بۆچی دەڵێین ناسیۆنالیزم مایەی شەرمی مرۆڤایەتییە!؟… نووسینی: ناسر بابامیری… توانا محەمەد نوری لە فارسییەوە کردوێتیە کوردی
ئەمەی کە ئایا بە شێوەیەکی سیستماتیک یان جاروبار، مەیلی ناسیۆنالیستی لەم یان ئەو بەشەی کۆمەڵگەی ئێراندا هێرشێکی پڕوپاگەندەی جەنگی سارد دەکاتە سەر کۆمۆنیزم و ڕەوتە کۆمۆنیستییەکان، نە شتێکی سەیرە و نە تازەیە. ئەم جەنگە ساردە مێژووەکەی بەقەد تەمەنی ناسیۆنالیزم و نەتەوە داهێنراوەکانە. کە ڕێک کەوتووە دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان تا ئەمڕۆ یەک لە دوای یەک بەپێی پێویستییەکانی هەڵکشان و داکشانی دۆخەکە، توندی دەکەنەوە.
ناسیۆنالیزم، چ لە شێوە “پێشکەوتنخوازانە”کەیدا و چ لە شێوە دواکەوتووانەکەیدا، لە ئاسۆی فیکری و ئابووریی بۆرژوازییەوە هەڵقوڵاوە؛ چینێکی چەوسێنەر لە پێناو پتەوکردنی دەسەڵاتی خۆیدا، لە بەرامبەر پەیوەندییە فیۆداڵییەکاندا، ئاڵای “دەوڵەتی نەتەوەیی”ی هەڵگرت. بەڵام سەردەمی گەشەسەندنی ئەم ئایدیۆلۆژیایە بە تێپەڕبوونی سەرمایەداری لە قۆناغی کێبڕکێی ئازادەوە بۆ ئیمپریالیزم، واتە چوونە ناو سەردەمی دەسەڵاتی قۆرخکارییەکان و دابەشکردنی جیهان لەنێوان هێزە ئیمپریالیستییەکاندا، کۆتایی هات. لەمەودوا، بۆرژوازی چیتر نەک هەر هێزێکی “پێشکەوتنخواز” نەبوو، بەڵکو بە سەرهەڵدانی چینی کرێکار و ڕووبەڕووبوونەوەی دوو بەرەی کار و سەرمایە، ئەمجارە خۆی بوو بە هێزێکی دواکەوتوو لە بەرامبەر کرێکارانی جیهانیدا کە لە چوارچێوەی سیستەمی باودا نەیدەتوانی ناکۆکییە چینایەتییەکان چارەسەر بکات.
ناسیۆنالیزمیش، وەک ئامرازی ئایدیۆلۆژیی ئەم چینە، لە ڕۆڵێکی “پێشخەرەوە” بوو بە بەربەست لەبەردەم یەکێتیی جیهانیی کرێکاران و جەماوەری ستەملێکراودا. دیاردەی ناسیۆنالیزم و نەریتی داهێنراوی نەتەوەسازی لە ئێرانیشدا تەمەنێکی درێژتری لە نەتەوەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئەمریکا و هیتر نییە.
هەروەک چۆن دەتوانرێت مێژوو و وردەکارییەکانی داهێنانی ئەم نەتەوانە بە خوێنەر نیشان بدرێت، دەتوانرێت لەبارەی دیاردەی نەتەوە و سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم لە ئێرانیشدا قسە بکرێت. بۆ نموونە بۆرژوازیی ئێرانیش چۆن لە ڕێگەی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستییەوە و بە ئامراز و فێڵەکانی وەک فۆلکلۆر، کەلتووری نەتەوەیی، سروودی نیشتمانی، جەژن و بۆنەکان، ئەفسانە کۆنە نەتەوەییەکان و تەنانەت نیگار و پەیکەری یادگاری، لەناو ئەم خاکەدا مرۆڤەکانی بە دەوری پاشکۆ نەتەوەییەکانەوە سەرقاڵ و پۆلێن کرد و نەتەوە یان نەتەوەکانی داهێنا. یان چۆن و لە چ مێژوویەکەوە بۆرژوازی بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی پێگەیەکی باڵاتری بۆ نەتەوەی ستەمکار دانا، تا بە جێبەجێکردنی ستەمی نەتەوەیی، نەتەوە ستەملێکراوەکان بخاتە ژێر فەرمانی خۆیەوە و هەمووان بۆ بەرگریکردن لە “بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان!” و “هاوچارەنووسیی نەتەوەیی!” بانگەواز بکات تا بەم شێوەیە واز لە بەرژەوەندییە ڕاستەقینە و چینایەتییەکانی خۆیان بهێنن.
