هەشتا ساڵ دوای کارەساتی هێرۆشیما کابوسی چەکی ئەتۆمی بەسەر مرۆڤایەتیدا… نووسینی: ڕەحمان حوسێن زادە

0

جیهان و مرۆڤایەتی هەشتا ساڵەی کارەساتی ئەتۆمی هێرۆشیمایان نەک بە هەستیاری و پێویستی مرۆڤایەتی، بەڵكو وەک هەواڵێکی ئاسایی تێپەڕاند. لە ڕۆژی ڕەشی ٦ی ئابی ١٩٤٥، کاتژمێر ٨:١٥ ی بەیانی، لەگەڵ تەقینەوەی یەکەم بۆمبی ئەتۆمی لە شاری هێرۆشیما، زیاتر لە حەفتا هەزار کەس، منداڵ، پیر و گەنج، لە یەکەم چرکەدا بوونە خۆڵەمێش. ئەم ئاستە لە کارەساتی جینۆساید هێشتا رەوشتی تاوانکارانەو زۆرداری میلیتاریستی یەکێک لە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیهانی دووەم، واتە ئیمپریالیزمی ئەمریکای تێر نەکرد. دوای سێ ڕۆژ و لە ٩ ی ئابدا دووەم بۆمبی ئەتۆمی کەوتە سەر شاری ناکازاکی. ئەم شارە هەر وەک هیرۆشیما کرا بە زەوییەکی سووتاو. لە سێ ڕۆژی یەکەمدا گیان لەدەستدانی سەد هەزار هاوڵاتی ژاپۆنی کە لەو دوو شارەدا دەژیان تۆمار کرا. بەپێی ئەو نووسراو و ئامارانەی تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە، لە پێنج مانگی کۆتایی ئەو ساڵەدا ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە “دوو سەد و سی هەزار کەس. جگە لەوەش ژمارەی وردی ئەو قوربانیانەی کە تا ئەمڕۆ بەهۆی دەرئەنجامە دواتری ئەو هێرشانە گیانیان لەدەستداوە دیار نییە، بەڵام پێدەچێت چەند سەد هەزار کەس بووبێت”.

ساختەکاری گەورەی مێژوو: ئیدیعای پێچەوانەی بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بۆ شکست پێهێنانی ژاپۆن و دروستکردنی “ئاشتی” :

لەو قۆناغەوە تا ئێستا ئەکتەر و شرۆڤەکاران و ئایدۆلۆژیستەکانی بەرگری لەدەستەی دەسەڵاتداری ئیمپریالیستی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، ئەم گەورەترین تاوانەیان لە دژی مرۆڤایەتی پاساو هێناوەتەوە وەک ئەوەی ئامانجەکە “شکست پێهێنانی ژاپۆن و کۆتایی هێنان بە شەڕ و دروستکردنی ئاشتی” بێت. ئەم ئیدیعا بێ بنەمایە هەر لەو قۆناغەوە، نەک تەنیا لەلایەن مرۆڤایەتی ئازادیخواز و ویژدانی هۆشیارەوە، بەڵکو لەلایەن زۆرێک لە دەوڵەتمەدار و شرۆڤەکارانی نەزمی ئیمپریالیستی بە ئاشکرا کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە. هەمووان دەزانن کە جەنگی جیهانی دووەم بە شکستی فاشیزمی هیتلەری لە مانگی ئایاری ١٩٤٥ بەکردەوە کۆتایی هات، دوا بەرگری لاواز و بێ ئومێدی سوپای ژاپۆن لە ناوچە دوورە دەستەکانی ئەوروپا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەردەوامبوونی جەنگی جیهانی دووەم نەبوو. مەسەلەکە تەسلیم بوونی ژاپۆن نەبوو کە بەبێ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم یان دریژەکیشانی جەنگ، لە ئارادا بوو، بەڵکو ئامانج نمایشی میلیتاریستی دەسەڵاتی ئەمریکا بوو، بەڵام نەک دژی “ڕکابەرە شەڕکەرەکان”، بەڵکو دژی “هاوپەیمانەکانی” کە تا دوێنێ لە جەنگی جیهانی دووەمدا هاوپەیمان بوون و “ڕکابەرە جیهانییە نوێیەکان” لە سەرویانەوە یەکێتی سۆڤیەت بوو.

