رێبوار عارف: ئەوەی لەم قۆناغەدا دەتوانێت هاوکێشەکان بگۆڕێت، دەخالەتگەری سیاسی و ڕێکخراوبوون و هاوپشتی و هاوخەباتیمانە نە هیچ شتێکی تر!  دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەهادین حاجی بەکر ناسراو بە ”رێبوار عارف“، بەرپرسی لقی کوردستانی کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری، لە پەیوەند بە پرسی موچە و خزمەتگوزارییەکان و ئاینندەی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی…

0

بەشی یەکەم

بۆپێشەوە: جارێکی تر بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە پێناو موچە و خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی دیاریکراودا دەستی پێکردۆتەوە… چۆن دەڕوانە ئەم بزوتنەوەیەو و چ جیاوازییەکی لەگەڵ بزوتنەوەکانی پیشووی خەڵکی کوردستاندا هەیە؟ هۆکار چییە، دەسەڵات ئەمجارە زۆر توندتر هیرش دەکاتە سەر نارەزایەتیەکان و هەڵسوراوانی؟

ڕێبوار عارف: بەرلەهەرشتێک ئەوە بڵێم کە سەرباری هەموو ئەو لایەنە پرشنگدارو ئەرێنیانەی کە لە رابردوی ئەم بزوتنەوەیەدا دەبینرێتەوە، بەلام بۆ وەڵامدانەوە بە پرسیارەکەتان دەبێت بە وردی سەرنجی ئەوە بدەین کە ئایا بۆچی دەسەلات ئاوا بە ئاسانی دەتوانێت هێرش بکاتە سەر نارەزایەتییەکان و دەستگیرمان بکات و لە شەقامەکاندا ئەشکەنجەمان بکەن و سووکایەتی بە هەلسوراوان بکەن و دواتر پەلکێشی نێو زیندانیشیمان بکەن، تەنانەت لەمانەش زیاتر ئەمجارە جەستەی هەلسوراوان و هاورێکانیشمانیان کردە ئامانج و خەلتانی خوێنیان کردن لە بەرچاوی ئەو خەلکەوە! بەدڵنیایی ئەم پاشەکشە پێکردنە لە هەنگاوی یەکەمدا خۆی لە پڕنەکردنەوەی خالە لاوازو نەرێنیەکانی قۆناغی رابردودا دەبینێتەوە، بەلام با جاری لەم خاڵەیان گەڕێین و بێنەوە سەر هۆکارەکانی تر کە لێرەدا ئاماژە بە چەند خالێکیان دەکەین:

