ڕەخنە لە وتاری شەهلا دانشفەر بە ناونیشانی “چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم هەلومەرجە، ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە”… نووسەر: سەمەد وەکیلی
تەنیا چەند ڕۆژێکە شەڕ دەستی پێکردووە کەچی بەشێک لە بزووتنەوەی بەناو چەپ لەجیاتی ئەوەی هەڵوێستێکی سەربەخۆ و دژە جەنگ بگرنەبەر، بوونەتە ڕەنگدانەوەی گێڕانەوەکانی میلیتاریستی و تەنانەت هەندێکیشیان کەوتوونەتە نێو چاڵی ناسیۆنالیزم. لەم چوارچێوەیەدا، پارتی کۆمۆنیستی کرێکاران بە سەرۆکایەتی حەمید تەقوایی کە بوونەتە پلاتفۆرمی ڕیکلام بۆ ئیسرائیل، هێرشەکەی سەر ئێران بە “پەنجەرەی هیوای ئومێدبەخش” ناودەبات. وتارەکەی شەهلا دانشفەر کە ئەندامێکی ئەم حزبەیە نموونەیەکی ڕوونی ئەم لادانەیە. نووسینەکەی هیچ ڕەخنەیەک لە سروشتی شەڕانگێزی و فاشیستی و ئاپارتایدی ڕژێمی زایۆنی تێدا نییە. ئەم بێدەنگییە مانادارە لە بەرامبەر دڕندەیی ئیسرائیل یەکێکە لە مەترسیدارترین شێوەکانی هاوکاریکردن لەگەڵ ئەو کارەساتەی کە دارودەستەی تەقوایی بە شانازییەوە بەرگری لێدەکەن.
وتارەکەی دانشقەر لە ڕاستیدا درێژەدان و بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو سیاسییە کە پێشتر لە نووسینەکانی ناسر ئەسغەری و چاوپێکەوتنەکانی حەمید تەقواییدا بینیومانە، بەو جیاوازییەی کە هەوڵدەدات بە زمانێکی جیاواز بیخاتە ڕوو.
بابەتەکە بەو ئیدیعایە فریودەرەوە دەست پێدەکات کە شەڕەکە ململانێی نێوان “دوو حکومەتی فاشیست”ە، بەڵام ئەم ئاماژە تێپەڕە تەنها دەمامکێکە بۆ شاردنەوەی لایەنگری ڕەها بەرامبەر بە ئیسرائیل. بە درێژایی دەقەکە یەک جار باس لە داگیرکردنی فەلەستین و کۆمەڵکوژییەکەی غەززە و سیاسەتە ڕەگەزپەرستییەکانی ئیسرائیل نەکراوە. وەک ئەوە وایە نووسەر پێداگری لەسەر ئەوە بکات کە خوێنەر قەناعەت پێبکات کە دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەم وەرەمە شێرپەنجەییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، “قوربانییەکی بێتاوان”ە کە ناچار بووە “بەرگری لە خۆی بکات”!
شەهلا دانشقەر بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە هێرشی ئیسرائیل “وەڵامێکی شەرعی” بوو بۆ ئیستفزازی کۆماری ئیسلامی. ئەمە ئەو گێڕانەوەیە کە ناتۆ و میدیاکانی ڕۆژئاوا بە تامەزرۆییەوە دووبارەی دەکەنەوە: “ئەگەر دروشمی ‘مەرگ بۆ ئیسرائیل’ بڵێن، ئەوا شایەنی ئەوەن بۆردومان بکرێت!”
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دروشمەکانی کۆماری ئیسلامی شەرعیەت بۆ هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی دەڕەخسێنن؟ ئایا لەناوبردنی پاڵاوگەکان و ژێرخانی ئابووری ئێران کە ژیانی ملیۆنان کرێکار و زەحمەتکێش لەناو دەبات، بەشێکە لە “مافی بەرگریکردن لە خۆ”ی ئیسرائیل؟
لەوەش قێزەونتر، تۆنی دڵخۆشکەری بابەتەکە لە وەسفکردنی هێرشەکانی ئیسرائیلدا: “لێدانی توند لە ڕژێمی ئیسلامی دراوە.” “پلە باڵاکانی حکومەت لەناوچوون.” “ژێرخانی حکومەت لەناوچووە.”
