هەموو شتێک ڕابگرە”: خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرتاسەری لە فەرەنسا، ئەیلولی ٢٠٢٥… نووسین و ئامادەکردنی: توانا حەمە نوری
پێشەکی: نەتەوەیەک لەسەر لێواری کارەسات
لە ئەیلوولی ٢٠٢٥، فەرەنسا جارێکی تر خۆی لە ناوەندی ناڕەزایەتییەکی جەماوەری گەورەی کۆمەڵایەتیدا بینییەوە. لەژێر دروشمی “Bloquons Tout” (“هەموو شتێک ڕابگرە”)، سەدان هەزار کرێکار، خوێندکار، و هاوڵاتی هاتنە سەر شەقامەکان لە ڕاپەڕینێکی خۆڕسک بەڵام بەهێز دژی چاوچنۆکی، نایەکسانی، و بێ هیوابوونی سیاسی. بۆ زۆرێک لە کرێکاران، ئەمە تەنها ناڕەزایەتییەکی تر نەبوو – بەڵکو هاوارێک بوو بۆ کەرامەت، مانەوە، و گۆڕانکاری سیستمی.
هۆکاری ڕاستەوخۆ خۆپیشاندان و مانگرتنەکان پڕۆژە پێشنیارەکەی سەرۆک وەزیران فرانسوا بایرو بوو بۆ کەمکردنەوەی ٤٤ ملیار یۆرۆ لە خەرجی گشتی، کە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکەی فەرەنسا بوو. پلانەکە بریتی بوو لە:
- لابردنی دوو پشووی نیشتمانی
- سڕکردنی خانەنشینی
- کەمکردنەوەی ٥ ملیار یۆرۆ لە خزمەتگوزاری تەندروستی
- کەمکردنەوەی بودجەی پەروەردە و گواستنەوە
بۆ کرێکاران کە پێشتر لەگەڵ هەڵاوسان، مووچەی چەقبەستوو وە خراپبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا دەژیان، ئەمە دوا خاڵی شکاندن بوو. کرێکارێکی سیستمی گواستنەوەی گشتی پاریس وتی، “داوامان لێدەکرێت هەموو شتێک بکەینە قوربانی لەکاتێکدا دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەبن.”
بزووتنەوەیەک بەبێ سەرکردە، بەڵام نەک بەبێ ئامانج
جیاواز لە مانگرتنە نەریتییەکان کە لەلایەن سەندیکاکانەوە ڕابەرایەتی دەکران، بزووتنەوەی “هەموو شتێک ڕابگرە” بە شێوەیەکی سروشتی لەسەر هێڵی ئینتەرنێت سەری هەڵدا و لە ڕێگەی تێلێگرام، تیکتۆک و فەیسبووکەوە بڵاوبووەوە. سەرەتا پەیوەست بوو بە گروپە پەراوێزخراوەکان، بەڵام بە خێرایی لە سەرانسەری پانتایی سیاسییەوە بڵاوبوویەوە. کرێکاران، خوێندکاران و تەنانەت خاوەنکارە بچووکەکانیش یەکیان گرت، بە هەستێکی هاوبەش لە پشتگوێخستن لەلایەن دەسەڵاتدارانی سیاسییەوە یەکگرتوو بوون.
سەرەڕای سروشتی نا ناوەندگەرایانەی، داواکارییەکانی بزووتنەوەکە ڕوون بوون:
- دووبارە وەبەرهێنانەوە لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان
- پاراستنی مافەکانی کرێکاران
- دادپەروەری باج و دابەشکردنەوەی سامان
- وەستاندنی چاوچنۆکی و تایبەتیکردن
دەنگی کرێکاران: تووڕەیی و ئارەزوو
“بە ئاسانی نامرین”
ئەندامێکی سەندیکایەکی کرێکاری لە مارسێی، وتی: “ئەم ڕۆژە پەیامێکە بۆ هەموو کرێکارانی ئەم وڵاتە: دەستبەرداربوون نییە. خەبات بەردەوامە. گەر بمانەوێت بمرین، بە پێوە دەمرین.”
زۆرێک لە کرێکاران بێ هیوابوونێکی قووڵیان دەربڕی بەرامبەر بە سەندیکا نەریتییەکان و پارتە چەپەکان، بەوە تاوانباریان دەکردن کە زۆر جار سازش دەکەن. کرێکارێکی تری گواستنەوەی پاریس وتی، “سەندیکاکان بەشی خۆیان لە کێکەکە وەردەگرن و ئێمە جێدەهێڵن.”
