هونەر بۆ هونەر یان هونەر بۆ مرۆڤایەتی… نووسینی: نەجم محەمەد
لەسەر بیرۆکەی هونەر بۆ هونەرو هونەر بۆ مرۆڤایەتی وگۆڕانکاری کۆمەڵایەتی گەلێ مشتومڕکراوە، لەڕاستیدا
سەرچاوەی بیرۆکەی هونەر بۆهونەر دەگەڕێتەوە. بۆسەردەمی ڕۆمانسیزمی فەرەنسا لەسەدەی نۆزدەهەمدا شاعیرە ناسراوەکانی وەک تیۆفیل گۆتیرو چارلز بۆدلێر یەکەمین کەسانێک بوون کە بۆ یەکەمجار ئەم بیرۆکەیەیان بەشێوەیەکی فەرمی باس کرد. تیۆفیل گۆتیر بەتایبەتی لە دێباجەی ڕۆمانی (مامانزێل دومۆپن) داباسی ئەوەی کرد کەهونەر پێویستی بەهیچ جۆرە پێویستیەکی ڕەهەندی نییە، هونەر هیچ سوودێکی نییە شتی جوان خۆی سوودەکەیەتی.
گۆتیێر دژی ئەو بیرۆکەیە بوو کە “هونەر پێویست ناکات فێرکاری یان سوودی کۆمەڵایەتی هەبێت، بودلێر لە شیعر و ڕەخنەیدا هونەری بەئامانجی خۆیی ناوبرد. لە شانۆ و وێنەکێشانی ئینگلتەرا، ئۆسکار وایڵدو جەیمس مکنێل ویسلەر ڕایانگەیاند کە هونەر تەنیا پێویستە “جوان” بێت، نەک پەیامبەرێتی بکات. وایڵد دەیگوت: هەر هونەرێکی بەرچاو بێزارکەرە (واتا خاوەن ڕەوتێکی سەربەخۆیە).
پاشان لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا بزووتنەوەی ئەستێتیزمی ئینگلیزو ڕۆحی خوێندکارانی بلۆمزبێری ئەم بیرۆکەیان گەیاندە لووتکە. ئەوان هونەریان بەتە نها لەڕووی جوانیەوە هەڵدەسەنگاند. هەڵگرانی ئەم بیرۆکەیە پێیان وابوو کەهونەر تەنیا خۆی خزمەت بەخۆی دەکات، ئەمەش بەو واتایەی ئەوەی کەهونەر هیچ ئامانجێکی دەرەکی نییە و تەنیا بۆجوانیەکەی خۆی دروست دەکرێ. فەلسەفەی هونەر بۆ هونەر، هونەر بێ سنوور، بێ ئامانج، تەنیا بۆ ئازادی ڕەنگ و فۆڕمە. ئەمەش وەڵامێکی فەلسەفی بوو بەرامبەر بەهونەری مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەخوازی، بەڵام لە سەدەی٢١ەمدا، زۆرێک پێیان وایە هونەری پاک بوونی نییە، چونکە هونەر هەمیشە لە کۆنتێکستی مرۆڤایەتیدا درووست دەبێت. ئۆسکار وایڵد: هونەر ئەوەندە بێ سوودە کە هونەر لە بێسوودییدا مەعنا پەیدا دەکا.
کڵیڤ بێڵ (هونەرناسی): بانگەشەی حیسێکی هونەریی سەربەخۆی کرد, کە تەنیا فۆڕمی جوانی دەناسێت. ئەم فەلسەفەیە هونەر وەک بەهایەکی سەربەخۆ دادەنێت، بەبێ پەیوەستبوون بە مەبەستی دەرەکییەوە خۆبەڕێوەبەری هونەر و هونەر پێویست ناکات پەیامێکی ئەخلاقی یان کۆمەڵایەتی بگەیەنێت.
فۆڕم، ناوەڕۆک: گرنگیدان بە تەکنیک، ڕەنگ، پێکهاتە، نەک بەسەرهاتی چیرۆک.
هونەر وەک ئامانج: درووستکردنی هونەر خۆی ئامانجە، نەک وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری ئیمانوێل کانت ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بیردۆزی سوودی بێ ئامانجی کە تێیدا جوانی خۆی خاوەن بەهایە و پێویست ناکات خزمەتگوزاری بێت.
