بێ خاسیەت بوونی سیاسەت!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

کوردستان و ئەو مرۆڤایەتییەی تێیدا دەژی، لە چاو و ڕەفتاری چینی فەرمانڕەوای ئەمڕۆدا، گوایە مرۆڤایەتی و سەرزەمینێکی بێچارە و داماوی دنیایە، خاڵێکی تاریکە کە زیاتر لە کۆمەڵگە، لە بەرزەخێک، لە مەملەکەتێکی گەورەی بێهودەیی سیاسی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی دەرەوەی مێژوو دەچێت، کە تێیدا سیاسەت و ململانێی سیاسی و فیکر و ئەندێشە و خەباتی سیاسی و فیکری، هەموو ماناکانی خۆیان لەدەست داوە. خوێندن و پەروەردە خەریکە لە مانا بەتاڵ دەبێتەوە و هەر ڕەهەندێکی ژیانی ئەم مرۆڤایەتییە داماوە خەریکە دەبێتە گاڵتەجاڕییەک، دەبێتە پاشکۆیەکی بێسوود. شوێنێک کە لە سەروویەوە مشتێک میلیشیا و چەکداری ورد و درشت هەن، کە گوایە هەر چەکداریی بەسە بۆ ئەوەی هەر کارێک بیانەوێت بە خەڵک و بە شارستانیەتی ئەم مرۆڤایەتییەی بکەن، هەر چەکداریی بەسە بۆ ئەوەی نانی خەڵک بە بارمتە بگریت، هەر کەسێک لە ڕۆژی ڕووناکدا بیڕفێنیت و بیکوژیت و زیندانی و دیلی بکەیت. هەر چەکداریی بەسە بۆ ئەوەی دادگا و یاسا و “فعال ما یشاء” بیت. شار و ژیانی مەدەنی و چەمکی ماف و هاووڵاتیبوون و کەمترین ئاسایشی ژیان، ئەمانە گوایە بۆ ئەمانە تەنها شتێکی مێژوویی لەبیرکراون. ئەمە بێهودەیی و چۆڵەوانییەکی ڕاستەقینەی سەردەمی ئێستایە، دروستکەرەکەی جوڵانەوەیەکی پووچی قەومپەرستی بۆرژوایی جەلالی و مەلاییە، کە جگە لە بەرژەوەندییە بچووکەکانی خۆیان بۆ دەسەڵات و سامان و کەڵەکەکردنی سەرمایە، هیچ پابەندییەکیان بە هیچ شتێکی مرۆیی و ڕەسەنی کۆمەڵایەتییەوە نییە. لالەزار و ئەم نماییشە ئاشکرایەی چەکداری و گۆپاڵداری لە بەرگی ناشیرینی پاراستنی ئاسایش لە سلێمانی و چارەنووسی شێروانی و نەیاران لە هەولێر و بە بارمتەگرتنی ئاشکرا و بێشەرمانەی مووچە و مافی خەڵک، قوڵایی ئەم بێهودەییە و قوڵایی ئەم بەتاڵبوونەوەیەی ڕەفتاری چینی فەرمانڕەوا و نوخبە سیاسییەکەیەتی لە هەر لۆژیکێکی شارستانیی قبوڵکراو.