ڕووداوەکانی کۆنفرانسی پۆتسدام کە لە ١٧ی تەمموزەوە تا ٢ی ئابی ١٩٤٥ لە شاری پۆتسدامی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، کە ئەوکات لەلایەن سوپای سوورەوە داگیرکرابوو، و ستالین (سەرۆکی سۆڤیەت)، چەرچڵ (سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و دواتر کلیمنت ئاتلی لە شوێنی ئەو) و هاری ترومان (سەرۆکی ئەمریکا)، چەواشەکاری پیویستی بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکا و ترومانی تاوانبارەوە لە دژی هێرۆشیما و ناکازاکی ئاشکرا دەکات.

سەرکەوتووانی جەنگی جیهانی دووەم لە کۆنفرانسی پۆتسدام کۆبوونەوە بۆ دابەشکردنی “غەنیمەتەکانی” شەڕ لە نێوان خۆیاندا، لە کێبڕکێیەکی هەستیار و کاریگەردا کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مەودای دەسەڵاتی کاریگەریی هەر دەسەڵاتێکی ئیمپریالیستی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دیاری دەکرد. “بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەڵمانیا، کە نۆ هەفتە پێشتر ڕازی بووبوو بە خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج. لەو کۆنفرانسەدا هاری ترومان کە دوای مردنی فرانکلین ڕۆزڤێڵت بووبووە سەرۆکی ئەمریکا، بۆ یەکەمجار لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی هاوپەیمانان کۆبووەوە. هەر لە ناوەڕاستی ئەم کۆنفرانسەدا بوو کە ترومان ئاگادارکرایەوە کە “بۆمبی ئەتۆمیان بە سەرکەوتوویی تاقیکرایەوە”، هەروەها بڕیاریدا لە دژی ژاپۆن بەکاری بهێنێت. چەند ساڵێک لەمەوبەر، چەرچڵ لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریدا سەبارەت بەم کۆنفرانسە کە لە تەلەفزیۆنی سوید پەخشکرایەوە، وتی. “ستالین لە قسەکانیدا سەبارەت بە دوایین بەرخۆدانی سوپای ژاپۆن کە ئەوەندە جددی نەبوو، ئامادەیی سوپای سۆڤیەتی دەربڕی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ سوپای ئەمریکا لە پێناو هێنانەدی تەسلیم بوونی کۆتایی ژاپۆن. لە وەڵامدا هاری ترومان ڕایگەیاند، “پێویست ناکات، چەکێکمان دەستکەوتووە، بەم زووانە بەرگری ژاپۆن کۆتایی پێدەهێنین.

هەواڵی دەستراگەیشتنی ئەمریکا بە چەکی ناوەکی بووە هۆی توڕەیی قوڵی ستالین و بەوهۆیەوە  بە زوویی و بەساردییەوە “کۆنفرانسی بەجێهێشت،”. هەر لەوێ و لەکاتی جێهێشتنی کۆنفرانسەکەدا فەرمانێکی دەرکرد بۆ خێراکردنی بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی سۆڤیەت” (وەرگیراو لە فیلمێکی بەڵگەنامەیی سەبارەت بە جەنگی جیهانی دووەم و کۆنفرانسی پۆتسدام). پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە یەکێتی سۆڤیەت یەکەم بۆمبی ئەتۆمی خۆی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٩ تاقیکردەوە، کە ستالین هێشتا لە ژیاندا بوو. بەم تاقیکردنەوە، هاتنە ناوەوەی یەکێتی سۆڤیەت بۆ ناو یانەی وڵاتان بە چەکی ئەتۆمی چەسپێندرا و پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی لە نێوان ئەو دوو زلهێزەدا لە کاتی شەڕی سارددا گەیشتە لوتکە.

