پلانی ترامپ-بلێر بۆ غەززە: نوێنەرایەتی سنوورداری فەلەستین و حوکمڕانی دوور … وەرگێڕانی لە فارسییەوە: توانا محەمەد نوری

0

پلانەکەی تۆنی بلێر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە دوای جەنگ، پێکهاتەیەکی پلەبەندی فرەچین پێشنیار دەکات کە تێیدا دیپلۆماتە باڵا نێودەوڵەتییەکان و بازرگانەکان لە پلەی سەرەوەدان و فەلەستینییەکانیش کە کاروباری مەیدانی بەڕێوەدەبەن لە پلەی خوارەوەدان.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیسنا، “بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی کە هاآرتس بۆ یەکەمجار بە تەواوی بڵاوی کردووەتەوە، ئیدارەی کاتی نێودەوڵەتی غەززە (GITA) لەلایەن دەستەیەکی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەدەبرێت. سەرۆکی ئەم دەستەیە، باڵاترین بەرپرسی جێبەجێکاری سیاسی غەززە دەبێت، بەڵام “بە ڕاوێژی نزیک” لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستین کار دەکات. بە وتەی سەرچاوەیەکی حکومەتی زایۆنیست، بڕیارە خودی بلێر ئەم پۆستە وەربگرێت و لە نێو کارەکانی دیکەدا، بەرپرسی دیپلۆماسی دەبێت – لەگەڵ وڵاتانی دیکە، لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لەگەڵ بەخشەرەکانیش.”
ئەمە “دیپلۆماسی ئاسایشی ستراتیژی لەگەڵ یاریزانە دەرەکییەکان، لەوانە ئیسرائیل، میسر و ویلایەتە یەکگرتووەکان” دەگرێتەوە.
GITA لەژێر مۆڵەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکات و دەسەڵاتی فراوانی پێدەدرێت، لەوانە بەرپرسیارێتی هەماهەنگیکردنی ئاسایش لە غەززە و پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی کە ژیانی دانیشتووان بەڕێوەدەبەن. ئەم پلانە پێوەرێک دیاری دەکات کە بڕیارە لە ماوەی سێ ساڵدا جێبەجێ بکرێن، بەڵام ناڵێت دوای ئەوە چی ڕوودەدات.

لە پلانەکەدا هاتووە کە ئامانج، گواستنەوەی بەڕێوەبردنی غەززەیە بۆ دەسەڵاتی فەلەستین لە قۆناغێکدا، بەڵام خشتەیەکی کاتی بۆ ڕوودانی ئەمە دیاری نەکراوە. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ڕایگەیاند، ئەو بەڵگەنامەیەی کە هاآرتس بەدەستی هێناوە، وەشانی نوێکراوی ئەم پلانەیە و کەمتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر ئامادەکراوە.
ئەم بەڵگەنامەیە، کاندیدە ئەگەرییەکانی بۆ دەستەی نێودەوڵەتی، لەوانە سیگرید کاگ، هەماهەنگیکاری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان؛ مارک ڕۆوان، جولەکەیەکی ئەمریکی کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای وەبەرهێنانی ئەپۆلۆ گلۆباڵ مانیجمێنتە؛ و نقیب ساویریس، ملیاردێری میسری، لیست دەکات. کەسێکی دیکە کە وەک بژاردەیەکی ئەگەری ناوی هاتووە، ئاریە لایتستۆن، سەرۆکی پەیمانگای ئاشتی ڕێککەوتنی ئیبراهیم لە واشنتۆنە. ئەو هەروەها بە قووڵی لە دامەزراندنی سندووقی مرۆیی مشتومڕاوی غەززەدا ڕۆڵی هەبووە.

