تیۆری چۆن دەگۆڕێ بە هێزی ماددی؟… نووسینی: مەنسور حیکمەت
“باسێکی دیکە کە دەبێ لێرەدا بیهێنمەوە ئەمەیە کە بە چ شێوەیەک تیۆری دەگۆڕێ بۆ هێزی بابەتی. لە حزبی ئێمە و لە ئەندێشەی ئێمەیا شتێک جێکەوتووە، وە ئەوەش ئەمەیە کە تیۆری بەمانای کاندیدکردنی چینەکان نایەت. تیۆری سیاسەتی کاندید کردنی سروشتیی چینەکان نییە. بەم شێوەیە نییە کە خۆبەخۆ لە چینی بۆرجوازییەوە لیبرالیزم یان ناسیونالیزم پەیدادەبێ و لە کرێکاریشەوە بە شێوەی خۆبەخۆ سۆشیالیزم سەردەردێنێ. بەڵکو چینە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ کۆمەڵێک سیستەمی فکری و دنیابینی بەرەوڕوو دەبن کە بەرهەمی پرۆسەی خەباتی چینایەتیین، بەڵام لە مەودای عەقیدەییدا. بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەونە بەرامبەر یەکترەوە، تێزگەلی جیاواز دەخرێنە بەردەم کۆمەڵگە و چینە کۆمەڵایەتییەکانیش دەستیان بۆ دەبەن. بەمپێیە پەیوەندییەک کە لە نێوان بار و دۆخی کۆمەڵایەتی و تیۆری سۆشیالیستی لە ئاگایی ئێمەدا هەیە ئەمەیە کە ئەگەر ئێمە تیۆرێکمان هەیە، وە ئەم تیۆرییە لەگەڵ خواستەکانی ئەم چینەدا لەم دەورانە تایبەتەدا دێتەوە، ئەم تیۆرییە دەتوانێ لە ماوەیەکی کورتدا جەماوەری ببێتەوە.
تیۆری لە ڕێگای فێرکارییەوە جەماوەری نابێتەوە. یەکێک لە کۆڵەکەکانی شوناسی ئێمە ئەمەیە کە تیۆری لە ڕێگەی سیاسییەوە جەماوەری دەبێتەوە. ئەگەر ئێوە تیۆری، دنیابینی و ئامانجگەلێک کە هەتانە بیگۆڕن بە یەک بژارەی سیاسی، کاتێ کە چینەکان پێویستیان بەمە هەیە کە ئەم هەڵبژاردنە ئەنجام بدەن، وە ئێوە لەو شوێنە ببینن، ئەو کاتەیە ئێوە دەبن بە هێزێکی جەماوەری. ئەو کاتە تیۆری دەبێتە ماددی.
ئەم تێگەییشتنە کۆن و تەقلیدییەی چەپەکان کە گوایا مارکسیزم لە ڕێگەی فێرکارییەوە دەبرێتە نێو چینی کرێکار، بەشێک نییە لە بیرکردنەوەی ئێمە. مارکسیزم لە ڕێی فیرکردنەوە ناچێتە ناو چینی کرێکار. مارکسیزم لە ڕێگەی هەڵبژاردنی چینی کرێکارەوە دەچێتە نێو دەروونی چێنی کریكار. ئەگەر مارکسیزمیش یەکێک لە ئۆپشنەکان و یەکێک لە بژارە کۆمەڵایەتییەکان بێ، ئەو کاتەی کە چینی کرێکار لە نێوان لیبرالیزم و ناسیونالیزم، ڕیفۆرمیزم و مارکسیزم و کۆمۆنیزمی کرێکاریدا بتوانێ هەڵبژاردنی سیاسیی بکا، لەپڕێکا ئەو پەرچەمە (پەرچەمی مارکسیزم) بەرز دەبێتەوە. بەلشەویکەکان نە دەرفەتیان بۆی هەبوو، نە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنیشیان بۆی هەبوو وە نە مەکتەبیشیان بۆی هەبوو تا چینی کرێکاری حەفتا ملیۆنی ڕووسیای ئەو کاتە لە مەکتەبی بەلشەفیزما فێربکەن، وە تەنانەت لە سەرتاپای ڕووسیادا ئیمکانی ئەمەی کە یەک دانیشتنی وەکو ئەمەی ئێمە ئەنجامبدەن نەبوو.
