سی ئای ئەی ((CIA و شەڕی کولتوری سەردەمی شەڕی سارد… وەرگێرانی توانا حەمە نوری
لێکۆڵینەوەکان کە لەسەر ڕۆڵی سی ئای ئەی لە سەردەمی شەڕی سارددا ئەنجام دراون، ئەوە دەسەلمێنن کە لەو ماوەیەدا لە گۆڕەپانی فیکریدا، هەروەها لە گۆڕەپانەکانی دیکەشدا، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی شورەوی ڕوویداوە، لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک لە دیارترین تیۆریست و بانگەشەکارانی لیبڕاڵ دیموکراسی ڕوویان هاوکارییان لەگەڵ سی ئای ئەی کردوە.
“شەڕی سارد” ئاماژەیە بۆ ئەو قۆناغە مێژووییە کە لە ناوەڕاستی چلەکانەوە دەستی پێکردووە، لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم و تا ساڵی ١٩٩١ و ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، واتە نزیکەی ٤٥ ساڵ بەردەوام بووە. نیشاندەری ئەم قۆناغە کێبڕکێ و شەڕی ئاشکرا و شاراوەی سیاسی، ئابووری، چەکسازی، زانیاری و کولتووری بوو لە نێوان بلۆکی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بلۆکی ڕۆژهەڵات بە سەرۆکایەتی یەکێتی سۆڤیەت. ئەم شەڕە سێبەری قورس و تاریکی خۆی بەسەر فەزای نێودەوڵەتیدا بە درێژایی ئەو ماوەیە درێژە بڵاوکردبووەوە و چارەنووسی مرۆڤایەتی دیاریکردبوو. هەروەها لەو ماوەیەدا ڕۆشنبیران دابەش بووبوون بەسەر دوو بەرەی سەرەکی کۆمۆنیست و دژە کۆمۆنیست و ئەگەر هەڵوێستی ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ و میانڕەو لەگەڵ بۆچوونی یەکێک لەو دوو بەرەی ڕۆشنبیری سەرەکییە ناکۆکییان هەبوو، ئەوا تۆمەتبار دەکران بەوەی کە سەر بە بەرەی دیکەن. کەشێکی جەمسەرگیری بوو کە نەوەی نوێ ئەستەمە تێی بگات. سروشتییە کە دەزگای هەواڵگری هەردوو بلۆک، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش لەم بوارە فیکرییەدا چالاک بوون. لە ساڵانی ڕابردوودا و لەگەڵ ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت و کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، گرنگیدان بە ڕۆڵی دەزگای هەواڵگری، بەتایبەتی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (CIA)، لە بوارە فیکرییەکان لەم ماوەیەی سەرەوەدا، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لێکۆڵینەوەکان کە لەم بوارەدا ئەنجام دراون دەیسەلمێنن کە لە سەردەمی شەڕی سارددا ئەم ململانێیە لە بوارە فیکرییەکاندا توند بووە، وەک لە بوارەکانی تردا. ئەم دیاردەیە بە “شەڕی ساردی کولتووری” ناوزەد کراوە. ئێستا لە ڕۆژئاوا، نەوەیەک لە لێکۆڵەری بەسۆز و ورد دەرکەوتووە کە بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە نهێنیەکانی سی ئای ئەی، کۆمەڵێک لە دیارترین تیۆریست و پڕوپاگەندەکاری لیبراڵ دیموکراسی بە هاوکاری لەگەڵ سی ئای ئەی و دەزگای هەواڵگری بەریتانیا تۆمەتبار دەکەن. ئەمەش مشتومڕێکە کە هەندێک لە ڕۆژنامەکان بە “قەیرانی ڕۆشنبیرانی لیبڕاڵ دوای شەڕی سارد” ناوی دەبەن.
مشتومڕی کتێبی خاتوو ساندەرز
گرنگترینی ئەو لێکۆڵینەوەیانە، کتێبێکی خاتوو فرانسیس ساندەرز، لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووسێکی ئینگلیزییە، کە چاپی یەکەمی لە ساڵی ١٩٩٩ لە لەندەن بڵاوکرایەوە و مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. چاپەکانی دواتری ئەم کتێبە لەژێر ئەم ناونیشانەدا بڵاوکراونەتەوە: شەڕی ساردی کولتووری: سی ئای ئەی و جیهانی هونەر و ئەدەب.