ئایدیالیستی ئەڵمانی (وەک شیللەر): هونەری وەک ڕێگایەک بۆ ئازادی ڕۆحی، دوور لە داواکارییە ماددییەکان. جیاکردنەوەی هونەر لە ژیان: هونەر وەک جیهانێکی سەربەخۆ سەیر دەکات کە یاسای خۆیی هەیە.
مارکسیزم پێ ی وایە کە: هونەر “ئامرازی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتییە، نابێت بێلایەن بێت (تڕۆتسکی دەڵێ: هونەر بۆ هونەر خیانەتە بە کۆمەڵگە!). ودوورکەوتنەوەیە لەکێشە ڕاستەقینەکانی مرۆڤایەتی. برێخت پیی وایە کەهونەر ئامرازێکی شۆڕشگێڕانەیە.
پۆست مۆدێرنیزم (وەک ئادۆرنۆ): هیچ هونەرێک لە کۆنتێکست نابێتەوە، هونەر هەمیشە پەیوەستە بە دەوروبەری سیاسی/کۆمەڵایەتییەوە. لیۆ تۆڵستۆی (نووسەری ڕوسی) ڕەخنەی لەم بیرۆکەی هونەر بۆ هونەر گرت و گوتی: “هونەر پێویستە خزمەتی مرۆڤایەتی بکات.
لە کوردستانیشدا، ڕەخنە هەیە کە ئەم بیرۆکەی هونەر بۆ هونەر، لە کێشە ڕاستەقینەکانی خەڵک دووردەکاتەوە
من لام وایە بیرۆکەی هونەر بۆ هونەر بیرۆکەیەکە لەخزمەت نیزامی سەرمایەداری و چینی دەسەڵاتداردایە، تاهونەریش وەک کاڵایەک بەکاربهێنن لەپێناو بەرژەوەندەیەکانی خۆیاندا وتا لەڕێی هونەرەوە خەڵکی بدەن وخەڵکی سەرقاڵکەن بە بابەتە لاوەکی یەکانەوە.
هونەر مرۆڤ دایهێناوەو لەمرۆڤەوە بۆ مرۆڤە لەمرۆڤەوە بۆکۆمەڵگەیە، ناکرێ هونەر داماڵیت لە پەیامە مرۆییەکەی بەبیانووی بیرۆکەی هونەر بۆهونەرو جوانناسی.
ناکرێ دونیایەک ناعەدالەتی وبرسێتی ونەداری وبێ مافی وستەم لەکۆمەڵگەدا هەیە، هونەر نەیبینێ و پەراوێزی بخا.
هونەر دەبێ هاوکات لەگەڵ ڕەهەندە جوانناسیەکەیدا گرنگی بەرەهەندە مرۆیی وکۆمەڵایەتی وسیاسیەکەشی بدرێت. نموونەیەکی زیندوو ئیستا غەزە بۆتە وێرانەو برسێتی ومەرگ ودوانەیەکی رۆژانەی خەڵکی غەزەیە. نزیکەی ٦٠ هەزار مرۆڤی سڤیلی بێ تاوان کوژراون، تۆ ئێستا هونەرمەندێک بیت لە غەزەدا بیت و هونەر بکەیت چۆن هونەرێک دەکەی، تۆ ئەگەر شێوەکار بیت وێنەیەکی سرووشتی تجریدی بکەیت، لەویرانەدا یان وێنەی باڵەخانەیەکی جوان یان وێنەی کیژێکی جوان بکەیت لەوفەزای ئێستای غەزەدا، ئایا گونجاوە یان تۆ ئەکتەر بیت بێیت شانۆیەکی کۆمیدی بکەیت یان شانۆی بنەماڵەیەکی بۆرژواو ئۆرسۆکراتیەت نمایش بکەیت، ئایا گونجاوە یان تۆ گۆرانیبیژ بیت ئا لەو فەزای ئێستای غەزەدا گۆرانی بەسەر سینگ وبەرۆکی ئافرەتدا بڵێیت وگۆرانی شادو پڕ سەما بڵێ ی، ئایا گونجاوە؟ وەڵام نەخێر گونجاو نییەو گەر لەئێستادا هونەری لەوجۆرە لەم فەزای ئێستای غەزەدا ئەنجامدەی ڕەنگە خەڵکی غەزە بەرد بارانت کەن. کەواتە بیرۆکەی هونەر بۆهونەر بۆ جوانناسی بیرۆکەیەکی لۆژیکی و واقیعی نییە، و لەخزمەت مرۆڤایەتیدا نییە وخۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی مرۆیی…