بۆرژوازیی ئێرانیش نەتەوە ئێرانییەکانی وەک فارس، عەرەب، کورد، تورک، ئازەری و بەلووچی لە دەوری ناسنامە نەتەوەیی و قەومییەکاندا پۆلێن کردووە تا هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانی ویستی، و بەتایبەتی لە کاتە هەستیارە مێژووییەکاندا بەم ناسنامە داتاشراوە داهێنراوانە بیانخاتە گیانی یەکتر بۆ پاراستنی “نیشتمانی دایک” و هەندێک جار بە بەشدارکردنیان لە دەسەڵات و پاراستنی “بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان” لەگەڵیاندا بکەوێتە مامەڵەوە. بۆرژوازیی ئێرانیش کە لە توانای خۆیدا پاسەوانی لە پایەکانی سەرمایەداری دەکات، بەهۆی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستییەوە “نەتەوە و نیشتمان و خاک” بە پیرۆز دادەنێت و نەک هەر نەتەوەی ستەمکار، بەڵکو نەتەوە و قەومییەتەکانی تریش لە دەوری ناسنامەی نەتەوەییدا وەک پاسەوان و پارێزەری ئەو دەکات.
ئەوەی کام نەتەوە پشکی زیاتری لە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتدا هەبێت، بە هەمان ڕادە خەڵکی تری کۆمەڵگە، ئایا بە زۆر یان بە خۆبەخشانە، لە دەوری ناسنامەی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکاندا بۆ ژێر ئاڵای خۆی بانگهێشت دەکات. بۆرژوازیی ئێرانیش تا ئەو کاتە نەتەوە و نیشتمان و خاکی لا پیرۆزە کە قازانجی سەرمایە دابین بکات. لای بۆرژوازی، فارس، عەرەب، تورک، کورد، ئازەری و بەلووچ بوون یان ئایینی و نائایینی بوون، هیچ بایەخێکی نییە، لای سەرمایەداری ئەمانە پیشەسازین، یەکێکیان مێژووەکەی درێژترە و ئەوی تریان داهێنانی خۆیەتی تا لە پێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی بۆرژوازیدا بەکاری بهێنێت.
بۆرژوازی لە کوێ بەرژەوەندییەکانی بیخوازێت پەنا بۆ پیشەسازییە داهێنراوەکەی خۆی بۆ نەتەوەسازی دەبات و بەپێی هەمان بەرژەوەندی مرۆڤەکان لە دەوری ناسنامەی نەتەوەیی و پاشکۆکانیدا کۆدەکاتەوە و شەرعییەتی پێدەدات و هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانی دابین نەکات وەک فەڵەستین، ئۆکرانیا، ئەفغانستان…. خاکی وێران دەکات.
بۆرژوازی ئێرانیش بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی ئێران لە ناسنامەی ڕاستەقینە و مرۆیی بەتاڵ بکاتەوە، بە ناسنامە داتاشینی دواکەوتووانەی ئایینی و ناسنامە ساختە نەتەوەیی و قەومییەکانەوە دەچێتە لای چینەکان تا لە بەرژەوەندییە ڕاستەقینە و چینایەتییەکانی خۆیان دووریان بخاتەوە. ئەوەی کۆمەڵگەی ئێران ساڵانێکە لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی شەرمهێنەری ئێراندا نوقمی جۆرەها قەیرانی کوشندەیە و بووەتە دۆزەخێک بۆ زۆرینەی هەرە زۆری جەماوەری خەڵک، بۆ ئەو خەڵکەی کە لە دۆخێکی خراپی ئابووری و ستەمکاریی سیاسییدا دەژین و ژیانیان بە مانای ڕاستەقینەی وشە وێران بووە، گومانی نەهێشتووەتەوە و کۆمەڵگای وشیار و سیاسی ئێران سەرەڕای هەموو ناخۆشی و بەڵاکانی ژیان، لەم چەند دەیەیەدا کەمتر بەم ژەهرانەی ناسیۆنالیزم پیس بووە.