ڕەخنەگر ویلیارد مانس کتێبەکەی خاتوو ساندەرز بە “یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین و ئاشکراترین کتێبەکان”ی ناوبرد کە تا ئێستا سەبارەت بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە. خاتوو ساندەرز نیشانی دەدات کە کۆرد مایر، سەرۆکی بەشی ئۆپەراسیۆنە نێودەوڵەتییەکانی سی ئای ئەی و هاوڕێکەی ئارثەر شلیسینگەر جونیۆر، دوای پلانێک کە لەلایەن مێلڤین لاسکیەوە خراوەتەڕوو، دەستیان بە بزووتنەوەیەک کرد کە بووە هۆی دروستبوونی تۆڕێکی ڕۆشنبیری زەبەلاح لە سەرانسەری جیهاندا. خاتوو ساندەرز ئەم تۆڕە بە “ناتۆی کولتووری” ناودەبات. بودجەی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ساڵی ١٩٥٠، لە سەردەمی ئیدارەی ترومان، لەساڵێکدا ٣٤ ملیۆن دۆلار بووە. لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ڕۆشنبیری جەنگی سارددا، سی ئای ئەی تۆڕێکی ڕۆژنامەوانی جیهانی دروستکرد کە لە ئەمریکاوە تا لەندەن و ئۆغاندا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین درێژبووەوە و بە درێژایی ئەم ماوەیە ڕۆژنامە فیکرییە کاریگەرەکانی وەک پارتیزان ڕیڤیو، کینیا ڕیڤیو، سەرکردەی نوێ (New Leader)، ڕووبەڕووبوونەوە (Encounter)، درامناوت، پرۆڤ، تێمپۆ پرێسێنت، و زۆری دیکە، پارەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لە سی ئای ئەیەوە وەرگرت.
وەزارەتی ڕۆشنبیری بلۆکی ڕۆژئاوا
بە وتەی خاتوو ساندەرز، سی ئای ئەی وەک “وەزارەتی ڕۆشنبیری بلۆکی ڕۆژئاوا” مامەڵەی دەکرد. بۆ نموونە بە توندی پشتگیری لە جاکسۆن پۆلۆک و نیگارکێشانی ئەبستراکت دەکرد بە ئامانجی شکستپێهێنانی ڕیالیزمی سۆشیالیستی لە هونەردا.
لە هۆلیوود، کارمەندانی سی ئای ئەی هانی دەرهێنەرانیان دەدا کە تا دەتوانن کەسانی ڕەشپێست لە فیلمەکانیاندا پیشان بدەن و وەک خۆڕازاندنەوە و جل و بەرگی باش پیشانیان بدەن و ئەمریکا وەک کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراسی نیشان بدەن. کێڵگەی ئاژەڵانی جۆرج ئۆروێڵ بە پارەی سی ئای ئەی بەرهەم هێنراوە. هەروەها ساڵی ١٩٨٤ی ئۆروێڵ بە پارەی سی ئای ئەی دروستکراوە.
زۆرێک لە کتێبەکانی پراگەر بە پارەی سی ئای ئەی بڵاوکراونەتەوە. فیلمی The New Class لە نووسینی میلۆڤان جیلاس Milovan Djilas)) بە ژمارەیەکی زۆر بڵاوکرایەوە و بە پارەی سی ئای ئەی لە سەرانسەری جیهاندا دابەشکرا. سی ئای ئەی ٥٠ هەزار دانە لە یەکێک لە کتێبەکانی ئیرڤینگ کریستڵ(Irving Kristol) کڕی بە خۆڕایی لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوکرایەوە. سی ئای ئەی لە ساڵی ١٩٥٠ ڕادیۆی ئەوروپای ئازادی بە بودجەیەکی ١٠ ملیۆن دۆلاری دامەزراند و چەندین حاڵەتی دیکەی لەو جۆرە. خاتوو ساندەرز مەزەندە دەکات کە لە سەردەمی جەنگی سارددا نزیکەی هەزار کتێب لە لایەن سی ئای ئەیەوە لە ژێر ناوی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی بازرگانی و ئەکادیمی تەنها لە ئەمریکا چاپ کراون.
