کوشتارو برسیکردنی خەڵکی غەززە و ناڕەزایەتی جیهانی!… نوری بەشیر
رۆژی ٢٠ی ئایار، “تۆم فلێچەر”؛ یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی بە “بی بی سی” ڕاگەیاند؛ کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە کەرتی غەززە بەڕێوەیە، نزیکەی ١٤ هەزار منداڵ مەترسی مردنیان لەسەرە ئەگەر لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا هاوکاری مرۆیی و خۆراکیان پێنەگات. ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشداریی دەدەن لەوەی سەرەڕای کوشتار، برسێتی “مەترسییەکی گەورەیە لەسەر کەرتی غەززە”. لەم ڕووەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەدا ڕەزامەندی لەسەر ٤٠٠ بارهەڵگر دراوە بۆ چوونە ناو غەززە، بەڵام ئەو پێداویستیانەی چوونەتە ناو غەززە، تەنها ١١٥ بارهەڵگر بووە. ئاماژەی بەوەشکرد تائێستا هیچ شتێک نەگەیشتووەتە “بەشی باکوری گەمارۆدراو”، هەرچەندە هەندێک ئارد و خۆراکی منداڵان و پێداویستی پزیشکی گەیشتوونەتە غەززە و هەندێک لە نانەواخانەکانی باشوور دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە. گۆتێرێس وتی ئەمە دەکاتە “کەوچکێک لە هاوکاری لەکاتێکدا دەریایەک لە هاوکاری پێویستە”. هەروەها رێکخراوە مرۆییەکان تەئکید دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە هەرئێستا زیاتر لە نیوملیۆن کەس لەبەردەم هەڕەشەی مەرگدان و سەرجەم خەڵکی غەززەش لەهەلومەرجێکی زۆر ترسناکدا ژیان بەسەر دەبەن، بەهۆی نەبوونی خۆراک و دەرمان و لەژێر هەڕەشەی تۆپباراندان. هەروەها تەئکید لەوە دەکەنەوە کە رۆژانە پێویستە زیاتر لە ٤٠٠ بارهەڵگر، لە خواردن، دەرمان، بگەیەنرێتە غەززەو ئەو ناوچانەی برسێتی تێدا پەرەی سەندووە.
راگەیاندنی ئەم هەواڵە ترسناکانە لەلایەن رێکخراوە گەورە جیهانیەکانی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ئەمریکی و ئەوروپیەکانەوە، کە دڵی هەموو مرۆڤێکی ئینساندۆست دادەخورپێنێ، هاوکاتە لەگەڵ سەردانی ترەمپ بۆ وڵاتانی کەنداو باسکردن لە ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکە! بەڵام لەناوەرۆکدا ئاشتیەکە بۆ سازدانی بازرگانی نێوانیان لەسەر حسابی خەڵکی ناوچەکەو بەتایبەت خەڵکی فەلەستین.
هەلومەجی فەلەستین و بەتایبەت غەززە، بەدوای زیاتر لە ٤٦٠ ڕۆژ لە کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی و برسێتی، لەلایەن حکومەتی سەرمایەداری و فاشیستی دژی ئینسانی ئیسرائیلەوە، کە سەدان هەزار کەسی کردە قوربانی، ناڕەزایەتی جیهانی لێکەوتۆتەوە، نەک هەر بەدژی حکومەتی ناتانیاهۆ، بەڵکو بەدژی حکومەتانی سەرمایەداری جیهانی و لەسەروی هەموویانەوە بەدژی: ئەمریکا، بەریتانیاو وڵاتانی ئەوروپا کە کۆمەكی حکومەتی ئیسرئیلیان دەکەن و لەپاڵ کوشتارەکانیدا راوەستاون. لەژێر ئەم فشارانەدا بوو کە بە ناوبژیوانی وڵاتانی قەتەر و ئەمریکا لە ١٥ی کانونی یەکەمی ئەمساڵدا ئەوە ڕاگەیانرا کە لەنێوان حکومەتی ئیسرئیل و حەماسدا ئاگربەست دەکرێ و ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە شەڕی ١٥ مانگە و ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلە فەلەستینیەکاندا. ئەوەش لە ئاستی فەلەستین و جیهاندا بوە جێگای خۆشحاڵی خەڵک و ئومێدیان خواست کە بەو ئاگربەستە کۆتایی بەکوشتارو برسیکردن بهێنرێت.
