شەڕی ١٢ ڕۆژە، نائارامی خەڵک، مانگرتنی کرێکاران و لاوازبوونی ڕژێمی ئیسلامی ئێران!

0

شەڕی ١٢ ڕۆژی نێوان ئیسرائیل و ئێران، کە تێیدا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بنکە سەربازی و ئەتۆمییە گرنگەکانی ئێران، کەموکوڕییە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئاشکرا کرد. هێرشە ئامانجدارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بووە هۆی کوژرانی بەشێک لە فەرماندە و زانا باڵاکانی ئێران. هێرشەکان دانوستانە ئەتۆمییەکانی پەکخست و کاردانەوەی ئێرانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک لێکەوتەوە و گرژییەکانی ناوچەکەی زیاتر کرد. وردی ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل، بە یارمەتی دزەکردنی زانیاری هەواڵگری، پرسیار و گومانی جددی لەسەر یەکگرتوویی ناوخۆیی ڕژێم و توانای بۆ پاراستنی ژێرخانە گرنگەکانی دروستکرد.

وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشە هەستپێکراوەکان و ناڕەزایەتییە ڕوو لە هەڵکشانەکان، ڕژێم دەستی بە سەرکوتێکی بەرفراوان کردووە لە سەرتاسەری ئێراندا. ڕاپۆرتەکان باس لە کوشتنی دەرەوەی یاسا و گرتنی بەکۆمەڵ دەکەن، بەتایبەتی لە دژی کەمینە نەتەوەییەکان و کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان. ڕووداوە بەرچاوەکان بریتین لە کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە خومەین و هەمەدان، و تەقەکردن و کوشتنی کرێکارانی کورد و بەلوچ لە نزیک ناوچە سنوورییەکان. کردەوەکانی ڕژێم بووەتە هۆی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان. لە مەراسیمی پرسەکاندا دروشمی دژە حکومەت دەوترێتەوە. ئەم دیمەنانە دەنگدانەوەی نائارامییەکانی ساڵانی پێشوون، بەڵام ئێستا باری قورسی زەبری دوای شەڕ و نائومێدیی ئابوورییان لەسەرە.

یەکێک لە هەنگاوە هەرە مشتومڕاوییەکان، دەرکردنی بەکۆمەڵی پەنابەرە ئەفغانییەکان بووە و زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو کەس تەنها لە ساڵی ٢٠٢٥دا. ئەم دەرکردنانە، کە دوای شەڕەکە خێراتر کران، سەرکۆنەی توندی لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەدوای خۆیدا هێنا، لەنێویاندا نەتەوە یەکگرتووەکان، کە هۆشداریی دا کە ئەم جۆرە کردەوانە لەوانەیە پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی بن.

لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، ئێران زیاتر لە هەموو کاتێک گۆشەگیر بووە. شەڕەکە بووەتە هۆی شەپۆلێکی نوێی سزاکان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپاوە، کە ئامانجیان بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێرانە. سزاکان کێشە ئابوورییەکانیان قووڵتر کردووەتەوە و پەیوەندییە لەرزۆکەکانی ئێرانیان لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا زیاتر ئاڵۆزتر کردووە.

هەڵوێستی شەڕانگێزانەی ڕژێم دوای شەڕ نیشانەی بێهیواییە نەک هێز. تێکەڵەیەک لە ئاشکرابوونی سەربازی، نائارامیی ناوخۆیی، ناسەقامگیریی ئابووری و سەرکۆنەی نێودەوڵەتی زریانێکی گەورەی دروست کردووە. لە کاتێکدا ڕژێم بەردەوامە لە پیشاندانی خۆڕاگری، وا دەردەکەوێت کە دەسەڵاتی بەسەر حکومەتدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر دەبێت.

 

نائارامیی ناوخۆیی و سەرکوت

 

لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، ئێران شایەتی زیادبوونێکی بەرچاوی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بووە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە لە ڕووی مێژووییەوە لەلایەن ڕژێمەوە پەراوێزخراون. لە کاتێکدا خۆپیشاندانە بەرفراوانەکان لە ڕێگەی ڕێوشوێنی ئەمنی توندەوە سەرکوت کراون، بەڵام ناوەندی بەرخۆدان بەردەوامن لە دەرکەوتن، زۆرجار لە کاتی پرسەکان، گردبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکییە ئۆنلاینەکاندا.