سی ئای ئەی و کۆنگرەی ئازادی کولتووری!
گرنگترین چالاکیی سی ئای ئەی دامەزراندنی کۆنگرەی ئازادی کولتووری بوو کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٠ لە بەرلین بە ئامادەبوونی زیاتر لە سەد نووسەر لە هەموو جیهانەوە کرایەوە. لە کۆنفرانسەکەدا ڕۆشنبیرانی دیاری وەک ئارثەر کۆستلەر، سیدنی هوک، مێلڤین لاسکی، ئیگناسیۆ سیلۆن و جۆرج ئۆروێڵ بەشدارییان کرد. کۆستلەر لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند: “هاوڕێیان، ئازادی دەستی بە هێرشەکەی کردووە”!
ئارثەر کۆستلەر پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سی ئای ئەی هەبوو و ڕێنماییەکانی سەبارەت بە چالاکییەکانی سی ئای ئەی لە نێو ڕۆشنبیراندا زۆر کاریگەر بوو. سیدنی هوک لە ساڵی ١٩٤٩ بە بەرپرسانی ئەمریکای وتووە: سەد ملیۆن دۆلار و هەزار پیاوی ئیرادەدارم پێ بدە؛ گرەنتی دروستکردنی شەپۆلێکی وەها نائارامی دیموکراسی لە نێو جەماوەردا دەدەم، بەڵێ، تەنانەت لە نێو سەربازانی ئیمپراتۆریەتی ستالینیشدا، کە بۆ ماوەیەکی زۆر هەموو خەمی ئەو لەسەر پرسە ناوخۆییەکان دەبێت.
یەکێک لە یەکەم کارەکانی کۆنگرە خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر بوو بۆ دامەزراندنی بڵاوکراوەی فیکری لە پاریس و بەرلین و لەندەن. مەبەستی سەرەکی ئەوان بەهێزکردنی چەپەکانی ناکۆمۆنیست و مارکسیستە دژە سۆڤیەتەکان بوو. ئامانجێکی لاوەکی بریتی بوو لە بەرپەرچدانەوەی هەستی دژە ئەمریکی لە نێو ڕۆشنبیرانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بە خستنەڕووی وێنەیەکی ئەرێنی ئەمریکا وەک لوتکەی شارستانیەتی ڕۆژئاوا. کۆنگرەی ئازادی کولتووری لەلایەن مایکل جۆسێلسۆنەوە سەرپەرشتی دەکرا، ئەفسەرێکی شەڕی دەروونی سی ئای ئەی کە دواتر بوو بە نووسەرێکی دیار. فەرمانەکان بە کۆد لە واشنتۆنەوە دەگوازرانەوە بۆ شوقەکەی پاریس کە جۆزێلسۆن و هاوسەرەکەی تێیدا دەژیا. ڕێکخراوەکە تا هەڵوەشاندنەوەی (١٩٦٧) دەیان ملیۆن دۆلاری لە پارەی سی ئای ئەی وەرگرتووە.
سی ئای ئەی و دامەزراوە ئەکادیمییەکان.
ژمارەیەک زانکۆی بەناوبانگی ئەمریکا، وەک کۆڵۆمبیا و ستانفۆرد، نیویۆرک و هارڤارد، لەژێر کاریگەری ڕاستەوخۆی سی ئای ئەی بوون. بۆ نموونە دامەزراوەی فارفیڵد لە زانکۆی کۆڵۆمبیا یەکێک بوو لەو ناوەندە گرنگانەی کە لە ڕێگەیەوە پارەی ئۆپەراسیۆنە کولتوورییەکانی سی ئای ئەی بۆ دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان دەگوازرایەوە. بەڕواڵەت ئەم دامەزراوەیە لەلایەن پیاوێکی دەوڵەمەندی جولەکە بە ناوی جولیۆس فلیشمانەوە دروستکراوە، بەڵام لە ڕاستیدا لەلایەن سی ئای ئەیەوە پارەی بۆ دابینکراوە. دامەزراوەکە لەلایەن جاک تۆمپسۆن، کارمەندی سی ئای ئەی و مامۆستای زانکۆی کۆڵۆمبیا سەرپەرشتی دەکرا.
