دەربارەی ئەنتی سێمیتیزم نووسینی: میرۆ عەبدولکەریم … بەشی دووەم و کۆتایی
ئەنتیسێمیتیزمی نوێ لە پاڵ پێناسەی ئەنتیسێمیتیزم لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ یادی هۆڵۆکۆست (IHRA) ، کە زۆر ئاسان دەکرێت بە چەکێکی سیاسی بۆ دەمکوتکردنی نەیارانی دەوڵەتی ئیسرائیل، سیاسەتوانی ئیسرائیلی ناتان شارانسکی سێ پێوەر دادەنێت بۆ جیاکردنەوەی “ڕەخنەی ڕەوا” لە ئیسرائیل لە ئەنتیسێمیتیزم، کە بە پێوەری 3D ناسراوە (بە وەرگرتنی پیتی یەکەمی سێ وشەی Demonisation، Delegitimisation ، Double Standard کە ئەتوانین بە بەکارهێنانی سێ دال بیکەین بە کوردی: دێواندن ـ ی جولەکە وئیسرائیل ـ ، داماڵینی ئیسرائیل لە شەرعیەت، دووفاقی لەمامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل). ئەم سەنگی مەحەکە گوایە بۆ جیاکردنەوەی” ڕەخنەی ڕەوا “ لە ئیسرائیل لە ئەنتیسێمیتیزم دانراوە لە هەندێک حاڵەتدا نەبێت (کە بۆ کەسێکی ئاگادار خۆبەخۆ دیارە ئەنتیسێمیتیزمە) هیچ سودێکی بۆ ناسینەوەی ئەنتیسێمیتیزم نییە و لە واقیعدا بوە بەچەکێک بۆ پارێزبەندیی ئیسرائیل لە هەموو ڕەخنەیەک، بە تایبەت لە پرسی فەلەستیندا. لە کاتێکدا ئەو لێکۆڵەرانەی کار بەم پێناسانە دەکەن بەبەرپرسکردنی جولەکەی دانیشتوی وڵاتانی دەرەوەی ئیسرائیل لە کردەوەکانی ئیسرائیل بە ئەنتیسێمیتیزم ناودەبەن، خودی خۆیان لە پێناسە و باسەکانیاندا جیاوازی لە نێوان ئیسرائیل وەک دەوڵەت و تاکی جولەکە وەک جولەکە ناکەن، بەڵکو پێیان وایە ئەنتیسێمیتیزمی نوێ لە بری (وەک جاران ) دژایەتیی تاکی جولەکە و هەڵاواردن و گۆشەگیرکردنی لە کۆمەڵگە و سنوری دەوڵەت نەتەوەدا، دژایەتیی دەوڵەتی ئیسرائیل (وەک دەوڵەتی جولەکە) دەکەن و هەوڵی گۆشەگیرکردن و بگرە سڕینەوەی دەوڵەتی جولەکە دەدەن. بەپێی ئەم تێڕوانینە ئەنتیسێمیتی نوێ هاواری پاککردنەوەی دنیا لە جولەکە ناکات، بەڵکو جیهانیکی دەوێت بەبێ دەوڵەتی جولەکە، جیهانێک کە هەموان مافی چارەی خۆ نوسین و دەوڵەتیان هەبێت جگە لە جولەکە. ئەم تێڕوانینە بۆ جولەکە و مێژوویان تەنیا کاوێژکردنەوەی ئایدۆلۆژیای زایۆنییە، نەک هەمو جۆرێکی زایۆنیزمیش بگرە تەنیا زایۆنیزمی دەوڵەتگەرا: بەم پێیە بێت بەشێکی زۆر لە بزوتنەوە مۆدێرنە دژە زایۆنی و نازایۆنیەکانی جولەکە و تەنانەت ئەو زایۆنیانەش کە باوەڕیان بە فەلەستین وەک نیشتیمانێک بوو، نەک وەک خاکێک بۆ دروستکردنی دەوڵەت ـ نەتەوەی ئەتنی، دەبن بە ئەنتی سێمیت. حاخامانی ئۆرسۆدۆکس، لیبرالە ڕیفۆرمخواز و ئاوێتەخوازەکان، جولەکە سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان باوەڕیان بە دەوڵەت نەتەوەی ئەتنی بۆ جولەکە نەبوو، ئایا دەکرێت تۆمەتی ئەنتیسێمیت بونیان بخرێتە پاڵ؟ نزیکەی هەزار و ٧٠٠ ساڵی “دیاسپۆرا” و تا سەرهەڵدانی زایۆنیزم جولەکەکان باوەڕیان بە دەوڵەت بۆ جولەکە نەک هەر نەبووە، بگرە بۆ سروتی ئاینی نەبێت باوەڕیان بە گەڕانەوە و نیشتەجێبوون بە دایمی لە ئۆرشەلیمیش نەبووە، چ جای بگات بە جێگاکانی دیکەی فەلەستین. شلۆمۆ ساند، مێژوونوسی ئیسرائیلی، دەڵێت یەکێک لە گاڵتەجاڕیەکانی مێژوو ئەوەیە: ڕۆژگارێک لە ئەوروپادا هەرکەس باوەڕی وابوایە کە جولەکە نەتەوەیەکن و ڕیشەیەکی بێگانە و نامۆ بە ئەوروپایان هەیە ئەوا وەک ئەنتیسێمیت پۆڵێن دەکرا. کەچی ئەمڕۆکە، هەر کەس جورئەتی ئەوە بکات بڵێت ئەو خەڵکەی لە جیهاندا بە جولەکە ناسراون هەرگیز نەتەوەیەک نەبون و نین یەکسەر بە ئەنتیسێمیت بەدناو دەکرێت. ئەوە ڕاستە جولەکەیەکی دانیشتووی ئەوروپا یان ئەمریکا تەنیا لەبەر جولەکە بوونی نابێت بکرێت بە بەرپرس لە کردەوەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل. بەشێکی ئەم جولەکانە نەک بەرپرسی تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل نین، بەڵکو نەیاری سەرسەختی دەوڵەتی ئیسرائیلن و ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دەمکوتکردن و سەرکوتکردنیان دەدات، بەڵام کاتێک ئەرێل شارۆن چاوەڕوانی ئەوەی لە جولەکەی دونیا هەیە هەریەکەو لە وڵاتی خۆی ببێت بە باڵێوزی ئیسرائیل، کاتێک زایۆنیزم دەوڵەتی ئیسرائیل بە دەوڵەتی جولەکە دەناسێنێت و دەڵێت هەر جولەکەیەک لە هەر کوێیەکی دنیا لە دایک بوبێت مافی ئەوەی هەیە لە ئیسرائیلدا ببێت بە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئیسرائیلی (کەچی هەمان دەوڵەت ئامادە نییە دان بنێت بە مافی گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینەکان بۆ سەر زێدی خۆیان و بە هەمو جۆرێک ڕێگری لێ دەکات)، کاتێک ئەبا ئێبان هاواردەکات ئەنتی زایۆنیزم هەمان ئەنتی سێمیتیزمە، کاتێک لێکۆڵەری پرۆ ئیسرائیلی دژایەتی دەوڵەتی ئیسرائیل یەکسان دەکات بە دژایەتی تاکی جولەکە، کاتێک دەوڵەتی ئەڵمانیا لە پرۆسەی “ئاشتەوایی“، کە لە ڕاستیدا پرۆسەی ڕابردو لە بیرکردن و دیزە بەدەرخۆنەکردن بوو، ئیسرائیل دەکات بە نوێنەری هەموو جولەکەی دونیا، کاتێک زایۆنیزم خۆی دەکات بە دەمڕاستی قوربانیانی هۆڵۆکۆست و “خوێنبای”یان وەردەگرێت، کاتێک میدیای ئەڵمانی نەیارانی ئیسرائیل بە کینە لەدڵ بەرامبەر بە ئیسرائیل ناودەبات و “ڕق لە ئیسرائیل هەڵگرتو “ دەکات بە مورادیفی ئەنتیسێمیت ئایا هەمان لۆژیکی ئەنتی سێمیتەکان دوبارە ناکەنەوە لە یەکسانکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل بە تاکی جولەکە؟ لایەنگرانی دەوڵەتی ئیسرائیل هەموو ڕەخنە و دژایەتیەکی دەوڵەتی ئیسرائیل تاوانباردەکەن بە دووفاقی، گوایە ئەو پێوەرەی کە بۆ ڕەخنەگرتن لە ئیسرائیل بەکاردێت بۆ دەوڵەتانی دیکە بەکارناهێنرێت، تاکە پاڵنەریش بۆ ئەم کارە، بە گومانی ئەوان، ڕق لە جولەکە و ئەنتی سێمیتیزمە کە لەژێر پەردەی ڕەخنە لە ئیسرائیلدا خۆی حەشارداوە؛ دەوڵەتی ئیسرائیل دەوڵەتێکە وەک هەموو دەوڵەتانی دیکەی دونیا بەرژەوەندی تایبەتی هەیە، بەپێی بەرژەوەندی و پرسە جیۆ ستراتیجیەکانی دوژمن و دۆستەکانیشی دەگۆڕێن. دۆستەکانی ئیسرائیل لە تاوانەکانی ئەم دەوڵەتە چاودەپۆشن و دوژمنان و نەیارانی دەوڵەتی ئیسرائیلیش زیاتر تەرکیز لەسەر تاوانەکانی ئیسرائیل دەکەن تا وڵاتێکی دوورەدەست، ئیسرائیلیش هەمان مامەڵە لەگەڵ ئەوان دەکات! دوو فاقی و دەبڵ مۆراڵی لەمامەڵەکردن لەگەڵ ڕوداو و تاوان و نەتەوە و گروپ و تایەفە جیاوازەکاندا دیاردەیەکی بەربڵاوی جیهانی ئەمڕۆیە. بۆچی دەبێت لە پرسی ئیسرائیلدا ئەم دووفاقیە ماکی ئەنتی سێمیتیزم بێت؟ ئەی چاوپۆشی لە تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل فیلۆسێمیتیزم (جوودۆستی)ە؟ خەڵکی فەلەستین قوربانیی دەستی دەوڵەتی ئیسرائیلن، دەوڵەتی ئیسرائیل بەدەیان هەزار تەن بۆمبی بەرداتەوە بەسەر شارێکیاندا، نزیکەی ١٨ هەزار مناڵی لەماوەی کەمتر لە دووساڵدا کوشتون، ملیۆنان کەسی لێ بێماڵ و حاڵ و برسی کردون، ٧٦ ساڵە بەردەوام دەیانچەوسێنێتەوە؛ ئایا ئەم کەسانە دەبێت بچن هەموو ناحەقی و تاوانێک، هەموو سیاسەتێکی برسیکردن و قڕکردن لەسەر ئەم زەویەدا بژمێرن و مەحکومی کەن ئینجا مافیان هەیە بپەرژێنە سەر ئیسرائیل؟ گەر وایان نەکرد ئەنتیسێمیتن؟ کەس هەیە (وەک فرانچێسکا ئەلبانێزە) نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پرسی ناوچەداگیرکراوەکانی فەلەستین دایمەزراندوە، واتە کاری ئەوەیە باس لە داگیرکاری و دۆخی فەلەستینیەکان لەسایەی ئەم داگیرکاریەدا بکات، کەچی کاتێک ڕاپۆرت لە ئیسرائیل دەدات و رەخنەی لێدەگرێت تاوانبار دەکرێت بە دووفاقی! دێواندن و داماڵین لە شەرعیەتیش بە بەردەوامی وەک پێوەرێک بەکاردەهێنرێت بۆ تۆمەتبارکردنی ڕەخنەگران و ولێکۆڵەران بە ئەنتیسێمیتیزم. ناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیل بە دەوڵەتی ڕەگەزپەرست، بە کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێ، بە ئەپارتاید یان