بەڵام هەر لەیەکەمین رۆژەکانی ئاگربەستەوە هەواڵێک لە وەستانی شەڕی حکومەتی ئیسرائیل دژ بەخەڵكی غەززە نەبوو، تاکو ئێستا ئیسرائیل بەردەوامە لەسەر کوشتارو کاولکاری و برسێتی خەڵكی غەززە، بەپێی هەندێ سەرچاوە، کوشتارو برسێتی لەم چوارمانگەی ئاگربەستدا بە نسبەتێکی زۆر بەرزبۆتەوە! لێکۆڵینەوەیەکی شۆکهێنەر ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیانی شەڕی حکومەتی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە زیاتر لە ٦٤ هەزار کەس دەخەمڵێنرێت، بەجیا لەبێسەروشوێن بوونی هەزاران کەسی دیکە. بەبەراورد بە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین بە ڕێژەی ٪٤١ زیادی کردووە. لەو رێژەیە ٪٥٩.1ی قوربانییەکان ژن و منداڵ. سیما باهوس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکسانیی رەگەزی و بەهێزکردنی ژنان هۆشداری دا : “لە غەززە، لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ وە زیاتر لە ٢٥ هەزار ژن و کچ کوژراون، بەتێکڕا هەر کاژێرێک ژنێک و کچێک کوژراون.” هەروەها نوسینگەی ناوەندی ئاماری فەلەستین تەئکید لە کوژرانی ١٨ هەزار منداڵ دەکاتەوە.
برسێتی لە غەززەدا لەئاستێکی ترسناکدایە! لەگەڵ ئەوەی کۆمەکێکی جیهانی زۆر لەسەر سنورەکانی غەززە لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە راگیراون. مەزەندە دەکرێ بە ٩ هەزار بار هەڵگر، لە پێداویستی خواردن و دەرمان و شیری منداڵ. بەڵام سەرباری هوشداری نەتەوە یەکگرتوەکان سەبارەت بە مەترسی برسێتی لەغەززەدا، بەڵام حکومەتی ناتانیاهۆ رێگای تەنها بەنزیکەی ١٠٠ بارهەڵگر داوە لە رۆژی چوار شەممەی رابردوودا کە بچنە ناو غەززەوە. لەم رووەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس زۆر نیگەرانەو ئەو هەلومەرجە بە بەربەیەت ناو دەبات و هەروەها رێکخراوە مرۆییەکان تەئکید لەوە دەکەنەوە کە بۆ بەرگرتن بە برسێتی و کارەسات لە غەززە، رۆژانە پێویست بە زیاتر لە ٤٠٠ بارهەڵگر لە کۆمەک هەیە. ئەگەرچی قسەش لەسەر دزینی بارهەڵگرەکان هەیە، بەوەی بەشێک لەبار هەڵگرەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەرەو شوێنێ نادیار دەبرێن و هەروەها چەکداری نەناسراویش هەوڵی بردنی بارهەڵگرەکان دەدەن. لەپاڵ ئەوەدا ئەو یارمەتیانەی خەڵكی غەززە بووە بە سەرچاوەیەکی بازرگانی بۆ هەندێ لایەن و لەوانە حکومەتی ئەردەن بەرامبەر گومرگێکی زۆر وەردەگرێت.
ئەم وەحشیگەریەی لەغەززە بەڕێوەدەچێت، تەنیا ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی لێێ بەرپرس نییە، بەڵکو دەولەتانی سەرمایەداری ئەورپا و ئەمریکا شەریکی ئەم تاوانەن بەناوی ئەوەی کە ئیسرائیل بەرگری لەخۆی دەکات بەرامبەر بە تیرۆر! لەکاتێکدا بەپێی راگەیاندنی دەزگاکانی بۆرژوازی چواردە هەزار منداڵ و نیو ملیۆن مرۆڤ لەبەردەم مەرگدان، کەچی چەند سەد کیلۆمەترێک لەولای غەزەوە، لەسەر مەرگی ئەو منداڵانە لە وڵاتانی کەنداو شادی و خۆشی بازرگانی بەناوی ئاشتی بۆ رۆژهەڵات ناوەڕاست سازدەکەن!