ڕێک ئەم پلەیەی وشیاری کۆمەڵگا قەرزداری کرێکارانی پێشڕەو و کۆمۆنیستەکانە کە بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی دەیەی پەنجا و سەرەتاکانی دەیەی شەستدا لە هەندێک ناوچەی وڵاتدا شوراکانیان بە کردەوە لە شوێنی کار و ژیاندا دامەزراند. و بەتایبەتی دەیەی شەستدا خەروارێک ئەدەبیاتی کۆمۆنیستییان لە ڕەخنەی ڕیشەیی و ئاشکراکردنی دیاردەی ناسیۆنالیزم وەک ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازی و لە ڕەخنەی ئایین وەک پایەیەکی تری سەرمایەداری بەرهەم هێنا. سەدان و هەزاران وتاریان لەسەر بنەمای زانستی کۆمۆنیستی لە ڕەخنەی بێبەزەییانەی ئەم دوو ستوونە و ستوونەکانی تری پارێزەری پەیوەندییەکان لە ڕێگەی میدیا و ڕاگەیاندنەکانی ئەو کاتەوە و بەتایبەتی ڕادیۆی دەنگی شۆڕشی ئێران (حکا) و “دەنگی شۆڕشی ئێران_کۆمەڵەی کۆمۆنیست” تا ئەو شوێنەی کە شەپۆلە کورت و درێژەکانی ڕادیۆ دەگەیشت، بە گوێ و چاوی کۆمەڵگایان گەیاند یان دەقەکانیان کەم و زۆر سەرەڕای ستەمکاری سیاسی خستە بەردەستی توێژە کۆمەڵایەتییەکان.
ڕێک کۆمۆنیزم لە ئێراندا هیچ کاتێک بەقەد ئەو کاتەی کە خەروار خەروار ئەدەبیاتی کۆمۆنیستی بەرهەم هێنا، و سەرەڕای سنوورداربوونەکانی سەردەمی خۆی، بڵاوکەرەوەی بڕێکی زۆر لە وشیاری و زانستی چینایەتی و سیاسی بوو لە ڕوانگەی کۆمۆنیزمی مارکسەوە، لەسەر لووتکەی بڵندی کۆمۆنیزم نەوەستابوو، و ئایین و ناسیۆنالیزم و پایەکانی تری دژە مرۆیی سەرمایەداری و کۆیلایەتیی کرێگرتەیی لە بەرامبەریدا ئەوەندە بێبایەخ نەبوون!
ئەوەی دەڵێن دەیەی پەنجا و شەست لە ئێراندا کۆمۆنیزم لە بازاڕدا بوو، ڕاستییەکە کە ڕەگی لەم واقیعەدا داکوتاوە، و سەیر نییە ناسیۆنالیزمی ئێرانی جاروبار یان بە شێوەیەکی سیستماتیک لە بەرامبەر ئەم جەمسەرە بەهێزەدا لە کۆمەڵگای ئێراندا هەڕەشە بکات. دەیەی شەست کۆمەڵگە بە ئاگابوون لەم بڕە زۆرەی زانست و کاری پراکتیکی کۆمۆنیستی و کرێکاری کە بێگومان بێ کەم و کوڕی نەبوو، تا ڕادەیەکی زۆر توانی قووڵایی ناکۆکییەکانی بەرەی کار و بەرەی سەرمایە تا ڕادەیەکی زۆر بناسێت. بێهۆ نەبوو بەشێکی زۆری کۆمەڵگا لەژێر کاریگەریی هەمان ئەدەبیاتی کۆمۆنیستی و پراکتیکی شۆڕشگێڕانەدا بوو و کەمتر بە ژەهرەکانی ئایین و ناسیۆنالیزم پیس بوو.
