دەمەتەقێی نێوان هونەرمەندان کاوان قادر و وریای رەسام… (ئێمەش نەبین بیرەوەرییەکان بە زیندوویی دەمێننەوە)
وریای ڕەسام: سڵاو هاوڕێ کاوان ئێمە لە دەورانێکدا کە قوتابی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بووین، من خۆم شاهیدی ئەوەم کە تۆیەکێک لە باشترین قوتابیەکانی ئەوساڵەی بەشی پەیکەرسازی بوویت بۆچی نەچویتە ئەکادیمای هونەرە جوانەکان کە شایەنی عشر ئەوائیلی ئەو ساڵە بوویت، مەبەستمە بزانم مەرجەکانی وەرگرتنی ئەکادیمیا ی هونەرە جوانەکان چی بوو بۆچی تۆی نەگرتەوە؟
کاوان قادر: سەرەتا ئەوەبڵێم کە کرداری باش ڕێبازە، بە تایبەت بۆ هونەرمەند، نەک بۆ سەرنج وخۆهەڵکێشان، هیچ کەسێک هەقی ئەوەی نییە ئەگەر کارێکی باش لە ژیانیدا ئەنجام بدات بە خەڵکی بفرۆشێتەوە، من مەبەستم نییە باس لە پاڵەوانی خۆم بکەم وە پاڵەوانیش نەبووم، بەڵام هۆکارەکەی ئەوەبوو کە لەناو تەواوی قوتابیانی پەیمانگەی هونەرە جوانەکاندا تا ئەو کاتەی بەعس لەدەسەڵاتدا بوو من ئیمزای بەعسییەتیم نەبوو بۆ ئەوە سەدان شاهید هەیە، کێشەی ئاستی هونەریم نەبوو پلەکانی هونەریم لەسەرو ٩٥٪ بوو، هەر ئەوکات مودیری پەیمانگە (قەیس کامیل فرحان) بە ڕۆشنی ئەوەی پێ وتم کە شەهادەت نادەمێ، کاتێ من شەهادەی دەرچوونم نەدرێتێ چۆن دەتوانم بچمە پلەیەکی باڵاتری خوێندن، تەنانەت هەوڵی ئەوەیدا نەچمە تاقیکردنەوەکانەوە تا بە دەلیلێکی ڕەسمی و قانونی فەسڵم بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، تا ئەو کاتەی بەعس لەدەسەڵاتدا بوو وەکو دەرچوویەکی پەیمانگە حسابم بۆ نەکرا و لە کۆتاییدا بەڵێننامەی دەرچوونەکەم دوای ڕاپەڕین وەرگرت.
وریای ڕەسام: کەواتە تۆ دەڵێی لەبەر نەبوونی ئیمزای بەعسییەتی نەچویتە ئەکایمیای هونەرە جوانەکان، بەڵام من ئەزانم مامۆستاکانیش ئیمزای بەعسی بوونیان هەبوو، تەنانەت دەورەی جەیشی شەعبیشیان بینی تۆ چۆن ئەڵێی بەعسی نەبووم چۆن ئەوە ئەسەلمێنیت.
کاوان قادر: بەڵێ ئەوە ڕاستییە، وەک وتم من تەنانەت شەهادەشم وەرنەگرت چۆن ڕێگەیان بە کەسێک ئەدا بەعسی نەبێت و بچێتە ئەکادیمیا؟ ئەوە گرینگ نەبوو چی ئاستێکی هونەریت هەیە، گرینگ ئەوەیە چەند ئینتیما و نزیکایەتیت لەگەڵ بەعس هەبوو، ئێستاش لەم دەورەی حوکمی کوردایەتییەدا هەروایە، گرینگ نییە تا چەند ئاستی هونەریت بەرزە تا پڕۆژەیەکی هونەریت بدەنێ، گرینگ ئەوەیە هونەرمەند و ماستاوچی!! کام حزبەی؟ ئەمڕۆ ئەوە بووە بە پێوانەی هونەرمەند بوون، ئەو کاتەش هەروا بوو بەعسی نەبویتایە لە هەموو مافێک بێبەش ئەبوویت، لەبارەی بەعسی بوونەوە شاهیدەکان ماون (عەلی جۆڵا، حیکمەت هیندی، مامۆستا کۆدرۆ، کەمالی ڕەوف هەنجیرە، وە ئیدارەی پەیمانگە بەگشتی ئەوە دەزانن کە من ئیمزام نەبووە، تەنانەت مامۆستا لەتیف کە یەکێک بوو لە عەشر ئەوائیلەکانی سەردەمی ئێمە گێڕایەوە کە قەیس لە کۆبونەوەی ڕەسمیدا وتبوو کە کێتان خۆتان بە پیاو ئەزانن وەک کاوان بڵێن نابم بە بەعسی ئەوکات دەتوانێت ئابونەش نەدات و نەیەتە کۆبونەوەکانەوە).