خاڵی دەستپێکی ئەم پاشەکشەپێکردنە بەبڕوای من لە قۆناغی کۆتایی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی دوو سالی رابردوەوە دەست پێدەکات، واتە پاش ئەوەی کە دواجار هاتنەمەیدانی ئێمە دەسەلاتی ناچارکرد بە هاتنەسەرخەت و کردنەوەی دەروازەی دانوسات و ڕێکەوتن و (ڕاگرتنی ئەو جەنگەی کە لە نێوانماندا بوو) ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بووبێت، سەرنج بدەن نارەزایەتییەکان هەر لە دەستپێکی ڕاگرتنی جەنگ و دانووسانەکەوە کەوتە حالەتی پاشەکشەکردن، چونکە لە جەرگەی هەر جەنگێکدا هەر هێزێک کە پەنا بۆ دانووسات دەبات دەیەوێت نەک هەر خۆی لە زەرەروزیانەکان دوور بخاتەوە، بەلکو لە راستیدا وەک دەرفەتێکیش دەیبینێتەوە کەخۆی تێدا بەهێزبکات و ئامادەکاریەکانی خۆی لە قۆناغەکانی تری جەنگەکە بباتە سەرەوە، واتە لاوازییەکانی خۆی تێدا پڕبکاتەوەو جبەخانەو سەنگەرەکانی خۆی تێدا بەهێزتر بکاتەوەو چاو بە نەخشەو پلان و تاکتیکەکانی خۆیاندا بگێرنەوە… بەلام ئێمە تەنیا کارێک کە کردمان چاوەروانیکردن و دلخۆشکردنی خۆمان بوو بە بەلێنی پشت دانیشتنەکان و بە تەسریحاتی چەند پەرلەمانتارێک و بە ناردنی پەیتا پەیتای دەستەو ئەنجومەن و نوێنەران بۆ بغداد. لە کاتێکدا کە دەسەلات نەک تەنیا توانی بە سیاسەتی لە چاوەروانی هێشتنەوەو یارپێکردنەکانی نێوان خۆیان ڕۆژ بەڕۆژ شەقام ئەهوەنتر بکاتەوەو نارەزایەتییەکان پەراوێزتر بکاتەوە، بەلکو لە راستیدا لە پرۆسەیەکدا توانیان کار بۆ بێهیواکردنی خەلکیش بکەن. بۆیە بەبروای من ئێمە هەر لەدەستپێکی هاتنە سەرخەتی دەسەلاتەوە نەمانتوانی دانوساتیش وەک درێژکراوەی مەیدانەکانی جەنگ ببینینەوەو خۆمانی تێدا بەهێزبکەین و سەنگەرو جبەخانەکانمانی تێدا کاراتربکەینەوە و چاو بە تاکتیک و نەخشەو بەرنامەی خۆماندا بخشێنینەوەو وەک دەرفەتی پڕکردنەوەی لاوازی و بۆشاییەکانمان مامەڵە لەگەل قۆناغی دانوساتدا بکەین، بۆیە لە درێژماوەدا بینیمان کە دەسەلات چۆن هەنگاو بە هەنگاو نەخشەی پاشەکشە پێکردنی خۆیان بەسەر بزوتنەوەکەدا داسەپاندو کاریان گەیاند بەوەی کە بەوجۆرە دەستدرێژی بکەنە سەرمان. بێگومان ئەم پاشەکشە پێکردنانە توانی کاریگەری خۆی لەسەر رادەو ئاستی ڕێکخراوبوون و یەکگرتوویمان دابنێت و لەلایەکی تریشەوە ئەو کارو چالاکیانەشی کە ئەنجام دەدرا بەشێکی زۆری بە شێوەیەکی پەراکەندە و خۆرسکی بوون کە بەدڵنیای ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرتەسک بوونەوەی نارەزایەتییەکان و لاوازبوونی دانا. لێرەدا ئەم دۆخە دەرفەتێکی بۆ دەسەلات ڕەخساند کە بتوانێت ڕێگریەکی زیاتر بکات و زۆرتر پەنا بۆ هەرەشەکردن و پەلاماردان و گرتن و سەرکووتکردن ببات، هەلبەتە نابێت پاشەکشەکردنی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەسەلاتی پارتی و یەکیەتی لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە بەدەستی کەم بگرین وەک فاکتەرێک بۆ شکانەوەی قەیرانەکان لە دژی خەلکی کوردستان، و بەدیوێکی تریشدا ترس لەم بارودۆخەو ناچاربوونیان بە پاشەکشەکردنیان لەبەرامبەر حکومەتی بغداد، ڕۆشنە کە ئەم دوو هێزە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان زیاتر لەیەک نزیکترن، بەتایبەت بەلەبەرچاوگرتنی پێگەی پارتی لە کۆی هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکەدا، یەکیەتی ناچار بە پاشەکشەیەکی زۆر زیاتر کردوە کە ئیتر ئەو دەورانە بەسەرچووە کە یەکێتی بتوانێت یاری بەکارتی نارەزایەتییەکانی شەقام بکات دژ بە پارتی و بانگەشەی بوونی پانتایتەکی زیاتر لە ئازادی بەیان و دەربرین و خۆپیشاندان بکات، هەربۆیە چیتر پارتی رێگە بە یەکیتی نادات لە حکومەتەکەیدا هاوبەش بێت، بەلام لە قەڵەمرەوی ژێر دەسەلاتی زۆنی سەوز ئیدیعای ئازادبوونێکی زیاترو دیموکراسی تربوون لە خۆیان نیشان بدەن. بۆیە ئیتر بەکردەوە یەکیەتی دەبێت کۆتای بە نمایشکردنەکانی بهێنێت، چیدی ناتوانێت واپیشان بدات کە نارەزایەتییەکانی ژێر رەحمەتی زۆنی سەوزە پارێزراوتر دەبن، هەر لێرەوەیە کە دەبێت تێگەشتنمان هەبێت بۆ سەرکوتەکانی ئەم دەورەی ژێر دەسەلاتی یەکیەتی، تەنیا سەرەتای کارەو لە ئایندەدا ئەم هێزە زۆر سەرکوتکەرتر دەبینینەوە کە جەوهەری ئەم لێکتێگەشتنە یەکێک لە خالە هاوبەشەکانی ئەو حکومەتە هاوبەشییە کە پاش تێپەربوونی دە مانگ هێشتا خەبەرێک لە پێکهێنانی نییە. بەلام سایەو سێبەری گورزی ستەمکاریەکەیان لەئێستەوە بە ڕۆشنی دەبینین! لێرەوە ڕۆشنتر حالی دەبین لەوەی ئەو هێزەی کە دوێنێ دەینەراند دەیرۆخێنین، دوای یەکەمین دیدار دەلێن لەکاتی هەلبژاردنەکاندا کەمێک سوعبەتمان کرد پێکەوە، کاتێکیش کە بانگەشەی تەوتین وەک یەکێک لە بنەرەتیترین جیاوازیەکانی خۆیان نیشان دەدەن هەر خۆیان دەبنە زوڕنا ژەنی هەژماری من. بۆیە دەبینین لەم قۆناغەدا بەو شێوە دەتوانن نارەزایەتیەکان سەرکووت بکەن.