بە گشتی، ئەم دەستەی بەڕێوەبەرایەتییە حەوت بۆ دە ئەندامی دەبێت، لەوانە “نوێنەرایەتییەکی بەهێز لە ئەندامە موسڵمانەکان بۆ دڵنیابوون لە شەرعیەتی ناوچەیی و متمانەی کلتووری”. لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە ئەم ئەندامە موسڵمانانە دەبێت “پشتیوانی سیاسی وڵاتەکانیان هەبێت، بەڵام بە باشتر[یش] متمانەی بازرگانی درێژخایەنیان هەبێت”.
لە ژێر دەستەی بەڕێوەبەرایەتیدا، ئەم پلانە چەندین چینی دیکەی حکومەت پێشنیار دەکات. یەکەم سکرتاریەتی جێبەجێکاری GITAیە کە “سەنتەری ئیداری ناوەندی و دەزگای جێبەجێکاری” دەبێت. لە ژێر ئەوەدا پێنج کۆمیساری دەبن – هەریەکەیان بۆ کاروباری مرۆیی، ئاوەدانکردنەوە، یاسادانان و چاودێری یاسایی، ئاسایش و هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستین. لە ژێر ئەواندا، ئیدارەی جێبەجێکاری فەلەستین دەبێت کە جێبەجێکردنی پلانەکە لەسەر زەوی ئەنجام دەدات و بەم شێوەیە دەزگایەک دەبێت کە بە کردەوە خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵکی غەززە دەکات.
ئەم دەزگایە بەشێک نابێت لە دەسەڵاتی فەلەستین، بەڵکو دەزگایەکی “پڕۆفیشناڵ و بێلایەن”ە کە بەڕێوەبەری جێبەجێکارییەکەی لەلایەن دەستەی نێودەوڵەتییەوە دادەمەزرێت. لە بنەڕەتدا، ئەمە هاوشێوەی حکومەتێکی تەکنۆکراتییە کە میسر لە پلانی حکومەتیدا کە لە مانگی مارسدا ڕاگەیاند، پێشنیاری کرد. بەڵام بەپێی پلانەکەی بلێر – کە بە وتەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکە پشتیوانی کۆشکی سپی لێدەکرێت و ئیسرائیل ڕەتینەکردووەتەوە – ئەم دەزگایە هیچ دەسەڵاتێکی سەربەخۆی نابێت. لەبری ئەوە، سیاسەتەکەی بە تەواوی ملکەچی سیاسەتی دیاریکراوی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی دەبێت.
بەشی پەیوەندیدار بە ئاسایش لەم بەڵگەنامەیەدا بە تایبەتی جێگای سەرنجە. لەم بەڵگەنامەیەدا هاتووە کە GITA وەک کۆمیساری چاودێری ئاسایش، دەسەڵاتی تەواوی بەسەر کاروباری ئاسایشدا دەبێت.
“بڕیاردانی ئۆپەراسیۆنی” دەدرێتە دەست ڕێکخراوە ئەمنییە تایبەتەکان، بەڵام کۆمیسار بەرپرسیار دەبێت لە دڵنیابوون لەوەی کە ئەم ڕێکخراوانە “لە چوارچێوەیەکی یاسایی، دامەزراوەیی و ئۆپەراسیۆنی هاوتەبا، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێنمایی کاتی GITA کار دەکەن.”
ئەم بەڵگەنامەیە سێ ڕێکخراوی ئەمنی پێشنیار دەکات. یەکەم یەکەی پاراستنی جێبەجێکارییە کە بەرپرسی پاراستنی ئەندامانی GITA دەبێت و “لە لایەن کارمەندانی باڵا لە وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەدەبرێت.”
بەڵام، لانیکەم بۆ ساڵی یەکەم، بڕیار وایە بەرپرسانی باڵای GITA لە غەززە نیشتەجێ نەبن. لەبری ئەوە، ئەوان ئەم ناوچەیە لە عەریش لە میسر، هەروەها قاهیرە و عەمانەوە بەڕێوە دەبەن. لە ساڵی دووەمدا، تا ڕادەیەک لە غەززە نیشتەجێ دەبن، لە کاتێکدا ئەم بەڵگەنامەیە تەنیا لە ساڵی سێیەمدا پێشبینی دەکات کە غەززە بگاتە “جێبەجێکردنی بەردەوام بە توانای ناوخۆیی و نیشتەجێبوون”.
دووەمین دەزگای ئەمنی، هێزی پۆلیسی مەدەنییە کە ئەندامەکانی “بە شێوەیەکی پیشەیی پشکنینیان بۆ دەکرێت” و “بێلایەن” دەبن. ئەم دەزگایە سەر بە پێکهاتەی جێبەجێکاری فەلەستین دەبێت.
کۆتا دەزگا، گرنگترین و هەستیارترینیانە. هێزی جێگیرکردنی نێودەوڵەتی کە بەرپرسی دابینکردنی ئاسایشی دەروازە سنوورییەکان، ڕێگا دەریاییەکانی غەززە و “ناوچە دەوروبەرییەکان”ی نزیک ئیسرائیل و میسر دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو لادا. هەروەها بەرپرسیار دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەوانەش لە ڕێگەی “ئۆپەراسیۆنە ئامانجدارەکان بۆ ڕێگریکردن لە سەرلەنوێ دەرکەوتنەوەی گرووپە چەکدارەکان”، تێکدانی قاچاخچێتی چەک و پووچەڵکردنەوەی “هەڕەشە ناهاوسەنگەکان بۆ سەر ئاسایشی گشتی”. ئەم بابەتە لەگەڵ پێداگریی بەردەوامی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران، کە ئیسرائیل دەبێت بەرپرسیارێتیی گشتیی ئاسایشی غەززەی لە ئەستۆ بێت، لە ناکۆکیدایە.