وریای ڕەسام: پەیکەرسازێک ماوەیەک بەر لە ئێستا لە لایفێکی خۆیدا بە پێچەوانەی تۆوە بە یەقینەوە دەڵێ کە ئەو ئیمزای بەعسی نەکردوە، نامەی ئەستۆپاکی خۆی ئەنوسێتەوە بۆ مێژوو دەڵێت: لەبەر ئاستبەرزی خۆی لە ئەکادیمیا وەرگیراوە، دیارە ئەم بەرائەتەم چەند جار لە کەسانی تریشەوە بیستوە تۆ چۆن وا دەڵێیت؟ ئەوانەی لەو سەردەمەدا چوونەتە خوێندنی باڵا بەبێ ئیمزای بەعسی بوون وەر نەگیراون؟
کاوان قادر: نەخێر بەبێ ئیمزای بەعسی وەرگرتن لە ئەکادیمیای هونەرەجوانەکان مەحاڵ بوو. ئێمە هەموومان کەسی شارەکەین و دەزانین دەورانی سەرەتای کردنەوەی پەیمانگە ساڵی ١٩٨٠ و ساڵی ١٩٨١ مەرجی بەعسی بوون زۆر توند نەبوو، بەڵام لە وەجبەی سێهەم بەدواوە هیچ کەس بە فیلتەری بەعسدا تێنەئەپەڕی وبەبێ بەعسی بوون لە پەیمانگە وەرنەئەگیرا. لە زۆربەی خوێندنەکانی باڵاشدا هەر وابوو، تەنانەت هەزاران کەسی بەهرەدار نەیانتوانی بچنە پەیمانگە، چونکە ئیتر دەبوو پێش پەیمانگەش بەعسی بوویتایە، ئەگەر ئەو کەسە لە وەجبەی سێهەمدا بووبێت ئەوە ڕاستگۆیانە مێژوو ناگێڕێتەوە، بەڵکو ئەیەوێت خۆی بە پاڵەوان بنوێنێت، وای دابنێ (کە ئەوە موستەحیلە) لە پەیمانگە دا ئیمزای نەبووە، بابڵێین فێڵی لەبەعس کرد، خۆ بەعسی بوون تەڵەیەک بوو لەبەر دەرگای هەموو فرسەت و دەرفەتێکدا دایاننابوو، بەڵام چۆن ناردیانە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان؟ بەعسی نەبیت و بچیتە پایتەخت واتە ئێمە باس لە ساڵەکانی ١٩٨٧ دەکەین کە بایەقوش بە شاخیشەوە نەمابوو، واتە گەرمەی ئەنفال و کیمیاباران و مەنع تجول بوو، واتە ئەو کاتە ئەوجی قوەتی بەعس بوو من لەوە تێ ناگەم، ڕەنگە ئەو برادەرە ئاستێکی باشیشی لە پەیکەرسازیدا هەبوو بێت، بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ وەرگرتنی لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان بەڵکو دەبوو تەنانەت ئینتیمایەکی باش و پەیوەندییەکی باشیشت لەگەڵ مودیری پەیمانگە (قەیس کامل فەرحان) هەبوایە ئەوە مونافەسەیەکی لەپشتەوە بوو، هەمووان هەوڵیان دەدا ئەو فرسەتە بەدەست بێنن ئەگەر مل شکاندنیشی پێویست بوایە دەیانکرد، چونکە ئەگەر بچویتایە ئەکادیمیا و بەردەوام دەبووی لە خوێندن تەنانەت نەدەچویتە سەربازیی کە جەنگی ئێران وعێراق بوو. ئەو بەڕێزەش ناتوانێ ئەو مێژووە بگۆڕێت، چونکە ئێمە هێشتا لە ژیاندا ماوین.