یەکێک لە ساتە هەرە کاریگەرەکان لە هەمەدان ڕوویدا، کاتێک مەراسیمی بەخاکسپاردنی دوو گەنج، مەهدی ئەبائی و عەلیڕەزا کەرباسچی، بوو بە خۆپیشاندان. ئەو دوو پیاوە لە بارودۆخێکی نادیاردا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەیان لێکرا و کوژران. ئامادەبووانی پرسەکە دروشمی دژە ڕژێمیان وتەوە و گرتە ڤیدیۆییەکانی ڕووداوەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت.

لە خومەین لە ناوەڕاستی ئێران، هێزەکانی ڕژێم تەقەیان لە دوو ئۆتۆمبێل کرد لە نزیک بنکەیەکی سەربازی، و چوار ئەندامی یەک خێزانیان کوشت، کە منداڵێکی پێنج ساڵانی تێدابوو. ڕووداوەکە بووە هۆی تووڕەیی و خۆپیشاندانی زیاتر، و خەڵکی ناوچەکە ڕژێمیان بە توندوتیژیی هەڕەمەکی تۆمەتبار کرد.

نائارامییەکان بەتایبەتی لە ناوچەکانی کوردستان و بەلوچستان توند بوون، کە بێبەشکردنی ئابووری و جیاکاریی نەتەوەیی لەمێژە بوونەتە هۆی زیادبوونی تووڕەیی. لە ١٥ی تەمموز، پەیام ئەحمەدی، کۆڵبەرێکی کورد و باوکی منداڵێک، لە نزیک هەنجیران تەقەی لێکرا و کوژرا. دوو ڕۆژ دواتر، سووتەمەنیبەرێکی بەلوچ لە سەراوان لە سیستان و بەلوچستان کوژرا—یەکێک لە هەژارترین پارێزگاکانی ئێران.

هێزە ئەمنییەکان بە گرتنی بەکۆمەڵ و لەسێدارەدان وەڵامیان داوەتەوە. بەگوێرەی گرووپی مافی مرۆڤی ئێران “هرانا”، زیاتر لە ٧٠٠ کەس لە سەرەتای شەڕەوە بە تۆمەتی سیاسی یان ئەمنی دەستگیر کراون. زۆرێکیان بە سیخوڕی یان هاوکاری لەگەڵ لایەنە بیانییەکان، لەنێویاندا ئیسرائیل، تۆمەتبار کراون.

ڕژێم هەروەها یەکەکانی نیمچە‌سەربازیی بەسیج و سوپای پاسدارانی لە شارە گەورەکان و ناوچە سنوورییەکاندا بڵاوکردووەتەوە، و خاڵی پشکنینیان داناوە و پشکنینی ماڵ بە ماڵ ئەنجام دەدەن. ئەم ڕێوشوێنانە کەشێکی ترسیان دروست کردووە، بەتایبەتی لەنێو چالاکوانان و کۆمەڵگە کەمینەکاندا.

سەرەڕای سەرکوت، خۆپیشاندانەکان، هەرچەندە پچڕ پچڕن، نیشانەی خۆڕاگرییەکی ڕوو لە هەڵکشانن. وەڵامی توندوتیژی ڕژێم ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی جموجۆڵی جەماوەری هێور کردبێتەوە، بەڵام گلەیی و گازندە بنەڕەتییەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و ئەگەری نائارامیی داهاتوو لە ئارادایە.

قبووڵکردنی بێدەنگی رۆژئاوا بۆ سەرکوتکارییەکانی رژێمی ئێران دەتوانرێت وەک حیسابێکی ستراتیژی لێکبدرێتەوە کە رەگ و ریشەی لە بەرژەوەندییە ئیمپریالییەکاندا داکوتاوە. لە کاتێکدا حکومەتە رۆژئاواییەکان جار جارە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ئیدانە دەکەن، کردارەکانیان زۆرجار ئەولەویەتێکی قووڵتر ئاشکرا دەکەن: سەقامگیریی ناوچەیی و کۆنترۆڵکردنی شۆڕش. تا ئەو کاتەی رژێمی ئێران نەزمی ناوخۆیی دەپارێزێت و رێگری دەکات لەوەی وڵاتەکە بکەوێتە ناو شەڕی ناوخۆ یان شۆڕشەوە، بەتایبەتی شۆڕشێک کە لەلایەن چینی کرێکارەوە سەرکردایەتی بکرێت، رۆژئاوا ئامادەیە ستەمکارییەکەی قبووڵ بکات. ئەم دینامیکییەتە رەنگدانەوەی نەخشەیەکی فراوانترە لە سیاسەتی جیهانیدا، کە تێیدا زلهێزە سەرمایەدارییەکان دیکتاتۆریەتە پێشبینیکراوەکان بە باشتر دەزانن لە شۆڕشێکی گۆڕانکاری کە رەنگە بازاڕەکان، رێڕەوی وزە، یان هاوپەیمانییە جیۆپۆلەتیکییەکان تێکبدات. بەم مانایە، خەباتی خەڵکی ئێران تەنها دژی ستەمی ناوخۆیی نییە، بەڵکو دژی سیستمێکی جیهانیشە کە بۆ بەرژەوەندی ستراتیژی خۆی پشتگیری دەکات.