چینی کرێکاری ڕووسیا لەسەر بنەمای هەڵوێستەکانی بەرامبەر جەنگی ئیمپریالیستی و وەڵامی بە مەسەلەی گوزەرانی چینی کرێکار خۆی، لە ساڵی ١٩١٤ تا ١٩١٨ بەلشەفیزمی هەڵبژارد. بەمپێیە پەیوەندییەک کە ئێمە لە نێوان خۆمان و کۆمەڵگایا درووستی دەکەین، جێگا و ڕێگایەک کە بۆ تیۆری کۆمۆنیزم بڕوامان پێیەتی و پەیوەندییەک کە لە نێوان تیۆری مارکسیزم لەگەڵ چینی کرێکار درووستی دەکەین، پەیوەندییەکی کراوە، ئاگاهانە و هەڵبژاردنی سیاسییە. نەک پەیوەندییەکی تەلقینی فکری، مەزهەبی و درووستکردنی باوەڕداران بە مارکسیزم بێت. ئێمە مەبەستمان درووستکردنی ئیمانی مارکسیستی نییە لەناو جەماوەری فراوانی خەڵکدا. ئێمە دەمانەوێ بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری وەکو بزووتنەوەیەک بخەینە بەردەم کۆمەڵگە، وە ڕێک لەو ساتەدا کە پراکتیکی کۆمەڵایەتی و سیاسی تەرح دەبێ دڵنیاین کە بەشێکی بەرین لە کرێکاران ئەم بزووتنەوەیە هەڵدەبژێرن. بەمپێیە هەر لێرەشدا ڕۆڵی سیاسەت و جەنگ و جەدەل لەپێناو جەماوەری بوونی تیۆری و نەزەرییە بۆ ئێمە یەکلا کەرەوەیە.
کەوابێ تیۆری بەلای ئێمەوە زنجیرەیەک “حوکمی حەقیقی” و یان بە ناو زنجیرەیەک “حوکمی علمی” نییە، کە پێشنیاری دەکەین و ئەفرادی ئینسانیش بە “عەقڵی خۆیان” پەی بە ڕاستیی ئەو تیۆرییە دەبەن و لەوە بەدوا بۆ ئەبەد دەبنە مارکسیست. بڕیارە تیۆری گرێ و گۆڵی کۆمەڵایەتی بکاتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە دەبێ خۆی بگۆڕێ بۆ بەرنامەی کردار. ئەو بەرنامە عەمەلەی لە لایەن بزووتنەوە گەلێکەوە کە ئەو تیۆرییەیان بە بنەما وەرگرتووە دەخرێتە بەردەم کۆمەڵگە. کۆمەڵگە لە یەک بەرکەوتنی سیاسی، لە یەک بەرکەوتنی چینایەتی جددیدا، ئەو تیۆریانە هەڵدەبژێرێ.
ئەگەر لە ساڵی ١٩٧٩دا کۆمۆنیزمی کرێکاری یەک واقعییەتی سیاسی موعتەبەر بووایە، بە قەدەر جەبهەی میللی، بە ئەندازەی ناسیونالیزم، یان بە ئەندازەی مەزهەب لەناو کۆمەڵگەی ئێراندا، ئەگەر نەریتێکی سیاسی باو بووایە کە ئەمە بەرنامە و پەرچەمی بووایە، هیچ کات ئێران بەو ئاراستەیە نەدەڕۆییشت. لەبەر ئەمەی کە بەشێکی ٣٠٪ دەر سەدی کۆمەڵگەی ئێران دەڕۆشتنە پشت ئەم ئاڵایە و لەو وڵاتەدا جەنگ (کۆمەڵایەتی – سیاسی) بەرپادەبوو. ئەمە بەشێک نەبوو لەو هەڵبژاردنانەی خەڵک دەیتوانی بیکا. ئەگەر ئەم تیۆرییە هەبووایە، ئەگەر ئەم ئەندێشەیە هەبووایە، ئەگەر ئەم بەرنامەیە هەبووایە، ئەم بەرنامانە وەکو ئەڵتەرناتیڤی کۆمەڵایەتی – سیاسی نەبوون لەبەردەم کۆمەڵگەدا.
بەم پێیە لە باسی پەیوەندی بەینی عەمەل و تیۆری، ئێمە بڕوامان بە خەباتی چینایەتی و بە هەڵبژاردنی چینایەتی هەیە. بەلای ئێمەوە مارکسیزم ئایینێک نییە کە خەریکین بڵاوی دەکەینەوە تا باوەڕدارانی زیاتر بن. یان بە زەبری شمشێر بلاوی بکەینەوە. بەلای ئێمەوە مارکسیزم پەرچەمی بزووتنەوەیەکی سیاسییە. دەبێ ئەم بزووتنەوە سیاسییە دامەزرێنین و بیخەینە جێگا و ڕێگایەکی تۆکمە لە کۆمەڵگەدا تا خەباتی چینایەتی لەم بزووتنەوەیە کاریگەریی وەربگرێ و چینی کرێکار، یانی چینی ئێمە، چینێک کە ئەمە تیۆری و ئەمە بزووتنەوەکەیەتی، ئەوە بکاتە ئاڵای بزووتنەوەی بەرینی خۆی. بە گوێرەی ئەمە لە سیستەمی فکریی ئێمەدا، تیۆری و باسی ئەندێشە بەش بە حاڵی خۆی، ئیلهامی لە خەباتی چینایەتی وەرگرتووە و وەکو بەشێک لە خەباتی چینایەتی دێتە مەیدان، بەڵام خۆی لە خەباتی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرێ…”
سەرچاوە… بنەماکانی کۆمۆنیزمی کرێکاریی… سمیناری دووەم