بۆپێشەوە: لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە، خەڵکی کوردستان بەگشتی و مامۆستایان و فەرمانبەران بەتایبەتی لە پێناو موچە و خزمەتگوازرییەکان، چەندین جار دەستیان داوەیە بایکۆت، کۆبونەوە، مانگرتن، خۆپیشاندان، چادر هەڵدان و … کەچی نەتوانراوە دەستبەری داخوازییەکانیان بکەن، هۆکاری ئەوە چییە؟

 ڕێبوار عارف/ بەبروای من ئەگەر مەبەستان لە نارەزایەتییەکانی مامۆستایان و مووچەخۆران بێت، ئەم وێنەیە دروستە، بەڵام من بۆ نارەزایەتییەکانی کفری و پێنجوێن هەمان خوێندنەوەم نییە، ئەو دوو نارەزایەتییە داواکاریەکانیان بەرادەیەک جیاواز بوو هاوکات ئەنجامگیری جیاوازیشی دابەدەستەوەو بەشێکی بەرچاو لە داخوازیەکانی ئەو دوو شارە هاتەدی. بۆیە لێرەدا دەگەرێمەوە بۆ لێبڕاوی جەسارەتی پڕ ئیرادەی مامۆستایان و مووچەخۆران لە دوو سالی ڕابردو ئەوە وەک پێش فەزیک لە بەرچاوبگرین کە مۆری خۆی وەک راوەستاوترین نارەزایەتیەکانی دە ساڵی رابردو ببینینەوە بەبێ کەمکردنەوەی زەرەیەک لە تواناو ئیرادەو ئامادەیەی کە گەلێک خالی پرشنگدار لە هەناویدا بەدیدەکرێت، بەجۆرێک کە دواتر هەردوو دەسەلاتی هەرێم و ناوەندیش ناچار بە هاتنەسەرخەت و دانوسات کران، بەلام سەرباری هەموو ئەمانە هێشتا پانتاییەکی زۆر دەمێنێتەوە بۆئەوەی کە قسە لەسەر هۆکارەکانی بەئەنجام نەگەیشتنی نارەزایەتییەکان بکەین کە گرنگترینیان لێرەدا دەخەینە ڕوو! گرنگترین خالێک کە پێویستە جەختی لەسەر بکەینەوە نەبوونی ئاسۆیەکی سیاسی ڕۆشن بوو، کەبۆ هەر جولانەوەیەک بەدلنیای دەتوانێت خالی چارەنووساز بێت و دەتوانین لە دەلاقەی ئەم لاوازیەوە تێگەشتنێکی ڕۆشنترمان هەبێت لەوەی کە ئایا بۆ ئەنجامگیری هەولەکانمان نامانگەیەنێتە کەنار دلنیابوون لە ئایندەی بزوتنەوەکەمان. ئاسۆداربوونی هەر بزوتنەوەیەک دەتوانێت بەکردەوە هەنگاو بە هەنگاو ئایندەی جولانەوەکە ئاراستە بکات و بیکاتە خاوەنی نەخشە ‌ڕێگایەکی کارا و ڕوئیایەکی شەفاف و ڕۆشن بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی ئامانجەکانی. کە ئەم بابەتە خالێکی لاوازی بەرجەستە بوو لەو جولانەوەیەدا. لایەنێکی تری لاوازییەکان، نەبوونی ڕابەریەکی یەک دەست و هاوپراتیک بوو کە دەورێکی چارەنووسازی هەیە لە لێکهەڵپێکان و هیدایەتکردنی هەرجولانەوەیەکدا، کەبەداخەوە لەمبارەوە لەنێو ئەنجومەن و دەستەی مامۆستایاندا ئەو یەک دەستی رابەری کردنە وەک پێویست خۆی نیشان نەدا، هەربۆیە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیام و بڕیارەکانی جولانەوەکە داناو وایکرد کە کەمتر