 

قەبارەی خۆپیشاندانەکان

 

سەرەڕای سەرکوتی توندی ڕژێم، چالاکییەکانی ناڕەزایەتی لە سەرتاسەری ئێراندا لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەوە زیادیکردووە، و ئاستی بەشداریکردن و هەم فراوانی تووڕەیی گشتی و هەم مەترسییەکانی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتیدا نیشان دەدات.

بەپێی چاودێرانی مافی مرۆڤ و چاودێرە سەربەخۆکان، زیاتر لە ١٢٠ شار لە سەرتاسەری ئێراندا شایەتی چالاکی ناڕەزایەتی بوون لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ەوە. خۆپیشاندانەکان بەتایبەتی لە تاران، ئەسفەهان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا چڕبوونەتەوە، کە پێکەوە نزیکەی ٤٠%ی هەموو خۆپیشاندانە تۆمارکراوەکان پێکدەهێنن.

 

خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەیان هەزار ئێرانی لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕەوە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە، هەرچەندە پشتڕاستکردنەوەی ژمارەی ورد بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و سانسۆری میدیاوە ئەستەمە. لە شارە گەورەکانی وەک تاران و شیراز، کۆبوونەوەکان لە سەدان کەسەوە تا چەند هەزار بەشداربوو بوون، کە زۆرجار بە شێوەیەکی خۆرسک لە وەڵامی توندوتیژیی ڕژێم یان بەروارە هێماییەکاندا سەریانهەڵداوە.

لە ناوچە کوردییەکان، بەتایبەتی سنە و مەهاباد، خۆپیشاندانەکان سەرەڕای بوونی چڕی سوپای پاسداران، جەماوەرێکی زۆریان بۆ خۆیان ڕاکێشاوە. بە هەمان شێوە، لە سیستان و بەلوچستان، خۆپیشاندانەکان بەهۆی سەختی باری ئابووری و جیاکاریی نەتەوەییەوە زیاتر بوون. ڕاپۆرتەکان باس لە بەشداریکردنی زیاتر لە ٥٠٠٠ کەس دەکەن لە مانگرتن و ڕێپێوانە هەماهەنگکراوەکانی سەرەتای مانگی تەمموزدا.

وەڵامی ڕژێم زۆر خێرا و دڕندانە بووە. زیاتر لە ٧٠٠ کەس لە دوای شەڕەوە بە تۆمەتی سیاسی یان پەیوەست بە ئاسایشەوە دەستگیر کراون، و زۆرێکیان ڕووبەڕووی تۆمەتی سیخوڕی یان “هاوکاریکردن لەگەڵ هێزە زایۆنییەکان” بوونەتەوە. گرووپەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە ئەم دەستگیرکردنانە بەشێکن لە هەڵمەتێکی فراوانتر بۆ ترساندن و بێدەنگکردنی ناڕەزایەتی.

سەرەڕای مەترسییەکان، بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان و سنوورییەکان، جەخت لەسەر لەقبوونی شەرعیەتی ڕژێم و ئامادەیی ڕوو لە هەڵکشانی ئێرانییە ئاساییەکان دەکاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتەکەی.

 

نائارامیی کرێکاران

 

جگە لە خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان، ئێران شایەتی زیادبوونێکی بەرچاوی نائارامیی کرێکاران بووە لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەوە. کرێکاران لە چەندین کەرتی جیاوازدا، لەنێویاندا نەوت و گاز، پەروەردە، تەندروستی و گواستنەوەی گشتی، مانگرتن و گردبوونەوەیان ئەنجامداوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە کرێی کەم، هەڵاوسان و بارودۆخی کاری نائارام. کەرتی نەوت، کە پایەیەکی سەرەکیی ئابووریی ئێرانە، بەتایبەتی کاریگەر بووە.  ڕاپۆرتەکان باس لە ناڕەزایەتی هەماهەنگکراو دەکەن لە پاڵاوگەکانی پارێزگاکانی خوزستان و بوشەهر. سەندیکاکانی مامۆستایانیش مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕێکخستووە و داوای مووچەی باشتر و ئازادکردنی مامۆستا دەستگیرکراوەکان دەکەن. ئەم چالاکییە کرێکارییانە بەشداری دەیان هەزار کرێکاریان بەدەستهێناوە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانیان پەکخستووە و توانای ڕژێمیان بۆ پاراستنی کۆنترۆڵ لاواز کردووە. دەسەڵاتداران بە دەستگیرکردن و هەڕەشەی دەرکردن وەڵامیان داوەتەوە، بەڵام بەردەوامیی ئەم مانگرتنانە جەخت لەسەر ناڕەزایەتیی ئابووریی ڕوو لە هەڵکشان و لاوازبوونی دەسەڵاتی ڕژێم بەسەر هێزی کاردا دەکاتەوە.