بەڵام کوردستان حاڵەتێکی دەرچوو لە ڕێساکە نییە، بەڵکو کوردستان ئاوێنەی ڕۆحی سەردەمی خۆیەتی، سەردەمی بێ بەهابوون و بێ تایبەتمەندبوونی سیاسەت و کەلتوور و شارستانییەتە لە ڕەفتاری چینی فەرمانڕەوای جیهانی ئەمڕۆدا. ئەم نوخبەیە خۆی لە ناخی یەکێک لە ئاشکراترین و بەرفراوانترین ڕاستڕەوییەکانی مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، لە ناخی میلیتاریزم و سیاسەتی وێرانکردنی شارستانییەتی مرۆڤایەتیی بۆرژوازیی جیهانیدا، ئەرکدار کراوە بە دیاریکردنی ژیان و چارەنووسی ئەم خەڵکە. ڕۆژانێک کە بۆرژوازی سەردەمی مەرگ و کۆتایی ویست و هەوڵی مرۆڤی بۆ ئازادی و ژیانێکی باشتر و چارەنووسێکی مرۆڤانەتر ڕاگەیاندبوو و وتبوویان لێرە بەدواوە مرۆڤایەتی جگە لە پاشەکشە و دواکەوتن هیچ ڕێگەیەکی بۆ پێشکەوتن نییە. سەردەمێک کە بە خوێن و دووکەڵ و وێرانی و دڵڕەقییەکی بێوێنەی جیهانی، کۆتایی مەترسیی کۆمۆنیزم و مارکس و یەکسانیخوازی و بێهودەیی هەوڵ و هیوای مرۆڤیان بۆ گۆڕانکاری نووسییەوە.

 

ڕووناکییەک لە تونێلەکەدا

 

بەڵام ئەمانە هەڵەن و عەقڵ و لۆژیکیان دیلی ئەم ساتەوەختەی مێژووە، بەڵام مێژوو دینامیزمێکی بنەڕەتیتری هەیە، ئەویش خەباتی چینایەتییە، خەباتی مرۆڤ، ئیرادەی بوونی مرۆڤە بۆ ڕزگاربوون لە چەوسانەوە و گەیشتن بە ژیانێکی باشتر. ئەو پووچی و بێهودەییەی کە ئەم مشتە کۆنەپەرستە بۆرژوایە وایان دانابوو، ئەمڕۆ لەسەر زمانی هەر مرۆڤێکی شەریفی کوردستانە، لەوانەیە جگە لەوانەی کە لەسەری ڕەش و دەباشان ژیان و چارەنوسی دانیشتوانی ئەو هەرێمەیان دەست بەسەراگرتوە، کەم کەس هەبێت ئەو وەهمەی هەبێت کە بەم کەڵەگاییە و ئەم پەنابردنە ڕەهایە بۆ لۆژیکی چەک، چیتر بتوانرێت ڕێگری لە ویستی ڕەوای ئەم مرۆڤایەتییە بکرێت بۆ ڕزگاربوون لەم بێهودەییە.

مەسەلەکە ئەوەیە کەی ئەم ویست و پێویستییەی ڕزگاربوون لەم بێهودەییە، نوێنەری سیاسی و ڕادیکاڵ و ئازادیخوازی خۆی دەدۆزێتەوە و زمانی سیاسی پەیدا دەکات.

مێژووی ڕاستەقینە و کۆی چارەنووسی مرۆڤ لە کوردستاندا شایەتی ئەوەیە کە تەنیا بزووتنەوەیەک کە بتوانێت گەشبینی مرۆڤ بۆ خەبات لە پێناو گێڕانەوەی ئیرادەی ژیانی خۆی بگەڕێنێتەوە، بزووتنەوەیەکە لە سروشتی خۆیدا دژی چەوسانەوەیە و دەیەوێت ئەم جیهانە هەڵگەڕاوەیە بخاتە سەر پێی خۆی و چارەنووسی مرۆڤایەتی بسپێرێتە دەستی مرۆڤ خۆی. ئەمە تەنیا ڕێگای مومکین و تەنیا بزووتنەوە و شۆڕشی خوازراوە بۆ ڕزگارییەکی سیاسی و یەکسانییەکی ئابووری بنەڕەتی و هەر پلەیەک لە ڕێز و کەرامەتی مرۆڤی ئەمڕۆ بەندە بە هێز و نفوزی سیاسی و واقیعی ئەم کۆمۆنیزمەوە لە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی لەسەر چارەنووسی کۆمەڵگا و لەسەر دەسەڵاتی سیاسی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.