتی لەگەڵ بۆرژوازی و هێزە سیاسییەکانیان. ئەمە بەو مانایە دێت کە بەشداری بکەن بەڵام بە دیدگایەکی ڕەخنەگرانە و شۆڕشگێڕانە.

دەتوانرێت پەرلەمان بەکاربێت بۆ گەیاندنی پەیام و ئاراستەی کاری چەپەکان بۆ نموونە: پەرلەمان دەتوانێت ببێتە سەکۆیەک بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش، ئاشکراکردنی گەندەڵی و نادادپەروەری، و خستنەڕووی داواکارییە چینایەتییەکان. هەروەها، هۆشیارکردنەوەی جەماوەر لە ڕێگەی پەرلەمانەوە، کە لە ڕێگەی بانگەشەی هەڵبژاردن و وتارە پەرلەمانییەکانەوە، دەتوانرێت هۆشیاری چینایەتی لەناو جەماوەردا بەرز بکرێتەوە و جەوهەری سیستەمی سەرمایەداری ئاشکرا بکرێت. پەرلەمان دەتوانرێت بکرێتە کەناڵێک بۆ ڕێکخستنی جەماوەر، بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ببێتە هۆی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەر و ڕێکخستنیان بۆ خەباتی دەرەوەی پەرلەمان.

بەڵام، بەشداری کردنی پەرلەمان و پەیڕەوکردنی ئەم ستراتیژییەتە پێویستی بە ئاگاییەکی فکری و سیاسیی زۆر هەیە بۆ ئەوەی چەپ و کۆمۆنیستەکان لەناو سیستەمەکەدا نەتوێنەوە و لە ئامانجە شۆڕشگێڕییەکانیان دانەبڕێن.

نابێت بەشداریکردن ببێتە هۆی خەیاڵاوییبوون بە گۆڕانکاری لەناو سیستەمەکەدا و پشتگوێخستنی خەباتی ڕاستەقینەی چینایەتی.

بۆپێشەوە: چینی کرێکار و خەڵکی کەم دەرامەت، دەبێ چۆن مامەڵەی هەڵبژاردنەکان بکەن… بەشداری بکەن یان بایکۆت و ڕێگای تر بگرنە بەر؟

ئاسۆس سالح: بۆ چینی کرێکار و خەڵکی کەم دەرامەت، مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵبژاردنەکان پێویستی بە دیدگایەکی ڕەخنەگرانە و چینایەتی هەیە. لە بنەڕەتدا، هەڵبژاردنە بۆرژوازییەکان ئامرازێکن بۆ پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری و بەرژەوەندییەکانی چینی دەسەڵاتدار، نەک چارەسەرکردنی کێشەکانی زەحمەتکێشان. گرنگترین شت ئەوەیە کە چینی کرێکار بە هۆشیارییەکی چینایەتییەوە سەیری پڕۆسەی هەڵبژاردن بکات.

نابێت فریوی دروشمە بریقەدارەکان و بەڵێنە پووچەڵەکانی پارتە بۆرژوازییەکان بخوات. دەبێت بزانن کە هیچ حزبێکی بۆرژوازی، سەرەڕای جیاوازییەکانیان، ناتوانێت چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکانیان بکات. هەروەها، چینی کرێکار و خەڵکی کەم دەرامەت نابێت چاوەڕێی ئەوە بن کە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە کەسێک یان حزبێک کێشەکانیان چارەسەر بکات. چارەسەری ڕاستەقینە تەنها لە ڕێگەی ڕێکخستن و خەباتی چینایەتی خۆیانەوە دێتە ئاراوە.

لەکاتی بەشداری کردندا، دەبێت بەشدارییەکی ڕەخنەگرانە و ستراتیژی بێت. ئەمە بە واتای دەنگدان بەو لایەنانە دێت کە بە شێوەیەکی ڕوونتر نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار دەکەن، دەنگ بدەن بە پارت و کەسە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان.

بەشداری کردن یان بایکۆتکردن، هیچ کام لەمانە نابێت ببێتە کۆتایی خەبات. خەباتی ڕاستەقینە بۆ مافەکانی چینی کرێکار و خەڵکی کەم دەرامەت، خەباتێکی بەردەوامە کە لە کارگەکان، کێڵگەکان، گەڕەکە هەژارنشینەکان، و سەرجەم شوێنەکانی ژیاندا بەردەوام دەبێت.

لە کاتی بڕیاری بەشداری یان بایکۆت لە لایەن پارتە چەپ و کۆمۆنیستەکان، دەبێت بڕیارێکی ستراتیژی بێت کە لەسەر بنەمای شیکارییەکی قووڵی دۆخ و بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی چینی کرێکار بێت. ئامانجی سەرەکی هەمیشە دەبێت پتەوکردنی ڕێکخستنی چینی کرێکار و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی چینایەتی بێت بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی و سۆسیالیستی.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.