بۆخارین، دوایین نامە پێش لەسێدارەدان… وەرگێران: توانا محەمەد نوری
پێشەکی
لە شوباتی ١٩٣٧، نیکۆلای ئیڤانۆڤیچ بۆخارین (١٨٨٨–١٩٣٨)، یەکێک لە تیۆریستە دیارەکانی بەلشەڤیک و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەت، بە تۆمەتی “چالاکی دژەپارتی” دەستگیر کرا و بۆ ماوەی چەند مانگێک لە زیندانی تاکەکەسی لەژێر فشاری قورسی دەروونی و جەستەیی دەزگای ئەمنی دابوو. ئەو کە پێشتر لە بەرزترین ئۆرگانەکانی حیزب و حکومەتی سۆڤیەتدا شوێنێکی گرنگی هەبوو، لە کاتی “دادگاکانی نمایشی مۆسکۆ”دا بە خیانەت، پیلانگێڕی و سیخوڕی تۆمەتبار کرا؛ تۆمەتگەلێکی بێ بنەما کە بەشێک بوو لە شەپۆلی خوێناوی “پاکتاوکردنە گەورەکانی” ستالین. سێیەم دادگای مۆسکۆ لە ٢ی ئازاری ١٩٣٨ دەستیپێکرد و بۆخارین وەک گرنگترین تۆمەتبار دانرا. لە ١٢ی ئازاردا بڕیاری لەسێدارەدانی دەرچوو و ڕۆژی دواتر، ١٣ی ئازار، لە چوارچێوەی دوا بەرگرییەکانی خۆیدا دووبارە جەختی لە بێتاوانی خۆی کردەوە و هەر لەو ڕۆژەدا نامەی “وتار بۆ نەوەی داهاتووی سەرکردەکانی حیزب”ی نووسی. ماوەیەکی کەم دواتر، لە شەوی ١٣ لەسەر ١٤ی ئازار، لە زیندانی لۆبیانکا گوللەباران کرا.
بۆخارین لەم نامەیەدا باس لە فشارە سەختەکانی دەزگای ئەمنی و بێتوانایی خۆی لە بەرامبەریان دەکات؛ لە هەمان کاتدا پێداگری لەسەر دڵسۆزی خۆی بۆ ئامانجەکانی شۆڕش و لینین دەکات و بە دڵنیاییەوە پێشبینی دەکات کە ڕۆژێک مێژوو بێتاوانی ئەو ئاشکرا دەکات. نامەکەی دوای نیو سەدە، لە ساڵی ١٩٨٨، لە گۆڤاری “سپوتنیک” بڵاوکرایەوە. ئەمڕۆ، لە ساڵیادی لەدایکبوونیدا (٩ی ئۆکتۆبەری ١٨٨٨) ئەم دەقە وەک بەڵگەنامەیەکی گرنگ لەبەردەمماندایە؛ بیرخەرەوەی چارەنووسی تراژیدیای بۆخارین و هەزاران خەباتکار کە وەک ئەو بوونە قوربانی فشاری دەزگای ستالینی.
🔹 ئەمڕۆ، زۆربەی “ئۆرگانەکانی ئێنکاوێدی” [ئێنکاوێد: دەزگای ئەمنی و پۆلیسی سەردەمی ستالین، بەرپرسی سەرکوتکردنە بەرفراوانەکان]، ئەم دەزگا گەندەڵە پڕ لە کارمەندی بێ فکر، گەندەڵ و خۆشگوزەران، کە دەسەڵاتی پێشووی چیکا بەکاردەهێنن بۆ ڕازیکردنی گومانی نەخۆشانەی ستالین و لە ئارەزووی مەدالیا و شکۆمەندیدا دەسووتێن، دەست دەکەن بە کارە قێزەونەکان و تێناگەن کە هاوڕێیانی خۆیان لەناودەبەن. مێژوو هیچ شایەدێک لەسەر کارە پیسەکان قبوڵ ناکات!
