دووبارەکردنەوەی سیناریۆی ئەحمەد الشرع لە عێراق: لە نێوان تیرۆری دەسەڵات و چاوەڕوانی ئۆپۆزسیۆن… نووسینی: سەمیر عادل
لە قۆناغی دووبارە داڕشتنەوەی پڕۆژەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ”، گرووپە ئیسلامییەکان پەلە دەکەن بۆ فڕێدانی عەبای تائیفی و لەبەرکردنی قات و بۆینباخ وەکو ئەردۆغان، بە ئامانجی زاڵبوون بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا.هەروەک چۆن ئەلجولانییان بە پەرەشوتێکی تورکییەوە بردە ناو دیمەشق، ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی خۆیان وەک بەشێک لە “ئۆپۆزیسیۆنی” عێراق بۆ ڕژێمی لایەنگری ئێران پۆلێن کردووە، خۆیان فریو دەدەن کە ئەوانیش دەتوانن پشکێک لە هەمان بەختی فەرمانڕەوای نوێی سوریا بەهرەمەند بن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هاوکێشە سیاسییە نوێیانەی کە لەم “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە نوێیەدا” دادەڕێژرێن.گومانی تێدا نییە کە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی شیعە لە عێراق وڵات بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەرکوتگەر و پاوانخواز دەبات، جا ئاراستەی بەرەو ئێران بێت یان، لەم ڕۆژانەدا، بەرەو ئەمریکا، کە بەهۆی هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل و پڕۆژە هاوبەشەکەیان بە ناوی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ” بووەتە هێزی باڵادەست لە عێراق و ناوچەکەدا.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، لە سایەی ئەم دۆخە سیاسییەدا، هەڵمەتێکی بەردەوامی دەستگیرکردنی سیاسییە دژی هەر کەسێک کە ڕەخنە لە دەسەڵاتی دادوەری یان حکومەت بگرێت، لە ڕێگەی دروستکردنی تۆمەت و داهێنانی یاسا و فەتوا دادوەرییە خراپەکانەوە، لە ژێر ناونیشانە کۆن و بێ بایەخەکاندا کە ئیتر کەس باوەڕیان پێ ناکات وەک: “چەواشەکردنی ڕای گشتی”، “بڵاوکردنەوەی پشێوی لە کۆمەڵگەدا”، و “هەڕەشەکردن لە ئاشتی کۆمەڵایەتی”. دۆسیەی دکتۆر بان زیاد، کە بە ساردی تیرۆر کرا و دۆسیەکەی داخرا، ئەم ڕێبازە مەترسیدارەی ئاشکرا کرد، کاتێک سکاڵای ساختە دژی هەر کەسێک تۆمار کرا کە ڕەخنەی لە بڕیاری دادگا گرتبوو بە بیانووی “چەواشەکردنی ڕای گشتی”. لە کاتێکدا مافی هەر هاوڵاتییەکە کە تانە لە بڕیارە دادوەرییەکان بدات و داوای کردنەوەی لێکۆڵینەوەی نوێ بکات. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی سیاسی عێراق، بە هەموو لایەنە دادوەری و جێبەجێکار و یاسادانانەکانییەوە، کار بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی دەکەن بۆ داپۆشینی تاوانی ڕێکخراو و گەندەڵی.
ئەوەی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سۆدانی لە بەردەم هەندێک نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبارەی “پاپەندبوونی حکومەت بە مافەکانی ژنان” ڕایگەیاند، جگە لە دووڕوویی سیاسی و درۆی ئاشکرا هیچی تر نییە، و هەوڵێکی شکستخواردووشە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی توڕەیی جەماوەر بەرامبەر دۆسیەی تیرۆرکردنی دکتۆر بان زیاد، وە لە هەمان کاتیشدا پڕوپاگەندەیەکی هەڵبژاردنی ناشرینە و هەوڵێکە بۆ داپۆشینی درزی نێوان دەسەڵاتە جێبەجێکار و دادوەرییەکان دوای پاشگەزبوونەوە لە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ.