باسکردنی فاکتی وەک کوشتنی هەزاران مناڵ خێرا دەخرێتە قاڵبی پێشداوەریی و ستیرۆتایپی ئەنتیسێمیتیەوە. هەرچەند کۆمەڵگەی ئیسرائیلی لەم بوارەدا زۆر لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا کراوەترە: لە کۆمەڵگەی ئیسرائیلی و بە تایبەتی پاش جەنگی ١٩٨٢ ی لوبنان ئەفسانەی زایۆنی چیدی ڕەواجی نەماوە و مێژوونوسانی نوێ دەریانخستوە کە دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر بنەمای پاکتاوی ڕەگەزیی و بە کۆلۆنیکردنی فەلەستین دامەزراوە. ئەم ڕاستیە هێندە ئاشکرایە کە نیۆ زایۆنیەکان لە ئیسرائیل نکوڵی لە پاکتاویی ڕەگەزی و دەرپەڕاندنی فەلەستینیەکان ناکەن، بەڵکو تەنیا ڕەخنەگرتن لە زایۆنیزم وەک خیانەتی نەتەوەیی سەیردەکەن. کەچی لە ئەڵمانیا ئەنتی دۆیچەکان کە کەمترین شارەزاییان لە مێژووی فەلەستین هەیە دەوڵەت و کۆمەڵگەی ئیسرائیلیان کردەوە بە نمونەی باڵاو و دژە تێزی ئەڵمانیبوون و ئەڵمانیبونیش وەک مورادیفی نازی؛ بەجۆرێک هەموو دژایەتیەکی ئیسرائیل و زایۆنیزم یەکسان دەکەن بە نازیزم و بانگەشەی قڕکردنی جولەکە. ئەوەی ئەنتیدۆیچەکان بەهەموو شێوەیەک خۆیانی لێ دەبورن چوارچێوە و باکگراوندی پرسی فەلەستینە. بۆ وان کۆمەڵگە و دەوڵەتی ئیسرائیل بونەوەرێکی میتافیزیکیە و دەستکردی چاکەی ڕەهایە، بۆیە بە گومانی ئەوان دژایەتی و ڕەخنەگرتنی زایۆنیزم و ئیسرائیل هیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە و تەنیا دەربڕی ڕقێکی ئەبەدی ئەنتیسێمیتیانەی “ئومی”یەکانە لە گەلی جولەکە. بەپێی پێوەرەکانی ئەنتیسێمیتیزمی نوێ چواندنی زایۆنیزم بە نازیزم یان نەکبە بە هۆڵۆکۆست ئەنتیسێمیتیزمە، بەڵام زایۆنیەکان خۆیان مافی ئەوەیان هەیە بێ دەسەڵاتترین دوژمن و نەیاری خۆیان بە نازی لە قەڵەم بدەن، مافی ئەوەیان هەیە هەمو پەلامارێک بۆ سەر کۆمەڵگا نیشتەجێکان و سوپای داگیرکەری ئیسرائیل وەک هۆڵۆکۆست لە قەڵەم بدەن، ئەمەی دووەمیان بەڕێژەیکردنەوەی تاوانی نازیزم و بێبایەخکردنی هۆڵۆکۆست نییە؟ جامی کەیبانوو تەقەی نایە؟ فەلەستینیەکان بەهەمان پێوەرەکانی سەرەوە دەتوانن گەمەکە لە زایۆنیەکان هەڵگێڕننەوە و بڵێن دێواندنی دەیان ساڵەی فەلەستینی و بە نازیکردنیان، داماڵینیان لە ماف و شەڕعیەت و نادیدەگرتنی خواست و ویستیان، بەکارهێنانی دووفاقی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئازار و مەینەتی و نەکبەیاندا تاقیکردنەوەی 3D ە بۆ ڕەگەزپەرستیی زایۆنیزم و دەوڵەتی ئیسرائیل، بەهەمان شێوە زایۆنیزم، وەک جۆرێکی دیکەی ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستیی وەدەرنەر، لەسەر ڕێبازی ئەنتیسێمیتیزم جولەکەیەکی تایبەت بەخۆی کە فەلەستینیە و لەگەڵیدا تیۆریایەکی ڕەگەزیی نوێی بەرهەم هێناوەتەوە. دێواندنی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک کە کاروباری دونیا بە مەبەستێکی خراپە بەڕێوەببات، یان ئیسرائیل و زایۆنیزم وەک دەوڵەت و هێزێک نیشان بدرێت کە لەپشتی پەردەوە دەستیان بە سەر کاروباری جیهاندا گرتبێت و حکومەتەکانی دونیا (بە تایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا) وەک داردەست و بوکە پەڕۆینەی زایۆنیزم سەیربکرێن کە گوایە لە بری “بەرژەوەندیی نەتەوەیی“ خەریکی جێبەجێکردنی ئەجێندای دەوڵەتی ئیسرائیل و بەرژەوەندی زایۆنین ئەنتیسێمیتیزمی نوێ نییە، بەڵکو درێژکراوەی هەمان تیۆریای پیلانگێڕی و دێواندنی باوی جولەکەیە. ئەم کەچ ڕوانینە ئایدۆلۆژیا و ئاگاییەکی درۆینەیە و لەلایەن ڕاستڕەوەکانەوە پەرەی پێدەدرێت تاوەک دەسەڵاتدارانی لیبرال و موحافیزکاری ئەوروپا و ئەمریکا وەک بەکرێگیراوی دەرەکی ناوزەدبکرێن، ڕاستڕەوەکان بەرنامەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتی و ئابوری جیاوازیان لە موحافیزکار و لیبرالەکان نەک هەر نییە، بگرە لەوانی دیکە خراپتر سەرمایەدارن و لەسایەی ئەواندا کەڵەکەکردنی بەرایی دەبێتە شێوازی ئاسایی کەڵەکردنی سەرمایە؛ بەم حەقایەت و تیۆریا پیلانگێڕیانە دەیانەوێت شەرعیەت و مانای بونیان وەک هێزێکی سیاسی بخەنە ڕوو و خۆیان وەک بەدیلێکی ڕاستەقینە نیشان بدەن؛ کە گوایە ئەمان نیشتیمان پەروەری ڕاستەقینەن و بەرژەوەندی نەتەوەیی دەخەنە پێش هەموو بەرژەوەندیەکانی دیکەوە، بەڵام لایەنگرانی تیۆریای ئەنتیسێمیتیزمی نوێ کەمتر گرنگی بەم ڕەوتە سیاسیانە دەدەن، بگرە بەشێکی زۆر لەم هێزە سیاسیە ڕاستڕەوانە دۆستی ئیسرائیلن و پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ حکومەتەکەی ناتنیاهۆ هەیە. بەشێک لەوانەی کە تیۆریای پیلانگێڕیی ڕاگواستن یان جێگۆرکێ گەورەکە بڵاودەکەنەوە کە گوایە سەرمایەی جیهانی (کۆدێکی ئەنتی سێمیتیە بۆ جولەکە) پەنابەرانی ئەفریقی و موسوڵمان و ڕۆشنبیرانی لایەنگری فرەکلتوری بەکاردێنن بۆ سڕینەوەی کلتور و شارستانییی ئەوروپی لە هەمانکاتدا هەوڵی بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل دەدەن بۆ دێواندن و سەرکوتکردنی پەنابەرانی موسوڵمان و فەلەستینی. ڕاستڕەوە ئەنتی دۆیچەکانی لایەنگری ئیسرائیل پێیان وایە ئیسرائیل قەڵای بەرگری و پاراستنی شارستانیەتی ئەوروپایە لە “بەربەیزمی ئیسلامی “ و ئەوروپا دەبێت شەڕی مان و