ئایا ئەمانە فۆرمێکی پۆشراو نین بۆ هاندانی دەستدرێژی سەربازی؟ ئایا نووسەر لەبیری چووە کە هەمان ئەو “لێدانە سەختانە” گیانی کرێکاران و خەڵکی ئاساییش دەبەن؟
بنەمای ئارگومێنتەکەی دانشقەر ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی تاوانبارە. بۆچی؟ چونکە “ساڵانێکە پڕوپاگەندەی جەنگ دەکات و دروشمی ‘مەرگ بۆ ئیسرائیل’ دەڵێتەوە”. ئەوەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی پێدەکرێت ئەوەیە کە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کاردانەوەی بەرگرییە، وەڵامێکی حەتمییە بۆ ئیستفزازی کۆماری ئیسلامی. بە واتایەکی تر ئەگەر کۆماری ئیسلامی هاواری “مەرگ بۆ ئیسرائیل” نەکردبا و بەدواداچوون بۆ پڕۆژە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی نەکردایە، ئیسرائیلیش هێرشی نەدەکرد. تەواوی چوارچێوەی تیۆری وتارەکە لەسەر ئەم لۆژیکە دامەزراوە.
ئەم بۆچونە بە تەواوی لەگەڵ ئەو تیۆرییانەدا دەگونجێت کە بەرپرسیارێتی شەڕانگێزی و تاوان لە دەوڵەتە شەڕانگێزەکان دوور دەخاتەوە و تەنیا بۆ هۆکاری لاوەکی دەیگەڕێننەوە. هەر لەبەر ئەمەشە لە وتارەکەیدا ڕۆڵی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی دەستدرێژکار، داگیرکەر، تاڵانچی، چەکداری ئەتۆمی کە لەلایەن زلهێزە ڕۆژئاواییەکانەوە پشتیوانی دەکرێت، بە تەواوی پشتگوێ خراوە. لە وتارەکەیدا هیچ باسێک لە گەمارۆدانی غەززە، ئاپارتاید دژی فەلەستینییەکان، یان جینۆسایدی ڕەگەزپەرستانەی ئیسرائیل نەکراوە؛ و ئەمەش ناتوانرێت بە نائاگایی یان بەڕێکەوت هەژمار بکرێت.
لە بەشێک لە وتارەکەدا بە زمانێکی سۆزداری باس لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەکات؛ لە “کوشتنی سەرکردەکانەوە” تا “هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی حکومەت” و “دەرچوون لە کۆنترۆڵ”. ئەو خۆشییە شاراوەیەی لە تۆنی ئەم وەسفانەدا هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتێکی فاشیستی، جێگەی سەرسوڕمانە. تەنها بە یەک ڕستەی زوو تێپەڕ و کلیشە دەنووسێت: “ئێمە ڕامانگەیاندووە کە ئەو هێرشانەی کە لە ئەنجامدا دەبنە هۆی کوشتن و وێرانکردنی ماڵی خەڵک مەحکومن.” بەڵام یەکسەر بە دووپاتکردنەوەی ئەو دەستەواژەیەی کە هۆکاری سەرەکیی شەڕەکە کۆماری ئیسلامی و خامنەیی، بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگری لە هەر ئیدانەکردنی جددی و ڕاستەقینەی هێرشی ئیسرائیل دەکات.
بۆیە بە ڕوونی دەتوانین بڵێین مەبەست لە نووسینەکەی ئیدانەکردنی شەڕ و فاشیزم لە هەردوو دیوی بەرەکە نییە، بەڵکو پێناسەکردنەوەی دیمەنی شەڕە لە بەرژەوەندی یەکێک لە لایەنەکان کە ئەویش ئیسرائیلە. لێرەدایە کە جیاوازی نێوان هەڵوێستی دژە شەڕ و هەڵوێستێکی گونجاو لەگەڵ بەرژەوەندی سەرمایەداری جیهانیدا دەردەکەوێت. ئەگەر شەڕخوازی کۆماری ئیسلامی ئیدانە بکرێت (و هەروایە)، ئەوا شەرعیەتدان بە هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی دیکەش دەبێ ئیدانە بکرێت. ئەگینا ئێمە لە دیوی ئاشتی و ڕزگاری وەستاوین، نەک لە ڕیزی یەکێک لە زلهێزە شەڕخوازەکان وەستاوین.
ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە شەهلا دانشقەر و ناسر ئەسغەری و حەمید تەقوایی نوێنەرایەتی دەکەن. ئەم هەڵوێستە هەڵبژاردەیەکی ستراتیژییە کە ساڵانێکە ئەم حیزبە پەیڕەوی لێدەکات؛ تا ئەو ڕادەیەی کە ئەمڕۆ بە ئاشکرا بەرگری لە هێرشی ئاسمانی حکومەتی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەن و وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بە دەرفەتێکی دەزانن بۆ “ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی”.
بەڵام مەسەلەی ڕووخاندن، ئەگەر بە درێژایی ڕێبازی شۆڕشی جەماوەری و خەباتی جەماوەری نەچێتە پێشەوە، بۆخۆی دەتوانێت کارەساتێکی دیکەی لێبکەوێتەوە. مرۆڤ ناتوانێت بە ناوی ڕق و کینە لە کۆماری ئیسلامی پەنا بباتە بەر باوەشی ئەو حکومەتانەی کە ڕۆڵی سەرەکییان لە چەوساندنەوەی گەلی فەلەستین و کۆمەڵکوژی غەززە و داگیرکاری و شەڕی بە وەکالەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵی هەبووە.
مرۆڤ ناتوانێت لە یەک کاتدا هاوار بکات “ژن، ژیان، ئازادی” و بێدەنگ بێت یان دەستی خۆی لە بەرامبەر هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف ٣٥ بۆ سەر ماڵی خەڵک لە تاران، ئەسفەهان، ئەهواز، تەورێز و . . . بشوات. ئەو هەڵوێستەی کە ئەم بزووتنەوەیە لە بەرامبەر شەڕی ئێستادا گرتوویەتیەبەر هەڵوێستێکی کۆنەپەرستانەیە و بە ئاراستەی بەهێزکردنی شەڕخوازانە مامەڵە دەکات. شیکارییەکی لەم شێوەیە، بە هەر ناو و ناونیشانێکەوە بخرێتەڕوو، خزمەت بە پاراستنی سەرمایەداری لە جیهاندا دەکات.
هەڵوێستی ئەم بزووتنەوەیە سەبارەت بە شەڕی ئێستا هەڵوێستێکی کۆنەپەرستانەیە و بۆ بەهێزکردنی میلیتاریزم کار دەکات. ئەم جۆرە شیکردنەوەیە، بێ گوێدانە ناو و شێوازەکەی، خزمەت بە پاراستنی سیستەمی جیهانی و ناوچەیی دەکات. سیستەمێک کە تێیدا خەڵکی ناوچەکە و بەتایبەتی چینی کرێکاری ئێران و خەڵکی کەمدەرامەت کە هەمیشە دۆڕاوی سەرەکی گەمەی دەسەڵات بوون.
چەپەکان، ئەگەر بەڕاستی داکۆکی لە ئازادی دەکەن، دەبێت لە یەک کاتدا و بێ تەمومژ ڕووبەڕووی دیکتاتۆری ناوخۆ و ئیمپریالیزمی دەرەکی ببنەوە. ئەرکی ئێمە ئەوە نییە خۆمان لەگەڵ شیکارییە ڕاستڕەوەکان بگونجێنین، بەڵکو بەوردی میکانیزمەکانی شەڕخوازی هەردوو جەمسەری ئەم هاوکێشەیە ئاشکرا بکەین؛ کۆماری ئیسلامی وەک ڕژێمێکی دژە کرێکار، سەرکوتکەر و گەندەڵ وە ئیسرائیلیش وەک ئامرازێکی سەرمایەداری جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەر تاوانێک ئەنجام بدات بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەژموونی خۆیەتی. لە کاتێکدا شەپۆلەکانی پڕوپاگەندەی میدیا هەوڵ دەدەن جەنگ وەک پێویست یان ئازادیخواز نیشان بدەن، گەڕانەوە بۆ پرەنسیپە ڕزگاریخوازەکانی چەپ – واتە دژایەتی بێ مەرجی دەستێوەردانی سەربازی – بە مانای ڕاستەقینەی وشەکە کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیە.
لە فارسییەوە کراوەتە کوردی.
توانا محەمەد نوری
١٩/٦/٢٠٢٥