لە سایەی ئەم کەشوهەوا سەرکوتکەرەدا، ئاساییە دەنگە ئۆپۆزسیۆنەکان لە سەرکوت و توندوتیژی بترسن و وڵات جێبهێڵن بۆ پێکهێنانی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، دەرکەوتنی گرووپ و کەسایەتییەکانە کە بانگەشەی “ئۆپۆزسیۆن” دەکەن کە خۆیان بەشێک بوون لە پرۆسەی سیاسی دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، و مێژوویان جیاواز نییە لە مێژووی ئێستای ئەحمەد شەرع (جۆلانی پێشوو) کە بانگەشەی نوێنەرایەتی ئۆپۆزسیۆنی سووریای دەکرد. لایەنە میدیاییەکان تیشکیان خستە سەر بۆ ڕاگەیاندنی پێکهێنانی ئەوەی کە پێی دەوترێت “ئەنجومەنی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆن”، کە عەبدولناسر جەنابی سەرۆکایەتی دەکات، پەرلەمانتاری پێشوو و ئەندامی بەرەی “سوننەی” تەوافوق لەو کاتەدا، کە تۆمەتبارە بە لێدوانە تائیفییەکان و هاندان بۆ کوشتنی زیاتر لە سەد کەس لەسەر بنەمای شیعەبوون لە کاتی شەڕی ناوخۆی ساڵی ٢٠٠٧، و خاوەنی جنێوی تائیفی ناسراو لەناو پەرلەماندا، کەس نەیتوانی پێشبڕکێی لەگەڵدا بکات جگە لە دوو کەس: یەکێکیان خاوەنی هاوکێشەی “٦ لە ٦” پەرلەمانتار حەنان فەتلاوی بوو، کە گوتی: “ئەگەر ٦ شیعە کوژران، دەبێت ٦ سوننە بکوژرێن”، و ئەوی تریان نووری مالیکی بوو، کە سەرۆکایەتی لیستی دەوڵەتی یاسای دەکرد، فەتلاوی ئەندام بوو تێیدا، کاتێک سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی لە ناوچەی ڕۆژئاوا وەک شەڕی نێوان حوسێن و یەزید وێنا کرد، و نازناوی “موختاری سەردەم”ی بە خۆی دا بە مەبەستی موختار سەقەفی (١ کۆچی / ٦٢٢ زایینی – ٦٧ کۆچی / ٦٨٧زایینی) خاوەنی دروشمی “ئەی تۆڵەی حوسێن”، کە لە ژێر ئاڵای ئەودا شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ ئەمەوییەکاندا کرد بۆ دەسەڵات، وەک چۆن مالیکی لە لەناوبردنی نەیارە سیاسییەکانیدا کردی.
لە ناوچەکەماندا شتێکی سەیر نییە ئاغاکانی شەڕ ببنە سەرکردەی سیاسی، بەڵکو سەیر ئەوەیە کە نەبن. ئەمە لە لوبنان دوای شەڕی ناوخۆ ڕوویدا، و ئەوەی لە لیبیا دەیبینین، و لە عێراقیش دووبارە بووەوە. کێ بیری دەکردەوە کە ئەحمەد شەرع، کە خەڵاتێکی ١٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی دانرابوو، وە بۆ دادگاییکردنی لەلایەن جەماوەری عێراق و سووریاوە داواکرابوو، هەموو تاوانەکانی بسڕدرێنەوە و بخرێتە سەر کورسی حوکم لە سووریا بە مەرجی دڵنیابوون لە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا، بە تایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل؟
بەڵام عێراق سووریا نییە، و سیستمەکەی وەک سیستمی بەشار ئەسەد نییە. لە ماوەی نزیکەی دوو دەیەدا لە دوای داگیرکردنەکە، عێراق بە بازاڕی سەرمایەداری جیهانییەوە بەستراوەتەوە و شوێنێکی لە دابەشکردنی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری جیهانیدا گرتووە، واتە لە پیشەسازی نەوتدا، و دەیان یاسا دەرکراون بۆ ئاسانکردنی جوڵە و کەڵەکەکردنی سەرمایە. جەمسەرە هەرێمی و جیهانییەکان لەسەر پاراستنی سیستمی سیاسی لە عێراقدا کۆکن، لەگەڵ هەوڵی هەندێک لایەن بۆ گۆڕینی ئاراستەی سیاسییەکەی. هەروەها ئەم جەمسەرانە لەسەر ئەوە کۆکن کە تاکە ئامرازی گۆڕانکاری لە ڕێگەی میکانیزمی هەڵبژاردنەکانی داهاتووەوە دەبێت.