نەمانی کلتورەکەی بکات دژە بە هەڕەشەی داگیرکردن و “بە ئیسلامبوونی ئەوروپا” لەبەرامبەردا حکومەتی ئێستای ئیسرائیلیش پێی وایە کە پارتە ڕاستڕەوەکانی ئەوروپا و میراتگرانی نازی باشتر لە هەموو حیزبێکی دیکە لە هەڕەشەی “بە ئیسلامکردنی ئەوروپا “ و “ئەنتیسێمیتیزمی هاوردەکراو” تێگەشتوون. تێڕوانینی دژە ئیمپریالیستی بۆ دۆخی دەوڵەتی ئیسرائیل و زایۆنیزم کە تەواو پێچەوانەی تیوریای پیلانگێڕییە(کە زایۆنیزم یان وشەی بێ ناوەڕۆکی “جولەکەی جیهانی“ بە حاکمی جیهان دەزانی)، بەڵکو پێی وایە زایۆنیزم و دەوڵەتی ئیسرائیل نەک هەر فەرمانڕەوای جیهان نین، بەڵکو بە بێ یارمەتی و پشتیوانی زلهێزەکانی جیهان توانای بەردەوام بونی لە ژیان وەک زلهێزێکی ناوچەیی و بگرە توانای ژیانی وەک دەوڵەتێکی ئاسایی نییە و بە کشانەوەی یارمەتی زلهێزەکان دوچاری قەیرانی ئابوری و ئاژاوەی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە. کەچی ئەم تێڕوانینە تەنیا لەبەر ئەوەی دژی دەوڵەتی ئیسرائیلە لەگەڵ ئەنتیسێمتیزمی نازی و ڕاستڕەوەکاندا دەخرێنە یەک تای تەرازوەوە. خودی تیۆریای ئەنتیسێمیتیزمی نوێ تیۆریایەکی زانستی و بەرهەمی لێکۆڵینەوەی زانستی نییە، بەڵکو زڕە زانستی و زڕەئەکادیمیە و کاوێژکردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیل و پڕۆپاگەندای زایۆنیزمە؛ لە کاتێکدا جولەکەی ئاسایی و بزوتنەوە جولەکەکانی دانیشتوی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ناوەڕاست قوربانیی گەورەی دەستی نازیزم و ئەنتی سێمیتیزم بون، زایۆنیە دەوڵەتگەراکانی فەلەستین بەدوی بە کۆڵۆنیکردن و داگیرکردن خاکی فەلەستین دەرپەڕاندن و لە هەمانکاتدا دێواندن و کپکردنی دەنگی خەڵکەکەی بوون. بن گۆریۆن و زایۆنیەکان بەرژەوەندیان لەوەدا بوو جوتیاری بێ دیفاعی فەلەستینی و عەرەب وەک نازی بەدنیا بناسێنن. خەباتی دژە زایۆنیی فەلەستین و عەرەبیان وەک هاواریی نوێی نازیزم بۆ قڕکردنی جولەکە ناوزەددەکرد. بن گوریۆن دەیوت” ئەوان دەڵێن زایۆنی و مەبەستیان جولەکەیە “، لە ئەڵمانیای خۆرئاوا وەک ئاسانترین ڕێگە بۆ رابردو لەبیرکردن و دیزە بەدەرخۆنەکردن ئیسرائیل کرا بە – دەمڕاستی جولەکەی دونیا و دەوڵەتی قوربانیانی هۆڵۆکۆست-، پاراستنی ئەم دەوڵەتەش کرا بە بەرژەوەندی باڵاو عەقیدەی دەوڵەت. دەوڵەتی ئیسرائیل و پڕۆژەی زایۆنی کە هەر لەسەرەتاوە مانەوەی خۆی بەستبوەوە بە پشتیوانی زلهێزەکانەوە، لە جەنگی سارددا بلۆکی ئەمریکاو ڕۆژئاوای هەڵبژارد. پاش سەرکەوتنی خێرا و بەرچاوی ئیسرائیل لە جەنگی شەش ڕۆژە لە ١٩٦٧ و داگیرکردنی