ڕاگەیاندنی نیویۆرک، بەڵگەنامەیەکی فەرەنسی-سعوودی سەبارەت بە چۆنیەتیی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی کە پشتگیرییەکی بەرفراوانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەدەست هێنا، هەروەها هێزێکی جێگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ غەززە پێشنیار کرد. بەڵام تا ئێستا، تەنیا یەک وڵات – ئیندۆنیزیا – ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە بەشدارییەکی بەرچاو لەو هێزەدا بکات؛ ئەم وڵاتە پێشنیاری ناردنی ٢٠٠٠٠ سەربازی کردووە.

لە کۆتاییدا، ئەم بەڵگەنامەیە پێشنیار دەکات کە بودجەی GITA لە ساڵی یەکەمدا ٩٠ ملیۆن دۆلار، لە ساڵی دووەمدا ١٣٣.٥ ملیۆن دۆلار و لە ساڵی سێیەمدا ١٦٤ ملیۆن دۆلار بێت. بەڵام ئەمە تەنیا بۆ خەرجییەکانی بەڕێوەبردنە؛ خەرجییە سەرەکییەکان وەک ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکانی غەززە ناگرێتەوە.

کۆکردنەوە

پلانی تۆنی بلێر بۆ بەڕێوەبردنی غەززە، لەبری ئاوەدانکردنەوەی حوکمڕانییەکی فەلەستینی، زیاتر لە دروستکردنی “کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی غەززە” دەچێت کە لەژێر کاریگەریی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کار دەکات. بوونی ملیاردێرە جیهانییەکان لە لوتکە و فەلەستینییە تەکنۆکراتەکان لە خوارەوە، لەگەڵ زمانی بازرگانیی دەقەکە، وای لە زۆر کەس کردووە کە بگەنە ئەو ئەنجامەی کە ئامانجی سەرەکی، بەڕێوەبردنی قەیرانەکەیە لە بەرژەوەندیی هێزە جیهانییەکان نەک جێبەجێکردنی خۆسەریی فەلەستینییەکان. ئەم بەڵگەنامەیە، هەرچەندە هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە، وێنەیەکی ڕوونی داهاتوویەکی زۆر مشتومڕاوی پێشکەش دەکات: غەززەیەک لەژێر بەڕێوەبردنی دەستەیەکی بیانی، بەبێ سەربەخۆیی ڕاستەقینە و بە دەسەڵاتێکی سنووردار بۆ خەڵکەکەی.

 

٣٠/٩/٢٠٢٥

Leave A Reply

Your email address will not be published.