ئێمە تێ ئەگەین کە بەڕاستی بەعس فشاری هەبوو، فشارەکانیان دەرکردن وفەسڵ کردن بوو. کەم نین ئەوانەی لە زانکۆکان لەسەر نەچوون بۆ دەورەی جەیشی شەعبی دەرکران، لە دائیرەکاندا ئیمزات نەکردایە نان بڕاویان دەکردی و دەریان دەکردی ژیانت ئەکەوتە مەترسییەوە، هەموو کەس باوەڕی بەمانەی شاخ نەبوو ڕابکاتە شاخ ئەو کات دەبوو لە شارەکەشدا قاچاخ بویتایە، بەڵام خۆ کەس لەسەر ئەوە لێپرسینەوە لەکەس ناکات کە بۆچی بوویت بە بەعسی، چونکە تێ دەگەین هەلومەرجەکە خەفەقان بوو، لەوانەیە ئەو برادەرە ئەمڕۆ زۆر فووی لەخۆی کردبێت و خۆی بە هونەرمەندی جیهانی بناسێنێت وخەڵکیش بە نەخوێنەوار، ئیتر خەڵکیش وەڵامیان دابێتەوە فشاریان بۆ هێنابێت و لە ململانێ یەکدا بێت، بۆیە ئەمڕۆ دەیەوێ نامەی ئەستۆپاکی خۆی بنوسێتەوە، ئێمە دەزانین کە فایلێکت لەسەر نییەو ئارەزوومەندانە نەبوویتە بەعسی، وەڵامەکەی ئاسانە. ئێمە کاتێک نایەین لەسەر زروفێک کە خۆت بێ چارەبوویت و بەزۆر کراویت بە بەعسی یەخەت بگرین، تۆش قارەمان بوونی خۆتمان پێ مەفرۆشەرەوە، چونکە ئێمە کڕیاری نین.
وریای ڕەسام: ئەو ڕۆحییەتە سەرو خەڵكییە چییە لە هەندێک خۆ بە هونەرمەندزاندا هەیە، سەرەڕای هەموو ئەو بەدبەختیانەی میللەتەکەمان ئەیچێژێت بەدەست سیاسییەکانەوە سەرباری ئەوە نازی ئەوانیش هەڵگرن؟
کاوان قادر: بەڕای من ئەوەش یەکێکی ترە لەدیاردەکانی ناکامڵ بوونی ئینسان، ئیگۆ کاتێک بگاتە ئەو ڕادەیەی کە خەڵکی لەخۆت بە کەمتر بزانیت ئیتر ئەوە کەسایەتییەکی ناتەندروست وناجێگیرە دەیانەوێت لە ڕێگەی شانازی کردنەوە بوونی خۆیان بسەلمێنن تا سەرنجڕاکێشتر دەرکەون، هەوڵێکە بۆ داپۆشینی هەستی نائەمنی و سەلماندنی کەسایەتیەکی لاواز بۆ کەسایەتییەکی بەهێز؛ ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ هونەر وەزیفەی ئینسانی خۆی لەدەستداوە و بووە بە بەشێک لە بازاڕ تۆش کەسابەت ئەکەیت، خەڵک بۆ نازی تۆ هەڵکێشێت؟ خەڵک هونەرمەندو دڵسۆزی خۆی دەناسێت؛ پێویست ناکات خۆت شاباشی خۆت بکەیت؛ ئەوەش بڵێم لە کلتوری ئێمەدا ئەمە ڕێگەیەکی باوە بۆ پەلکێشی بەرەو مشەخۆری ئەمجارەیان بەسەر خەڵکەوە.