نائارامیی ئێستای ئێران ڕەنگدانەوەی قووڵبوونەوەی ململانێێ چینایەتییە لە نێوان چینی دەسەڵاتدار و جەماوەری کرێکاردا. سیاسەتە ئابوورییە نیۆلیبراڵەکانی ڕژێم، لەگەڵ گەندەڵیی سیستماتیک و سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکان بەهۆی سزا ئابوورییەکانەوە، چەوساندنەوەی کرێکارانی زیاتر کردووە و کەلێنی نێوان کرێکاران و بۆرژوازی (چینی سەرمایەدار) فراوانتر کردووە. شەپۆلی ئەم دواییەی مانگرتنی کرێکاران، لە کەرتەکانی نەوت و پترۆکیمیاییەوە تا مامۆستایان و فەرمانبەرانی شارەوانی، نیشانەی وشیاریی چینایەتیی ڕوو لە هەڵکشانە. ئەم چالاکییە کرێکارییانە تەنها گلەیی و گازندەی ئابووری نین بەڵکو کردەی سیاسین کە شەرعیەتی ڕژێم دەخەنە ژێر پرسیارەوە. لەم چوارچێوەیەدا، چینی کرێکار وەک هێزێکی گۆڕانکاریی شاراوە دەردەکەوێت، کە توانای دووبارە داڕشتنەوەی سیستمی کۆمەڵایەتی-سیاسیی ئێرانی هەیە لە ڕێگەی مانگرتن، بەرخۆدانی بەکۆمەڵ و هاوپشتییەوە.

 

سەبارەت بە سەرکوت و قەیرانی ڕژێم، چینی کرێکاری ئێران دەبێت ڕێکخستنی خۆی لە دەرەوەی ناڕەزایەتییە خۆڕسکەکان لەبەرچاو بگرێت. پێکهێنانی ئەنجومەنە سەربەخۆکانی کرێکاران (شوراکان) دەتوانێت وەک بناغەیەک بۆ بەڕێوەبردنی دیموکراتییانەی خۆیی و بەرگریی بەکۆمەڵ خزمەت بکات. ئەم شورایانە، کە لە شوێنی کار، گەڕەکەکان و سەندیکاکاندا پێشینەیان هەیە، دەتوانن مانگرتنەکان هەماهەنگ بکەن، سەرچاوەکان دابەش بکەن و داواکارییە سیاسییەکان دەرببڕن. بە دروستکردنی تۆڕی هەمامەنگی هاوپشتی، کرێکاران دەتوانن خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکەن، لەوانە ڕووخانی ڕژێم یان داڕمانی ئابووری. ڕێکخستنێکی لەو شێوەیە، نەک هەر بزووتنەوەی کرێکاری بەهێز دەکات، بەڵکو بناغەی کۆمەڵگایەکی داهاتوو دادەڕێژێت کە لەسەر بنەمای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یەکسانی و کۆنترۆڵی دیموکراتییانەی بەرهەمهێنان دامەزراوە.

 

پاشخانی مێژوویی

 

قەیرانی ئێستای ڕژێمی ئێران بەبێ لێکۆڵینەوە لە ڕەوتی مێژوویی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی تێناگەیەنرێت. شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران، کە ڕژێمی پاشایەتیی محەممەد ڕەزا شای پەهلەوی کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرا، ڕووخاند، ڕاپەڕینێکی جەماوەری بوو کە لەلایەن هاوپەیمانییەک لە چەپە عەلمانییەکان، ئیسلامییەکان و بزووتنەوەکانی چینی کرێکارەوە بەڕێوەچوو. بەڵام، قۆناغی دوای شۆڕش شایەتی چەسپاندنی دەسەڵات بوو لەلایەن دامەزراوەی ئایینییەوە لە ژێر دەسەڵاتی ئایەتوڵڵا خومەینیدا، کە فراکسیۆنە عەلمانی و مارکسییەکانی پەراوێزخست.