بتوانرێت لەچوارچێوەیەکی دیاریکراودا، کارەکانیان پێکەوە ڕابەری بکات و لە ئاستێکی شایستەدا درێژە بە بەردەوام بوونی کارەکانیان بدەن. هەربۆیە نەبوونی ئەو هەماهەنگی و یەک دەستیەی رابەری کاریگەری نەرێنی لەنێوان هەلسوراوانی شارەکاندا دروست کرد، کە هەرئەمەش بووە هۆی لاواز دەرکەوتنی دەوری ڕابەری سەرتاسەری ئەم جوڵانەوەیە. بۆیە کاتێک ئەوە دەبینین کە ئەم ڕابەرییە کەمتر خەمی یەکپارچە راگرتنی بزوتنەوەکەو دەخالەت پێدانی هەلسوڕاوانی خوارەوەی هەیە، ئیتر کەمتر بەدوای دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانەوە دەبین، لێرەوەیە کە بەداخەوە رابەری ئەم جولانەوەیە نەیتوانی وەک پێویست ئەو ڕۆلە شایستەیە ببینێت کە لە ئاستێکی بالاتردا جولانەوەکە بەرەو ئایندەیەکی گونجاو تر بەرێت. هەلبەتە دەبێت ئەوەش بڵێین کە نەبوونی تاکتیک و شێوەکاری گونجاو کێشەگەلێکی تری هاوشێوە بوون، چەق بەستوویەکی بەم جوڵانەوەیەدا لەتاکتیک و شێوەکارەکەیدا، سەرنج بدەن بۆ ماوەی ١٦٠ ڕۆژ ناڕەزایەتییەکان لەم قۆناغەدا لەبازنەی بایکۆت، ڕێپێوان و خۆپیشانداندا دەخولایەوە، لەکاتێکدا دەتوانرا تاکتێکی زۆر کاراتر بەدەستەوە بگرێت کە ئێمە لە جەرگەی نارەزایەتیەکانیشدا کارمان لەسەر دەکرد، بەلام سەرکەوتوو نەبووین لە جێخستنیاندا. لایەنێکی تری لاوازی ئەم تاکتیک و شێوەکارە، چۆنیەتی مامەلەکردن بوو لەگەل هێنانە مەیدانی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگە، کەبەداخەوە نەتوانرا لەمبارەوە کارێکی ئەوتۆ ئەنجام بدرێت، ئەگەر هەولێکیش هەبووبێت لەمبارەوە بەداخەوە شێوازی کارەکە بەجۆرێک بوو کە هاتنەمەیدانی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگە دەخرایە خزمەت ئامانجەکانی مووچەخۆرانەوە، کە تا ئەو شوێنەی بەهاوپشتی کردن دەگەڕێتەوە ئەمە کارێکی دروستە، بەڵام نەدەبوو هەموو چاوەڕوانییەکە ئەوەبێت کە بەشەکانی تری کۆمەڵگە تەنیا سێرڤس بەناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان بدەن، بەڵکو دەکرا هاتنەمەیدانی ئەوان بەخواست و دواکاریەکانیانەوە جەبهەی کێشمەکێش و ڕاوەستانەوەکەی دژ بەدەسەڵات بەهێزتر بکردایە. بۆ ئەمەش دەبوو کاتێک کە کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تەندروستی، کارەبا، مرورو ڕێگەوبان، خوێندکاران، شارەوانی و باج وخەراج بانگهێشت دەکەیت، دەبوو بەهەمان شێوە خواست و داواکاریەکانی خۆیان بەرجەستە بکردایەتەوە، ئەوکاتە شەقامێکی زۆربەهێزترو جوڵانەوەیەکی یەکجار کاراترمان بەخۆمانەوە دەبینیەوە. هەلبەتە نابێت ئەوەش فەرامۆش