سوریا لە دەوڵەتی نەتەوەیی عەرەبەوە، بۆ دەوڵەتی مەشقی ئیگۆرە جیهادییەکان!
ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ لە هەر سووچێکی ئەم جیهانەدا ڕوودەدات، ڕووداوی هەڵتۆقاونین و هەرلەخۆشیانەوە ڕوونادەن. هەموو ئەو کێشمەکێش و ناکۆکیانەی کە لە جیهانی ئەمڕۆدا ڕوودەدەن، بنەمای ئابووری و مادی خۆیان هەیە و وابەستەن بە کێشمەکێشی سەرمایەوە، بە تایبەتی ئەو دوو زلهێزەی کە ئەمڕۆ وێنای جیهان دەکەن، واتە ئەمریکا و چین. بۆ هەر یەکێک لەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە ناوچەیەک یان لە شوێنێکی جیهاندا ڕوودەدەن ڕاستەوخۆ دەتوانین بە سادەیی ڕیشەکەی لە پەیوەند بە کێشمەکێش و تەرازووی هێزی نێوان ئەم دوو هێزە زەبەلاحە ئابوورییەدا بدۆزینەوە کە چۆن هەر یەکێکیان لە ڕێگای هاوپەیمانە ناوچەیی و ناوخۆییەکانیانەوە لە هەوڵی ملشکاندنی ئەوی تریاندایە و دەیەوێت هێزی زاڵ بێت. ئەوەی کە ئاشکرایە تا ئێستا ئەمریکا لە ڕووی هێزی سەربازی و شەڕەنگێزییەوە هێزی یەکەمە، بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە ئەم جێگاوڕێگایەی ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرامبەر نەیارە سەرسەختەکەیدا کە چینە دێتە خوارێ و لەدەستدەدات.
هەریەک لەم دوو زلهێزە خەریکی قیرتاوکردن و دەستەبەرکردنی ڕێگا ئابوورییەکانی خۆیانن بۆ ئەوەی بتوانن بەسەر تەواوی یان زۆرێک لە جیهاندا زاڵبن. ئەم یارییە قێزەونەش یاریگای دەوێت و جارجارەش یان بەرابەر دەردەچن یان یەکێکیان دەدۆڕێت و ئەوی تریان دەیباتەوە. هەندێک جار وەک لە یاری تۆپی پێشدا باسدەکرێت کە تیپێک ناوبژیوانەکەی کڕیوە تا تیپی بەرامبەری بە دۆڕاندن بدات، ئەمانیش بەهەمان شێوە خەریکی ساغکردنەوەی ناوبژیوان و کڕینیانن بۆ ئەوەی کە بتوانن سیاسەتەکانی خۆیان لەو ڕێگایەوە بەرنەبەرەوە.
لە ڕووی مێژووییەوە و، بەپێ دانپیادانانەکانی سەرانی باڵادەستی ئەمریکا و بەڵگە ئاشکراکراوەکانیان، هەندێک جار بە نهێنی و هەندێک جاریش بە ئاشکرا، ئەمریکا هەمیشە ئەو هێزە بووە کە خەریکی دروستکردن و زیندووکردنەوەی هێز و جەرەیانە کۆنەپەرست و دینییەکان بووە و پارە و ئیمکاناتی لۆجیستیشی خستوونەتە بەردەست بۆ ئەوەی لە ڕێگرتن لە نەیارەکانی و ڕێگاکانی دا بەکاریانبهێنێت.
