دەربارەی ئەنتی سێمیتیزم… نووسینی: میرۆ عەبدولکەریم
بەشی یەکەم
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ یادکردنەوەی هۆڵۆکۆست بەم شێوەیە پێناسەی ئەنتیسێمیتیزم دەکات: “تێڕوانینێکی تایبەت سەبارەت بە جولەکە، کە لە ڕق لە جولەکەدا خۆی بەیان بکات. ئەنتیسێمیتیزم بە وتە و کردار دژ بە تاکی جولەکە و ناجولەکە یان موڵکیان، دژ بە دەزگای کۆمەڵی جولەکەو دامەزراوە ئاینییەکانیان ئاراستەدەکرێت” و چەندین نمونەی ئەنتی سێمیتیزم بەپێی ئەم پێناسە دەهێنێتەوە، لەوانە بەراوردکردنی سیاسەتی ئێستای دەوڵەتی ئیسرائیل بە نازیەکان، و ناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیل بە پڕۆژەیەکی ڕەگەزپەرستانە. ئەم پێناسە و نمونەکان ناتەواون و زۆرجار بۆ ئامانجی سیاسی بەلاڕێدا دەبرێن، چونکە جیاکاری لە نێوان دژایەتیی تاک و دامەزراوەی جولەکە لەبەرجولەکە بونیان و ڕەخنەو دژایەتیکردنی جولەکە و دەوڵەتێک کە خۆی کردوە بە نوێنەری جولەکە لە جیهاندا لەبەر ئایدۆلۆژیا و شێوازی سیاسەتیان ناکات. بەپێی ئەم پێناسە چەندین شوازی ڕەخنەگرتن و دژایەتی دەوڵەتی ئیسرائیل، بەرگریکردن لە مافی فەلەستینیەکان و قسەکردن لەسەر سروشتی دەوڵەتی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی کۆلۆنیالیستی یان ئەپارتاید دەچێتە قاڵبی ئەنتی سێمیتیزمەوە. لە بەرامبەردا پێناسەی ئەنتیسێمیتیزم بەپێی بەیانی ئۆرشەلیم بۆ ئەنتیسێمیتیزم بریتییە “لە هەڵاواردن، پێشداوەری، ڕق وکینە، یان توندوتیژی بەرامبەر بە جولەکە و دامەزراوەی جولەکە لەبەر جولەکە بوونیان” پێناسەی دووەم ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن زیاتر لە دووسەد شارەزا و لێکۆڵەری بواری ئەنتیسێمیتیزم و هۆڵۆکۆست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک کاردانەوە و ڕەخنەیەک لەبەرابەر پێناسەی یەکەم، کاری لەسەر کراوە؛ تاوەک ئەنتیسێمیتیزم نەکرێت بە چەکێکی سیاسی و بۆ سەرکوتی ڕەخنەگران و نەیارانی دەوڵەتی ئیسرائیل یان پشتیوانانی دۆزی ڕەوای فەلەستینیەکان بەکارنەهێنێرێت. وەک لە پێناسەکەشدا دیارە پێشداوەریی و ڕق و توندوتیژی بەرامبەر جولەکە کاتێک دەبێت بە ئەنتی سێمیتیزم کە پاڵنەرەکەی لەبەر جولەکەبونیان بێت. هەروەک جیاوازی دەکات لەنێوان دژایەتی زایۆنیزم و ئەنتیسێمیتیزم. ئەنتی سێمیتیزم وەک جۆرێک لە ڕەگەزپەرستی دەبینێت، نەک وەک ڕقێکی ئەبەدیی جیهان لە جولەکە. دژ بە وێناکردنی جولەکەیە وەک جەوهەرێکی نەگۆڕ و ئەبەدی و ئەم بە جەوهەریکردنەی جولەکە وەک ماکێکی ڕەگەزپەرستانە دەبینێت نەک بێت و مۆرکی “ئەنتیسێمیتیزمی نوێ“ لە هەموو ڕەخنە و دژایەتییەکی