بەبێ گوێدانە ئەوەی کە دۆخی سەقامگیری سیاسی و گەرمبوونی ململانێی جەمسەرە هەرێمییەکان، وەک تورکیا و ئێران، و ناکۆکییەکان لە پێکهاتەی سیستمی سیاسی لە بەغدادا، چۆن دەبێت، هەروەها لادانی کێشی هاوسەنگ بۆ هەر لایەک، ئەمریکا و جەمسەرە جیهانییەکانی تر ئامادە نین سیستمی سیاسی لە عێراقدا بخەنە دەستی هێزە نادیارەکان، وەک چۆن لە سووریادایە. ڕاستە ئەلشەرع هەوڵ دەدات لە مێژووی ئیسلامی خوێناوی خۆی دووربخاتەوە و ئەم دۆسیەیە دابخات و خۆی لە تاوانەکانی لە عێراق و سووریا بێبەری بکات لە ڕێگەی گوتەی “خوای گەورە لەوەی ڕابردوو خۆش بێت”، و بڕوانامەی متمانەی خۆی بە ئیسرائیل و ئەمریکا و هەموو جەمسەرە هەرێمی و جیهانییەکان داوە، بەڵام تەنها تۆبە کردن بەشی ناکات، و سووریا ناگەیەنێتە کەنار ئارام. هێشتا زووە قسە لەسەر ئەو ڕێبازە بکرێت کە سووریا دەیگرێتەبەر بۆ گەیشتن بەوەی کە عێراق پێی گەیشتووە لە یەکگرتن لەگەڵ بازاڕی سەرمایەداری جیهانی و پرۆسەی دابەشکردنی بەرهەم، سەرەڕای هەڵگرتنی گەمارۆ و سزاکانی ئابووری و بەڵێنەکانی دابینکردنی ملیارەها دۆلار لە بازاڕی وەبەرهێنانی سووریادا، و ئازادکردنی بازاڕ، و دەرکردنی یاسا ئابوورییەکان.
ئەمەش ئەوەیە کە ئەم ئۆپۆزسیۆنە نایەوێت لێی تێبگات کە بەرگی تائیفی خۆیان لە ژێر قات و بۆینباخ دەشارنەوە کە جەنابی و گرووپەکەی لەبەریان دەکەن. بە واتایەکی تر، ئەم ئۆپۆزسیۆنە، کە تابلۆیەکی گەورەی بە ناوی “ئەنجومەنی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆن” بەرز کردووەتەوە، و فەزای میدیایی بە پڕوپاگەندە و خۆهەڵکێشان پڕ کردووە، هیچ پێکهاتەیەکی گۆڕانکاری ڕاستەقینەی نییە. ئەوان پشت بە پارەی هەندێک وڵاتی هەرێمی و پاڵپشتی میدیای بەکرێگیراو دەبەستن، و وەک ئامرازێک کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانە و لە پێشەوەیان تورکیا. بە واتایەکی تر، دەتوانرێت بوترێت کە ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە هیچی تر نییە جگە لە کاریکاتێرێکی سیاسی، و ئامرازێکی هەڕەشە و فشارە لە دەستی تورکیادا، کە چووەتە وەرزی دروێنەی سیاسی خۆیەوە بۆ ئەوەی ببێتە لایەنێک لە دووبارە ڕێکخستنەوەی هاوکێشەی سیاسی لە عێراقدا، وەکو ئەمریکا و ئێران.
سەبارەت بە سیستمی حوکمڕانی لە عێراقدا، کە دەستی کردووە بە گۆڕینی ئاراستەی قیبلەنیماکەی بەرەو ئەمریکا، لە ناوخۆدا دابەشبووە و هەوڵ دەدات ئەوەی دەتوانرێت ڕزگار بکرێت لەوەی لە قۆناغی دروشمەکانی “بەرگری و خۆڕاگری” لەدەستی داوە، لە ڕێگەی دواخستنی دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی و بە نهێنیش داواکردنی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئەم دواییەی کشانەوە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا.