ئێمە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بە تایبەتی دوای ئەوەی کە ناوی لێنرا بەهاری عەرەبی، کە پایز و خەزان و گەڵاڕێزانی عەرەبیش نەبوو، ئەم دیاردەیە بە ئاشکراتر دەبینین. هاوکات ئەفغانیە عەرەبەکان و جیهادییەکانیان لە ئەفغانستان دژی یەکێتی سۆڤیەت دروست کرد و ئەمە مۆدێلێکی تری ئەم کارە بووە بۆ بەرگرتن بە چوونەپێشەوەی نەیارەکانی یان ڕێگریکردن لێیان و مەحدودکردنیان لە چوونەپێشەوەیان. دەستگرتنی ئیخوانییەکان و دروستکردنی داعش و قاعیدە و هێزەکانی تەحریر شام وجەبهەی نوسرە و فەراهەمکردنی ئیمکاناتی ماڵی و لۆجیستی بۆیان و تەنانەت مەشقپێکردنیشیان بۆ ئەوەی وەک هێزی دڕ و وەحشی بەریاندادەتە گیانی خەڵکی ناوچەکە و بتوانێت وەک دەسکەلای دەستی خۆی بەکاریانبهێنێت بەرامبەر هەر وڵات و ناوچەیەک کە یان پشتگیری ئەمریکا و سیاستە ئابووری و سەربازیەکانی ناکەن و تەواو ملکەچ نابن، یان لەسەر بەرەی بەرامبەر کە چین و ڕوسیایە هەژماردەکرێن بۆ بردنەپێشەوەی سیاستە ئابوورییەکانی خۆی و بەرگرتن بە هەژموونی چین و ئەو هێز و وڵاتانەی کە لەسەر ئەم بەرەیە هەژمار دەکرێن. ڕیشەی ئەم بەکارهێنانەی بزووتنەوە ئیسلامییە جۆراوجۆرەکان و گەورەکردن و بەکارهێنانیان دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانی دووەم، جارێک لە بەرامبەر بلۆکی سۆڤێتی ئەوکات دا و لە قۆناغێکدا بۆکردنەوەی بازاڕ لە بەرامبەر کاڵاکانیاندا و لە ئێستاشدا وەک ئامرازێک بەرامبەر چین کە لە کۆی گشتیدا بناغەکەی پاوانخوازی سەرمایە و سەرمایەگوزارییە لەم ڕێگانەوە.
لابردنی بەشار ئەسەد و هێنانی جۆلانی و کردنی بە دەسەڵاتداری سوریا بۆ هەر کەسێک کە یەک تۆز بیربکاتەوە ئاشکرایە کە ئەمە نە کاری شەو و ڕۆژێکە و نەوەک ئەوەی خۆیان دەڵین لە کنفەن یەکونێکدا ڕوویداوە، بەڵکو ئەمە بەرنامەڕێژی و ئامادەکاری بۆ کراوە تا بتوانن لێدانێکی گوورچکبڕ لە نەیارەکانیان بدەن لە ناوچەکەدا بەتایبەتی کە سوریا سەر بە میحوەری ئێرانی و ڕوسی و چینی هەژماردەکرا. ئەمەش دوای ئەو ئاڵوگۆڕ و زەربانە دێت کە ئیسرائیل بە دەستی حەماس خواردی و حزب اللە لوبنانیش وەک تەرەفێک دژ بە ئیسرائیل بەشداربوو. بۆ ئەوەی ئەم دوومەڵە لەوێدا نەهێڵن ئەمریکا پێویستی بوو ئەو هێزە سوننیە، کە هەمیشە پشتی پێ بەستووە لە ناوچەکەدا، لە شێوازێکی نوێدا پێشکەشمان بکاتەوە، ئەمە جارەیان نەک وەک ویلایەت و بەگرتنی کەنیزەک و بازاڕی فرۆشتنی کەنیزەکەکاندا، بەڵکو لە فۆرمی دەوڵەت و دەوڵەتداری و نیشاندانی سیمای سەقامگیری دا.