ڕەوای ئیسرائیل و زایۆنیزم بدات. ئەوەی کە ئەنتی سێمیتیزمی مۆدێرن لە پێشداوەریی ئاینی سەدەکانی ناوەڕاست جیادەکاتەوە بەڕەگەزیکردنی جولەکە، تیۆریای پیلانگێڕی و ئەنتی سێمیتیزمی بونیادییە. قسەیەکی باو هەیە دەڵێت پارە حوکمی جیهان دەکات، ئەنتی سێمیتەکان لەوەزیاتر دەڕۆن: دەڵێن بنەماڵەیەکی جولەکە لە ڕێگەی پارەوە حوکمی جیهان دەکەن. ئەنتی سێمیتی ڕاستڕەو پێی وایە سەرمایەداری بریتیە لە کۆنترۆڵکردنی پارەی جیهان، وە نەک تەنیا ئەمە بەڵکو پێی وایە بنەماڵەیەک ئەتوانێت دەست بەسەر پارەی هەموو جیهاندا بگرێت و وە هەر کەسیش پارەی جیهانی کۆنترۆڵ کرد ئەوا تەواوی دنیاش یەخسیر دەکات، یان وەک بوکە پەڕۆینە چۆنی بوێت بە ئارەزوی خۆی هەڵیدەسوڕێنێت؛ ئەم تێگەشتنە لە سەرمایەداری لەناو ڕاستڕەوەکاندا باوە. ڕاستڕەوەکان ناتوانن سەرمایەداری و شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارانە وەک گشتێک سەیربکەن. ئەوان پێیان وایە سەرمایەداری دەکرێت دابەشبکرێت بۆ چاک و خراپ. سەرمایەداریی پیشەسازی و “بەرهەمهێنەر“ لایان باشەو سەرمایەداریی “سوخۆر” لایان خراپە. سەرمایەداری نەتەوەیی لایان جێگەی ڕێزەو سەرمایەداری نێونەتەوەیی شایستەی شەرمەزارکردنە. ئەوان سەرمایەداریی بانکی و دارایی (ناوی تری بۆ بەکاردەهێنن وەک سەرمایەداریی گازینۆ یان سەرمایەداری دڕندە) وەک مشەخۆرێک دەبینین بەسەر “سەرمایەی باش” وە و ناتوانن سەرمایە، بە دەربڕینی دەیڤید هارڤی، وەک بەهایەک ببین لە سوڕدا کە بوارەکانی بەرهەمهێنان و سوڕ و دابەشکردن وەک چەندین بواری سەربەخۆ بەڵام پێکەوە گرێدراو وێستگەکانی پێکدەهێنن. جیاکاریەکی دیکەی ڕاستڕەوەکان بریتیە لە شکۆمەندکردنی سەرمایەی نەتەوەیی و دژایەتیکردنی سەرمایەی جیهانی. کاتێک سەرمایەداری لە خزمەتی ئامانجە سیاسیەکانیاندا بێت ئەوا هیچ گلەییەکیان نییە، ناوەڕۆکەکەی وەک خۆی دەهێڵنەوە و ناوەکەی بە نەتەوەیی یان ئاینی دەکەن یان خۆیان لە ناوهێنانی کڕ دەکەن، بەڵام کاتێک چەند دیاردەیەک لەناو دەرکەوتە جیاوازەکانی سەرخانی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا بە دونیابینی ئەوان ناخوات ئیتر سەرمایەداری بۆ ئەوان ئەبێت بە پڕۆژەی لایەنێکی دیاریکراو (زۆر جار جولەکە) بۆ گەمژەکردن و لە خشتەبردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە گشتی و کۆمەڵگەی بە موخاتەبگیراو بە تایبەتی. هەندێک جار بازنە نەتەوەییەکە فراوان دەکرێت و و دەبێت بە چەمکی سوپرا و ئەلترا نەتەوەیی وەک ئوممەتی ئیسلامی، ئومەی عەرەبی، گەلانی ئاری نەژاد یان شارستانیەتی ئەوروپی (بۆ نمونە لای ئیسلامیەکان” ئوممەتی