تەواوی خاکی مێژوویی فەلەستین و بیابانی سینا و بەرزاییەکانی جۆلان چیدی ئیسرائیل نەیدەتوانی لە ڕۆژئاوادا وێنای خۆی وەک قوربانی بپارێزێت. جەنگی ڤێتنام، شۆڕشی خوێندکارانی ١٩٦٨، خەباتی دژە کۆڵۆنیالیزم لە “جیهانی سێ“ شەپۆلێکی بەهێزی دژە ئیمپریالیستی و دژە سەرمایەداریی دروستکردبوو، لە هەمانکاتیشدا لەبەرەی ڕاستڕەوان ئیسرائیل وەک قەڵای بەهێزی ڕۆژئاوا دژ بە ناسیۆنالیزمی عەرەبی، کە لە چاوی ڕۆژئاوادا وەک بریکاری سۆڤیەت و کۆمۆنیزم بو، دەرکەوت. کۆنراد ئەدێناوەر سەرکەوتنی ئیسرائیلی بە سەرکەوتنی ڕۆژئاوا بەسەر ناسیۆنیالیزمی عەرەبی و کۆمۆنیزم لە قەڵەم دەدا. لەم چوارچێوە سیاسییەدا ئەنتیسێمیتیزمی نوێ، لە ڕوپۆشێکی ئەکادیمیدا، وەک چەکێکی سیاسی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ئەمریکا و ئەڵمانیای خۆرئاوادا دژ بە چەپی دژە ئیمپریالیست و کۆمۆنیستەکان بەکاردێت. دەزگای دژ بە ناوزڕاندن ADL و چەندین ڕێکخراوی ناحکومیی زایۆنی لە ئەمریکا دروست دەبن، هەمان ADL کتیبێک بەناوی ئەنتیسێمیتیزمی نوێ بڵاو دەکاتەوە: تیۆریای ئەم کتێبە دەچێتە هەمان قاڵبی تیۆریای “ناڵی ئەسپ”ەوە : بەپێی ئەم تیۆریایە جەمسەرە دژ بە یەکەکانی وەک چەپی ڕادیکاڵ و ڕاستی ڕادیکاڵ وەک هەردوسەری ناڵی ئەسپ وان و (لە ڕوی ئایدۆلۆجیەوە) لە یەک نزیک دەبنەوە و هەردووک دوژمنی دیموکراسی و دەوڵەتی دەستوریین. دەوڵەت وەک پارێزەری دەستور و دیموکراسی مافی ئەوەی هەیە کە دژی هەردووکیان بوەستێتەوە و سەرکوتیان کات. ئەم تێڕوانینی “ناڵی ئەسپ” ەش ڤێرژنی تیۆریایەکی دیکەیە سەبارەت بە فاشیزم کە لە ئەوروپای سەردەمی جەنگی سارددا سەریهەڵداوە: ئەویش تیۆریای فاشیزم وەک سەرتاپاگیری یان تۆتالیتاریانیزم، کە دڵخوازترین تیۆریای لیبرالەکانە و سیستەمە سیاسییەکانی دیکەی وەک فاشیزم و کۆمۆنیزم وەک دوژمنی “کۆمەڵگای کراوە” دەبینێت. کۆمۆنیزم و فاشیزم لەم تیۆریایەدا یەکسان دەکرێن بەیەک یان دەکرێن بە خزمی ئایدۆلۆجیی یەکتر، کە هیچ کارێکیان نییە هەوڵدان بۆ خەفەکردنی ئازادی نەبێت. لایەنگرانی تیۆریای تۆتالیتاریانیزم و ناڵی ئەسپ هەر یەکەو بە جۆرێک لیبرالیزم وەک باڵاترین سیستەمی سیاسی نیشان ئەدەن کە هەرلایەنێک دژی وەستایەوە لەبەرەی چەپ و ڕاست یەکسانی دەکەن بەیەک. ئەم تیۆریا هەلی بۆ مێژوونوسە راستڕەوەکانی ئەڵمانیا ڕەخساند تا هەوڵی پێداچونەوە و ئاسایکردنەوەی مێژووی نازیزم بدەن: نازیزم وەک کاردانەوەیەک بۆ پاراستنی ئەوروپا لە هەڕەشە و تیرۆری کۆمۆنیزم دەربخەن، کە ئەمەش زیندوکردنەوەی خودی پڕۆپاگەندای نازییەکان