کەین کە بەشێک لەم شێوازی کارە پەیوەندی بەو بیرکردنەوە پیشەگەرای (سنفیگەرای) شەوە هەبوو کە ڕێگری دەکرد لەوەی نارەزایەتییەکان لەچوارچێوەی توێژو سنفەکەی خۆیان دەرچێت و لەمەش خراپتر ئەوە بوو بۆ بەردەوام بوونی نارەزایەتییەکان ترسیان لە بە سیاسیکردنی دۆسیەکەیان هەبوو، لە کاتێکدا کە هەموومان ئەزانین کە مەسەلەی مووچە بەتەواوی مانا کراوەتە بابەتێکی سیاسی. بۆیە کاتێک کە قسە لەسەر ئەو ئاسۆ سیاسی و رابەریە شایستەیە دەکەین، هەست دەکەین کە ئەم بزوتنەوەیە بەدەرلەهەر ئامانجێک کەمتر پشت بەستوبوو بەدەخالەتی ڕاستەوخۆی جەماوەر بەشێوەیەکی ڕێکخراو، هەربۆیە تەنانەت نوێنەرانی شارو ناوچەکانیش لەکارە سەراسەریەکاندا کەمتر دەخالەتیان پێدەدرا. بابەتێکی تر کە بە شێوەیەکی گشتی هێشتا لە نێو نارەزایەتییەکانی کوردستاندا جێنەکەوتووە مەسەلەی گرنگی و پشتبەستنە بە هاوپشتی نێودەولەتی بۆ بەهێزکردنی پێگەی جولانەوەکەمان و پێشڕەویەکانی لە گۆڕەپانەکەدا. لە کاتێکدا کە دەسەلات نیگەرانیەکی زۆری لە هەرجۆرە گوشارێکی دەرەوەی ولات و ئاستی نێودەولەتی هەیە و هەبووە! کە بەداخەوە لەباتی پشتبەستن بەم جۆرە میکانیزمان، بەشێکی زۆری رابەری جولانەوەکە هیواکانی خۆیان بەوەوە گرێدابووە کە سبەی فلان کوتلەی پەرلەمانی و فلان ‌‌حزب لەبەغداد چ بەلێنێکی پێدەدات و چی بۆ نارەزایەتییەکان دەکات، لەکاتێکدا ئەم جولانەوەیە ئەوەند مەزن و گەورە بوو کە بەبێ ئەوەی پێویستی بە هیچ فلتەرێک بێت خۆی ڕاستەوخۆ دەیتوانی تەرەف بێت لەگەل پەرلەمان و حکومەت. ئەگەر هەولێکیش هەبووبێت لەمبارەوە بەداخەوە شێوازی کارەکە بەجۆرێک بوو کە هاتنەمەیدانی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگە دەخرایە خزمەت ئامانجەکانی مامۆستایانەوە، کە تا ئەو شوێنەی بەهاوپشتیکردن دەگەڕێتەوە ئەمە کارێکی دروستە، بەڵام نەدەبوو هەموو چاوەڕوانیەکە ئەوەبێت کە بەشەکانی تری کۆمەڵگە تەنیا سێرڤس بەناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان بدەن، بەڵکو دەکرا هاتنەمەیدانی ئەوان بەخواست و دواکاریەکانیانەوە جەبهەی کێشمەکێش و ڕاوەستانەوەکەی دژ بەدەسەڵات بەهێزتر بکردایە. هەر بەم دەلیلانەشە کاتێک ئاوڕ لە جێگەوڕێگەی بزوتنەوەکە دەدەینەوە لەوە حالی دەبین کە ئایا بۆچی پاش ئەو هەموو ماندوبوون و قوربانیدان راوەستاوییە هێشتا ئێمە نەمانتوانیوە بە ماف و داخوازیەکانی خۆمان بگەین، ئەگەرچی تەنیا ڕێگەش بەردەوام بوونی خەبات جێخستنی بەدیلی کەموکوری و لاوازیەکانمانە، کە من پێموایە ئەم بزوتنەوەیە شانسی سەرکەوتنی زۆرە.