هەمان ئەم چیرۆکەی چەرچڵ نیشان دەدات کە بە هیچ شێوەیەک پێویستی بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە دژی سوپای تەسلیمکراوی ژاپۆن نەبووە. مردنی سەدان هەزار منداڵ و ژن و پیاوی پیر و گەنج لە هێرۆشیما و ناکازاکی بوو بە سوتەمەنی و تێچووی کێبڕکێ و تەماحی پشکی ئەمریکای سەرمایەداری و ئیمپریالیست لە ڕووبەڕووبوونەوە و کێبڕکێ لەگەڵ زلهێزە سەرمایەدارییەکانی دیکەی جیهان.

ئەفسانەی ڕێگری ئەتۆمی!

خاوەنی بۆمبە ئەتۆمییە جیهان وێرانکەرەکان، ئایدۆلۆژیست و بەرگریکارەکانیان بەردەوام شمشاڵێک لەم ئەفسانەیە دەژەنن، “چەند باشە کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم هێنراوە!؟، چونکە پێیان وایە بووەتە گەرەنتی ئاشتی و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی شەڕی جیهانی!!”. تاوانبارانی دژ بە مرۆڤایەتی لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی جیهانی و بۆردومانی هێرۆشیما و ناکازاکییەوە، مرۆڤایەتی لەژێر هەژموونی بەرژەوەندخوازی سەرمایەداری جیهانیدا بە مانای ڕاستەقینەی وشەکە ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە. بە گوتەی ئەنجێلیکا کلۆزن، یەکێک لە نووسەرانی گۆڤاری “یونگە وڵت”ی ئەڵمانی نزیک لە “پزیشکانی نێودەوڵەتی بۆ پێشگرتن لە شەڕی ئەتۆمی (IPPNW)”، چەکی ئەتۆمی تەنانەت لە قۆناغەکانی پەرەپێدان و تاقیکردنەوەشدا قوربانیی بەرهەم دینێت. بەپێی خەمڵاندنەکان، تیشکی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی ئاسمانی لە ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠دا بووەتە هۆی مردنی لانی کەم دوو ملیۆن کەس بەهۆی شێرپەنجە لە سەرانسەری جیهاندا. “بە تایبەتی دانیشتوانی ناوخۆی ناوچەکانی تاقیکردنەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە”. چینی کریکاری جیهان و مردن و مەرگی رۆژانەی ملیۆنەها ئینسانی هەژار، کە بەرهەمی قازانج پەرسیئ سەرمایەیە وەکو فاکتەریک وەربگرین، جەنگ بە واتای سەربازی و لەشکرکێشی و بەکارهێنانی چەکی تری  کۆمەڵکوژی کیمیایی و بۆمب و موشەک و دەیان ئامرازی تری وێرانکەر لە رۆژی دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە، بەفراوانی و لە هەموو گۆشەیەکی ئەم دنیایەدا، یەخەگیری ئینسانە.

ئەوەی لە سەردەمە جیاوازەکان هاوسەنگی هێز لە نێوان قوتبە کاپیتالیست و ئیمپریالیستەکان و لە سەر بەرژەوەندی و ئیمتیازاتە بنەڕەتییەکانیان ئەوانی گەیاندووەتە خاڵی ڕێکەوتنەکان، بۆ نموونە ئەوەی چەند دەیە دوو قوتبی بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هاوشیوەی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم کردووە، ئەمە ئیتر لە “نیعمەتی چەکی کوژی ناوەکی” نییە.