بێهۆ نەبوو بەشێکی زۆری کۆمۆنیزمی خەڵکی و پۆپۆلیزم کە دژی ڕژێمی شا بوون، بەشێکیان خۆیان لە کەمپی سۆڤیەتدا دۆزییەوە، یان لەگەڵ ڕژێمی ئیسلامی لە ڕوانگەی خومەینییەوە لە دژایەتیی ئیمپریالیزمدا هاوبەش بوون و هەندێکیان بوونە لایەنگری ڕۆژاوا. بە ئاشکرا سەردەمی پووکانەوەیان دەستی پێکرد کاتێک بێپەیوەندیبوونیان بە کۆمۆنیزمی مارکسەوە سەلمێندرا. بە هەر ڕادەیەک بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری لەم سەنگەرە پاشەکشەی کردبێت و ئاسۆی خۆی گۆڕیبێت، و لە پراکتیک و شێوازی کاری پێشڕەوی چینایەتی و کۆمۆنیستی و بەرهەمهێنانی ئەدەبیاتی بە ناوەڕۆکی کۆمۆنیستی و چینایەتییەوە دوور کەوتبێتەوە و لە جێبەجێکردنی ئەرکە کۆمۆنیستی و کرێکارییەکانیشیدا دوور مابێتەوە، بە هەمان ڕادە زەمینە بۆ گەشەکردنی ناسیۆنالیزم خۆش بووە. بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری لە دەیەی پەنجا و شەستدا لە بەشە جیاوازەکانی ئێراندا، جیا لە ڕژێمی شەرمهێنەری سەرمایەداریی ئێران، مەیلی ناسیۆنالیستیشی لە بەشە جیاوازەکانی ئێراندا، لەوانە کوردستان، لەسەر ڕێگا بوو کە بوونی بەرەی کار و سەرمایەیان ئینکار دەکرد و لەبەر ئەم هۆکارە بە نوێنەرایەتیی ڕژێمی سەرمایەداریی ئێران لە بەرگریکردن لە بۆرژوازیی کورد لە بەرامبەر کرێکاراندا خۆیان نیشان دەدا، تەنانەت ئاژیتاتۆرە کۆمۆنیستەکانیان گوللەباران کرد. و ئەمە هۆکارێک بوو کە ئەرکەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری بە ڕادەیەکی زۆر قورستر کردبوو.
ئەمڕۆ لەسەر بنەمای بارودۆخی گشتیی جیهان، ئێمە شایەدی ئەوەین کە کۆمەڵێکی بەرفراوان لە چەپی ناسیۆنالیست و ڕیفۆرمیستیش ڕێک لە هەمان ڕوانگەی ناسینەوەوە هەڵسەنگاندن بۆ کۆمەڵگای ئێران دەکەن و بوونی چینی کرێکار لەم و ئەو بەشەی ئێراندا ئینکار دەکەن و بۆ پاساودانی بە شێوەیەکی کۆمیک هۆکار دێننەوە و هێرش دەکەنە سەر کۆمۆنیستەکان، کام دووکەڵی کارگە لە کوردستان و سیستان و بەلووچستان…دا دەبینن؟!