هێنانی جۆلانی لەم چوارچێوەیەدا مانا پەیدا دەکات. بەڵام حەتمەن دەبێت جۆلانی هەم ڕیشەکەی کەمێک کورتبکاتەوە و هەم لە جیاتی پۆشاکی جیهادییەکان چاکەت و پانتۆڵ لەبەربکات و بۆینباخ ببەستێت بۆ ئەوەی ڕتووشەکەی جوان بێت. جۆلانییەک کە تەنانەت خۆشی ناتوانێت ئینکاری لەوە بکات کە لە ٢٠٠٣ ەوە دەستی بە خوێنی هەزاران کەس سوورە هەم لەعێرا ق و هەم لە سوریادا. سەرتا وەک تەزیمی قاعیدە لە عێراق و تەنانەت دەستگیرکردن و زیندانیکردنیشی لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٦ دا و تاساڵی ٢٠١١ کە ئەمریکا ئازادی دەکەن بۆ ئەوەی کاری داهاتووی خۆیانی پێبسپێرن، بەڵام ئەم جارە لە سوریا. لە ساڵی ٢٠١٢ جوبهەی نوسرە دادەمەزرێنێت دوای ئەوەی کە ئامادەنییە مل بدات بە تەنزیمی داعش و دەیەوێت خۆی سەرکردە و قسەکەربێت و بە ناو مۆدێلێکی میانڕەوتربێت لە داعش، هەڵدەستێت بە دامەزراندنی هەیئەی تەحریری شام و دەستدەگرێت بەسەر بەشێک لە ناوچەکانی سوریادا. لە هەمووشی دووڕوویی تر ئەوەیە کە ئەمریکا ١٠ ملیۆن دۆلاری وەک بەخشیشێک داناوە بۆ ئەوە کەسەی کە جۆلانی تەسلیم بکات. پرسیارەکە ئەوەیە کام لەو سیاسەتمەدارە ئەمریکییانەی کە شەرعیان بینیوە و لەگەڵیدا کۆبوونەتەوە وکۆدەبنەوە دەبنە خاوەنی ئەم بەخشیشە!؟
یەکێک لەو کێشانەی کە لەسەرەتای گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە لەلایەن شەرعەوە باسی لێدەکرێت و جێگای پرسیار و گومان و تەنانەت ناڕەزایەتی خەڵکی سوریاشە، مەسەلەی ئەم چەکدارە بیانییانەن کە ئەم هیزە ناونونووسیکردن و لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانی خۆی و پەلکێشانی خۆیدا پشتی پێ بەستوون. ئەم کێشانەش زیار لەوێوە سەریانهەڵدا کە شەرع نەک ناتوانێت بشتبکاتە ئەم هێزانە، بەڵکو لە ناو وەزارەتی بەرگری تازەی سوریادا هەم جێگای کردوونەوتەوە و هەم پلەوپایەی سەربازی باڵاشی پێداون لە کاتێکدا کە ئەمانە بە ناو هاوڵاتی سوری نین و ئەم مافەیان نییە. ئەم کارانەش لەژێر ناوی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکان و بیناکردن و بە دامەزراوەکردنی ئۆرگانەکانی دوەڵەتدا دەبرێتە بەرەوە.
دیارترینی ئەو هێزانەش کە بەسیجکراون لە ئاسیای ناوینەوە هاتوون و چیچانییەکان و ئیگۆرییەکانی چینن. ئیگۆریەکان ئەو هێزەن کە ئەمریکا دەیەوێت لە کات و ساتی تردا و لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانی خۆیدا لە کاتی پێویستدا بەکاریان بێنێت. هەر چۆن ئێستا هێناونی ئاوها لە کاتی پێویستدا ئاودیویان بکاتەوە و سوودیان لێوەربگرێت. هەر بۆیە بە دوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا لە لایەن ترەمپ و ئەمریکاوە، هەر خێرا نێردراوی ئەمریکا بۆ سوریا، تۆماس باراک، گەیشتە سوریا و ڕەزامەندی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پەیوەستبوونی ئەو هێزانەوە لە چوارچێوەی پرۆژەی دەوڵەتی سوریادا و چرای سەوزی بۆ هەڵکردن کە دەتوانن بەشێک بن لە سوپای سوریا. ئەمەشی بەوە پاساوکرد کە گوایە لێکهەڵپێکانیان دووریان دەخاتەوە لەوەی کە بیر لە کردەوەی بەناو توندڕەوەی بکەنەوە و دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بن. هیچ کەس ناتوانێت ئەوە نادیدەبگرێت کە چۆن شەرع و دەوڵەتدارییەکەشی هەمووی لەخزمەتی بردنەپێشەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی لە ناوچەکەدا، ئەم کارەشی هەر بۆ ئەو خزمەتەیە لە کاتێکدا بە پێیی دانپیانانی خۆیان ئەم چەکدارانە زیاتر لە پێنج هەزار چەکدارن و جگە لەوەی لە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپی و وڵاتانی پێشووی سەر بە یەکێتی سۆڤیەتەوە هاتوون، زۆربەیان ئیگۆرییەکانن کە لە ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئاسیاوە بە تایبەتی لە ناوچەی شنگیانگی چینەوە هاتوون.
