کراوەیی ئێران هاوشانی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا…. عوسمانی حاجی مارف
تاران کراوەیی خۆی بۆ دانوستان و بەشداری ئابووری و تەنانەت وەبەرهێنانی ئەمریکی نیشان دەدات، هاوکاتی قوڵبونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی نائارامی ناوخۆیی لە ئێراندا، کۆماری ئیسلامی ناچارکردوە بەپیرەوەچونی ئەم کراوەییە بەهەند وەرگرێت، لەم رۆژگارەداو لەدۆخی سیاسی ناوچەکەدا کۆماری ئیسلامی زیاتر لەسەر مەترسی کۆتایی دەسەڵاتەکەی مایەی پەیوەندی و دانوسانەکانی دادەنێت، نەک مایەدانان لەسەر ئەوەی لە رێرەوی خواستی چاکسازیدایە و بەخەمی دانیشتوانی ئێرانەوەیە.
سەردەمانێک ئێران بە سەرپێچیکردنی نەزمی نێودەوڵەتی ناسرابوو، بەڵام کە ئێستا هاوسەنگی دەرەکی و ناوخۆیی ڕژێم لە گۆڕاندایە، ڕەنگە کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ململانێی زلهێزە جیهانیەکان دیاری بکات کە ئایا پێشهاتەکانی ئەم دۆخە ڕێگا بۆ گۆڕانکاریەکی درێژخایەن دەکاتەوە، یان بە مانایەک مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەتوانێت پارێزراو بێت!
کۆماری ئیسلامی ڕەزامەندیی خۆیان بەرامبەر بە خولی یەکەمی دانوستانە ئەتۆمیەکان لەگەڵ ئەمریکا دەربڕیوە کە لە عومان بەڕێوەچووە، سەردەمانێک عەلی خامنەیی جەختی لەوە کردەوە کە دانوستان لەگەڵ واشنتۆن نە ژیرانە و نە شەرەفمەندانەیە. لە هەمان کاتدا بەرپرسانی دیکەش لەوەش زیاتر ڕۆیشتون و دەستبەرداری ئەو بنەما ئایدیۆلۆژییانە نەدەبون کە دەیان ساڵە تیۆریزەی دەکەن و ڕژیم بە گەرمی پابەند بووە پێیەوە، بەم شێوەیەش لایەنگرانی خۆیان پێ فریوداوە. ئێستا دەڵێن دژایەتی وەبەرهێنەرانی ئەمریکی ناکەین و ئەم جۆرە پەیوەندیە ئابوریە پێویستی بە گەڕاندنەوەی پەیوەندیە دیپلۆماسییەکان دەبێت کە چل و پێنج ساڵ لەمەوبەر پچڕابون.
خومەینی لە کۆتایی شەڕ لەگەڵ عێراقدا گوتی: “وەک چۆن خواردنەوەی ژەهر قبوڵ دەکەم ئاگربەست قبوڵ دەکەم”، ئەمڕۆ پێناچێت خامنەیی هەموو جامەکەی خواردبێتەوە، بەڵکو تەنها نیوەی خواردۆتەوە. نایەوێت تەسلیمبونی تەواو خۆی ڕابگەیەنێت، بەڵکو یەک بە یەک بازرگانی بە کەرەستەی خۆیەوە دەکات بۆ پاراستنی سەری ڕژیمەکەی، لە ئیستادا دەتوانین بڵێین جارێ دۆخەکە ڕوون نییە جگە لەوەی خامەنەیی نیوەی پەرداخەکەی خواردووەتەوە، و ترامپ نیوەکەی تری دەجوڵێنێت.