بەڵام ناڕەزایەتی خەڵکی مرۆڤدۆستی جیهان دژ بەم بەربەریەتە بەردەوامە، ئەوەبوو ئەم هێزە بەرفراوانە، لە خەڵكی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست، لە چەپ و سۆشیالسیت، رۆژەکانی ١٧ و ١٨ی ئایار ناڕەزایەتیەکی بەرچاو و گەورەی سەدان هەزاری لەدڵی ئەوروپادا بەدژی حکومەتی ئیسرائیل و هاوپەیمان و هاوکارانی دەستپێکرد. لەبەریتانیا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس و لە هۆڵەندا زیاتر لە سەد هەزار کەس کۆبوونەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین رژانە سەرشەقام. دژی برسیکردن و کوشتاری خەڵی غەززەو خوازیاری ڕاگرتنی پەیوەندی و هاوکاری ئەو حکومەتانەیان دەکرد لەگەڵ حکومەتی ئیسرئیلدا، هەروەها داوای چارەسەری یەکجاری کێشەی فەلەستینیان دەکرد بۆ ئەوەی کۆمەڵكوژی و برسێتی رابوەستێت و دووبارە نەبێتەوە.
ئەم هێزە ئازادیخوازو مرۆڤدۆستە لە ١٩ مانگی رابردوی جەنگی ئیسرائیل بەدژی خەڵكی فەلەستین بەردەوام بووە لە ناڕەزایەتی و لەمەیداندابووە، نەک تەنیا فشاربووە بۆسەر حکومەتەکەی ناتانیاهۆ، بەڵكو فشاربوون بۆسەر ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپاو رێکخراوەکانی UN و دادگای دادی نێودەوڵەتی، کەهەندێ رێکار بگرنەبەر. هەر لەژێر ئەم فشاری هێزەدایە کە وڵاتەکانی؛ بەریتانیا، کەنەداو فەرەنسا دەیانەوێت پەیوەندیە بازرگانیەکانیان کەمبکەنەوە لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیلدا، هەر لەژێر ئەم فشارەی ئازادیخوازاندایە کە بڕیارە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەرۆژەکانی ١٧ بۆ ٢٠ی حوزەیران لە نیویۆرک بەڕێوەببات بۆ کاراکردنەوەی بیرۆکەی چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەلەستین.
بەداخەوە هەموو ئەم کارەساتە مرۆییانە لە غەززەو لە جیهاندا، لەکاتێکدا ڕوودەدەن کە مەیدان بۆ هێرشی سەرمایەداری بۆسەر مرۆڤایەتی رۆژانە توندتر دەبێتەوە بەهۆی لە مەیداندا نەبوونی رێکخراوی بەهێزی کۆمۆنیستی و کرێكاری و نەبوونی حکومەت و حزب و رێکخراوی خۆیان کە هێزی ئەوەیان هەبێت رێگە بگرن لەو بەربەریەتەی دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆ، کە بە بەرچاوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیەوە ئەنجامدەدرێت. ئەوەی هەیە هێزێکی جەماوەری فراوانی مرۆڤدۆستە لەئاستی دنیادا بەدژی ئەو فاشیەتەی دنیای سەرمایەداری و کۆمەڵكوژی و برسیکردن لەلایەن ناتانیاهۆو هاوپەیمانەکانیەوە، دێتە سەر شەقام و ناوەندی شارەکان و دەڵێت نا بۆ کۆمەڵكوژی مرۆڤ، نا بۆ برسیکردن و کاولکاری، نا بۆ بەربەریەتی دنیای سەرمایەداری، بەڵێ بۆ چارەسەری یەکجاری کێشەی فەلەستین.