وەرچەرخان یان  چرکەساتێک لەململانێی نێوان کۆمۆنیزمی کرێکاری و چەپی ڕادیکاڵ! لەوەڵام بەسەرنجێک

0

 هاوڕێیەکی بەڕێز بە ناوی ئازاد کاکە حسێن، لە ژێر وتارێکی مندا کە لە (لەبۆیشەوە) دا بڵاوبۆتەوە لە پەیوەند بە سیاسەت و شێوەی مامەڵەی حیزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان لە پەیوەند بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراق، تێبینییەکی ڕەخنەیی  نووسیوە کە من لێرە دا تێبینیە ڕەخنەییەکەی ئەو وەک خۆی دەهێنمەوە و دواتر بۆچوونی خۆمی لەسەر دەڵێم:

(حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و عێراق ٣٦٠ پلە سیاسەتی خۆیان گۆڕیوە بەبێ ئەوەی ڕەخنە لە سیاسەتی بایکۆتی خۆیان بگرن؛ هەروا بەخشکەیی ناکرێ لە سیاسەتێکەوە بە خشپەیی بچنە سەر سیاسەتێکی تر بەبێ ئەوەی تێبگەین بۆچی وای لێهات.)

  بۆ کەسانێک کە ئاشنای مێژووی واقیعی خەتی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و خودی حیزبە کۆمۆنیستیە کرێکاریەکان بن ئەمە شتێکی سەلمێنراوە کە مێژووی ئەم حیزبە، تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە خودی هێڵی کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە هەیە، مێژووی ململانێ بووە لەگەڵ ئەم چەپی ڕادیکاڵی ناکرێکاریی و ناکۆمەڵایەتی و محفەلی، تەنانەت لەناو خودی حیزبەکەشدا. مێژووی هەوڵدان بووە بۆ دابڕان لە ئاسۆ و خووڕەوشت و شێوازی کاری ناسیاسی و ناکۆمەڵایەتیی ئەم چەپە. لە هەر وەرچەرخانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا و لە هەر هەنگاوێکدا کە ئەم هێڵە ناویەتی بۆ ئەوەی لە جیهان و سەرقاڵییەکانی ئەم چەپە دەربچێت، دەنگی ئەم نەریتە ناکۆمەڵایەتییە بەرز بووەتەوە و هەوڵی داوە کە کۆمۆنیزم بۆ پەراوێزنشینی بانگهێشت بکات.

بۆچوونی شەخسیی من ئەوەیە کە ئەو سیاسەت و شێوازەی حیزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان لە کەشە سیاسییە نیمچە-کراوەکەی ئەم دوو کۆمەڵگەیەدا گرتوویانەتەبەر سەبارەت بە هەڵبژاردن و زۆر پرسی تری پەیوەست، زیاتر لەوەی بەرهەمی تێڕوانین و هێڵی کۆمۆنیزمی کرێکاری بێت، و زیاتر لەوەی بەرهەمی پراکتیکخوازیی و دەخالەتگەری سیاسی  ئەم هێڵە و تێگەیشتنی بێت بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی کاریگەری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ململانێی مێژوویی و کۆمەڵایەتی لەسەر چارەنووسی کۆمەڵگە و دەسەڵات، لە ئەنجامدا بەرهەمی فشاری ئەم زەینییەتە ترسنۆکەی نەریتی چەپ بووە. ئەگەر کەسێک لەم حیزبە، لە مێژووەکەی، و لەو هەوڵ و کۆششانەی هێڵی کۆمۆنیزمی کرێکاری داویەتی بۆ ڕزگارکردنی کۆمۆنیزم و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە چەنگی نەریت و ڕەوشتی دواکەوتو و ناکۆمەڵایەتی و ناسیاسیانەی چەپ و بۆ هێنانەناوەی بۆ گۆڕەپانی سەرەکیی ململانێی کۆمەڵگە — بەپێچەوانەی ویست و ئارەزووی چەپی ڕادیکاڵی ناکرێکاری و ناکۆمەڵایەتی . تێنەگات، ئەوا لەم پرسە تێناگات. بۆیە تێگەیشتن لە مێژووە واقیعیە کرنگە بۆ ئەوەی لەوە تێیگەین کە کۆمۆنیزمی ئەم کۆمەڵگەیە بۆچی دوچاری ئەم گۆشەگیریە بووەو بۆچی نەیتوانیوە بە ئەرکی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی هەستێ لە کێشمەکێشی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.