سەبارەت بە داواکاریەکانی ئەمریکا، ترامپ بە دوای جێبەجێکردنی زۆرترین ئاستی مومکینەوەیە، هەوڵئەدات لە هەر پرسێکدا هەموو شتێک بەدەستبهێنێت کە خزمەت بە نەخشەو بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەمریکا بکات، کە داواکارییە سەرەکیەکانی لەم دانوسانەدا بریتین لە کەمکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، سنووردارکردنی توانا مووشەکیەکانی و بەدەستهێنانی ئەو گەرەنتیانەی کە ئێران دەستهەڵگرێ لە پاڵپشتی و سیاسەتی پڕچەکردنی هێزە میلیشیاکانی ناوچەکە.
هەروەها لە پشت پەردەوە ئەمریکا هەوڵێکی جدی ئەدات ئێران لە ڕووسیا و چین دابرێنێت، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ ڕاکێشان و ملکەچکردنی ئێرانە لە ڕووی سیاسییەوە بەرەو ئەمریکا، ئەم ئاراستەیە سیمایەکی پراگماتیک بە دانوستانەکان دەبەخشێت و پاڵ بە واشنتۆنەوە دەنێت کاریگەرییەکانی پەکین و مۆسکۆ لە ناوچەکەدا لاواز کات.
لەراستیدا ڕێبازی ئیدارەی ئەمریکا بۆ دانوستان، جۆرێکە لە شەڕی دەرونی و سیاسەتی “یان شەڕ یان دانوستان”، کە لەبەرامبەر ئێراندا پیادەی دەکات، لە ڕێگەی ئەو پەیامە ناکۆکانەی رایاندەگەیەنێت، بەم شێوەیە کۆماری ئیسلامی دەخاتە ناو چوارچێوەیەکەوە، دەرچونی لە ژێر سیاسەتەکانی ئەمریکا بە سەختی لەسەریدا بشکێتەوە.
ستراتیجی ئەمەریکا داوای دانوستانە لە نێوان توندتربونی سزا ئابورییەکان و هەڕەشە سەربازییەکان، بە ئامانجی فشارخستنە سەر ئێران بۆ ئەوەی ملکەچی دانوستان و بریارەکان بێت، جەختیش لەوە دەکات کە دەرئەنجامی ئەم ستراتیژە سەپاندنی ئیرادەی لایەنێکە بەسەر لایەنێکی دیکەدا، کە لە کەشێکی هەڕەشە و شەرەنگێزیدا بەیاندەکرێت.
ئەوەی پێویستە بیهێنینەوە پێشچاو کاتی خۆی دوای تیرۆرکردنی قاسم سولێمانی خامنەیی سوێندی “تۆڵەی توند”ی لە بەرامبەر ئەو کەسانە خوارد کە بەرپرسن لەو کاری تیرۆرکردنە، بە تایبەتی لە بەرامبەر ترامبدا، بەڵام دوای پێنج ساڵ، ڕژیمی ئێران ئێستا لەگەڵ هەمان ئەو گرووپانەدا دانوستان دەکات و ئامادەیە بۆ رێکەوتن، کە پێشتر سوێندی لەناوبردنی خواردبون.
مەسعود پزیشکیان لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە “ڕێبەری مەزنی شۆرش” دژایەتی وەبەرهێنەرانی ئەمریکی ناکات، هەڵبەتە نووسینگەی خامنەیی ئەمەی ڕەت نەکردەوە، کە پێچەوانەی لە مێژینەی گوتارەکانی خامنەئیە، کە ئێران بە هەموو هێزی خۆیەوە بەرەنگاری هەر جۆرە هاتنە ناوەوەیەکی ئابووری یان سیاسی ئەمریکای بە بنەما وەرگرتبو.
