لە یادی ١٠٨ ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا، بەشێک لە ئەزمون و دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشە…
لەگەڵ ئەوەدا شۆرشی ئۆکتۆبەر بە ئامانجی کۆتایی خۆی نەگەیشت، کە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی بوو، بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنی شۆرش و گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی، توانی گەورەترین ئاڵوگۆر لە سەر ئاستی روسیاو تەنانەت دنیادا بەدوای خۆیدا بهێنێت، کە تاکو ئێستاش لێکەوتەکانی لەسەر ژیانی ملیاردەها ئینسان ماوەو دەستکەوتەکانی بەراورد بە هیچ نیزام و سیستەمێکی سیاسی بۆرژوازی ناکرێت…
یەکەمین دەرسێک کە لینین و شۆڕشی ئۆکتۆبەر نیشانی بزوتنەوە کریکاری و کۆمۆنیستی وچەپی دنیایاندا ئەوە بوو کە مارکسیزمی لە مەیدانی پراکتیکدا بە کردەوە دەرهێنا، و نیشانیدا کۆمۆنیزم و شۆرشی کریکاریی، خولیاو خەیاڵێک نییە، بەڵکو کارێکی عەمەلیەوە دەکرێت و لە توانادایە.
ئەوەی کە بۆرژوازی دەوڵەتکردن و ئیشکردن لە بواری دەوڵەتی کردبوو بە کاریکی ئاڵۆز، وە بەکاری خەڵکی متەخەسیس و دیاریکراوی دەزانی و بۆدوورخستنەوەی چینی کرێکار لەخەباتی سیاسی و دەستبردنی بۆشورش، و ئەوەی بەخەیاڵ لەقەڵەم ئەدا کرێکار دەسەڵات بگرێتە دەست، دەوڵەت بەدەستەوە بگرێت و بەڕێوەی بەرێت. شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئەم درۆ زلەی بەکردەوە، بەمێژوو سپارد.
لینین و حزبی لینینی لەجێگای شۆرشی میللی و وڵاتی، شۆڕشی کرێکاری بەناوەڕۆکی ئەنتەرناسیونالستی بەرپاکرد، وە بەکردەوە هاوپشتی و هاوچارەنووسی چینی کرێکارو بەرژەوەندییە سەراسەری و گشتیەکانی چینی کرێکاری کردە مەبنای شۆڕش. ناسنامەی میللی و دینی و ڕزگاری خاک و سەرزەمینی میللی و نەتەوەیی و کەلتوری هیچ جێگایەکیان لەناو ئەم شوڕشەدا نەبوو، لەجێگای حزبی میللی و نەتەوەیی، حزبی پێشرەوی چینی کرێکارو شۆرشی کرێکاری پێکهێنا، هاوچارەنووسی چینی کرێکاری نەک هەر لەڕوسیا، بەڵکە لەدنیادا کردە مەبنای خەباتێکی ئەنتەرناسیونالستی. وە نیشانیدا کە چۆن سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان سەرباری کێشمەکێشی نەپساوەی واقعی نێوان خۆیان بۆ بردنی دەست رەنجی زیاتری چینی کریکار و قازانج پەرستی، کە لەنێوان خۆیان هەیانە، بەڵام بۆ سەرکوتی چینی کرێکارو شۆڕشی حەقخوازانەیان دەست ئەخەنە ناودەستی یەکترو لە هیچ پیلانێک درێغی ناکەن. لینین و شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەبەرامبەردا هاوچارەنووسی چینی کرێکاری جیهانیان کردە بناغەیەکی پتەو. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە بەهۆی بەردەوامی جەنگی جیهانی یەکەمەوە دەمارگیری نەتەوەیی و بەرگری لە نیشتمان و بۆرژوازی خۆ وڵاتی تەواوی ئەوروپای ئەوکاتەی داگرتبوو. زۆربەی حزبە لیبرال و سۆسیال دیموکراتەکان، لەژێر ناوی بەرگری لە نیشتماندا کەوتبوونە بەرگریکردن لە بۆرژوازی وڵاتی خۆیان. لەناو دڵی ئەم هەلومەرجەدا لینین و حزبی بۆلشەویک ڕیزی سەراسەری چینی کرێکارو هاوپشتی و هاوچارەنووسی جیهانی چینی کرێکاریان نوێنەرایەتی کرد.