ئیسلام“ ئامانجە تایبەتیەکەی ئەم پیلانگێڕیەن). لای ئەنتی سێمیت هەمو ئایدیا مۆدێرنەکان دروستکراوی جولەکەن بۆ تێکدانی (یان کۆنترۆڵکردنی) شارستانیەت. لای ئەنتی سێمیت جولەکە دوو جۆری هەیە: یەکیان جرجی ئاڵتونی یە (سەرمایەدار) ئەوی تریان مشکی سور (کۆمۆنیست). دژە جولەکە وەها لە سەرمایەداری حاڵی بووە کە دروستکراوی کۆمەڵێک جولەکەی سوخۆرە بۆ دەستگرتن بەسەر جومگە هەستیارەکانی ژیاندا و کۆنترۆڵکردنی گەلان لە ڕێگەی پارە و سەرگەرمکردنیان بە ڕابورادن و فەسادی و ئایدیای نوێ بۆ پەرتکردنیان. کۆمۆنیزم لای دژە جولەکە دروستکراوی جولەکەیە بۆ وێرانکردنی شارستانیەت و نەزمی کۆمەڵایەتی، دەڵێن ئەوەی کۆمۆنیستەکان بانگەشەی بۆ دەکەن ڕوکەشە و بۆ خەڵەتاندنی خەڵکە و لەژێرەوە خەریکی جێبەجێکردنی پیلانی پیرانی زایۆنن. هەربۆیە خاڵێکی دیکەی ئەنتی سێمیتیزم بە ڕەگەزیکردن و بە ئەبەدیکردنی جولەکەیە. جولەکە لەم تێڕوانینەدا مرۆڤێک نییە لە کۆمەڵگە و لەسات و دۆخ و هەلومەرجێکی مێژوویدا بژی، بەڵکو بونەوەرێکی سەرو مێژووییە و مانای بوون و ڕۆڵی لە مێژوودا تەنیا پیلاندانان و نەخشەکێشانە بۆ لەناوبردنی شارستانیەت و یەخسیرکردنی مرۆڤایەتی. لە هاوکێشەکەی ئەنتیسێمیتدا پارە (بۆ پڕکردنەوەی نیازە پەست و نزمەکان) حوکمی خەڵک دەکات، جولەکەش حوکمی پارە دەکات، “نیازی گڵاوی جولەکە” بۆ لەناوبردنی شارستانیەت و حەسودی و ئەویش بەرامبەر بە “گەلانی باڵا “ حوکم بەڕەفتاریەوە دەکەن. جولەکە لەم تێڕوانینەدا هیچ نیازێک لە پشت کارەکانیەوە نییە جگە لە خراپە، جولەکە کاراکتەرێکی نەک دڵڕەق، بەڵکو بێ دڵ و بێ هەست و سۆزە و زیرەکیی ڕووتە. تاکە شتێک دەیزانێت حساباتێکی بێ بەزەییانەیە. جولەکە لە سروشتی تەواوی مرۆڤەکان تێگەیشتوە و هەموو کینە و تەڵەکەیەکی لەبەرە بۆ لەخشتەبردنیان. گەر لە ئەدەبیاتیی ئیسلامی سەدەکانی ناوەڕاستدا شەیتان لە خشتەبەری مرۆڤ و یاجوج و ماجوج تێکدەری شارستانیەت بن دەجالیش خوایەکی درۆینە بێت، ئەوا لای ئەنتی سێمیتی مۆدێرن کەسی جولەکە هەموو توانا و سیفاتەکانی ئەم سێ بونەوەرەی لە خۆیدا هەڵگرتوە وەک: لە خشتبەری تاک، وێرانکەری شارستانیەتی “ڕاستەقینە”، و دروستکەری شارستانیەتی “موزەیەف و چاوبەست.” دیتریش ئێکارت شاعیرێکی ئەنتی سێمیتی ئەڵمانیە و هاوڕێی هیتلەر بووە، پێش مردنی دەمەتەقێیەکی نێوان خۆی و هیتلەری نووسیوە بە ناوی “بۆلشەویزم لە موساوە بۆ لینین” کە تیایدا جولەکە وەک هێزێک نیشان ئەدات کە لە بەرەبەیانی مێژوەوە لە هەرکوێ شارستانیەت سەری هەڵدابێت ئەمان هەوڵی تێکدانیان داوە و بە درێژای مێژوو ئایدیا و پارە و ڕەش وڕووتیان