یەکسانی نێوان نەوەکان
جێگای سەرنجە، ناڕەزایەتییەکان یەکسانی نێوان نەوەکانیان بەخۆوە بینی. خوێندکارە گەنجەکان شانبەشانی کرێکارە خانەنشینەکان ڕێپێوانیان کرد. خوێندکارێکی تەمەن 21 ساڵ وتی، “نەوەی کۆن سیستمێکی شکاو و زەوییەکی بێ سوودیان بۆ بەجێهێشتین. ئێستا نۆرەی ئێمەیە کە خەبات بکەین.”
ڕۆڵی سەندیکاکان: لە دوودڵییەوە بۆ بەشداریکردن
سەرەتا بە گومانەوە، سەندیکا گەورەکان وەک CGT، SUD-Rail، و Solidaires لە کۆتاییدا پشتیوانی ناڕەزایەتییەکانیان کرد. لقی پیشەسازی کیمیایی CGT ڕایگەیاند: “لە شەقامەکان و کارگەکاندا دەبین، نەک بۆ پاشەکشە بەڵکو بۆ گەورەکردنی تووڕەیی کرێکاران.”
لە ١٨ی ئەیلوولدا، مانگرتنێکی گشتیی هاوبەش لە نێوان سەندیکاکاندا ڕاگەیەندرا، بە بەشداری هەشت سەندیکای گەورە، لەوانە FO، CFDT، و UNSA. ئەمە گۆڕانکارییەکی بەرچاو بوو، چونکە سەندیکاکان لە چاودێرانی پاسیڤەوە بوون بە بەشداربووی چالاک.
تاکتیکەکان: تێکدان وەک بەرگری
کرێکاران چەندین تاکتیکیان بەکارهێنا:
- مانگرتن لە گواستنەوە، تەندروستی، پەروەردە، و لۆجستیک
- بلۆککردنی ڕێگاوبانەکان، بەندەرەکان، و کۆگاکان
- داگیرکردنی قوتابخانەکان و بینا گشتییەکان
- بایکۆتکردنی فرۆشگا گەورەکان و بانکەکان
لە ڕێن، پاسێک سوتێنرا. لە لیۆن، خوێندکاران کامپی خوێندنیان داگیرکرد. لە بۆردۆ، کرێکارانی بەندەر خاڵەکانی بەندەریان داخست. ئەم کردارانە، لەکاتێکدا تێکدەر بوون، لەلایەن زۆرێکەوە بە پێویست زانرا بۆ “ناحکومەتیکردنی وڵات” و ناچارکردنی گۆڕانکاری سیاسی.
جیا لە ماکرۆن: قەیرانی نوێنەرایەتی
لە کاتێکدا ئیمانوێل ماکرۆن ئامانجێکی سەرەکی خۆپیشاندەران بوو، ناڕەزایەتییەکان قەیرانێکی فراوانتری شەرعیەتیان ڕەنگدایەوە. خوێندکارێکی مۆسیقا وتی، “گرنگ نییە دەنگ بە کێ دەدەین. بڕیارەکان لە شوێنێکی تر وەردەگیرێن.”
زۆرێک لە کرێکاران داوای سیستمێکی سیاسی نوێیان کرد، سیستمێک کە مامۆستایان، پەرستاران، و کرێکارانی کارگەکان لە حکومەتدا بگرێتەوە. لافیتەیەک کە لەلایەن خوێندکارانی ئەدەبیاتەوە لە پاریس هەڵکرابوو، دەینووسی: “کۆتایی بە خەیاڵی دیموکراسی بهێنن.”
دەرەنجام: قۆناغێکی نوێ
ناڕەزایەتییەکانی ئەیلولی ٢٠٢٥ خاڵێکی وەرچەرخانن لە مێژووی فەرەنسادا. نارەزایەتییەکان تەنها لەسەر مووچە یان باشترکردنی مەرجەکانی کار نییە، بەڵکو لەسەر وەرگرتنەوەی دەسەڵات، داواکردنی دادپەروەری، و پێناسەکردنەوەی دیموکراسین.
ئایا بزووتنەوەکە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بەردەوام یان نا، نادیارە. بەڵام یەک شت ڕوونە: کرێکارانی فەرەنسی جارێکی تر جیهانیان بیرهێنایەوە کە کاتێک پاڵیان پێوە دەنرێت بۆ سەر لێوار، هەڵدەستن، نەک تەنها بۆ بەرگری، بەڵکو بۆ دووبارە داڕشتنەوەی داهاتوو.