هەر ئەندامێکی لیژنەی ناوەندی، هەر ئەندامێکی حیزب دەتوانرێت بەم “ئۆرگانە موعجیزەییانە” تێکبشکێنرێت و بکرێتە خائین، تیرۆریست، تێکدەر یان سیخوڕ. ئەگەر تەنانەت لە مێشکی ستالینیشدا گومانێک سەبارەت بە خۆی دروست بێت، زۆری ناخایەنێت کە هەر ئەم دەزگایە بۆی پشتڕاست دەکاتەوە.
هەورە ڕەشەکان ئاسمانی حیزبیان داپۆشیوە، نەک تەنها بەسەر سەری بێتاوانی مندا، بەڵکو بەسەر هەزاران سەری دیکەشدا دەکەوێت. بەم شێوەیە دەبێت ڕێکخراوێکی خەیاڵی دروست بکەن، “ڕێکخراوی بۆخارینی”، کە لە ڕاستیدا هەرگیز بوونی نەبووە؛ نە ئێستا، کە حەوت ساڵە هیچ ناکۆکییەکم لەگەڵ حیزب نەبووە، و نە لە ڕابردوودا، تەنانەت لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەویشدا. من هیچ زانیارییەکم لەسەر ڕێکخراوی ڕیۆتین [ڕێکخراوی ڕیۆتین: گرووپێک ڕەخنەگر بە سەرۆکایەتی مارتیمیان ڕیۆتین کە لە ساڵی ١٩٣٢دا بەڵگەنامەیەکیان دژی ستالین بڵاوکردەوە.] و ئۆگلاندۆڤ [ئۆگلاندۆڤ (١٨٨٦–١٩٣٨): ئەندامی حیزب و سکرتێری یەکەمی لیژنەی مۆسکۆ کە بە چالاکی دژەپارتی تۆمەتبار کرا و لەسێدارە درا.] نەبوو. من بۆچوونەکانی خۆمم بە ئاشکرا لەگەڵ ڕیکۆڤ و تۆمسکی دەربڕیوە.
لە تەمەنی هەژدە ساڵییەوە پەیوەندیم بە حیزبەوە کردووە و هەمیشە ئامانجی ژیانم جگە لە خەبات بۆ بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار و سەرکەوتنی سۆشیالیزم نەبووە. وە ئێستا، ڕۆژنامەیەک بە ناوی پیرۆزی “پراڤدا” [ڕاستی] ئەم درۆ قێزەونە بڵاودەکاتەوە کە گوایە من، نیکۆلای بۆخارین، ویستوومە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەناوبەرم و سەرمایەداری بگەڕێنمەوە. ئەمە بێشەرمییەکی بێ کۆتایی و درۆیەکی تەواوە؛ تەنها بەو بوێری و بێبەرپرسیارییە لە بەرامبەر خەڵکدا بەراورد دەکرێت کە کەسێک بڵێت: “دەرکەوت نیکۆلای ڕۆمانۆڤ [تزاری ڕووسیا] تەواوی ژیانی خۆی بۆ خەبات دژی سەرمایەداری و پاشایەتی و بەدیهێنانی سۆشیالیزم تەرخان کردبوو!”
ئەگەر لە شێوازەکانی بنیاتنانی سۆشیالیزمدا چەندین جار تووشی هەڵە بووبم، نەوەکانی داهاتوو نابێت توندتر لەوەی ڤلادیمیر ئیلیچ [لینین] حوکمی دابوو، لەسەر من قسە بکەن. ئێمە یەکەم کەس بووین کە لە ڕێگایەکی نەناسراودا بەرەو ئامانجێکی هاوبەش هەنگاومان نا. ئەو کاتە، سەردەمێکی دیکە بوو و یاسایەکی دیکە. لە پراڤدا لاپەڕەکانی گفتوگۆ بڵاودەکرانەوە، هەمووان گفتوگۆیان دەکرد، ڕێگای ڕاستیان دەدۆزییەوە، لەگەڵ یەکتر دەجەنگان و دووبارە ئاشتییان دەکردەوە بۆ ئەوەی پێکەوە بەرەو پێش بچن.
لە فارسییەوە کراوەتە کوردی،
١٢/١٠/٢٠٢٥