بۆیە خودی ئەو حیزبە و ئەوەی کە دەبێ چی بکات و لە کوێ ڕابوەستێ و چ جۆرە حیزبێک بێ و چۆن کار بکا و شێوەکاری چی بێ و پێویستی بە گێڕانی چ جۆرە ڕۆلێکی سیاسی هەیە و چ ڕابەرایەتیەکی پێویستە و هتد مایەی کێشمەکێشێکی گەورە و سەر ئێشەیەکی بەردەوام بووە. هەر لە پێویستی عەلەنی کاری و بە دەستەوەدانی ڕابەرایەتیەکی کۆمۆنیستی عەلەنیکاری کۆمەڵایەتی کە توانا و ئیرادەی ئەوەی هەبێ پێداگری لەسەر پێویستی خۆی بۆ کۆمەڵگە و چینی کرێکار بکا، تا دەکا بە پێویستی واز هێنان لە مەحفەلیزم و کاری ورد و دەستبردن بۆ میکانیزمەگەورەکانی کاری سیاسی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، هەر هەمووی بە کێشەکێشی قورس و ئاڵۆز دا تێپەڕیوە.

 ئەم ململانێیە دابڕان و حیابوونەوەی فەردی و بە کۆمەڵی لێکەوتۆتەوە . باسی حیزب و قودرەتی سیاسی و ئەوەی کە کۆمۆنیزم و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بڕیار نییە تەماشاکەر و داوەری بێئازاری ڕووداوەکان بێ، قەرار نییە ئەنجومەن و مەحفەلی مەخفیکاری کۆمەڵە کەسانێک بێ کە لە دڵەوە خواست و خەونی شۆڕشی لەسەر دایە و خێر و چاکەی مرۆڤیان دەوێ، بەڵکو حیزب و بزوتنەوەیەکی سیاسی واقیعیە کە وەک هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی تر دەبێ بە شێوەی سیاسی سەربکەوێ و دەسەڵات بگرێ بۆ ئەوەی بەرنامەی خۆی پیادە بکا و بۆ ئەوەی چینەکەی خۆی بهێنێتە پای ئەرکی ڕگاری گەورەی سۆسیالیستی، ڕیزێکی فراوان لەو چەپە هاتنە دەنگ وتیان مارکس وای نەوتوە  مارکس وتویەتی چینی کرێکار خۆی شۆڕش دەکا و خۆی دەسەڵات دەگرێ و پایدۆزیان لێکرد لە ڕەزا موقەدەمەوە تا ئیرەجی ئازەرین  و بهمەن و و جەعەفری ڕەسا کەسانێکی کەم نەمبوون. هەر چەند ساڵ بینیمان بەشێکی نەک کەم، بەڵکو زۆری ئەو چەپە گەڕایەوە بۆ شێوەکاری محفەلی و  ئەو گروپ و کۆمەڵانەی پێشوتریان ڕێکخستەوە

لە هەندێک بار دا وەختێک چەپ نەیتوانی بێ ئاڵای خۆی هەبکا و بە ئاشکرا بەرگری لە پلاتفۆرمی خۆی بکات ئەوا لە ڕێگەی بەرگری سەلبیەوە واتە قبوڵکردنی سەرزارەکی مەفروزاتی سیاسی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و کارپێنەکردنیان لە پڕاتیکی واقعیدا توانای ئەو حیزبەی لەزەویداوە و وای لێکردوە نەتوانێ و ئیمکانی ئەوەی نەبێ بە تەواوی تواناوە دەست دەست بۆ شێوازە کۆمەڵایەتی و گەورەکانی کاری سیاسی کۆمۆنیستی بەرێ.

بۆیە بە کورتیەکەی بۆ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و خەتی کۆمۆنیزمی  کرێکاریی، ئەمە سات و کاتێکی مێژووییە لە ململانێیەکی ڕاستەقینەی درێژخایەنتری نێوان “کۆمۆنیزمی چەپ” و “کۆمۆنیزمی کرێکاری”دا، نەک وەرچەرخانێک.

Leave A Reply

Your email address will not be published.