ڕێکەوت نییە، بۆرژوازیی ئێرانیش بۆ جێگیرکردنی پێگەی ئابووری و سیاسی خۆی لەناو کۆمەڵگەدا، پێش چینەکانی تر دەچێتە لای چینی کرێکار، چونکە هەناسە و هەناسەدانی بۆرژوازی بە بوونی ئەم چینەوە بەندە، ئەگەر سووڕی بەرهەمهێنانی نەگەڕێنێت، سەرمایە دەمرێت. بۆ بۆرژوازیی ئێرانیش، ئەصل لەسەر ئەوەیە کاتێک بتوانێت بەرەی کار “هەرزان و بێدەنگ” بچەوسێنێتەوە، ئیتر ناسنامەی نەتەوەیی و پاشکۆکانی لە ڕوانگەی بۆرژوازییەوە تا ئاگاداریی دووەم شاراوە دەبێت. بە واتایەکی تر، تا کاتێک کە “کاری هەرزان و کرێکاری بێدەنگ” هەبێت، کەمتر دیاردەی داهێنراوی کرێکاری فارس، عەرەب، تورک، کورد، ئازەری و بەلووچ یان کرێکاری ئایینی و نائایینی جێگەی بایەخە، چونکە هەموویان بە یەکسانی گیان دەکەنن، تا قازانجی بەرەی سەرمایە دابین بکرێت. بەڵام هەر کە چینی کرێکار دژی بەرژەوەندییە ستەمکارانەکانی سەرمایەداری خۆی نیشان دا، ئەمجارە سوپای سەرکوتکەر کە بە چەکی جۆراوجۆر و بە داری جیاوازییە نەتەوەیی، قەومی و ئایینییەکانەوە پڕچەک کراوە، بۆ پەرتەوازەکردن و درزخستنە نێوانیانەوە پەیدا دەبن تا سەرکوتیان بکەن و پەرتەوازەیان بکەن. لە نێوانیاندا درزی قەومی و ئایینی دروست دەکات تا بیانخاتە گیانی یەکتر و نەتوانن وەک چینێکی یەکگرتوو لە بەرامبەر بەرەی سەرمایەدا خۆیان نیشان بدەن.
ناسیۆنالیزم ئایدیۆلۆژیای نەتەوەسازییە تا لەم کاتە هەستیارە مێژووییانەدا بتوانێت، تەنانەت ئەگەر بە نرخی لەناوبردنی نەتەوە و قەومییەتەکانیش بووبێت، بۆرژوازی ڕزگار بکات. لە ڕوانگەی بۆرژوازییەوە، نەتەوەکان تەنیا پارێزەری سنووری سەرمایەدارین و بەس. بۆرژوازی ئاگاداری ئەم بابەتە گرنگە بووە کە ئەگەر کۆمەڵگایەک وشیار و ئاگای بەرژەوەندییەکانی خۆی بێت، هیچ کاتێک ناتوانن نەریتی داهێنراوی ناسنامەی نەتەوەیی و قەومی و پاشکۆکانی لە نێوانیاندا جێبەجێ بکەن. بۆرژوازیی ئێرانیش تا کاتێک تاج و “نیشتمان و نەتەوە و خاک!” لەسەر دەنێت و لای پیرۆزە کە بەرژەوەندییەکانی مسۆگەر و دابین بکات، ئەگینا ئەم تاجە لەسەر “خاکی نیشتمانی پیرۆز” دادەنێت و فیدای سەرمایەی دەکات.
ناسیۆنالیزم، چ لە بەرگی دەسەڵاتدار و چ لە شێوەی ستەملێکراودا، لە کۆتاییدا لە خزمەتی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سیستەمی سەرمایەداریدایە. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، درزی نێوان نەتەوەکان دەپارێزێت و قووڵتری دەکاتەوە؛ کرێکاران بۆ ڕیزی پەرتەوازە دابەش دەکات؛ بەدوای بۆرژوازیی خۆیدا دەیبات؛ و بە بڵاوکردنەوەی وەهم لەبارەی “بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان” یان “سەربەخۆییی نەتەوەیی”، وشیاریی شۆڕشگێڕانە دەشێوێنێت. ئەم ڕۆڵە، بەتایبەتی لە سەردەمی ئێستادا کە سەرمایەی دارایی جیهانی بووە و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لە ئاستی نەتەوەیی تێپەڕیون، بەرچاوترە. لە جیهانێکی وادا، کە چینی کرێکار زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە هاوپشتی و ڕێکخستنی ئینتەرناسیۆنالیستی هەیە، ناسیۆنالیزم، ئایا لە شێوەی پان-ئێرانیزم، پان-ئیسلامیزم، پان-عەرەبیزم، پان-تورکیزم، یان پان-کوردیزم، ئامرازی پەرتەوازەکردن، بێ ئاسۆییی سیاسی، و ژێردەستەیی فیکرییە.