بە درێژایی دەیەی ١٩٨٠، ڕژێم شەڕی ئێران-عێراقی وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و چەسپاندنی کۆنترۆڵی ناوخۆیی بەکارهێنا. دەیەی ١٩٩٠ و سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ شایەتی سووڕی کابینە چاکسازیخواز و پارێزگارەکان بووین، بەڵام سەرکوتی سیستماتیک و بەڕێوەبردنی خراپی ئابووری بەردەوام بوون. بزووتنەوەی سەوزی ٢٠٠٩، کە بەهۆی ئیدیعای ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا سەریهەڵدا، ساتێکی گرنگی کۆبوونەوەی جەماوەری بوو، کە بە توندوتیژی سەرکوت کرا.

لەم دواییانەدا، خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٧-٢٠١٨ و ٢٠١٩-٢٠٢٠، بەهۆی گلەیی و گازندەی ئابووری و سەرکوتی سیاسییەوە بوون، نیشانەی نائومێدییەکی ڕوو لە هەڵکشان بوون لەنێو چینی کرێکار و خەڵکی کەم داهاتدا. ئەم ڕاپەڕینانە زەمینەیان بۆ شەپۆلی ئێستای نائارامییەکان خۆش کرد کە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە هاتن، و لاوازییە لەمێژینەکانی ڕژێم و ڕۆحی بەردەوامی بەرخۆدانیان لەنێو گەلی ئێراندا دەرخست.

هەروەها بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ئێران، کە بەهۆی گیان لەدەستدانی ژیان ئەمینی لە ساڵی ٢٠٢٢ سەریهەڵدا، سەرەڕای دەستگیرکردن، لەسێدارەدان و سەرکوتی توند، لە ساڵی ٢٠٢٥دا هەر بەردەوامە. ژنان و گەنجان لەڕێگەی کاری هاوبەش و ڕێکخستنی نهێنییەوە بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوە و کاردەکەن بۆ بەدەستهێنانی یەکسانیی و ئازادییە مەدەنییەکان. بزووتنەوەکە لە خۆپیشاندانەکانەوە پەرەی سەندووە بۆ هەڵمەتێکی فراوانتر بۆ گۆڕانکاری سیستمی، کە سەرنجی نێودەوڵەتی و داواکاری بۆ لێپرسینەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

 

سیناریۆکانی داهاتوو

 

چارەنووسی ڕژێمی ئێران نادیارە، بەڵام دەکرێت چەندین سیناریۆی ئەگەری بهێنرێنە بەرچاو:

 

١. بەردەوامیی سەرکوت و ستەم: ڕەنگە ڕژێم زیاتر پشت بە ستەمکاری ببەستێت و دەستگیرکردن و لەسێدارەدان بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی بەکاربهێنێت. ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی ماوەیەکی درێژی وەستانی سیاسی و داتەپینی ئابووری، و ناڕەزایەتیی گشتی زیاتر بکات.

٢. چاکسازی لە ناوەوە: ڕەنگە توخمە میانڕەوەکانی ناو ڕژێم پاڵ بە چاکسازیی سنووردارەوە بنێن بۆ هێورکردنەوەی تووڕەیی گشتی و گەڕاندنەوەی هەندێک شەرعییەت. بەڵام هەوڵەکانی پێشووی چاکسازی زۆرجار لەلایەن توندڕەوەکانەوە ڕێگرییان لێکراوە، و ئەم سیناریۆیە کەمتر ئەگەری هەیە بەبێ گۆڕانکاریی ناوخۆیی بەرچاو.

٣. گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە: ڕاپەڕینێکی بەردەوام و هەماهەنگکراو، بەتایبەتی ئەگەر لەلایەن کرێکاران و کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکانەوە سەرکردایەتی بکرێت، دەتوانێت دەسەڵاتی ڕژێم بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەم سیناریۆیە لەگەڵ ڕوانگەیەکی مارکسیستیدا یەکدەگرێتەوە کە جەخت لەسەر توانای شۆڕشگێڕانەی کرێکاران دەکاتەوە لە ساتەکانی قەیرانی سیستمیدا.

٤. دەستێوەردانی دەرەکی و ناسەقامگیریی هەرێمی: بەردەوامیی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و زلهێزە ڕۆژئاواییەکان لەوانەیە ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی زیاتر، و هەرێمەکە ناسەقامگیر بکات و ئەگەری ڕووخانی ڕژێم یان گۆڕانی لە ژێر فشاری دەرەکیدا هەبێت.

تێبینی: بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیاری و ئامارەکانی نێو ئەم وتارە، سوودم لە زیرەکی دەستکرد وەرگرتووە.

 

توانا محەمەد نوری

٢٣/٧/٢٠٢٥

Leave A Reply

Your email address will not be published.