دەیڤید گیبس لە وتارەکەیدا “بیرمەندان و سیخوڕەکان: ئەو بێدەنگییەی کە هاوار دەکات” (لۆس ئەنجلۆس تایمز، ٢٨ی ژانویەی ٢٠٠١) باس لەو سکاندەڵە گەورەیە دەکات کە لە ئاشکراکردنی بەڵگەنامەکان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی سی ئای ئەی لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمییەکان لە سەردەمی جەنگی سارددا سەریهەڵدا. گیبس ئاماژە بە پەیوەندی نزیکی سی ئای ئەی و دامەزراوەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمریکا دەکات.
جەنگاوەرانی کولتووری سی ئای ئەی
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی خاتوو ساندەرز و لێکۆڵینەوەکانی هاوشێوەی، ناوی کۆمەڵێک لە دیارترین ڕۆشنبیرانی جیهانی ڕۆژئاوا لە لیستی “شۆڕشگێڕە ڕۆشنبیرییەکانی جەنگی سارد”دا تۆمارکراون. لیستی ئەم جەنگاوەرە کولتوورییانە چەند ناوێکی گەورە لەخۆدەگرێت: سێر کارل پۆپەر، تۆماس کۆهین، ئارثەر شلیسینگەری بچووک، سێر ئیسایا بەرلین، واڵت ویتمان ڕۆستۆ، جەیمس بێرنهام، دانیال بێڵ، ڕیمۆند ئارۆن، هانا ئارێنت، ئیرڤینگ کریستڵ، سیدنی هوک، ئارثەر کۆستلەر، هێنری لۆس، ڕینهۆڵد نیبوهر، ڕۆبەرت کۆنکوێست و ئەوانی دیکە.
ئەمانە ئەو بیرمەندانە بوون کە لە سەردەمی شەڕی سارددا خۆراکیان بە ڕۆشنبیرانی دژە کۆمۆنیست لە سەرانسەری جیهان دەدا. بۆ نموونە تۆماس کۆهین کتێبی (پێکهاتەی شۆڕشە زانستییەکان)ی نووسی، کە یەکێکە لە کتێبە بەناوبانگ و کاریگەرەکانی سەدەی بیستەم، لەسەر فەرمانی جەیمس برایان کۆنانت، سەرۆکی زانکۆی هارڤارد، کە کتێبەکەی بەخشییە ئەو. کۆنانت کیمیاکارێکی دیار و یەکێک بوو لە دیزاینەرانی بۆمبی ئەتۆمی ئەمریکا، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرمایەدارەکانی وۆڵ ستریت و دەزگای هەواڵگری هەبوو.
شوڕشگێڕانی “بێ تاوان”.
ڕۆڵی سی ئای ئەی لە ئاراستەکردنی ئەم چالاکییە کولتوورییانە لەو کاتەدا نهێنی نەبوو. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا گاڵتەیەکی باو بوو لە بازنەی ڕۆشنبیری ئەوروپیدا کە هەر ڕێکخراوێکی خێرخوازی یان دامەزراوەی ڕۆشنبیری ئەمریکی کە وشەی “ئازاد” یان “تایبەت” بە ناوی خۆیەوە بەکاربهێنێت، پەیوەندی بە سی ئای ئەیەوە هەبووە. بە گوتەی دەیڤید گیبس، ئەو بیرمەندە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی سەرەوە بە تەواوی ئاگاداری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سی ئای ئەی بوون، وەک ڕۆبەرت جێرڤیس، مامۆستا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا و سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی زانستە سیاسییەکانی ئەمریکا، جۆزێف نای، مامۆستا لە زانکۆی هارڤارد، برادفۆرد وێستەرفیڵد، مامۆستا لە زانکۆی یێڵ و ئەوانی دیکە. هەروەها خاتوو ساندەرز بە بەڵگە و بەڵگەنامەی تۆکمە دەیسەلمێنێت کە هەندێک لەو ڕۆشنبیرە دیارانە لەوانە سێر ئیسایا بەرلین و سێر ستیڤن سپێندەر و ئارثەر کۆستلەر بە تەواوی ئاگاداری هاوکارییەکانیان لەگەڵ سی ئای ئەی بوون.