مەگەر نوێنەری بۆرژوازیی ئێران، بخوێنەوە دەستەی مەرگی خومەینی، کاتێک سواری شەپۆلی شۆڕش بوو، پەیامی ناسیۆنالیستەکانی تری ستەملێکراوی نەبیست کە بە لبیکەوە ئامادە بوون لەژێر ئاڵای خومەینیدا مامەڵە بکەن لە گۆشە و کەناری ئێرانەوە، بەڵام ئەو کاتە ئامادە نەبوو ئەوان لە دەستبەسەرداگرتنی شۆڕش و بەشداریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتدا بەشدار بکات؟! ساڵانێک لە کوشتار و خوێنڕشتن بەسەر کۆمەڵگادا تێپەڕی و ستەمی نەتەوەییی بە دڕندانەترین شێوەکانی جێبەجێ کرد و ئێستا کە دەبینێت پێگەی لە کۆمەڵگادا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو کزی دەچێت، ئەمجارە لەژێر فشاری خەباتی سەرتاسەریدا لە هەموو لایەکەوە ناچار بە پاشەکشە بووە. ڕژێم لە سەردەمی ڕەفسەنجانی و خاتەمییەوە، بە فێڵەوە تاکتیکی کرانەوەیەکی ڕێژەیی لە بواری چالاکیی مەیلی “قەومی و ئایینی”دا دروست کرد تا بتوانێت هاوسەنگیی هێزەکان بە قازانجی پاراستنی مانەوەی شەرمهێنەری خۆی بگۆڕێت و تا ڕادەیەک سنووری نێوان “بۆرژوازیی خۆیی و غەیرەخۆیی” کەمڕەنگ بکاتەوە و ناسیۆنالیزمی ستەملێکراویش لە دەسەڵاتدا بەشدار بکات. و تەنانەت لەگەڵ سەرۆک و ڕابەرانی ڕەوتە ناسیۆنالیستە ستەملێکراوەکان لە بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێراندا لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە کەوتە دانوستانەوە، تا ئەوان لە ئۆپۆزسیۆنەوە بکاتە پۆزسیۆن و لە پۆزسیۆنەوە بکاتە بەکرێگیراو. وەک چۆن ئەم ڕۆژانەش کە زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێگەی لاوازترە، خەریکە زەمینەکانی جێبەجێبوونی ئاسۆیەکی وایە تاوتوێ و لێکۆڵینەوە دەکات، بەڵام بوونی تارماییی سەرهەڵدانێکی شۆڕشگێڕانە لەسەر کۆمەڵگا هێشتا کابووسێکە کە ڕژێم بە توندی لێی دەترسێت، و بەدووری دەزانێت تووڕەیی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری گیان لەسەرلێو مەجالی بدات، تا مامەڵەکەی لەگەڵ ناسیۆنالیزم و ڕیفۆرمیستەکانی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە ناوخۆ و دەرەوەدا بەرهەم بێت.
سەرۆک و ڕابەرانی مەیلی ناسیۆنالیستی و ڕیفۆرمیستەکان بەدوور نییە دوای ئەم مێژووە خوێناوییەش دیسانەوە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان نەکەونە ناو مامەڵە و سازشەوە لەگەڵ بۆرژوازیی ئێراندا، بەڵام کرێکاران و هەژاران لە بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێراندا لە گەرمەی خەباتی چەندین دەیەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕژێمی سەرمایەداریی ئێراندا، وشیارتر و کارامەترن لەوەی بەدوای ئەم وەهمانەدا بڕۆن و بکەونە ناو داوێکی واوە. بۆرژوازیی ئێران هەرچەندە بە توندی پەرتەوازە و بێ ئاسۆیە، بەڵام ڕەوتی ڕوو لە گەشەی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگەدا وەک هەڕەشەیەکی گەورە لە دژی خۆی دەبینێت. لەبەر ئەم هۆکارە سەرەڕای نەبوونی بنکەی جەماوەری دەتوانێت بە یارمەتیی هێزە ناوچەییەکان و دەستوپێوەندەکانی ڕۆژاوا، دژی ڕەوتی پێشڕەوی بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژێم و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لە خوارەوە، بکەوێتە مامەڵەوە و دەستکەوتەکانی خەباتی چەندین دەیەی کۆمەڵگە دیسانەوە دەستبەسەردا بگرێت.