یان دوابەدوای لەبەریەک هەڵوەشانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، شێواوی نیزامی سەرمایەداری تا ئێستا، نەگەیشتووە بەخاڵی چەغماغەدانی جەنگی کلاسیکی و ئەزموونکراوی جیهانی، بەڵام شەڕی ناوخۆیی و ناوچەیی و بەوەکالەت سەری هەڵداوە. بەرینبوونەوەی تیرۆر و نائەمنی بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی زلهێزە سەرمایەدارەکان کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین، مرۆڤایەتی رووبەرووی دۆخێکی سەخت کردۆتەوە. شەڕ و تیرۆر و جینۆساید لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوابەدوای پێکهێنانی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل بە نەخشەی بەریتانیا و فەرەنسا و پاڵپشتی بەردەوامی ئەمریکا و شەڕی ئێستای ئۆکرانیا و شەڕی بەردەوامی ئەمڕۆ لە ٥١ شوێنی جیهان، هیچی کەمتر لە شەڕێکی جیهانی نیشان نادەن. مەترسی شەڕی ئەتۆمی بەجۆرێکە کە لە بەیاننامەیەکی هۆشداریدا، “گۆڤاری زانایانی ئەتۆمی ئەمریکا” لە ٢٨ی ژانویەی ئەمساڵدا، بە وتەی خۆیان، “کاتژمێری قیامەتیان بۆ ٨٩ چرکە دانا تا نیوەشەو، واتە نزیکترین کات لە “لەناوبردنی مرۆڤایەتی” تا ئێستا. بە وتەی پسپۆڕێکی دیکەی ئەتۆمی، “ئەمە تەنها هەفتەیەک دوای دەستپێکردنی خولی سەرۆکایەتی دووەمی دۆناڵد ترەمپ ڕوویدا. سەرۆکی ئەمریکا بە کردەوەکانی ئەم مەترسییەی بەرجەستەتر کردووە. تەنها هەفتەی ڕابردوو فەرمانی بە ژێردەریایی ئەتۆمی کرد کە لە ڕووسیا نزیک ببنەوە.” من ئەوە زیاد دەکەم کە ئەو کارە ئیستفزازییەی ترەمپ دوای هەڕەشە ئەتۆمییەکانی مێدڤێدێڤ، سەرۆکی پێشووی ڕووسیا و جێگری ئێستای ئەنجومەنی ئاسایشی حکومەتی ڕووسیا هات. ئەم دۆخە ئەوە نیشان دەدات کە چەکی ئەتۆمی نەک ئامرازێکی “ڕێگریکردن”، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە و ئەگەری هەیە بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتی هاوچەرخ.

بۆیە یادی ٨٠ ساڵەی کارەساتی ئەتۆمی هیرۆشیما و ناکازاکی و تێپەڕبوونی بەم خەم ساردییە لەلایەن مرۆڤایەتی پێشکەوتنخوازەوە، خۆی کارەساتێکی شۆککەرە. ئێمە لە لای خۆمانەوە لە بەڵگەنامەیەکدا لەسەر دۆخی جیهان کە لەلایەن کۆنگرەی یازدەیەمی حزبی کۆمۆنیست کارگەری- حیکمتیستەوە لەمانگی ئازاری ٢٠٢٥ پەسەندکرابوو. ئەم دوو جەختکردنەوە بنەڕەتییەی خوارەوەمان هەبوو. “چڕبوونەوەی کێبڕکێی جیهانی و جیۆپۆلەتیکی و ململانێی نێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکان و شەڕی بە وەکالەت و مەترسی شەڕی ڕاستەوخۆیان لە دونیای بێ لەنگەری ئێستادا، مەترسی گەورە لەسەر ژیانی ئێستا و داهاتووی مرۆڤایەتی دروست کردووە… لە درێژەدا ئێمە زیاتر جەختمان لەوە کردەوە، “کۆتاییهێنان بەم دۆخە بەستراوەتەوە بە ڕۆڵ و ئامادەبوونی هۆشیارانە و ڕێکخراوانەی بزووتنەوەی کرێکاری سۆسیالیستی، بە ڕێکخستنی شۆڕشێکی کرێکاری بۆ روخاندنی نەزمی سەرمایەداریی هەڵگەڕاوە و ڕێگریکردن لە بەربەرییەت”. لەم سیستەمەدا هیچ ڕێگەیەکی سێیەم نییە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.