سی ئای ئەی و کوشتنی ڕۆشنبیران
ئەم پێشخستنی “فەرهەنگی ئازاد” هاوشان لەگەڵ سیاسەتی تیرۆرکردن و کوشتنی ڕۆشنبیرانی ناڕازی بە درێژایی شەڕی سارد. بەپێی هەندێک خەمڵاندن، سی ئای ئەی لەم ماوەیەدا لانیکەم ١٥٠ هەزار مامۆستا و مامۆستای زانکۆ و سەرکردەی سەندیکای کرێکاری و قەشە و پیاوانی ئایینی کوشتووە. هەندێک لە خەمڵاندنەکان ئەم ژمارەیە بۆ ٣٠٠ هەزار بەرز دەکەنەوە. لە سەردەمی شەڕی سارددا و کاتێک ڕۆشنبیرانی سی ئای ئەی زۆر بەخشندە بوون، زۆرێک لە ڕۆشنبیران لە ئەمریکا کەوتنە قوربانی ئەو جەنجاڵییە دژە کۆمۆنیزمە. نزیکەی ٣٠ هەزار کتێب وەک “کتێبی زیانبەخش” خرانە لیستی ڕەش و لە کتێبخانەکان دەرهێنران. “لیستی ڕەش”ی سی ئای ئەی بریتی بوو لە کتێبی ئەو نووسەرانەی کە تۆمەتبار بوون بە پشتیوانی کۆمۆنیزم. لە لیستەکەدا نووسەرانی بەناوبانگی وەک داشیێل هامێت، لانگستۆن هیوز، جۆن ڕید و هێرمان مێلڤیل لەخۆگرتبوو.
ڕۆشنبیرانی جوولەکە و شەڕی ساردی کولتووری.
سەیر لەوەدایە کە زۆرینەی ڕەهای ئەم شوڕشگێڕانەی شەڕی ساردی کولتووری جولەکە بوون. پۆڵ بوهل، مامۆستای مێژووی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکان لە زانکۆی براون، بابەتێکی بە ناوی “سی ئای ئەی و لیبراڵەکانی جوولەکە” لە گۆڤاری تیکون (ئایار-حوزەیرانی ٢٠٠٠) بڵاوکردەوە. تیکون بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری جوولەکەکانە و لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە. بوهل سەرنج ڕادەکێشێت بۆ ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ڕۆشنبیرانی جوولەکە لە شەڕی ساردی کولتووری سی ئای ئەی، و تایبەتمەندی دووەمی ئەم ڕۆشنبیرە جولەکە دەبینێت کە پاشخانی چەپگەراییانە. دەنووسێت: ئەوەی هاوبەشە لە جەنگاوەرانی کولتووری سی ئای ئەی ئەوەیە کە “نزیکەی هەموویان چەپڕەوی لادەرن.” بە گوتەی بوهل، زۆربەیان ترۆتسکیستەکانی پێشوو و ئەندامی بازنەیەک بوون کە بە “ڕۆشنبیرانی نیویۆرک” ناسراون.
میراتی نیوکۆنسێرڤاتیڤەکان
ئەو ڕەوتە کە لە ساڵانی ڕابردوودا وەک نیوکۆنسێرڤاتیزم لە ئەمریکادا سەریهەڵداوە و خۆراک و ڕێنمایی سیاسەتە میلیتاریستییەکانی ئیدارەی جۆرجی بوشی دەدا، درێژەپێدەری ڕاستەوخۆی هەمان ئەو فۆکۆسەیە کە لە کاتی شەڕی سارددا ڕێنمایی ئۆپەراسیۆنە کولتوورییەکانی سی ئای ئەی کردووە. ئیرڤینگ کریستڵ، ڕۆشنبیرێکی دیاری جوولەکە و ترۆتسکیستی پێشوو، بە دامەزرێنەری بزووتنەوەی نیوکۆنسێرڤاتیڤ دادەنرێت.