بوو. ئەنتی سێمیتیزمی نوێش، کەلە هەمان چوارچێوەی سیاسی و تیۆرییدا کاردەکات، بانگەشەی ئەوە دەکات کە “ئەنتیسێمیتیزم” لە بەرەی چەپ (سۆڤیەت و چەپی دژە ئیمپریالی) هەمان ئەنتیسێمیتیزمی بەرەی ڕاستە (جاران نازی وئێستا فاشیزمی ئیسلامی) و هەردووک دژ بە دەوڵەتی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی دیموکرات و لیبراڵ دەجەنگن، بەم پێیە هەموو خەباتێکی دژە ئیمپریالیستی، دژە سەرمایەداری، دژ بە داگیرکاری و کۆڵۆنیالیزمی ئیسرائیل لە کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزە گومانی ئەنتیسێمیتیزمی دەچێتە سەر گەر هەر بەیەکجاری تۆمەتی ئەنتی سێمیتیزم و نازیبونی نەدرێتە پاڵ. هەموو دژایەتیەکی ئیسرائیل یەکسان دەکرێت بە فەنتازیای ڕەگەزپەرستانەی قڕکردنی جولەکە. حکومەتەکانی ئەڵمانیا و ئەمریکا لە قۆناغی جیاواز جیاوازدا و بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزایی دژ بە – سیاسەتی ئیمپریالیستی و دژە پەنابەری و ڕەگەزپەرستی ـ پەنا بۆم تیۆریانە دەبەن. ئەنتیسێمیتیزمی نوێ وەک تیۆریایەک هێندە بەکەڵکی دێواندنی موسوڵمانان و پەنابەران دێت لە ئەوروپا، هێندە چەکێکە بۆ سەرکوتی نەیارانی زایۆنی و دەوڵەتی ئیسرائیل لە جولەکە و ناجولەکە، هێندە ئامرازێکە لە ئەڵمانیا و ئەمریکا و خودی ئیسرائیل بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی تەنفیزی، بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین و دروستکردنی عەقڵیەتی پیلانگێڕی و دادگای پشکنین و ڕاوەجادوگەری، هێندە ئامرازێکە بۆ چاوترساندن و تەمبێکردنی چەپ و کۆمۆنیست و “تابوری پێنج” ی ناوخۆ، هێندە هەوڵێکی ئەکادیمی نییە بۆ ناسینەوەی ئەنتیسێمیتیزمی نوێ، کە هەمان ئەنتیسێمیتیزمی کۆنە و بە هۆی قەدەغەکردنی ئەنتیسێمیتیزمەوە لە هەندێک وڵاتدا پەنا بۆ کۆدی دیکە دەبات. کردنی ئەنتیسێمیتیزم بە چەکی دەستی زایۆنیزم و دەوڵەتی ئیسرائیل بووە بە هۆی فەرامۆشکردنی ئەنتیسێمیتیزمی ڕاستەقینە کە ڕەگەزپەرستان و میراتگرانی نازی بە بڵاوکردنەوەی تیۆریای پیلانگێڕی درێژەی پێدەدەن. ئەنتیسێمیتیزمی نوێ هاوشێوەی تیۆریای تۆتالیتاریانیزم و تیۆریای ناڵی ئەسپ بە گومانی خۆی دژ بە کۆمۆنیزم و فاشیزمە، کەچی زمانی حاڵی دەڵێت دژەفاشیزمی ڕاستەقینە دژایەتیکردنی کۆمۆنیزمە. بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی کۆمۆنیزم و چەپی شۆڕشگێڕیش ئامادەیە ببێت بە هاوپەیمانی هەموو فاشیەک. چونکە هەر سێ تیۆریاکە لەبناغەدا بۆ دژایەتی و داماڵینی کۆمۆنیزم و چەپی شۆڕشگێڕ لە شەرعیەت دروستبوون….