ناساندنێکی فیمینیزم… نووسینی:د.فاتیمە موراد
پرسى فێمینیزم وەکو بابەتێکى مرۆیى رەگێکى مێژویى قوڵى لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتى، و کۆمەڵناسى بەتایبەتى هەیە. لە بنەڕەتدا کۆمەڵناسى لەسەر بنەماى دووبارە رێکخستنەوەى کۆمەڵگە دامەزراوە، بە ئامانجى یەکسانى و کەمکردنەوەى رەهەندى نێوان چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان، و جۆرێک لە دادپەروەرى رەگەزى. بۆیە فێمینیزم یەکێک بووە لە بابەتە سەرەکییەکانى کۆمەڵناسى.
بەر لەوەى ژنان خۆیان لەکایەى زانستى رۆڵ و کاریگەرییان هەبێت بەشدارییان لە هەموو ئەو بوارە زانستى و ئەکادیمیانەدا کردووە، وەک بەشێک لە دامەزرێنەرانى کۆمەڵناسى کلاسیک هەژمار دەکرێن، بەنموونە لە بەڕیتانیا (هاریت مارتینۆ ١٨٠٢-١٨٧٦) و (بێتریس وێب ١٨٥٨-١٩٤٢)، لە فەڕەنسا (فلۆرا تریستان ١٨٠٣-١٨٤٤)، لە ئەمەریکا (ئانا جولیا کۆپەر ١٨٥٨-١٩٦٤) و (جەین ئەدامز ١٨٦٠-١٩٣٥) و (کارلۆت پێرنس گلیمان ١٨٦٠- ١٩٣٥)، لە ئەڵمانیاش ماریانا وێبەر ١٨٧٠- ١٩٤٥).
(کریستین دى پیزان ١٣٦٤-١٤٣٠) یەکێک لەو ژنە شاعیر و نووسەرانەیە کە کتێبەکانى دەربارەى پرسى ژنان و رۆڵى ژنان لە سەدەکانى ناوەڕاست بووە. (مارى ئەستێل ١٦٦٦-١٧٣١) نوسەرو تیۆرڤانێکى پرسى ژنانە، بەناوبانگترین بەرهەمى کتێبى (پێشنیارێکى جدی بۆ ژنان)، پێى وابووە پەروەردە وخوێندن گەشە بە تواناى عەقلى دەدات و لایەنى مەعریفى پەرەدەسێنێت. بۆیە داواى کردنەوەى کۆلێژى ژنان دەکات، کە بۆ ئەوکات بیرۆکەیەکى رادیکاڵى بووە. هەروەها (مارى ویلستنکرافت١٧٥٩-١٧٩٧) تیۆرڤانێکى دیکەى فێمینیستە، کتێبەکەى (چەسپاندنى مافەکانى ژنان) بە کاریگەرترین کتێب دادەنرێت لە فەلەسەفەى فێمینیستى لە مێژوودا.
ئەمانە و چەندانى دیکەش لەزۆرینەى بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان ئامادەییان هەبووە، رۆڵى زۆرجیاوازییان بینیوە لە خستنە بەرباسى چەمکەکانى وەکو ژنانى پاسیڤ، دایک، یەکسانى مێشکى ژن و پیاو. بەشدارى کارایان لە دیاریکردن و شیکردنەوەى کێشەکانى ژنان و مافەکان کردووە، ئەو بارودۆخانەیان دروست کردووە کە توێژینەوەى لەسەر دەکرێت، بەڵام هەوڵەکانیان لەلایەن زانایانەوە بەهەند وەرنەگیراوە و پەراوێزخراوە، بە گوتەى (جۆرج ریتزەر) هەوڵى بە ئەنقەست هەبووە بۆ دوورخستنەوەیان لەبوارى زانستدا لەبەر ئەوەى کۆمەڵناسى لەلایەن پیاوانەوە دروستکراوە.