بەکارهێناوە بۆ ژێردەستەکردن و کۆیلەکردن و یەخسیرکردنی خەڵکی نا جولەکە. بەپێی ئێکارت نەک هەر لە موسا، بگرە لە یوسفی عەزیزی میسرەوە چیرۆکی دەستبەسەراگرتنی دارایی و سامانی گەلانی دیکە لای جولەکە دەستپێدەکات و تا لینین و کۆمۆنیستەکانی دیکە بەردەوام دەبێت. جولەکە، بە ڕیوایەتی ئەنتی سێمیت، کۆکەرەوەی هەمو دژیەکەکانە، هێزێکی پشتی پەردەو نهێنی یە، هەم سەرمایەداریە هەمیش کۆمۆنیزمە، هەم دنیا بەڕێوەدەبات هەمیش تابوری پێنجەو لەناوەوە شارستانیەت و کۆمەڵگە کرمۆڵ دەکات. هێزێکە نادیارە و لەهەموو شوێنێکیش بوونی هەیە. جولەکە ئەوکاتەشی کە قوربانی یە هەر تاوانبارە و نەخشەیەکی لەسەردایە. گەر هیتلەر دەیویست “شارستانیەتی ڕۆژئاوا” بپارێزێت لە “بۆلشەویزمی جولەکە “ ئەوا ڕاستڕەوەکانی دوای شکستی فاشیزم، خودی هیتلەر بە قوربانی پیلانی جولەکەی جیهانی دەزانن بۆ ئەنجامدانی هۆڵۆکۆست و ڕاکێشانی سۆزی جیهان تا لەڕێگەیەوە حوکمی جیهان بکەن. ئەم تێڕوانینەی ئەنتی سێمیتەکان تێڕوانینێکی زانستی و مێژوویی نییە لەسەر هەڵگرانی ئاین و ناسنامەی جولەکە بە درێژایی هەزاران ساڵ و خوێندنەوەی واقیعیکی کۆنکرێتیان لە چاخە جیاوازەکاندا، وەک هەموو مرۆڤەکانی دیکە، بەڵکو لە مرۆڤایەتی داڕنین، دێواندن و بە غەیبیکردنیانە؛ هەمان پێناسە و سیفات لە ئەدەبیاتی ئاینیدا وەپاڵ بونەوەری غەیبیی هاوشێوەی شەیتان و دەجال و بگرە خودا دراون (چەند مەکتەبێکی کەلامی هەبوون کە بۆ خوداش بەوەها دەسەڵاتێک ڕازی نەبوون). لە تێڕوانینی ئەنتی سێمیتدا جولەکە بونێکی جێگیری هەیە و گۆڕانکاری و چاخە جیاوازەکان هیچ لە ماهیەتی ئەو ناگۆڕن. بە پێچەوانەی ڕق لە جولەکە لەسەر بناغەی ئایینی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کە پێی وایە بە ئایین گۆڕین (بوون بە بە مەسیحی یان بە موسوڵمان ) جولەکە بە سەرفرازی هەتاهەتایی دەگەن، ئەنتی سێمیتی مۆدێرن پێی وایە ئایین گۆڕین هیچ لە کارەکتەری جولەکە ناگۆڕێت و هەر بە جولەکەیی خۆی دەمێنێتەوە و بگرە زۆر جار خودی ئایین گۆڕینەکە چاوبەستە و کەوڵی مەڕ لەبەرکردنە. بۆ نموونە ئیسلامیەکان و نەتەوەپەرستە عەرەبەکان لەسەدەی بیستدا تیۆریای پیلانگێڕیان بەکاردەهێنا بۆ پێداچوونەوە و دوبارەخوێندنەوەی مێژووی سەرەتای ئیسلام و جولەکە موسوڵمان بووەکانیان تاوانبار دەکرد بە شێواندنی عەقیدەی ئیسلامی لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئیسرائیلیات و نانەوەی فیتنە لەڕیزی موسوڵماناندا. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا ئەنتی سێمیتیزم وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی لە ئەوروپای ڕۆژئاواو ناوەڕاستدا سەرهەڵدەدات و دەبێتە ڕکابەری بزوتنەوەی کرێکاری و سۆسیال دیموکراتی و کۆمۆنیزم. فریدریش ئەنگلز، ئاگۆست بێبل، ویلهێلم لیبکنێشت چەندین سۆسیال دیموکرات و کۆمۆنیستی دیکە دژ بەم جۆرە تێڕوانینە لنگەو قوچە لە سەرمایەداری دەوەستنەوە و داوای هەڵمەتی بە ئاگاهێنانەوەی خەڵک (بە تایبەتی جوتیار و وردە بۆرجوازی) دەدەن لە وەهم و تەڵەکەی ئەنتیسێمیتیزم. بۆ نمونە پارتی سۆسیال مەسیحی کە شتۆکەری ئەنتی سێمیت ڕابەری بوو لە ناو کرێکارانی بەرلیندا خەریک بو جێی پێی خۆی قایم دەکرد. ئەنگلز لە ١٨٨٣ داوادەکات لە سۆسیال دیموکراتەکان کە بە توندی دژی ئەنتی سێمیتەکان بوەستنەوە. لە ٩ ی ئایاری ١٨٩٠ ئەنگلز بۆ ڕۆژنامەی کرێکاران وتارێک لەسەر ئەنتی سێمیتیزم دەنووسێت و پێی وایە ئەم دیاردەیە دەرهاویشتەی ترسی وردەبۆرجوازی و خانەدانە بچوکەکانە لە لەنابوتبوونیان بەدەستی سەرمایەی گەورە و دەڵێت: بەڵام سەرمایە، ئاریایی بێت یان سامی، تەعمیدکراو بێت یان خەتەنەکراو، دواجار ئەم چینە کۆنەپەرستانە لەناودەبات و لە کۆتاییدا دوو چین بەرامبەر یەک دەوەستنەوە؛ چینی کرێکار و چینی سەرمایەدار…. وەک دەبینین لێرەدا ئەنگلز سەرمایە نابەستێت بە ئایین و تایەفەیەکی دیاریکراوە، جگە لەوەش ئەنتی سێمیتیزمی مۆدێرن بە دەرهاویشتەی دۆخی ئابوری- کۆمەڵایەتیی دونیای سەرمایەداری دائەنێت کەوایکردوە چینێکی کۆمەڵایەتی ترسی خۆیان دەرهاوێشتەی سەر هەڵگرانی ناسنامەیەکی ئایینی بکەن و بەمەش تێگەشتنێکی لنگەوقوچ لە واقیعی کۆمەڵایەتی خۆیان بۆ دروست بێت و بێ ئاگایان کات لە دژیەکی و مەیلە مێژوویەکانی کۆمەڵگە وەک بەرەنجامی جەنگی چینایەتی. ڕەخنەی ڕاستڕەوانە لە سەرمایەداریی و تیۆریای پیلانگێڕی هێندە گرێدراوە بە ئەنتی سێمیتیزمەوە کە هەموو بڵاوکردنەوەیەکی تیۆریای پیلانگێڕی دژە جولەکەییەکی بونیادیە با کەسەکە ناوی جولەکەش نەبات. واتە هەمان قاڵبی تیۆری دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ بە ڕەگەزییکردن و دێگونەچارەکردنی هەڵگرانی ناسنامەیەکی دیکە وەک بەهایی، دروز، کەمینەی مەسیحیی یان موسوڵمانی پەنابەر. جۆرێکی دیکەی بە جەوهەریکردن و بە ئەبەدیکردنی جولەکە دەگەڕێتەوە بۆ پاش ڕیفۆرمە یاساییەکانی ناپلیۆن و خەباتی جولەکەکانی ئەوروپا بۆ ڕەهایی سیاسی؛ ئەنتی سێمیتیەکان (ئەو کات ئەم چەمکە سەریهەڵنەدابوو) پێیان وابوو کە جولەکە لەبەرئەوەی هەڵگری “ئاینێکی دواکەوتو”ن و ئامادەی دەستبەرداربوون لە ناسنامەکەشیان نین، ئەوا هیچ بوارێک بۆ پێشکەوتن و بواری ژیانێکی شارستانیانەیان نییە (هەمان تێڕوانین ئێستا لە سیاقێکی دیکەدا