وریای ڕەسام: لە جەنگە جیهانییەکاندا بەهۆی شەڕەوە ئەوروپا زۆر کاری هونەری تیاچووە، هونەرمەندێکی کورد وەک خۆی دەڵێت: مخەوەل کراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو شارستانییەی کە تیاچووە. تۆ لەم بارەیەوە چی دەڵێیت؟
کاوان قادر: ئەو پڕوپاگەندەیە هەوڵێکە بۆ سەلماندنی هەر ئەو پرسیارەی پێشتر کردتان، ئیگۆ ئەگەر لغاو نەکرێت، خەتەرناکترین واهیمەیە هەموو ئەو هەوڵ و تێکۆشانەی کەلە هونەردا داوتە لەگۆڕی دەنێت. ڕەنگە هەندێک داماو باوەڕ بەو قسەیە بکەن، بەلام ئەو فرسەتە بۆ هەرکەسێک هەڵبکەوێت نایگۆڕێتەوە بەو شەڕە دەنوکەی لە نێوان هونەرمەندانی ئێمەدا هەیە نیسانیش گاڵتەی وای بەخۆیەوە نەدیوە.
وریای ڕەسام: ژیری دەستکرد هونەرمەندان بەرەو کوێ دەبات، بەڕای تۆ بۆچی هونەرمەندانی کوردستان لەو پێناوەدا یەکتری هەڵەپاچن؟
کاوان قادر: لە ئێستاوە کاریگەرییەکانی دەبینیت کە چۆن چاوبەست لەیەک دەکەین، خۆ هەڵکێشان بەژیری دەستکردەوە داماوییە، چونکە شارەزایی لەو بوارەدا پێوانەی سەرکەوتوویی هونەرمەندەکە نییە. ئەوەش بڵێم ئەوشەڕی سەرەخۆرەی ناو هونەرمەندان کە کێ باش ئەسپی (ژیری دەستکردی) تاو داوە ئەوا هونەرمەندێکی باشترە!!!، منیش دەڵێم ڕەنگە باشتربێت، بەڵام وەک کاڵایەک بۆ بازاڕ، نەک وەکو هونەر هەستی مرۆڤایەتی وهونەرمەند بوونت ئەمرێنێت، ئاگرێکە نەزانی یاری پێ بکەیت خۆت ئەسوتێنێ، کەسێک کە هیچ باگراوندێکی هونەریشی نەبێت دەتوانێت بە ژیری دەستکرد بڵێت هەر تابلۆیەک بەهەر سیفەتێکەوە کە خەیاڵ بڕی بکات بۆت دروست ئەکات، بەڵام خاڵی لە زەمەن و خاڵی لە خەللاقییەتی هونەرمەندانە. تۆی دەستڕەنگینیش خانەنشینییەکەت پیرۆز بێت. ئەوە بەدبەختی ئەو کۆمەڵگەیەیە هونەرمەندەکەی لەم حەقیقەتە تێنەگەیشتبێت کە هونەر پردێکە بۆ نزیک بوونەوەو تێگەیشتن لە ئەندێشەکانی مرۆڤایەتی، سەرەنجام ئەم ئەرکە بەژیری دەستکرد ئەسپێرێت؟! بەڕای من ژیری دەستکرد بۆ هەموو شتێک گونجاو بێت بۆ هونەر بە پێچەوانەوەیە، چونکە هێشتا لە نیزامێکداین مرۆڤایەتی تیایدا ئەسڵ نییە، ژیری دەستکرد دەبوو وەک پێشکەوتنێکی توانای مرۆڤایەتی سودی لێ وەربگیرایە، بەڵام بە پێچەوانەوە ترسی ماڵوێرانبوونێک تا بەردەرگاکەمان هاتوە. ئەگەر ڕاستگۆبین لەگەڵ خۆماندا یەکێک لە سیفەتە جوانەکانی هونەر ئەوەیە بێ کەم وکوڕی نییە، پیرفێکت نییە، پڕییەتی لە ئەندێشەو کاراکتەری ئینسانی، جیهانێکە پڕاو پڕ لە هەست و سایکۆلۆژیای هەزاران ساڵەی مرۆڤایەتی هونەر بە پڕاو پڕی واتاکەی ئەرکی ژیری دەستکرد نییە، تەنها دەستکۆتاکردنی مرۆڤایەتی یە لە جوانییەکان.