ئەوان لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانی داهاتوویاندا چاویان لە ئیگۆرییە چەکدارە جیهادیەکانی سوریایە، نەک لەبەرخاتری ئەوەی کەوەک خۆیان دەڵێن موسوڵمانن وستەمیان لێدەکرێت، بەڵکو لە بناغەوە بۆ تێکدانی هەلومەرجی ئابوری و سیاسی وڵاتی چینە لە کاتی پێویستدا بەکۆمەکی نەتەوە یان وڵاتە تورک زمانەکانی دیکە و تورکیاش لەم نێوەدا دەتوانێت ڕۆلی گەورە ببینیت. لە هەمانکاتدا ناوچەی شنگیانگی ئیگۆرییەکان کە پێدەوتریت تورکمانستانی شەرقی، و بەهرەمەندە لە ئۆتۆنۆمی، دەوڵەمەندە بە بناغەی ئابوری زەبەلاح. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ناوچەی ئێگۆرییەکان دەکەوێتە سەر ئەو ڕێگا ئاوریشمی یە مێژووییەی چین وهەر لە کۆنەوە بە یەکێک لەدەروازە سەربازی و بازرگانییە هەرە گرنگەکانی چین دادەنرێت. هاوکات ئەم ناوچەیە دەروازەی چینە بۆ ئۆراسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم ناوچەیە یەک لەسەر شەشی پانتایی چین پێکدەهێنێت و یەکێکە لەناوچە هەرە دەوڵەمەندەکان بە یۆرانیۆم و ئاڵتون و زۆرترین یەدەکی گازی سروشتی و خەڵوزی تێدایە. هاوکات یەک لەسەر پێنجی یەدەکی نەوتی چینی لەم ناوچەیەدایە. ئەمە وێڕای ئەوەی کە ناوچەیەکی کشتوکاڵی بەپێزە و لە ٨٠ ٪ ی لۆکە لەوێ بەرهەمدەهێنرێت. ئەم ناوچەیە لە ڕووی جیۆپۆڵیتیکیشەوە گرنگییەکی گەورەی هەیە، چونکە هەرێمی شینگیانگ بە مەڵبەندێکی سەرەکی دەستپێشکەری ڕێگای پشتێنەی چینی بە هەژماردەهێنرێت کە زۆرێک لە پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری، کە لە لایەن چینەوە پشتگیری لێدەکرێت بۆ وەبەرهێنانی وزە و پێشخستنی، لە ناوەڕاست و خوارووی ئاسیادا لەخۆدەگرێت. هاوکات ئەم هەرێمە دراوسێی هیندستان و ئەفغانستان و مەنگۆلیاشە.
بۆیە باسەکە ئەوە نییە کە ئەگەر ئەم چەکدارانە بگێڕدرێننەوە چ بەڵایەکیان بەسەردێت و چ چارەنووسێک چاوەڕێیان دەکات، چونکە ئەوان ئەوەی بۆیان گرنگ نییە و بایەخی نییە لایان ژیانی ئینسانەکانە. ڕۆژانە هەزاران کەسە دەبنە قوربانی ئەم سیاسەتە دژە ئینسانییانەی ئەوان. باسی سەرەکی ئەوەیە سوریا لەم ڕیگایەوە ببێتە مەڵبەندی پێگەیاندنی نەوەی تازەی ئیگۆرییەکان و جیهادییەکانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاست و ڕاهێنان و مەشقیان پێبکرێت لەسایەی دەوڵەتی ئیسلامی مۆدێرندا بە شێوەیەکی ئاشکرا و فەرمی. خودی باسەکە ئەوەیە کە ئەم هێزانە تەیارتر و خاراوتر بکرێن و جەنگاوەری دڕتریان لێ دروستبکرێت بۆ شەڕە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان سەرمایە و قازانج پەرستیییان، کە نەک ئینسان و مافەکانی سەنتەر نییە، بەڵکو هیچ جێگاوڕێگایەکی نییە. ئەوەی سەنتەرە بۆ ئەوان سوود و قازانج و کەڵەکەی زیاتری سەرمایەکانیانە.
کامل احمد
١٠ ی حوزەیرانی ٢٠٢٥