ناسینی وردی هەلومەرج و تەشخیس دانی گرفتە بناغەیەکانی کۆمەڵگەو چۆنیەتی کۆکردنەوەو ریکخستنی چینی کریکار و خەڵکی ستەمدیدە لەدەوری و پێکهنانی هاوپەیمانیەتی لە نێوان کرێکاران و باقی توێژە بێبەشەکانی ئەو سەردەمەدا، یەکێکیتر لەو دەرسە بەنرخانەیە کە دەبێ حزبە لینینیەکان لە خەباتیاندا بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کرێکاری و کۆمۆنیستی بەدەستیەوە بگرن، لینین لەڕاستای هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی و تایبەتی لەڕیگای شۆڕشی چینی کریکارو و بێبەشانەوە بۆ بەرپاکردنی کۆمەڵگای سۆسیالستی، سەرەکیترین گرفتەکانی کۆمەڵگەی روسیای بەدەستەوە گرت کە کۆمەڵگەی داگرتبوو، لینین کەدەیبینی ڕۆژانە کلور کلور ئینسان لەجەنگدا دەسوتێن و کەم ئەندام ئەبن و خەلکی هەراسانی درێژەکیشانی جەنگی ئیمپریالیستانە بوو، دروشمی ئاشتی و لەکاتێکدا برسێتی بڕستی لە زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە بڕیبوو، دروشمی نان و لەوەختێکدا سەرکوتی بێپەردەی سیاسی و نەبوونی ئازادی بەمانای تایبەتی و گشتی وشەکە، ئازادی پەلبەست کردبوو، دروشمی ئازادی و بەم شێوەیە دروشمی ” نان، ئاشتی و ئازادی ” بەدەستەوەگرت و بە بەدەستەوەگرتنی ئەم دروشمانە کە خواستی گشتی و زوربەی خەڵکی بێبەشی روسیا بوو توانی خەڵکی روسیا بۆ شۆرش و ئاڵوگۆر لە دەوری ئەم خواستە سەرەکیانە ڕێکبخات.
بزوتنەوەی شورایی و دەسەڵاتی شورایی یەکێکیتر بوو لەو سیستمە سیاسی و ئیداریەی کە لینینی و شۆرشی ئۆکتۆبەر بۆیەکەمین جار لەبەرامبەر سیستەمی پەرلەمانی بۆرژوازیدا دایمەزراند و دەسەڵاتی زوربەی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات چ بەوێنەی دانەری یاساکان و چ بەوێنەی بەڕێوەبردنی یاساکان، جێگیر کرد. وە نیشانیدا کە سیستەمی شورایی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بە پێچەوانەی بانگەشەی بورژوازییەوە نەک هەرکارێکی دوورە دەست وئاڵۆز نییە، کاری جەماعەتیکی دەورە دیدەی تایبەت نییە، بەڵکە کارێکی ئاسایییە و سادەیە و هەموو کەسێکی سەرو تەمەن 18 ساڵ دەتوانی بەشداری تیا بکات.
لەگەڵ لە دەسەڵات هێنانەخوارەوەی بۆژوازی کۆنگرەی دووەمی سەراسەری شوراکان، بریارنامەیەکی ڕوو بە کرێکاران و بێبەشانی ڕووسیا ڕاگەیاند، یەکێک لەبەندەکانی بریتی بوو لەمەسەلەی دیاریکردنی حەقی دیارکردنی چارەنووسی میللەتەکانی بەدەست خۆیان.
دیبلۆماسی نهێنی هەڵوەشاندرایەوە و هەموو ڕیکەوتننامە نهێنیەکان بڵاوکرانەوە، و بەئاگاداری کۆمەڵ گەیەنران، حەقی پەناهەندەیی بۆیەکەمین جار بەهەموو مافێکەوە کە خەڵکی روسیا هەیبوو درا بەهەرکەسێک کە لەو وڵاتەدا بوو. هاوکات یەکسانی ژن و پیاو، جیایی دین لە دەوڵەت و یاساو خوێندن و پەروەردە، ئازادی بێ قەید و شەرتی سیاسی و…تاد بەشێک لە ئەزموون و دەستکەوتەکانی شۆرشی ئۆکتۆبەر بوون
دەرسەکان و دەسکەوتەکانی شۆرشی ئۆکتۆبەر کە لینین ڕابەری کرد هێندە زۆرن و هەموو زەمینەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداری و ئابووری و حقوقی لە ئاستێکی فراوانی کۆمەڵایەتیدا دەگرێتەوە. بۆ زیاتر ئاشنابوون بەم دەسکەوتانە دەکرێت دەستوری ئەساسی کەدوای چەند مانگ لە پێکهێنانی حکومەتی شورایی پەسەندکرا، وەکو بەڵگەنامەیەکی شکۆداری بەرهەمی شۆرشی ئۆکتۆبەر، سەیربکرێت.
بۆپێشەوە