ئەم سیستمە هیچ شتێکی نییە جگە لە ژەنین لەسەر وەتەری تائیفی و گەورەکردنی مەترسییەکانی داهاتوو، بە بانگەشەی ئەوەی کە ئەوان شیعە دەکەنە ئامانج، و هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بە گریان لەسەر “ستەمی شیعە” دووبارە پڕ کردەوە، و پرسیارگەلێکی بێ تاوانانەی وروژاند: بۆچی تەنها ڕەخنە لە دەسەڵاتی شیعە و دادگای شیعە و حکومەتی شیعە دەگرن؟ بۆچی ڕەخنە لە پارتەکانی کوردستان یان هێزە سیاسییەکان لە ناوچەی ڕۆژئاوا ناگرن؟ هەموو ئەمانە دوای ئەوەی دروشمی “بەرگری و خۆڕاگری” درەوشاوەیی خۆی لەدەست دا یان بە واتایەکی تر ڕووخا.
سەبارەت بە دەنگەکانی تر، کە خۆیان بە زیرەکتر لە خاوەن قۆناغەکانی تائیفی دەزانن (یان بەو شێوەیە لەسەر دابەشکردنی ڕۆڵەکان ڕێککەوتبوون)، تامێکی بێ تامی و بێ بۆنیان بە وتاری تائیفی خۆیان بەخشی، بە هۆشداری دان لە “هاتنی حزبی بەعس” و “وریابن لە بەعسییەکان…هتد” لەم قسە بێ واتایانە.هەموو ئەم دیمەنە، کە گاڵتەجاڕی و ڕق لێبوونەوە دروست دەکات، لاوازی دەسەڵات و نەیارەکانی بە یەکەوە ئاشکرا دەکات، و بەتاڵبوونی فیکری و سیاسییان، و نەبوونی هیچ ئەڵتەرناتیڤێک کە لەگەڵ بەرژەوەندی زۆرینەی زۆری جەماوەردا بگونجێت، و لە قوڕاوی گەندەڵی و هەژاری و بێکاری و نەداری و نەبوونی ئاسۆی داهاتوو ڕزگاریان بکات.
لە کۆتاییدا، ئەم ئۆپۆزسیۆنە هیچ دەرفەتێکی ڕاستەقینەی لە داهاتووی عێراقدا نییە، چونکە نوێنەرایەتی دەنگی کرێکاران و زەحمەتکێشان ناکات کە لە ژێر هەژاری و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەکاندا دەناڵێنن، و ئاواتەکانی ژنان بۆ یەکسانی و ڕاگرتنی تیرۆرکردنە سیاسییەکان و توندوتیژی بێ کۆنترۆڵ دژیان ڕەنگ ناداتەوە، و نوێنەرایەتی دەنگی زیاتر لە ١٢ ملیۆن بێکار ناکات و هەوڵ نادات عێراق لە چنگی ئێران و ئەمریکا و تورکیا دەرباز بکات.
سەبارەت بە دەسەڵاتی ئێستا، ئەم ڕاستییە دەزانێت، بەڵام لە ڕاپەڕینێکی نوێ دەترسێت، چونکە باش دەزانێت کە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە ئەو جەماوەرەن کە لە سەردەمی ڕاپەڕینی تشرین/ئۆکتۆبەردا بە ناپاک و جنێودان وەک “کوڕی باڵیۆزخانەکان” بێ دەوتن، لە کاتێکدا هەموو زنجیرەکانی کوشتن و تیرۆرکردن دژی چالاکوانان و کاراکتەرەکان لەناو باڵیۆزخانەکەدا، کە لانەی هەواڵگری و سوپای پاسدارانی ئێران بوو، داڕێژران. بۆیە ئەم دەسەڵاتە پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی ئەم گرووپانە، واتە ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنە کاریکاتێرییە، بۆ سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی نەیار.
لە عەرەبییەوە کراوەتە کوردی
توانا محەمەد نوری
٣١/٨/٢٠٢٥