لەلایەکی ترەوە ئاراستەی ڕژیمی ئێران بە هەر پەرشوبڵاویەکەوە لەبەرامبەر دانیشتوانی ئێراندا پیادەی دەکات، نیشانەکانی شلکردنەوەی جێبەجێکردنی توندوتیژی بە ئاشکرا پێوەدیارە، ئەو بابەتانەی بەدژی ئیسلام پێناسەی دەکردن و سەردەمانێک بە توندی کۆنترۆڵ دەکران، ئێستا بە دەستێوەردانی کەمتر (وەک فێستیڤاڵەکانی کولتووری و مۆسیقا و گەشت و گوزار) بەڕێوەدەچن، هەرچەندە حکومەت ڕێوشوێنی نوێی بۆ چاودێریکردنی پابەندبون بە حیجاب هێناوەتە ئاراوە، بەڵام زۆرێک لە ژنانی شارە گەورەکان بەردەوامن لە سەرپێچیکردنیان بە ئاشکرا و دەسەڵاتداران لە جێبەجێکردنی تەواوی سنووردارکردنەکان وەستاون، ئێستا سۆشیال میدیای زمانی فارسی پڕ بووە لەو گرتە ڤیدیۆیانەی زۆرێکیان لە ناوخۆی ئێراندا تۆمارکراون، کە شارەزایان، چالاکوانان و بەرپرسانی پێشوو بە ئاشکرا باس لەو بابەتانە دەکەن کە سەردەمانێک ئەوانەی ئێستا لەناوخۆی ئێراندا دەبینرێت، بە حەرام دادەنراو و بەیاسا قەدەغە کراون.
بەرچاوترین بێدەنگی ڕژیم پەیوەندی بە پۆشینی زۆرەملێی حیجابەوە هەیە، بەرپرسان بەشێوەیەکی کاریگەر زەمینەیان بە زۆرینەی ژنانی ئێران رەخساندوە کە دژایەتی ئەو ڕێسا و یاسایانە دەکەن، ڕژێم ترسی هەیە لە سەرهەڵدانەوەی ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی”، ئەم دڵەڕاوکێیە بە تایبەتی لە وتاری جەژنی ڕەمەزاندا بە خامنەیەوە دەبینرا، بە مانایەک دان بە ئەگەری ڕاپەڕینێکی ناوخۆی ئێراندا دەنێت.
سازدانی ئیمتیازات بۆ پاراستنی مانەوەی کۆماری ئیسلامی و شیعەگەرا، ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیدا داکوتاوە، خومەینی لە ساڵی ١٩٨٣دا ئاماژەی بەوەدا کە “پاراستنی کۆماری ئیسلامی لە پاراستنی هەر کەسێک گرنگترە، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە ئیمامی ئەو سەردەمەش بێت”، بە ئاماژەدان بە ئیمامی دوانزەهەم کە لە دڵی عەقیدەی شیعەی ئێراندایە. خومەینی توانی ئەم ئارگیومێنتە بخاتەڕوو، چونکە کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ خودی ئیسلام یەکسان کرد.
لەگەڵ دەستهەڵگرتن لە درێژەدان بە ئیمتیازاتی قووڵی ڕژیم لە ناوخۆ و دەرەوە، پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە ئاراوە، تا چ ڕادەیەک دەتوانرێت پارێزگاری لەم بە “ئیسلامی” کردنە بە هەند وەربگیرێت؟ لەکاتێکدا کە ئێستا هەڕەشەی وەرینی شوناسی “شۆڕشگێڕانە”ی رژێمی ئیسلامی دەستی پێکردووە، وا دیارە تا دێت ئامادەیی پووچەڵکردنەوەیان زیاتر دەبێت، ئەگەر ڕژێم دەستبەرداری جێبەجێکردنی توندی بنەما ئاینیەکەی بێت، ئەوا رابەران و دڵسۆزانی رژێمی ئێران لە کەشتیەکە دادەبەزن.
پەرەسەندنی ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە توخمەکانی ناو ناوەڕۆکی ڕژیمی ئێران زیاتر بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت لە بەرژەوەندی مۆدێلێکی کۆماری ئیسلامین کە لە سیمای دەرەکیی ڕژیمەکەیاندا، لە توندڕەوترین توخمی ئایدۆلۆژی ئیسلامی پاشەکشە بکەن. هەرچەندە خامنەیی بە شێوەیەکی نەریتی هاوپەیمانی توندڕەوەکان بووە، بەڵام پێشهاتەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن کە دەنگی پراگماتیکتر دەست دەکەن بە کاریگەری لەسەر ئایندەی ئێران، ئەمەش بیرۆکەی ئاسایبونەوەیە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری ئێراندا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک ئامرازێکی پێویست بۆ پاراستن و مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە شێوازێکی گونجاوتردا، گەر بۆیان بچێتە سەر.