بۆپێشەوە: ئایا پرسی موچەو نەوت و تەوتین، کیشەی سەرەکی نێوان دەسەڵاتی هەرێم و بەغدایە، یان کێشەکە لەوە گەورەترەو ئەو کیشانەی ئێستا دەرهاویشتەی کیشەیەکی قوڵتری سیاسین؟

 ڕێبوار عارف/ لە ڕونکردنەوەکانی پێشتردا بەجۆرێک ئاماژەم بە وەلامی ئەم پرسیارە کرد، بەلام بۆ جەختکردنەوە لە ناوەرۆکی پرسیارەکە گرنگە ئەوە بلێین کە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەرلەوەی لەسەر هیچ مەلەف و پرسەیەکی دیاریکراوی رۆژانە بێت، ریشەگەلێکی زۆر پاییەی تریان هەیە کە گرێدراونەتەوە بە سیستەمی سیاسی و مافی هاولاتی یەکسان و کۆی گشتی یاساو رێساو دەستووری بەڕێوەبردنی ئەم مەملەکەتەوە! پەیوەندی بە کیشەگەلێکی سیاسی و ئەمنی ناوخۆی عێراق و ناوچەکەوە هەیە، ئەمە جگە لە هەلبەزو دابەزەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر دابەشکردنی پشک و دەسەلاتی زیاتری نێوان ئەم هێزە میلیشیاو سەرکوتکەرانەدا. ئەگەر هەنگاوێک بۆ دواوە بگەرێینەوە بۆ رووداوەکانی دوای پەلاماردانەکانی داعش و لە هەمووشیان بەرجەستەتر رووداوەکانی دوای ١٦ ئۆکتۆبەر بوو کە پاشەکشەیەکی یەکجار گەورەی بە پێگەی حکومەتی!! هەرێم کرد بە جۆرێک کە تائێستەش رۆژ بە ڕۆژ ئەو پاشەکشەیە قولترو فراوانتر دەبێتەوە، بەجۆرێک کە لەئێستەدا حکومەتی! هەرێم تەنیا چاویان بڕیوەتە ئەگەری ئالوگۆرەکانی ناوچەکە بتوانێت دەرفەتی پاراستنی قەوارەکەیان بەهێزتر بکاتەوە، ئەگینا مەحالە لەم لێوارەشدا بتوانن خۆیان بگرنەوە!. هەربۆیە چارەسەرکردنی پرسی موچەو نەوت و تەوتینیش لە بازنەی کۆی گشتی ئەو بارودۆخەدایەو کە پانتای کێشەکان ئەوەندە ڕیشەدارو قولن ناکرێت و ناتوانرێت بە ڕێکەوتنێکی شکلی وەلام وەرگرێتەوەو هەنگاوێک بێت بۆ چارەسەرکردنیان. هەقیقەت ئەوەیە وەک ئەوەی کە لە دنیای دەرەوە گوشارێکی گەورە لەسەر حکومەتی عێراق هەیە، بەهەمان شێوە پارتی و یەکیەتیش لە ئاکامەکانی نەدانی مووچە دەترسن کە ئەوا سێ مانگی تێپەراند. بۆیە ئەم رێکەوتنە تەنیا حەبێکی مسەکینی کاتیەو لە داهاتوویەکی نزیکدا شاهیدی خولی دانیشتنەکان دەبینەوە سەبارەت بە پرسی مووچەو نەوت.

بۆپێشەوە: دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی عەرەب، دوای نزیک بە سێ مانگ بە رێکەوتنێک گەیشتوون لەسەر پرسی موچە و نەوت، ئەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری دەبێت؟ هەروەها تا چەندە لاتان وایە ئەم رێکەوتنامەیە جێ بەجێ دەکرێت و بەدەردی ڕێکەوتنامەکانی پێشوو ناچێت؟