ئێستا، کوڕەکەی، ویلیام کریستڵ، یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی نیوکۆنسێرڤاتیڤەکان.
ویلیام کریستڵ بە ڕوونی دەنووسێت: ئایندەی مرۆڤایەتی پەیوەستە بە سیاسەتێکی دەرەکیی پتەو و ئایدیالیستی و بنەمادار لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە. ئەمریکا نەک هەر دەبێت ببێتە پۆلیس و شەریفی جیهان، بەڵکو دەبێت ڕێنوێنیش بکات.
یەکێکی دیکە لە تیۆریستەکانی نیوکۆنسێرڤاتیڤی کاریگەر، ویلیام بەکلی، لەلایەن پرۆفیسۆرەکەیەوە، کۆمەڵناسێکی بەناوبانگی جەیمس بێرنهام، لە کاتێکدا خوێندکاری زانکۆی یێڵ بوو، بە سی ئای ئەی ناسێندرا.
هەروەها گۆڤاری ویلیام بەکلی بە ناوی ناشناڵ ڕیڤیو بە هاوکاری بێرنهام دامەزرا و بێرنهام لە سەرەتاوە سەرنووسەری ئەو گۆڤارە بوو. دانیال پایپس، ڕۆژنامەنووسێکی مشتومڕاوی نیوکۆنسێرڤاتیڤە، کوڕی پرۆفیسۆری زانکۆی هارڤارد ڕیچارد پایپسە و جەنگاوەرێکی دیارە لە جەنگی ساردی کولتووریدا. دانیال پایپس یەکێکە لەو کەسانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا چەمکی “وەهمی پیلانگێڕی”ی بەناوبانگ کرد و کردی بە ئامرازێکی پڕوپاگەندە بۆ بێناوبانگکردنی لێکۆڵینەوە مێژووییەکان لەسەر ڕۆڵی ناوەندە کۆلۆنیالیزمەکان. دەتوانرێت نموونەی دیکە بهێنرێتەوە.
مایکل پایپەر لە وتارەکەیدا بەناوی “ئیمپریالیستە کۆنەپەرستەکان ئیدارەی بوش بەڕێوەدەبەن” (چاپخانەی ئازادی ئەمریکی، ٢٣ی ئازاری ٢٠٠٣)، ناوی ویلیام کریستۆڵی وەک کارمەندی ڕوپەرت مردۆخ ناودەبات. کریستۆل سەرنووسەری ڕۆژنامەی هەفتانەی ستانداردە کە خاوەنەکەی ڕوپەرت مردۆخە. مردۆخ بە ڕووخساری گشتی تۆڕی ملیاردێرە جوولەکەکانی ڕۆتشیڵد و برۆنفمان و ئۆپنهایمەر ناسراوە.
هەندێک لە ڕۆژنامەکانی ئەمریکا ئەم سێ بنەماڵەیە لەگەڵ بنەماڵەی مردۆخ بە “باندی ملیاردێری چوار کەسی” ناودەبەن.
داگیرکاری کولتووری و بەرهەمهێنانی کولتووری
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو شتانەی کە وتراوە، باوەڕم بە دیاردەیەک هەیە کە پێی دەوترێت “داگیرکردنی کولتووری”، واتە ناوەندە زلهێزەکانی هەژموونی جیهانی و دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا، ئۆپەراسیۆنی دەروونی، کولتووری و پڕوپاگەندەیی بەکاردەهێنن بۆ ڕووخانی سیستەمی سیاسی کۆمەڵگەیەک یان سەپاندنی پلانە سیاسی، ئابووری، دارایی و کولتوورییەکانیان بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا. ئەو ئۆپەراسیۆنە دەروونی و کولتووری و پڕوپاگەندەییانەی لەم دواییانەدا لەم بوارەدا بڵاوکراونەتەوە، بەڵگەن لەسەر ئەم بانگەشەیە.
لە فارسییەوە کراوەتە کوردی