بۆرژوازیی ئێران بە باشی ئاگادار بووە، ئایین وەک ئایدیۆلۆژیا و یەکێک لە پایەکانی ڕژێمی حاکم، بە فراوانی لەناو کۆمەڵگەدا لە ڕەونەق کەوتووە و ئەم ستوونەی ڕژێمی سەرمایەداری بە توندی داڕماوە. و لەبەر ئەم هۆکارە ئەم سەردەمە خەریکە هەموو هێزی خۆی بەکار دەهێنێت و خەرجی دەکات تا کۆمەڵگەیەک کە بە دۆخێکی خراپی ئابووری و ستەمکاریی سیاسییەوە دەناڵێنێت، لە ڕێگەی ستوونی ناسیۆنالیستی و فووکردن بە ناسنامە ساختە نەتەوەیی و قەومییەکانەوە سەرقاڵ بکات و بیخاتە ژێر ئاڵای بۆرژوازییەوە تا لەم ڕێگەیەوە لە ڕێڕەوی خەباتی سەرەکی کە سیاسی و چینایەتییە دووریان بخاتەوە. ڕژێمی دژە مرۆییی ئێران جیا لەوەی کە بە شێوەیەکی مێژوویی زەمینەی سەرهەڵدان و گەشەکردنی ناسیۆنالیزم لە ناوچەکە و جیهاندا دەناسێت، بە ئەزموونیش فێر بووە کە مەیلی ناسیۆنالیستی لە کۆمەڵگەدا هەرچەندە هانی بدات و تەنانەت خۆی زەمینەی گەشەکردنی خۆش بکات بۆ گۆڕینی لە مەیلی ناسیۆنالیستییەوە بۆ بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستیی بەهێز، دەتوانێت لە لووتکەی بەهێزبوونیدا، بە بەڵێن و پەیمانی بەشدارکردنیان لە دەسەڵاتدا، بیهێنێتە سەر سازش و کۆنتڕۆڵی بکات. وەک چۆن لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ڕژێمی ئێران و دەوڵەتانی ڕۆژئاواش زیاتر لە پێشوو لەسەر بڵاوکردنەوەی مەیلی ناسیۆنالیستی و تائیفە قەومییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا خەرجییان کردووە تا لەم ڕێگەیەوە خەباتەکانیان لە ناوەڕۆک بەتاڵ بکەنەوە و ڕێگری لە ڕەوتی پێشڕەوی کۆمەڵگە بەرەو سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانە بکەن!
تەنها بەدیلی ڕاستەقینە لە بەرامبەر ناسیۆنالیزمی دەسەڵاتدار و ناسیۆنالیزمی ستەملێکراودا، ڕێکخستنی سەربەخۆی کرێکارییە لە ئاستی سەرتاسەری و نێودەوڵەتیدا؛ بەدیلێک کە نەک لەسەر بنەمای سنوورە نەتەوەییەکان، بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە چینایەتییەکان و ئامانجە ئینتەرناسیۆنالیستییەکان دامەزراوە. لەم چوارچێوەیەدا، خەبات دژی ستەمی نەتەوەیی، بەشێکە لە خەباتی بێوچانی کۆمۆنیستەکان و کرێکاران دژی سەرمایەداری. لە ڕوانگەی کۆمۆنیزمی ئینتەرناسیۆنالیستییەوە، “گەلان” تەنیا کاتێک ئازاد دەبن کە سەرمایەداری بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بڕووخێندرێت و سەرمایەداری تەنیا کاتێک بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە دەڕووخێندرێت کە چینی کرێکار، بێ وەهم بە ناسیۆنالیزم، ئایین، یان دیموکراسیی بۆرژوازی، یەکگرتوو و ڕێکخراو بێتە مەیدانەوە.
تێبینی: ئەم نووسینە لە دوو بەرهەم و سەرچاوەی مێژووییی ئێریک هۆبسبام “نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم و نەتەوە وەک نەریتێکی داهێنراو” ئیلهامی وەرگرتووە.
١٢/٩/٢٠٢٥