دواى سەرهەڵدانى ئایدیۆلۆژییە سیاسییەکانى وەکو لیبراڵى، رادیکاڵى، ماڕکسى و سۆشیالیستى، لەسەدەکانى نۆزدە و بیستدا. بزاڤى ئازادیخوازى ژنان دواى ئەوەى لە بزووتنەوەکانى ئازادکردنى کۆیلەکان بزووتنەوە کرێکارییەکان چالاکى و بەشدارى کارایان هەبوو، ئینجا بیریان لە رێکخستنى خۆیان کردەوەو لەژێر کاریگەرى ئەم دیدگا سیاسیانە هەوڵى کارى رێکخراوەییان دەداو کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەستیان پێکرد. ژنانى ئینگلتەرا و فەڕەنسا و ئەمەریکا لەرێزى پێشەوەى خەباتەکەبوون. بۆیە تیۆرەکانى فێمینیستى لیبڕاڵى، رادیکاڵى، ماڕکسى و سۆشیالیستى بە تیۆرى کلاسیکى فێمینیزم ناسراون.
لەئێستادا چەندەها تيۆرى جياواز كە لە كولتوورى جياوازەوە سەريان هەڵداوە، لە گوتارى فێمينيستى هاوچەرخدا ئامادەييان هەيە. ئێستا فێمینیزم لە کایەى زانست و توێژینەوەی زانستیدا بوارێکی پێگەیشتووە بۆ لێکۆڵینەوە و مشتومڕە زانستییەکان تەنانەت لە دیدگا فێمینیستەکان سەبارەت بە زانست لەو پرسیارە دەستپێدەکات ئایا (سێکس/جێندەر) چەندە گرنگن بۆ بەرهەمهێنانی زانیاری زانستی. تاكە خاڵى هاوبەشى نێوان فێمينيستەكان ئامانجێكە؛ ئەويش بەرزكردنەوەى پێگەى ژنە لە كۆمەڵگەدا، هەرگيز ئەم هەڵكشانە لەسەر حسابى داكشانى پێگەى پياو نیيە، بەڵكو يەكسانبونى هەردووكيانە لەمافەکان، بەو مانايەى هەردوو مرۆڤن و لەناو يەك سيستەمدا کاردەکەن، لاسەنگى هاوكێشەكە ژيانى مرۆڤ ناهاوسەنگ دەكات بەگشتى نەك تەنها بارودۆخى ژن. جگە لەمانەش لەم سەردەمەدا فێمينيزم وەك لقێكى زانستى لە زۆربەى بوارە ئەكاديمييەكان بە بەكارهێنانى ميتۆدى زانستى بۆ توێژينەوەى نەك تەنها يەكسانى ژنان و پياوان، بەڵكو پێدانى دەرفەتى يەكسانى كۆمەڵايەتى و سياسى و ئابورييە بە هەردوو رەگەز، واتە یەکسانبوون لەماف.
ئەو رەهەندانە يارمەتيدەر بوون لەبەرەو پێشبردنى لايەنى هزرى و تيۆرى دياردەكە، تا بووە رەوشێكى كۆمەڵايەتى ومرۆيى بۆ شيكردنەوەى جيهانى فيزيكى وكۆمەڵايەتى ژنان، و رزگار کردنيان لەو هەلومەرجە نالەبارەى تيايدا بوون. ژنان توێژێكى هاوشێوە نين، نە لەڕووى زمان، پيشە، ئاستى زانستى، پێگەى كۆمەڵايەتى، رۆڵى كۆمەڵايەتى تەنانەت لەناو يەك كۆمەڵگەش چينى جياواز هەن. سەرەڕاى جياوازى داب و نەريت و كولتوور و سيستمى كۆمەڵايەتى. هەموو ئەم جياوازيانە بۆتە هۆى نايەكسانى لەنێوان خودى ژنان خۆيانيش. زۆرجار ئەم جیاوازیانە پلەبەندییەکى نایەکسان لەنێوان ژناندا بەرهەمدەهێنێت، هەر ئەمەش وايكردووە فەلسەفەى فێمينيزم فەلسەفەيەكى ئاڵۆز بێت و تێكەڵەيەك بێت لە چەندين تيۆر و ئايدۆلۆجياو رەوتى هزرى جياواز…