ڕێبوار عارف/ بەرلەهەرشتێک ئەوە بڵێم کە ڕەنگە من خۆم لەگەل ئەو دەربڕینەدا نەبم کە دەسەلاتی بۆرژوازی کورد لەگەل دەسەلاتی بۆرژوازی عەرەب بە ڕێکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی ئەوتۆ گەیشتبن لە پەیوەند بە مەسەلەی مووچە، چونکە نە مووچە تەنیا بابەتی ناکۆکیداری نێوان هەرێم و بەغدایەو نە کۆی گشتی ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لە چارەسەرکردنی مەلەفی مووچەدا خۆلاسە دەبێتەوە. هەموومان دەزانین ئەمڕۆ حکومەتی ناوەند لە پێگەیەکی بەهێزتر و یەکلاکەرەوەدایە، زنجیرەی ئەو پاشەکشانەی کە بەدەسەلاتی کوردایەتی کراوە لەم سالانەی رابردودا گەلێک فراوانترە لەوەی کە ئەم دوو دەسەلاتە تەنانەت بتوانن لەسەر مەسەلەی مووچە بە ڕێکەوتنێکی پایەدار بگەن. هەر لێرەشەوە حەزدەکەم ئەمە وەک بەشێک لە وەلامی پرسیارەکە لەبەرچاو بگرن کە بۆچی ئەم ڕێکەوتنە ناتوانرێت وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، چونکە وەک وتمان کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد تەنیا لە بازنەی مووچەو نەوتدا خۆلاسە نابێتەوەو لەلایەکی تریشەوە پەیوەندیەکانی نێوان ئەم دوو دەسەلاتە لە دەرەوەی رووداو بارودۆخە سیاسی و ئەمنیەکانی ناوچەکەدا نییە، وەک بینیمان پارتی کاتێک ناچار بە ملدانە بەم ڕێکەوتنە دەبێت، دەزانێت کە خوێندنەوەکانی بۆ رووداو بارودخی سیاسی ناوچەکە کورتی هێناوەو چاوەروانییەکان بۆ ڕوخانی ئێران و جێپێ قایمکردنەوەیان لە حکومەتی دوای روخانی ئێراندا، وەک بلقی ژێر ئاو سەر ئاو کەوت و جمهوری ئیسلامی لەم هێرشانەدا نەرووخا تا ئەوان لەپال پاشەکشە پێکردنی هێزەکانی سەر بە ئێراندا بەهێز ببنەوە، بۆیە لەم مەسیرەدا کەم پەنجەیان بانەداو و کەم هەرەشەیان نەکرد، تا کار گەشت بەوەی کە بەغرورێکی زۆرەوە دوو گرێبەست لەگەل کۆمپانیاکانی ئەمریکادا ئەنجام بدەن، بەلام سەرئەنجام ئەمەش بە زیان بۆیان گەرایەوە. سەبارەت بە کاریگەری ئەم ڕێکەوتنە لەسەر ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، بەبڕوای من خۆبەخۆ ناتوانرێت باش یان خراپێک بە فەرز بگیرێت، چونکە ئەگەر ئێمە خۆشخەیاڵ بین بە ئەنجامەکانی ئەم رێکەوتنانەو پشتوێنی لێبکەین، یا لەباشترین حالەتدا دۆخەکە بە ئەمڕو سبەی بسپێرین بۆ دڵخۆش بوونمان بە باشتربوونی بارودۆخەکە لە دەرەوەی دەخالەتگەری و هەلوێستی لێبراوانەی خۆمان، ئەوا ئەو چاوەروانیکردن و کات بەسەربردنە دەتوانێت ڕەوەندی نائومێدیەکان قولترو پڕ ڕەنگتر بکانەوە، کە ئا لێرەدایە دەتوانێت ئاکامی زۆر زیانباری هەبێت بۆ نارەزایەتییەکان، چونکە ئەستەمە ئەم رێکەوتنامەیە بەم حالەتەی ئێستەوە هیچ چاوەڕوانیەکی باشی لێبکرێت، چونکە پرسی موچەو نەوت و تەوتین، لەنێو چوارچێوەیەکی زۆر فراوانتری سیاسیدایە کە ئەم جۆرە ڕێکەوتنانە ناتوانێت بە شوێنێکی بگەیەنێت، بەبێ چارەسەرکردنی کۆی گشتی کێشەکان، کە بە بروای من هیچکام لەم لایەنانە لە ئێستەدا نیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانیان نییە، بۆیە بابەتەکە لە گرەوی ئەوەدایە کە ئاخۆ ئێمە بە چ رادەیەک لە ڕۆشنگەری و بە چ ئاستێک لە ئامادەی و نەخشەو پلانەوە دەمانەوێت روو بە ڕەوی ئەم دۆخە بینەوە، بۆیە بە بڕوای من ئەوەی لەم قۆناغەدا دەتوانێت هاوکیشەکان بگۆڕێت، دەخالەتگەری سیاسی و ڕێکخراوبوون و هاوپشتی و هاوخەباتیمانە نە هیچ شتێکی تر!

ماویەتی

Leave A Reply

Your email address will not be published.