بەرامبەر موسوڵمانان دوبارە دەکرێتەوە کە لە باسێکی دیکەدا دێمەوە سەری). بەپێی ئەم تێڕوانینە خودی ئایینی جولەکە، نەک یاسا دەوڵەتیەکان، ڕێگرە لە بەرامبەر ڕەهایی جولەکەکان و وەک بڵێی بەهۆ و لەڕێگەی ئایینەکەیانەوە جولەکە خۆیان گێتۆ کردوە. برونۆ باوەر، کە پێشتر ئیلاهیناسێکی پرۆتستانت بو و دواتر دەبێت بە ئەتایست و هاوڕێی مارکس بوو لە گروپی یونگهیێلیانە، پێی وابوو ڕەهایی سیاسیی جولەکە مانای نییە و جولەکە دەبێت یەکەمجار خۆیان ڕەها بکەن لە ئایینەکەیان ئەوسا داوای ڕەهایی و ئازادی بکەن لە دەوڵەتی پروسیا و ئەگینا وەک جولەکە مافی سیاسیان نییە. مارکس لە دوونووسیندا ڕەخنە لە برونۆ باوەر دەگرێت کە لەبری تێگەشتن لە گۆڕانکاریەکانی سەردەم و گرنگی ڕەهایی سیاسیی جولەکە (وەک خەڵکانێک کە لە ژێر ستەمدا بوون)، لە بری لێکۆڵینەوە لە پرسی جولەکە وەک پرسێکی سیاسیی مۆدێرن، دەچێت پرسەکە ڕاستەوخۆ دەکاتەوە بە پرسێکی ئایینی (بگرە لاهوتی) و دەیپێچێتە کتێبی تەورات و لاهوت و خوداناسی. باوەر پێی وابوو نە دەوڵەتی پروسیا بە کەڵکی ئەوە دێ داوای ئازادی لێ بکەیت و نە جولەکەش ئاینەکەیان هی ئەوەیە کە ئازادی قبوڵ کات. پێی وابو دین و عەقیدەی جولەکە بە درێژایی مێژوو هەروەک خۆی دەمێنێتەوە و دژی هەموو پێشکەوتنێکی سیاسییە. دینی جولەکە لای برونۆ باوەر دینی خۆجیاکردنەوە و ئیمتیازە، بۆیە هەر جولەکەیەک داوای یەکسانی بکات ئەوا دژی ماهیەتی خۆی دەوەستێتەوە. کارل مارکس لە کتێبی خێزانی پیرۆزدا، بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز ئەم میتۆدەی برونۆ باوەر لەسەر ئەم پرسە دەداتە بەر ڕەخنە؛ مارکس دەڵێت: پرسەکە سەبارەت بە کۆدی ناپلیۆنە، ئەو دێت بیسەلمێنێت کە نەخێر سەبارەت بە تەوراتە، تێڕوانین و گەڕانەوەی ئەو بۆ پرسە هاوچەرخەکان کێچڕوانین و هەڵگێڕانەوە و سەرەوژورکردنی پرسەکەیە. لێرەدا بواری ئەوە نییە کە مێژووی خەباتی مارکسیەکان دژ بە ئەنتیسێمیتیزم تاوتوێ بکەم، لە هێنانەوەی ئەم چەند نموونەیەوە ویستم ئەوە بخەمەڕوو لە ڕوی تیۆریەوە دژە ژەهری ئەنتی سێمیتیزمی مۆدێرن لە بواری ئابوری و سیاسیدا تێگەشتنی مارکسیانەیە بۆ شێوازی بەرهەمهێنانەی سەرمایەداری و ڕەهایی سیاسی و مرۆیی لە چنگی نەزمی سەرمایە، نەک سیاسەتی ناسنامەی دابڕاو لە خەباتی چینایەتی یان فیلۆسێمتیزمێک (جوو دۆستی) ی جەوهەرگەرا کە دیوێکی دیکەی ئەنتی سێمیتیزمە و زۆرجاریش کاردانەوەی ئەنتی سێمیتیانەی لێ دەکەوێتەوە. لە بەشێکی دیکەدا هەوڵ دەدەم باسی “ئەنتیسێمیتیزمی نوێ” و تۆمەتبارکردنی مارکسی و کۆمۆنیستە دژە زایۆنیەکان بە ئەنتی سێمیتیزم بکەم…
درێژەی هەیە