هەر لەو چوارچێوەیەدا گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر چین بۆ ڕاگرتنی کڕینی نەوتی ئێران بەشێکە لە سیاسەتێکی بەرفراوانتری ئەمریکا کە ئامانجی خنکاندنی ئابووری ئێرانە لەڕێگەی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانەوە، لەڕێگەی کاریگەری دانان لەسەر هاوبەشە بازرگانیە گەورەکانی وەک پەکین. ئەمەش ڕێبازێکی سیاسیە نەک سەربازی، لە کۆتاییدا ئەگەری ئەوە زۆرە کە ئێران و ئەمریکا ڕەنگە بەم زووانە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە پڕۆژەی ئەتۆمی ئەنجام بدەن.
ئەوەی پێشبینی دەکرێت ئەمریکا نایەوێت راستەخۆ گوشارو هێرشی سەربازی بخاتە ناوخۆی ئێرانەوەو کۆتایی بەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بهێنێت، زیاتر جەختکتردنە لەسەر کۆتاییهێنان بەو هێزە میلیشیایانەی بە پشتیوانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بڵاوبونەتەوە. ئەوەش کە ئێستا ترامب لە رێرەوی ئەم دانوستاندا دەیەوێت بەسەر ئێراندا بیسەپێنێت، هەوڵی کۆتاییهێنانە بە حوسیەکان لەیەمەن و حەشدی شەعبی لە عێراق، تا زیاتر لاوازکردنی ئێران بسەلمێنێت و ناچار بە تەسلیمبونی بکات.
ئەم کێشەو ململانێیە بەچی دەکات و چەند دەخایەنێت؟، کاتێکی دیاریکراوی نییە، چونکە تائێستا ئێران نەچۆتە ئەو فازەی ئەمریکا هەرچی وت، ملکەچی دەبێت، لەلایەکی ترەوە ململانێکە تەنها ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێرانیش لەلایەنێک نییە، بەڵکو لەئاستێکی فراواندا ململانێ و کێشەی گەورەی جەمسەرەکانی وڵاتانی ئیمپریالیە، کەدەور دەبینین لە پرۆسەی گەیشتن بە یەکلایی کردنەوەی دۆخەکە، کەلەم بارەیەوە پەیوەندیەکانی روسیا و چین بە ئەمریکاوەو رێکەوتنیان لەسەر نەخشەی ناوچەکە کاریگەریەکی بەرچاوی هەیە، لەسەر ئایندەی ناوچەکە بەگشتی و ئێران بەتایبەتی.
ئەوەی لە ئێستادا بۆ کۆماری ئیسلامی هەستیارە، هەوڵی هەڵمژینی قسە توندەکانی ترەمپە و پێشگرتنە بە ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لە بەرامبەر ئەمریکادا. بۆیە لەم دواییانەدا چەندین ئاماژە بە چەکداماڵینی حزبولڵا لە لوبنان و میلیشیاکانی ژێر چەتری هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق کراوە، بۆیە ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئێران کلیلی یارییەکەی بەدەستەوەیە و توانای بەستنی چالاکیەکانیانی هەیە، هەرکات لەگەڵ ئەمریکا بە رێکەوتن گەیشتن دەکرێ جێبەجێیان بکات، بەڵام لەگەڵ هەمو ئەوانەدا لەدوا شیکردنەوەدا ناتوانرێت کۆماری ئیسلامی لەژێر تورەیی نارەزایەتی جەماوەریدا رزگار بکرێت.